هەشت ڕۆژ دادگاییکردن و بڕیاری لە سێدارەدانی ئۆجالان (رۆژی یەکەم)
02/07/2026, 9:07 (GMT+1)

ڕۆژی یەکەم: بەشی یەکەم
تاوانبار عبدالله ئۆجالان لە ئیمڕالی دادگایی دەکرێت
ئیمڕالی/ مودانیا ئەمڕۆ دادگای تورکیا دەستی بە دادگاییکردنی عبدالله ئۆجالان، سەرکردەی PKK کرد لە دوورگەی ئیمڕالی.
بەپێی دادنامەی دادگا ، تاوانبار تۆمەتبارکراوە بە دامەزراندن و ڕێکخستنی PKK و ڕێنمایی، فەرماندەر و بڕیاردەر و، چاودێری و بەڕێوەبردنی ئەو ڕێکخراوە چەکدارییەی کردووە و ئامانجی چالاکییەکانیان ئەوە بووە بەشێک لە خاکی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە دەسەڵاتی دەوڵەت جیا بکەنەوە بۆیە داواکاری پێشکەش کراوە، کە تاوانبار بە ماددەی ١٢٥ی یاسای سزادانی تورکیا سزا بدرێت .
داواکاری پارێزەرانی تاوانبار بۆ دواخستنی دادگا لەلایەن دەستەی دادگا ڕەتکرایەوە.
عبدالله ئۆجالان لە دادگا وتی کە بۆ ئاشتی و برایەتی دەژی و داوای لێبوردنی لە خێزانی شەهیدەکانی تورک کرد.
ئامادەبووانی دادگا
لە بەیانی زووەوە، ناوچەی مودانیا گەورەترین ئامادەکاری بۆ دادگاکەی ئەمڕۆی بە خۆیەوە بینی .
ئەوانەی بۆ بینینی دادگایکردنەکە هاتبوون بریتی بوون لە:
• خێزان و کەسوکاری شەهیدان،
• برینداران و جەنگاوەران،
• ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا،
• ڕۆژنامەنووسان.
سەرەتا هەموویان سەردانی فەرماندەی ژاندارمەری مودانیا کرد و کارتی تایبەتی پارێزبەندیان وەرگرت. پاشان بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان بۆ ناوەندی پەیوەندی مودانیا گوازرانەوە. دوای پشکنینی ناسنامە، بە کەشتی دەریایی گوازرانەوە بۆ دوورگەی ئیمڕالی.
کەشتیەکە لە کاتژمێر ٧:٤٠ بە دەنگی هۆڕینی ئاگادارکردنەوە لە بەندەرەکە دەرچوو،
لە کاتێکدا خێزانی شەهیدەکان بە چەپڵەڕێزان بەڕێ کەوتن. هەروەها کەشتیەکی پاراستنی کەناراوەکانیش یاوەری کەشتی ئامادەبوانی دەکرد .
دوای گەیشتن بە دوورگەکە ، لە کاتژمێر ٩:٠٠ پاش پشکنین و بەدواداچووان و میوانان بە نۆرە خرانە ناو هۆڵی دادگا.
لە کاتژمێر ٩:٣٨ عبدالله ئۆجالان لە ژێر پاسەوانی تونددا لە زیندانەوە هێنرایە هۆڵی دادگا.
دەستپێکی دادگا
لە کاتژمێر ٩:٤٥، دەستەی دادگا بە سەرۆکایەتی محمد تورگوت ئۆقیای چونە شوێنی دیاریکراوی سەرۆکایەتی دادگا .
سەرۆکی دادگا ڕاگەیاند، کە هۆکاری پاراستنی ئاسایشەوە، دادگا لە دوورگەی ئیمڕالی بەڕێوەدەچێت و داوای لە هەمووان کرد ، کە ڕێز لە ڕێسای دادگا بگرن، ئەگەر نا، ناچار دەبێت هەنگاوی یاسایی بەکار بهێنێت .
پاشان فەرمانیدا :
«تاوانبار بهێنن.»
عبدالله ئۆجالان هێنرایە ناو هۆڵی دادگا و لە قەفەسێکی شوشەیی تایبەت، کە گوللە نەبڕ بوو و سیستەمی دەنگ و ڕووناکی هەبوو، دانیشێندرا.
پارێزەرێکی ئۆجالان، بە ناوی حەسیب کاپلان، پێش دەستپێکردنی ناساندنی ناسنامەی خۆی و تاوانبار و پێش خوێندنەوەی قەواڵەی دادگایکردنەکە، داوای قسەکردنی کرد و گوتی هەندێک ناڕەزایی یاسایی هەیە.
بەڵام ئەم داواکارییە لەلایەن پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکار بە توندی ڕەتکرایەوە.
ڕۆژی یەکەم : بەشی دووەم
لێدوانی عبدالله ئۆجالان لە دادگا
دوای ناساندنی ناسنامە ، عبدالله ئۆجالان داوای کرد، کە رێگای پێ بدرێت قسە بکات و لە کاتژمێر ١٠:٠٠، کە دادگا بە فەرمی دەستی پێکرد،
وتی:
• لەو ماوەیەی لە دوورگەی ئیمڕالی زیندانی بووە، هیچ جۆرە ئەشکەنجە یان گوشاری دەروونی و جەستەیی لەسەر نەبووە.
• لە ڕۆژی دەستگیرکردنیەوە بڕیاری داوە بۆ ئاشتی بژی.
• دووبارە پشتڕاستی کردەوە ،کە لە تورکیا هیچ ئەشکەنجەیەکی نەبینیوە.
ئۆجالان وتی: ئامادەم لە خزمەتی دەوڵەتدا کار بکەم و بە کورتی باسی لەو ڕووداوانە کرد کە دوای دەرچوونی لە سووریا ڕوویانداوە .
لەبارەی دەستگیرکردنی خۆیەوە، گوتی:
یۆنان،
ئیتاڵیا،
ڕووسیا
پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەکان نەبوون ، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو وڵاتانە دەربڕی .
داوای لێبوردن لە خێزانی شەهیدان
پاشان ئۆجالان ڕووی کردە ئەو شوێنەی کە خێزانی شەهیدان لێی دانیشتبوون و وتی:
«ئازار و خەمی ئێوە لە دڵەوە هەست پێدەکەم، هەروەها داوای لێبوردن لە هەموو خێزانی شەهیدان دەکەم »
سەرۆکی دادگا فەرمانی دا ئەم قسانە بە تەواوی لە تۆماری دادگا تۆمار بکرێن.
داواکاری پارێزەران بۆ دواخستنی دادگا
پاش ئەوە، سەرۆکی دادگا ڕێی بە قسەی حەسیب کاپلان، یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجالان، دا.
کاپلان داوای کرد دادگا دوا بخرێت.
بەڵام پارێزەری لایەنی سکاڵاکار ، مەهدی کەسکین، ئەم داواکارییەی بە نایاسایی وەسف کرد و داوای ڕەتکردنەوەی کرد.
دادوەری گشتی، تەلات شالک، وتی:
ئەگەر لە داهاتوودا دەستکاری لە دەستوور یان یاساکان بکرێت، ئەوە هۆکارێک نییە بۆ وەستاندنی دادگا.
بۆیە دادگا دەبێت بەردەوام بێت.
دەستەی دادگا بڕیاری دا:
دادگاکان پێویستە بە یاسا و دەستووری هەنووکەیی کار بکەن چاوەڕوانی پڕۆژە یاسا نابێت ببێتە هۆی دواخستنی دادگا.
هەمان بڕیار پێشتر لە ٣٠ی نیسانی ١٩٩٩ درابوو، بۆیە پێویستی بە بڕیارێکی نوێ نییە.
لەبەر ئەوە، داواکاری پارێزەرانی ئۆجەلان بە فەرمی ڕەتکرایەوە.
دەرچوونی پارێزەران لە هۆڵی دادگا
پێش ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە، دوو پارێزەرەکەی ئۆجالان، حەسیب کاپلان و ئەرجان کانار، دوای ئەوەی نامەیەکی شەش لاپەڕەییان لەسەر پێکهاتەی دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەت (DGM) پێشکەشکرد، هۆڵی دادگایان جێهێشت.
پاشان دادوەری گشتی، جەودەت ڤۆلکان، لە کاتژمێر ١٠:٣٥ خوێندنەوەی دادنامەی ١٣٩ لاپەڕەیی دەستی پێکرد.
لە کاتژمێر ١٢:٣٥، کاتێک گەیشتە لاپەڕەی ٩٩، بە فەرمانی دادوەر دادگا نزیکەی یەک کاتژمێر وەستا.
دوای نیوەڕۆ خوێندنەوەی دادنامە تەواو کرا و دادگا لە کاتژمێر ١٦:٤٠ کۆتایی پێهات.
ڕۆژی یەکەم : بەشی سێیەم
دەستپێکردنی بەرگریی عبدالله ئۆجالان
دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی دادنامە ١٣٩ لاپەڕەییەکە ، لە کاتژمێر ٢:٢٢ دوای نیوەڕۆ، سەرۆکی دادگا محمد تورگوت ئۆقیای مۆڵەتی بە عبدالله ئۆجالان دا بۆ ئەوەی بەرگریینامەی خۆی پێشکەش بکات.
ئۆجالان لە ناو قەفەسە شوشەییەکە دانیشتبوو و دەستی بە قسەکردن کرد. سەرۆکی دادگا داوای لێکرد بە پێوە بەرگریی خۆی بخوێنێتەوە، بەڵام ئۆجالان داوای مۆڵەتی کرد بە دانیشتنانەوە قسە بکات و دادگاش ڕێگای پێدا.
دانپێدانان بە بەرپرسیارێتی PKK
ئۆجالان وتی:
هیچ ناڕەزاییەکی لەسەر دادنامەکەی دادگا نییە و ووتی :
• چاڵاکییەکانی PKK لەوەی لە دادنامەدا هاتوون زیاتر بوون.
• بەرنامە و ستراتیژیی سەرەتایی PKK خۆی دایناوە.
• لاری لە زۆربەی تاوانەکانیش نییە و قبووڵی دەکات، نایەوێت زۆر لەسەریان بڕوات و مشتومڕ بکات.
هەروەها وتی، بەپێی هەندێک ژمارە، لەنێوان ١٩ تا ٢٠ هەزار، و بەپێی ژمارەیەکی دیکە نزیکەی ٢٥ هەزار کەس لە ململانێکاندا کوژراون.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها چەند ڕۆژێک لەوە پێش، ٢٠ ئەندامی PKK لە ئەشکەوتەکاندا کوژراون.
«کێشەی کورد من دروستم نەکردووە»
ئۆجالان وتی:
(کێشەی کورد من دروستم نەکردووە، بەڵکو ئەو کێشەیە پێشتر بوونی هەبووە، کاتێک من بڕیارم دا دۆزی کورد بگرمە ئەستۆی خۆم، پێشتر ئەو دۆزە بوونی هەبووە).هەروەها ووتیشی ئەوەی بە «ڕاپەڕینی کورد» ناودەبرێت، لەلایەن ئەوەوە دروست نەکراوە و ئەم کێشەیە مێژووی زیاتر لە ٢٠٠ ساڵی هەیە .
هەروەها گوتی:
«ئەمە مێژوویەکی قووڵ و پڕ لە ئازارە. گەورەترین ئازارە کە گەلی تورکیا چێشتوویەتی و هیچ بنەمایەکی ڕاستی بۆ شەڕ نەماوە. ئەنجامەکەی هەرچیەک بێت، نابێت ئەو ئازارانە دووبارە بکرێنەوە.»
باسکردنی ئاگربەست
ئۆجالان وتی:
• لە ساڵانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ هەوڵی زۆری بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست داوە
• هەوڵیداوە ئەندامانی PKK قەناعەت پێبکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە
• دەوڵەت لەو کاتەدا هەستیارتر بووە و قەدەغەی زمان هەڵگیراوە .
هەروەها ووتیشی
«هێرشەکان دژی هاووڵاتیانی ئاسایی ''سڤیل'' منیان وێران کرد. هەمیشە داوام کردووە ئاگربەست بکرێت .»
هەروەها گوتی:
فەرمانی هێرشی خۆکوژی نەداوە.
ڕاستە لە ڕوانگەی یاساوە ئەمە نابێتە هۆکاری سووککردنی تاوانەکان و دەشزانێت هێرشکردن بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات لە ڕوانگەی دەستوورەوە واتای چییە.
«کوردستان» بە مانای ناوچەی جوگرافی
ئۆجالان وتی:
«وشەی "کوردستان"م وەک ناوچەیەکی جوگرافی بەکارهێناوە، نەک وەک دەوڵەتێکی سیاسی.»
کاتێک سەرۆکی دادگا پرسیاری لێکرد ئایا مەبەستی لە ساڵی ١٩٢٥ موسڵ و کەرکوک بووە، ئۆجالان وەڵامی دایەوە:
«ئێستا دۆخەکە لە ساڵی ١٩٢٥یش مەترسیدارترە. تکایە لێم تێبگەن. یەکپارچەیی تورکیا زۆر گرنگە.»
«چەکداری چارەسەر نییە»
ئۆجالان گوتی:
بە تەواوی تێگەیشتووە کە PKK بە ڕێگای چەکداری ناگات بە ئامانج.
بۆیە بەردەوام بانگەوازی ئاگربەستی کردووە.
هەوڵی داوە ڕێکخراوەکە بەرەو ڕێبازێکی «واقیعیتر» ببات.
ئەو پێیوابوو، هەرچی چالاکییە گرنگەکان، کە لە دادنامەکەدا هاتوون، زۆربەیان پێش ساڵی ١٩٩٦ ڕوویداون.
ڕۆژی یەکەم : بەشی چوارەم
«ئەگەر مۆڵەتم پێبدرێت، لە ماوەی سێ مانگدا چەکدارەکان لە شاخ دەهێنمە خوارەوە»
لە درێژەی بەرگرییەکەیدا، عبدالله ئۆجالان باسی لەو ڕووداوانە کرد، کە دوای دەرچوونی لە سووریا ڕوویاندا.
عەبدوڵڵا ئۆجالان گوتی :
• دوای سووریا، بۆ ئیتاڵیا، ڕووسیا و یۆنان چوو.ە
• لە دادنامەکەدا باسی لە یۆنان کرد، کە یارمەتیی PKKی داوە.
• لە سەرەتادا زۆر لایەن PKKیان قبووڵ کردبوو.
ئۆجالان وتی کاتێک دواجار چۆتە یۆنان، تەنانەت ڕێگەی نەدراوە تەنها یەک کاتژمێر لەوێ بمێنێتەوە و ئەو ڕووداوەی بە «ڕووداوێکی زۆر مەترسیدار» ناو برد.
هەروەها وتی:
• سەرۆک وەزیرانی یۆنان، کۆستاس سیمیتیس، لە ڕابردوودا مافی پەنابەری بە هەندێک کەسی تر داوە .
• لە کینیا پێیان ڕاگەیاند، کە داواکاری پەنابەری سیاسیی ئەو قبووڵ کراوە.
• سەدان پەیوەندی تەلەفۆنی کرد، بەڵام هەموو هەوڵیان ئەوە بوو، کە بە زووترین کات لەو وڵاتە دەری بکەن.
باسکردنی گواستنەوەی بۆ تورکیا
ئۆجالان دووبارە ئاماژەی بەو لێدوانە کرد کە دوای دەستگیرکردنی، لە ناو فڕۆکەدا وتی:
«دەمەوێت بۆ ئاشتی و برایەتی بژیم.»
هەروەها گوتی:
«پێویستم بە نیشاندانی پەشیمانی نییە، بەڵام بەرپرسیارم لە کردارەکانی ڕابردوو و ئێستاش دەمەوێت بەرپرسیارییەتییەکم هەبێت ئەگەر بۆ تورکیا سوودبەخش بێت، ئامادەم گیانم فیدا بکەم»
ئۆجالان بە دادگای وت:
«ئەگەر بۆ تورکیا سوودبەخش بێت، لە هەمان ساتدا ئامادەم گیانم فیدا بکەم.»
دوای ئەوە داوایەکی ڕاستەوخۆی کرد و گوتی :
«ڕێگام پێبدەن، لە سێ مانگدا چەکداران لە شاخ دەهێنمە خوارەوە.»
ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد، کە دەتوانێت ئەندامانی PKK قەناعەت پێبکات چەک دابنێن.
کاردانەوەی خێزانی شەهیدەکان
لە کاتی قسەکانی ئۆجالاندا، ژنێک لە خێزانی شەهیدان بە توندی هاواری کرد:
«ئایا دەتوانیت ئەو ڕۆڵانەی گیانت لێ سەندون بگەڕێنیتەوە ؟»
پاش ئەم کاردانەوەیە، ژنەکە لە هۆڵی دادگا چووە دەرەوە .
سەرۆکی دادگا داوای لە ئامادەبووان کرد ئارام بن.
«دەبێت ڕابردوو بە تەنها نەبینین»
ئۆجالان گوتی:
هیچ داواکارییەک لە ئەوروپا یان ڕاگەیاندنەکان ناکات دەستێوەردان بکەن و ئامادەیە وەڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە
لە تورکیا زمان و کەلتورە جیاوازەکان هەن، بەڵام ئەو پێیوایە نەتەوەی جیاواز نییە.
«ناڵێم ڕابردوو دادگایی نەکرێت، بەڵام دەبێت بەرەو داهاتوو بڕوانین. ئەگەر هەلێک بدرێت، ژیانێکی ئازاد و مرۆڤانە لە ناو کۆماری دیموکراتیکدا تورکیا بەهێزتر دەکات. لەوانەیە بڵێن زۆر دواکەوتووە، بەڵام هەرچی بێت، تەنها یەک گیانم هەیە و ئامادەم بۆ وڵاتەکەم تورکیا بەختی بکەم.»
ڕۆژی یەکەم : بەشی پێنجەم
«PKK ڕێکخراوێکی نایاساییە»
لە درێژەی بەرگرییەکەیدا، عبدالله ئۆجالان بە ڕاشکاوی وتی:
• PKK ڕێکخراوێکی نایاساییە.
• پەیوەندیی نێوان PKK و MED TV هەبووە.
• هەروەها داوای کرد هەلێک بە PKK بدرێت، و گوتی ئەگەر ئەو هەلە بدرێت، ڕێکخراوەکە دەتوانێت چەک دابنێت و خۆیشی یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدات.
«ئەگەر پێویست بێت، بمرم»
ئۆجالان گوتی:
« دەسەڵاتی دادوەری دەبێت دەستوەردان بکات و ئەگەر پێویست بێت بمرم، ئامادەم.
من تەمەنم ٥٠ ساڵە و بە تەنیایی دەژیم. هیچ منداڵێکم نەبووە.»
لە کاتی ئەم قسانەدا، ژنێکی دیکە لە خێزانی شەهیدان بە توندی ناڕەزایی دەربڕی و هۆڵی دادگای جێهێشت.
داواکردنی ڕێگای یاسایی
ئۆجالان بانگەشەی ئەوەی کرد، کە حکومەتی نوێ پرۆگرامێکی بۆ دابەزاندنی چەکداران لە شاخ و بۆ «کراوەیی دیموکراتی» هەیە.
ئەو گوتی:
«دەوڵەت و حکومەت دەبێت ڕێگایەکی یاسایی بدۆزنەوە.»
کاتێک سەرۆکی دادگا پرسی:
«مەبەستت لە ڕێگای یاسایی چییە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە:
«شتێک وەک لێخۆشبوون یان مۆڵەت.»
خوێندنەوەی نامەی دوو لاپەڕەیی
سەرۆکی دادگا پاشان نامەیەکی دوو لاپەڕەیی خوێندەوە کە ئۆجالان پێشکەشی دادگای کردبوو.
لەو نامەیەدا، ئۆجالان دووبارە ئاماژەی بە موسڵ، کەرکوک و سنوورەکانی میساقی میللی کرد و نووسیبووی:
جیاوازی،
ستەم،
سووتاندن،
وێرانکردن،
و یاخیبوون
چارەسەری کێشەکان نین، و دەبێت هاوبەشی و ئاشتی هەبێت.
هەروەها نووسیبووی، کە کۆماری دیموکراتیک دەرفەتێکە بۆ ژیانی هاوبەش لە یەک نیشتیماندا.
«چەکداری نابێت بەردەوام بێت»
دوای خوێندنەوەی نامەکە، ئۆجالان دووبارە قسەی کردەوە و گوتی:
«PKK دەبێت کۆتایی بە شەڕی چەکداری بهێنێت. بە هێرش و دوژمنایەتی ناگەینە چارەسەر.»
هەروەها داوای کرد:
«چاوەڕێی هەنگاوێکی باش، نیگایەکی تایبەت و ڕێبازێکی نوێم.»
لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو، ووتی :
«پێکهاتەی دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەت (DGM) یان داواکارییەکانی ئەورووپا گرنگترین بابەت نین.»
کاردانەوەی سەرۆکی دادگا
لە کاتی قسەکردنی ئۆجالان، پارێزەرەکانی بە دەنگی نزم قسەیان دەکرد.
سەرۆکی دادگا بە توندی پێیانی وت:
«بهێڵن تاوانبار بە ئازادی قسە بکات. ئەمە پێویستە.»
کۆتایی بەرگری
پارێزەرێکی لایەنی سکاڵاکار داوای کرد نامەی «بانگەوازی ئاشتی و برایەتی»ی ئۆجالان بە تەواوی لە تۆمارەکانی دادگا بنووسرێت.
سەرۆکی دادگا ئەو نامەیەی بە تەواوی تۆمار کرد.
لە کۆتاییدا، لە کاتژمێر ٣:٣٥ دوای نیوەڕۆ، عبدالله ئۆجالان بەرگریینامەی خۆی تەواو کرد.
ڕۆژی یەکەم : بەشی شەشەم
پرسیارەکانی دادگا
دوای تەواوبوونی بەرگرییەکەی عبدالله ئۆجالان، سەرۆکی دادگا، مەحمەد تورگوت ئۆقیای، پێی وت، کە هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت بەرگریینامەی زیاتر پێشکەش بکات و هیچ ڕێگرییەک بۆ ئەوە نییە.
پاشان، پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکار دەستیان بە ئاراستەکردنی پرسیارەکانیان کرد.
پرسیار لەسەر یارمەتیی PKK
پارێزەری سکاڵاکار، مەهدی کەسکین، داوای لە سەرۆکی دادگا کرد لە ئۆجالان بپرسێت:
کێ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات یارمەتی PKKی داوە؟
• کام سیاسەتمەدار؟
• کام بازرگان؟
• کام هونەرمەند؟
سەرۆکی دادگا وتی: ئەو خۆی ئەو پرسیارانە دەکات.
ئۆجالان لە وەڵامدا گوتی:
«لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا هەموو ئەم بابەتانەم بە وردی ڕوونکردووەتەوە. ناتوانم بڵێم فلان کەس یان فیسار کەس ئەو کارەی کردووە.»
HADEP و PKK
سەرۆکی دادگا پرسیاری لەسەر HADEP کرد.
ئۆجالان وەڵامی دایەوە وتی:
HADEP لە ناو بنکەی جەماوەری PKK چاڵاکی سیاسی دەکرد.
PKK ڕێکخراوێکی نایاساییە.
MED TV پەیوەندی بە PKK هەبوو.
بەڵام لەسەر ئەوەی HADEP ڕێکخراوی فەرمی PKK بێت، گوتی:
«ناتوانم بڵێم HADEP ڕێکخراوی فەرمی PKK بوو.»
پرسیار لەسەر سووریا
سەرۆکی دادگا پرسی:
«سووریا چۆن یارمەتی PKKی دەدا؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
سووریا هیچکاتێک PKKی بە ڕێکخراوێکی یاسایی نەناساندووە.
ڕاستە هەندێک ئەندامی PKK لە زیندانەکانی سووریا بوون ، بەڵام سووریا ڕێگریشی لە چالاکییەکانی نەکردوە .
هەروەها گوتی:
سووریا ناسنامەی بە هەندێک ئەندامی PKK داوە.بەڵام یارمەتیی دارایی نەداوە. فەرمانی ئەنجامدانی هێرشی نەداوە.
پرسیار لەسەر یۆنان
ئۆجالان بانگەشەی کرد:
یۆنان لە مەشقپێکردنی ئەندامانی PKK یارمەتیداوە.
کەمپی مەشقی دابینکردوە بۆیان .
کاتێک پارێزەرێک پرسی:
«ئایا ژەنەراڵە یۆنانییەکان هاتبوون بۆ بەقاع؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی:
«ئەگەری هەیە سەردانیان کردبێت.»
پرسیار لەسەر «کۆماری دیموکراتیک»
یەکێک لە پارێزەرانی سکاڵاکار داوای کرد، کە لە ئۆجالان بپرسێت:
«مەبەستت لە کۆماری دیموکراتیک چییە؟»
لە کاتی پرسیارەکەدا هەندێک لە پارێزەران لە نێوان خۆیان مشتومڕیان هەبوو.
سەرۆکی دادگا هەموویانی ئارام کردەوە و گوتی تێگەیشتنێکی هەڵە ڕوویداوە.
بانگەواز بۆ دانانی چەک
سەرۆکی دادگا دووبارە پرسی:
«ئایا بانگەوازێکی ڕوونت بۆ PKK هەیە چەک دابنێن؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
هێشتا کاریگەریی خۆی لەسەر ڕێکخراوەکە ماوە. باوەڕی وایە ئەندامانی PKK چارەسەری دیموکراتی قبووڵ دەکەن.
ئەگەر هەلێک بدرێت، دەتوانێت یارمەتی کۆتاییهێنانی شەڕ بدات.
داواکاریی پارێزەرانی سکاڵاکار
پارێزەرێکی سکاڵاکار گوتی :
تەنها ماددەی ١٢٥ی یاسا بەس نییە.
دەبێت بۆ هەر یەک لە شەهیدانیش دۆسیەیەکی جیاواز بکرێتەوە.
هەروەها داوای لە دادگا کرد لەسەر هەندێک ڕێکخراو و دامەزراوەی تریش لێکۆڵینەوە بکرێت.
دواخستنی دادگا
لە کۆتایی ڕۆژی یەکەمی دادگا، پارێزەرانی ئۆجالان داوایان کرد دانیشتنەکان بە ڕۆژێک جیاوازی ئەنجام بدرێن.
دادوەر ئەم داواکارییەی ڕەتکردەوە و وتی پێشتر بڕیار دراوە دادگا بەردەوام بێت.
سەرۆکی دادگا بڕیاری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی ڕاگەیاند و دادگای دواخست بۆ:
کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی ڕۆژی دواتر.
تێبینی کوردستانپۆست : لای ئێمە هەرگیز کوژراوانی سەربازی تورک بە شەهید ناو ناهێنین بەڵام تەنها لە پێناو پاراستنی ڕاستگۆی وەرگێرانی دەقەکان چۆن ووتراوە دایدەنێنەوە ئەگینا لای ئێمە هەردەم تورک دوژمنمانن و دۆست و برامان نین هەرگیز تورک بەگەریلایەک ناڵێ شەهید دەڵێ تۆپیو لاشەی پیرۆزی گەریلاکان ڕادەکێشن بەسەر زەویدا .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان


