<

هەشت ڕۆژ دادگاییکردن و بڕیاری لە سێدارەدانی ئۆجالان (رۆژی دووەم)

05/07/2026, 3:38 (GMT+1)
بەر لە خوێندنەوەی دەقی دادگاییکردنەکەی ئۆجەلان:
دەزگا ڕاگەیاندنەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی پەکەکە، لە کاتی خۆیدا تەواوی ڕۆژانی دادگاییکردنەکەی ئۆجەلانیان سانسۆر کرد و نەیانهێشت ڕاستییەکان وەک خۆیان بگەنە گوێی خەڵک. لەبری گواستنەوەی ڕاستییەکان، بە شێوەیەکی دەماودەم و چەواشەکارانە تەنها هەندێک قسەی هەڵبژێردراو و "ئەرێنی"یان بە گوێی لایەنگرەکانیاندا دەدا. بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە زمانی تورکییان نەدەزانی، تا وێنەیەکی ساختە و قارەمانانە بۆ ئۆجەلان دروست بکەن.
وەک بەڵگە گۆڤار و مانگنامەی "سەرخوەبوون - Serxwebûn" کە سەرەکیترین بڵاوکراوەی پەکەکە بوو (کە لە ساڵی ١٩٨٢ەوە دەردەچوو و لەگەڵ بەناو هەڵوەشاندنەوە ساختەکەی پەکەکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕاگیرا)، ئەم بڵاوکراوەیە، کە خاوەنی ئەرشیفێکی زۆر گەورەیە. بەڵام جێگەی سەرنجە لە هیچ شوێنێکی ئەو ئەرشیفەدا بە هیچ جۆرێک باسی ڕەوتی ڕاستەقینەی ئەم دادگاییکردنەی نەکردووە!
هۆکارەکەشی ڕوونە؛ ئەو قسانەی ئۆجەلان لەبەردەم دادگادا کردوونی، تەواو شەرمنانە بوون و پڕن لە دانپێدانان و پەشیمانی، کە ڕوخسارێکی تێکشکاو و لاوازی ئۆجەلان دەخەنە ڕوو. هەر بۆیەش میدیای پەکەکە تا ئێستا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ شاردنەوە و ساردکردنەوەی کاریگەریی ئەو قسانەی کە لە دادگادا کردوونی. لە دەرەوەی هۆڵی دادگاش، پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد، کە گوایە ئاپۆ لە دادگادا بەرگرییەکی سەرسەختانەی لە کورد کردووە! بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانیش، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی لێدوان و وتاری جۆراوجۆر لەلایەن جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و کەسانی دیکەوە.
سەبارەت بە دادگاییکردنەکەش، کەوتنە پاساوهێنانەوە بە باسکردنی ئەوەی گوایە خیانەتی یۆنان و ئیسڕائیل بوو کەوا بەسەر ئۆجەلاندا هات، لەگەڵ چەندین بابەتی لاوەکی دیکە.
ئەوەی راستیشە ئەوەیە، کە میدیای پەکەکە بە هیچ شێوەیەک ناوێرێت ئەو قسە و دانپێدانانەی ئۆجەلان بڵاو بکاتەوە، چونکە ئابڕووچوونێکی گەورەن و بە هیچ شێوەیەک پینە ناکرێن. کاتێکیش لایەنگرانی پەکەکە هێرش دەکەن یان پاساو دەهێننەوە، تەنها مەبەستیان ئەوەیە لە بەها و گرنگیی خستنەڕووی ئەم دەقە وەرگێڕدراوانە کەم بکەنەوە، تا خەڵک ڕاستییەکان نەزانێت.
بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە، کە پاش خوێندنەوەی تەواوی قسە و ددانپێدانانەکانی ئۆجەلان لە دادگادا، خوێنەر دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ئێستا ئاپۆ و پەکەکەش - ڕێک هاوشێوەی پارتی، یەکێتی و حیزبە ئیسلامییەکان - بوونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر دۆزی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
----------------------------------------------------------------
ڕۆژی دووەم: بەشی یەکەم
دۆسیەی دادگاییی عەبدوڵا ئۆجالان – ڕۆژی دووەمی دادگا – ١ی حوزەیرانی ١٩٩٩
تۆمەتبار ئۆجالان، لەبارەی ئەو تاوانانەی لە تۆمەتنامەکەدا هاتوون پرسیاری لێکرا، هەروەها بۆچوونی لەسەر قسەکانی شایەتەکان وەرگیرا
دوورگەی ئیمڕالی (ئاژانسی ئەنادۆڵ ) –
تۆمەتبار عەبدوڵا ئۆجالان، سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستی پ.ک.ک ، ڕایگەیاند، کە خۆی بەرپرسی پلەی یەکەمی ڕێکخراوەکە بووە هەروەها گوتی، کە لە یۆنان، لە دوای ساڵی ١٩٩٠، ڕاهێنانەکان بە شێوەیەکی فراوان لە هەموو بوارەکاندا ئەنجام دەدران. هەروەها گوتی لە ئێران نەخۆشخانەی ڕێکخراوەکە هەبوو. هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە باشووری قوبرس (بەشی یۆنان)ی لە بواری گواستنەوەی ئەندامانی ڕێکخراو و دابینکردنی پاسپۆرت یارمەتییان دەدا.
لە ڕۆژی دووەمی دادگا، سەبارەت بەو تۆمەتانەی لە تۆمەتنامەکەدا هاتوون پرسیار لە تۆمەتبار عەبدوڵا ئۆجالان کرا و بۆچوونی لەسەر وتەی شایەتەکان وەرگیرا. خێزانی شەهیدەکان، کەسوکارەکانیان، برینداران، نوێنەرانی بیانی، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەرانی تۆمەتبار و کەسوکاری ئۆجالان، بۆ بەشداریکردن لە دادگا، لە کاتژمێر ٩:٤٥ چوونە ناو هۆڵی دادگا.
دوای ئەوەی دەستەی دادگا لە کاتژمێر ١٠:٠٠ شوێنی خۆی لە هۆڵی دادگا گرت، تۆمەتبار عەبدوڵا ئۆجالانیش هێنرایە ناو هۆڵی دادگا و لە قەفەسە شوشەییەکەی خۆی دانیشت.
سەرۆکی دادگا، محەمەد تورگوت ئۆقیای، ئەو وتانەی عەبدوڵا ئۆجالانی خوێندەوە کە لە لایەن ژاندارمە، داواکاری گشتی، لێدوانی زیادکراو و دادوەری یەدەگ وەرگیرابوون.
ئۆجالان ڕایگەیاند کە ئەو زۆری لێ نەکراوە، ئەو وتانە بە ئیرادەی ئازادی خۆی داویەتی ، بەڵام بە هۆی بارودۆخی دەروونیەوە، زەین و بیری کەمێک تێکچووە بۆیە دەکرێت لە وتە و قسەکانیدا پێکناکۆکی و ناڕێکی هەبێت.

لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا تەواوی رۆژنانووسانی بیانی و نوێنەری مافی مرۆڤی جیهانی دەبینرێن، کە لە '' Associated Press '' وەرگیراوە


«من بەرپرسیاری پلەی یەکەمی ڕێکخراوەکەم»
دوای ئەوەی سەرۆکی دادگا، تورگوت ئۆقیای، پرسی:
«لە ڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکەوە تاکو ئێستا، تۆ سەرۆکی ڕێکخراوەکە بوویت؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە:
«من دامەزرێنەری PKKم و لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەکەم کردووە. من بەرپرسیاری یەکەمی ڕێکخراوەکەم. بەڵام تاکو ئەو ساتەی دەستگیر کرام، من بەرپرسیاری پلەی یەکەم بووم. هێشتا هەندێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە پابەندن و من بە سەرۆکی خۆیان دەزانن. من بەرپرسیاری پلەی یەکەمی هەموو چالاکی و کردەوەکانی ڕێکخراوەکەم. لە بواری پێکهاتەی بەرنامە و چالاکیی ڕێکخراوەکەدا، لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لە ناوخۆی ڕێکخراوەکەدا ململانێی ناوخۆ هەبوو.»
تۆمەتبار ئۆجەلان، لە وەڵامی سەرۆک دادگا تورگوت ئۆکیای کە گوتبووی "زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی، کە بە هۆی ململانێی ناوخۆییی ڕێکخراوەکەوە فەرمانی کوشتنی هەندێک کەست داوە"، وتی: "لای ئێمە پەیڕەوێک هەیە. بە پێی پەیڕەوەکە، ئەوانەی بە پێچەوانەی بنەماکان دەجووڵێنەوە، بە پێی ئەو بڕیارانەی لە لایەن ڕێکخراوەکەوە دەدرێن و دوای ئەوەی لە ناوەندەوە پەسەند دەکرێن جێبەجێ دەکرێن، بۆیە من هیچ فەرمانێکی دیاریکراوم نەداوە."
بڕیاری کوشتن
سەرۆکی دادگا، تورگوت ئۆقیای، پرسی: «بڕیاری کوشتن لە دژی کێ درابوو؟»
ئۆجالان لە وەڵامدا گوتی کە لە چوارچێوەی ململانێی ناوخۆی ڕێکخراوەکەدا، بڕیاری کوشتن دژی ئەم کەسانە درابوو:
• شاهین بەلیچ (ناسراو بە ناوی «بەتین»)
• جەمیل ئیشک (ناسراو بە ناوی «جەمال»)
• شەمدین ساکیک
بە گوێرەی قسەکانی ئۆجالان، ئەو کەسانە بە هۆی ئەوەی لە ڕێبازی ڕێکخراوەکە دەرچووبوون، بڕیاری کوشتنیان دراوە. ئۆجالان گوتی ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بڵێت چەند کەس بەم شێوەیە کوژراون، بەڵام پێی وایە، کە دەیان کەس بەم شێوەیە سزا دراون. ئۆجالان ئەمەی وەک ململانێیەکی ناوخۆییی ڕێکخراوەکەی ناساند.
کاتێک پرسیاری لێ کرا ئایا خۆی بە ڕاستەوخۆ فەرمانی کوشتنی ئەو کەسانەی داوە یان نا، وەڵامی دایەوە: «بە هیچ شێوەیەک، فەرمانم بە ئەندامانی ڕێکخراوەکە نەکردووە تا فڵان و فیسار کەس بکوژن. هاوسەرەکەمم، کەسیرە یلدریم، ئەندامێکی سەرەکیی ڕێکخراوەکە بوو. لە کۆنگرەدا بڕیاری کوشتنی درا، بەڵام من ڕێگەم نەدا ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت. وابزانم ئێستا لە سوێد دەژی.»
کوشتنی ئۆلۆف پالمە
سەرۆکی دادگا پەڕاوی مێژووی کردەوە کە لە ٧ی ئابی ١٩٨٤ دادگایەکی ئەڵمانیا بە تۆمەتی دەرکردنی فەرمانی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی پەکەکە، بڕیاری دەستگیرکردنی غیابی دژی ئۆجالان دەرکردبوو.
ئۆجالان لە وەڵامدا گوتی :
«هەوڵیان دا تاوانی کوشتنی ئۆلۆف پالمە و زۆر تاوانی دیکەی ئەورۆپا بخەنە ئەستۆی من. ئەوانەی گوتیان من فەرمانی ئەو کردەوانەم داوە، ڕکابەر و نەیاری منن.»
سەرۆکی دادگا تورگوت ئۆکیای وەڵامی ئۆجەلانی دایەوە و گوتی:
«باش گوێ بگرە... گوتارێکت دابوو گوتبووت کە لەوانەیە سوێد مافی پەنابەری نەداتە کۆنە ئەندامانی پەکەکە، و فەرمانت دەرکرد بە تیرۆرکردنی ئۆلۆف پالمە.»
ئۆجالان لە وەڵامدا گوتی :
«ئەمە پیلانێک بوو بۆ تاوانبارکردنی من. لە ئەورووپا، PKK بە شێوەیەکی شەڕانگێزی و ئیستفزازی دەستی هەبووە لە چەندان کرداری توندوتیژی. ئەمەش ڕۆلی خۆی هەبوو لە ڕووداوی کوژرانی پالمەدا. ئەو کاتە، عەلی چەتینەر بەرپرسی ئەورۆپای پەکەکە بوو. لە سوێد دەستگیریان کرد، پێم وابێت لەگەڵ پۆلیسی سوێد و ئەڵمانیا هاوکاری دەکرد.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«نووسینەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی PKK لە بارەی ئۆلۆف پالمە، کاریگەرییان نەبوو؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە:
«نەخێر. با ئەو نووسینانەم نیشان بدەن. نووسەری ئەو بابەتانە حوسێن ییلدیریم بوو، کە بەرپرسی پەیوەندیە دەرەکیەکانی پەکەکە بوو. لە وتارەکانیدا هەڕەشەی لە ئۆلۆف پالمە کردبوو و نووسیبووی: "دەبینێت چی بە سەر دێت"، دەگوترا کە گوایە من ئەو فەرمانەم داوە، داوام لە ڕۆژنامەی حورییەت کرد بڵاوی بکاتەوە، بەڵام نەیانکرد. هەروەها زانیارییم پێگەیشت کە ئۆلۆف پالمە لە لایەن ڕێکخراوی PKK-Vejîn کوژراوە. ئەم ڕێکخراوەش لە لایەن کەسیرە ییلدیریم و حوسێن ییلدیریم دامەزراوە و دەیانویست بەهێزی بکەن. زۆربەی چالاکیەکانی لە ئەورۆپانە.»
ڕۆژی دووەم: بەشی دووەم
پەیوەندیی بازرگانیی PKK لەگەڵ یۆنان
ئۆجالان، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، گوتی کە خۆی ڕێگری کردووە لە ڕفاندنی منداڵانی بچووک و بردنیان بۆ شاخ. بەڵام وتی کە ئەگەر هەندێک منداڵیش ڕفێندرابن، بۆ خێزانەکانیان گەڕێندراونەتەوە.
هەروەها گوتی :
«بە گشتی، کەسانی ژێر تەمەنی ١٧–١٨ ساڵمان وەرنەدەگرت لە ناو ڕێکخراوەکەدا بەڵام لەوانەیە هەندێک حاڵەتی دەگمەن هەبووبن.»
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا کە پرسی:
«ڕێکخراوەکە چەکە قورسەکانی لە کوێوە دەهێنێت؟»
ئۆجالان گوتی :
«لەو بوارەدا، شێوازی بازرگانی پەیڕەو دەکرا. لە بواری تەکنیکی، نوێنەرم هەبوو؛ یەکێکیان فەتحی دەمیر بوو. یارمەتیی یۆنان لە دابینکردنی چەکە قورسەکاندا زیاتر لە ڕێگای بازرگانی بوو. ڕاهێنانی ئەندامانی ڕێکخراو لە یوگۆسلاڤیا ئەنجام دەدرا. پێش ئەوەی لە سووریا دەربچم، هەرگیز نەچووبوومە یۆنان. زانیارییەکم نییە کە لە یۆنان ڕاهێنانی گازیان کردبێت. بەڵام پێم وترا کە ئەندامانی PKK لە یۆنان لە بواری بەکارهێنانی گاز ڕاهێنراون و هەروەها هەندێک کەرەستەی تەکنیکیان بۆ دابین کراوە. دووبارە دەڵێمەوە، من هەرگیز نەچوومەتە یۆنان. لە دوای ساڵی ١٩٩٠، ڕاهێنان لە یۆنان لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەکی فراوان دەستی پێکرد. ئەوانەی لەوێ ڕاهێنراون، بە فڕۆکە دەهاتنە ناوچە شاخاوییەکان. فڕۆکەکان هەندێک جار لە شام، هەندێک جار لە لوبنان و هەندێک جاریش لە ڕێگای ئێرانەوە دەهاتن.»
نەخۆشخانەی ڕێکخراوەکە لە ئێران
ئۆجالان، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، گوتی :
«PKK لە ئێران کەمپی ڕاهێنانی نەبوو.» بەڵام کەمپێکیان بۆ کردینەوە : «لە ئێران نەخۆشخانەی ڕێکخراوەکە هەبوو. لەوێ بە نهێنی وانەی تیۆری بە کادرەکانی پ.ک.ک دەگووترایەوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئاگاداری ئەو دۆخە بوون. زۆربەی ئەو چەکانەش کە لە ڕێگای ئێرانەوە بۆ ڕێکخراوە دەگوازرانەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا گیرا.»
یارمەتیی دارایی لە لایەن کڵێساکانەوە
ئۆجالان گوتی کە لەنێو ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، مووشەکیش هەبوو.
هەروەها، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، گوتی کە لە بەشی باشووری قوبرس، تەنها نوێنەرایەتییەکی بچووکیان هەبوو و لەوێ نە کەمپی سەربازی هەبوو و نە ڕاهێنانی سەربازیی.
ئۆجالان وتی:
«تەنها لە بواری گواستنەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە و دابینکردنی پاسپۆرت یارمەتییان دەداین، ئەو پارانەش کە لەوێوە بۆ ڕێکخراوەکە دەنێردران، لە ڕێگای کڵێساکانەوە دابین دەکران.»
هەروەها گوتی :
«ئەو پاسپۆرتە ساختەیەی کاتێک دەستگیر کرام پێم بوو، لە لایەن نوێنەری ئێمە لە ئەسیناوە، لە باشووری قوبرس بۆم دابین کرابوو.»

ڕۆژی دووەم: بەشی سێیەم
«دەمەوێت لەسەر بەریتانیا بوەستم؛ بەریتانیا سەبارەت بە کێشەی کورد سیاسەتێکی قووڵی هەیە. ئەم وڵاتە هەندێک کەس بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و هەندێکی دیکەش دەکات بە قوربانی .»
**ئیمڕالی (ئاژانسی ئەنادۆڵ)** – تۆمەتبار عەبدوڵا ئۆجالان، سەرکردەی ڕێکخراوی تیرۆریستی، گوتی لە ناوچەی دەریای ڕەش، لە ئاستی یارمەتیی لۆجستیکی، پەیوەندییان لەگەڵ **پارتی شۆڕشی تورکیا (Türkiye Devrim Partisi)**، **TİKKO**، **DHKP-C و **پارتی گەلی شۆڕشگێڕ** هەبوو. هەروەها ڕایگەیاند کە لە هەشتاکان پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوی **ASALA**ی ئەرمەنیش هەبوو.
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا سەبارەت بە دابینکردنی چەک بۆ پەکەکە، ئۆجالان گوتی :
«دوای جەنگی کەنداوی فارس، لە عێراق چەک زۆر دەفرۆشرا و بە یاسانی دەست دەکەوت. هەموو جۆرە چەکێک، تەنانەت مووشەکیش دەکرا بکڕدرێت. چەکی نیشانەشکێن *Kanas*یشمان لەوێ دەکڕی .»
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، ئۆجالان گوتی دوای دەستگیرکردنی، براکەی و کەسوکارەکەی سەردانیان کردووە و داوایان لێ کردووە «ئازا بێت و نەترسێت ».
لەبەر ئەم قسانە، سەرۆکی دادگا، تورگوت ئۆقیای، پێی وت:
**«پێویست ناکات پشت بە کەسانی دیکە ببەستیت. بە ئازادی هەڵسوکەوت بکە و بە ئازادی قسە بکە.»**
ئۆجالانیش وتی کە بانگەوازی ئاشتی و برایەتیی کە لە ڕۆژی پێشووی دادگا کردبووی، لە دڵەوە بووە نەک لە ترسان.
پارەی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکە
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا، ئۆجالان گوتی، کە سامانی ڕێکخراوەکە نزیکەی **٢٠٠ ملیۆن دۆلار**ە.
کاتێک پرسیاری لێ کرا ئایا PKK لە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر بەشدار بووە یان نا، وەڵامی دایەوە:
«ماددەی هۆشبەر تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی. بەڵام لەوانەیە هەندێک لە نوێنەرانی حزب، لە قاچاخچیانی ماددەی هۆشبەر، بە ناوی کۆمەک پارەیان وەرگرتبێت. لە ئەورۆپاش ئەم شتانە ڕوودەدەن. لە ناو حیزبدا، بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ماددەی هۆشبەر کردووە و بە گەورەترین تاوان دادەنرێت. تەنانەت من جگەرە کێشانیشم قەدەغە کردبوو. بەڵام لەوانەیە هەندێک لە ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات بە فراوانی تێوەگلابن.»
ماددەی هۆشبەر
کاتێک سەرۆکی دادگا پرسی ئایا لەگەڵ **ڕیفعەت ئەسەد**، برای **حافز ئەسەد**، سەرۆکی سووریا، کۆبووەتەوە یان نا، ئۆجالان گوتی نەخێر، هیچ دیدارێکی لەگەڵ نەبووە.
هەروەها گوتی کە ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی ئاسایشی گشتیی یۆنان، کە تێیدا ڕیفعەت ئەسەد بە قاچاخیکردن بە ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار کراوە، «درۆی یۆنان»ە.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا گوتی :
«PKK لە ئێران کارگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری نەبووە و ئەو قسانە ڕاست نین.»
پارێزەری لایەنی سکاڵاکەر، **جاهیت تۆرون**، ئاماژەی بە دەربڕینی **خورشیت خان** کرد، کە لە دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئیستانبوڵ دادگایی دەکرا و گووتبووی PKK ساڵانە **١٥٠٠ ملیار لیرە** دەدایە پەکەکە بەرامبەر بەوەی کە ئاسانکاریی قاچاغچێتیی بە ماددەی هۆشبەر دەکرد.
ئۆجالان ئەم بانگەشەیەی ڕەت کردەوە و گوتی :
«ڕاست نیە ، بەڵام دەزانم لە هەندێک لە شارە گەورەکاندا، تۆڕەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەر بە ناوی PKK دامەزراون.»
هەروەها، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە **حوسێن بایباشین**، گوتی تەنیا جارێک لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی گفتوگۆی لەگەڵ کردووە، و بایباشین لەو دیدارەدا پێی گووتوە کە لە دوای ساڵی ١٩٩٠ ەوە هیچ پەیوەندیەکی بە ماددەی هۆشبەرەوە نەماوە.
ئۆجالان هەروەها گوتی لەوانەیە بایباشین، کاتێک لە تورکیا بوو، یارمەتیی دارایی بە شانەکانی PKK کردبێت لە **لیجە**، وە لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا ئۆجالان پێی وانیە کە بایباشین ** ٪40 ** ی پشکی MED TV ی هەبێت و گوتی هیچ زانیاریەکی لەو بارەیەوە نییە.
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا، کە پرسی ئایا بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ئەو ناوچانەی کە بۆریی نەوتی **باکۆ–جەیهان**یان پێدا تێدەپەڕێت، هیچ ڕێنمایی و فەرمانێکی پێدراوە لە لایەن هیچ دەوڵەتێکەوە بۆ ئەو ئامانجە؟
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
**«هیچ فەرمانێکم وەرنەگرتووە و هەرگیز چالاکیەکی لەم جۆرەش ئەنجام نەدراوە.»**
ڕۆژی دووەم: بەشی چوارەم
دەریای ڕەش
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا لەبارەی نیازی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکە بۆ فراوانکردنی چالاکیەکانی و گەیاندنی بە دەریای ڕەش، ئۆجالان گوتی :
«لەو ناوچەیەدا هەندێک گرووپ هەن پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ PKK هەیە. پەیوەندیی ئێمە لەگەڵیاندا تەنیا لە ئاستی یارمەتیی لۆجستیکی بوو. ئەو گرووپانە بریتین لە پارتی شۆڕشی تورکیا، TİKKO، DHKP-C و پارتی گەلی شۆڕشگێڕ. ئەوان داوای یارمەتییان لە ئێمە کرد و ڕێکخراوەکەی ئێمەش لە بواری ڕاهێنان یارمەتیی دەدان . بەڵام پەیوەندیەکانمان لەگەڵیاندا تەنها ڕووکەشی بوون و فراوان نەبوون.»
ASALA و ئەرمەنستان
لە وەڵامی پرسیاری پارێزەری لایەنی سکاڵاکەر، **جاهیت تۆرون**، سەبارەت بەوەی ئایا لە نێوان PKK و ASALA پەیوەندی هەبووە یان نا، ئۆجالان گوتی :
«لە هەشتاکان پەیوەندیمان لەگەڵ ASALA هەبوو. خۆشم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەو گرووپە کۆبوومەوە. بەڵام دواتر، بەهۆی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی ئەو ڕێکخراوە و جیاوازی لە شێوازی چالاکی، پەیوەندیەکانمان پچڕان.»
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا گوتی:
PKK لە ئەرمەنستان نوێنەرایەتیی هەبوو و یارمەتیی دارایی لە خەڵکی ئەو وڵاتە وەردەگرت.
هەروەها گوتی:
«دەوڵەت پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵمان نیە، بەڵام دژی چالاکیەکانی ئێمە نیە. زۆر وڵات هەمان شێواز پەیڕەو دەکەن.»
بەریتانیا
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندیی PKK و بەریتانیا، ئۆجالان گوتی :
«لە وتەکانی پێشوومدا دەمویست زیاتر باسی ڕۆلی بەریتانیا بکەم. بەریتانیا فەیسەل دونلایجی، (یەکێک لە وتەبێژانی PKK لە ئەورووپا،"فەیسەل دونلایجی = کانی یڵماز" - وەرگێڕ)، بانگهێشتی پەرلەمان کرد. دواتر چوار ساڵ لە بەریتانیا زیندانی کرا. بەریتانیا سیاسەتێکی ئاڵۆز بەرامبەر بە کورد پەیڕەو دەکات، ئەم سیاسەتە ١٥٠ ساڵە هەیە و بەردەوامە. ئەم وڵاتە هەندێک لایەن بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و هەندێکی دیکەش ڕەت دەکاتەوە. هەمیشە لەوە دەترسام لەگەڵ ئێمەش هەمان شت بکات.»
یۆنان
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا لە بارەی ئەوەی کە (ئۆجالان) بڕیار بوو گەشت بۆ دوورگەکانی **سێشێل** بکات ئاخۆ یۆنان پارەی بۆ دابین کردووە، ئۆجالان گوتی :
«بیستم کە یۆنان خەرجیەکەی لە ئەستۆ گرتووە. سەرەتا یۆنان دەبووایە پاسپۆرتێکی ئەفریقای باشوورم بۆ دابین بکات. دواتر بۆم دەرکەوت کە هەر قسە بووە و هیچی تر، درۆیان لەگەڵ کردم. »
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە **میخالیس خارالامبیدیس**، ئەندامی پەرلەمانی یۆنانی سەر بە پارتی PASOK، گوتی :
«لە ساڵی ١٩٨٧ یان ١٩٨٨، تەنا جارێک لە بیقاع بینیومە. تەنیا باسی دۆستایەتیی نێوانمانی کرد و هیچی لێ داوا نەکردین. لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان هاتبووە بیقاع.»
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بەو وڵاتانەی لە دامەزراندنی PKK یارمەتییان داواوە و پشتیوانییان کردووە، ئۆجالان گوتی :
«لە سەرەتاوە یارمەتیی ڕێکخراوی ڕزگاریی فەلەستینمان وەرگرت. لە کەمپەکانیان ڕاهێنانیان پێکردین. سووریاش پەیوەندیی فەرمی لەگەڵمان دانەمەزراندووە، بەڵام ڕێگریشی لێ نەکردین لەوەی چالاکیی بکەین.»
کاتێک سەرۆکی دادگا پرسی کرد ئایا سووریا و یۆنان PKKیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە یان نا، ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«بێگومان، هەر یەکێک لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیدا هەوڵی دا PKK بەکاربهێنێت. ئێمەش لە هەمان کاتدا سوودمان لێیان وەرگرت. ئەمە دۆخێکی سیاسی بوو.»
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا گوتی: کە ئەندامانی PKK لە یۆنان تەنانەت لە بواری فێرکردنی بۆمبیش، ڕادەهێنانیان پێدەکرا و لەگەڵ هەموو پێداویستییەکانیان بۆ ئەنجامدانی چالاکی دەیانناردنەوە بۆ تورکیا.
ئۆجالان گوتی کە هەرگیز فەرمانی نەداوە بۆ سووتاندنی دارستانەکان یان ئەنجامدانی چالاکی لە ناوچە گەشتیاریەکان. بەڵام گوتی لەوانەیە هەندێک لە ئەندامانی پەکەکە، بە بڕیاری خۆیان، لەو ناوچانەدا چالاکییان ئەنجام دابێت.
هەروەها گوتی هیچ زانییاریەکی دروست و تەواوی نییە لەسەر تێکدانی کارخانەی چەکی **کرک کالە Kırıkkale **، و گوتی کە هەندێک جار بەرپرسانی پەکەکە لە هەرێمی ئەلازیغ دەستیان تێدا هەبووە و هەندێک جاریش دەیانگوت بەرپرسانی هەرێمی دیاربەکر ئەو کارەیان کردووە.
ڕۆژی دووەم: بەشی پێنجەم
«ئێبدا-ج» و «حیزبوڵڵا» هەوڵیان دا شوێنی PKK پڕ بکەنەوە
İBDA-C (بەرەی هەڵمەتبەرانی ئیسلامیی ڕۆژهەڵاتی گەورە)
تۆمەتبار عەبدوڵا ئۆجالان گوتی لە دەرەوەی وڵات هەندێک کۆمەڵە و سەنتەر هەن یارمەتیی خەڵکیان دەدا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری و دۆزینەوەی کار. هەروەها گوتی :
لەوانەیە PKK لە بازرگانیی بە مرۆڤ بەشداری کردبێت.»**
لە وەڵامی پرسیارێکدا، ئۆجالان گوتی:
لە دەرەوەی وڵات دەیان کۆمەڵەی هاوشێوە هەبوون، کە یارمەتیی خەڵکیان دەدا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری و دۆزینەوەی کار، و لەوانەیە PKK لەم ڕووەوە و لەم بوارانەدا لە بازرگانی بە مرۆڤ بەشدار بووبێت.
هەروەها گوتی لە هۆڵەندا خانوویان بە کرێ دەگرت و پەروەردە و ڕاهێنانیان بە خەڵک دەکرد. ووتیشی :
**«لە هۆڵەندا، کە ناوەندی پەروەردەی سیاسیی سەر بە پەکەکە لەوێیە، لەوانەیە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش ئاگاداری ئەم چالاکیانەی حزب بن.»**
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، ئۆجالان گوتی PKK لە سویسرا هەندێک دامەزراوەی هەبوو بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ **MED TV**. هەروەها گوتی لەوانەیە لە ڕێگای ئەو دامەزراوانەوە پارە لە بانکەکانی سویسرا دانرابێت، بەڵام نازانێت لە ژێر ناوی کێ و لەلایەن کێوە ئەو پارەیە دانراوە.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ **کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا (İHD)** و کۆمەڵەی **مەزلوم-دەر (Mazlum-Der)**، ئۆجالان گوتی :
**«هیچ پەیوەندیەکم لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کۆمەڵانە نەبووە. تەنیا بۆ وەرگرتنەوەی سەربازان شاندێکیان پێک هێنابوو. لەو کاتەدا وتم ئەگەر ئەم جۆرە هەوڵانە بەرەوپێش ببرێن، دەبێتە هەنگاوێکی باش. ئێمە هیچ کۆمەکییەکی İHD مان نەکردووە، ئەوانیش هیچ یارمەتیەکیان پێنەداوین.»**
ڕێکخراو و گرووپە بیانیەکان
ئۆجالان ووتی کە PKK هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ **IRA**، **سوپای سووری ژاپۆنی**، **ETA**، **حیزبوڵڵا** (هی تورکیا)، **İBDA-C** یان ** بریگادە سوورەکان (Red Brigades)** (ڕێکخراوێکی توندڕۆی مارکسی-لێنینیی ئیتاڵی بوو) نەبووە.
هەروەها گوتی :
**«İBDA-C و حیزبوڵڵا هەوڵیان دا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە دوای لاوازبوونی PKK دروست بووبوو.»**
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، گوتی:
لە هەشتاکان، ئەو کاتەی کرێکارانی تورک (مەبەستی لە کرێکارانی کورد بووبەڵام بەتورک نووسراوە) لە لیبیا زۆر بوون، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پەکەکە لە ئاستی ڕێکخستنی بەهێز و پتەودا بوون، بەڵام ئێستا تەنیا لە ئاستی هاوسۆزی و لایەنگریدان.
هەروەها گوتی :
**«هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ سەندیکاکان نیە. لە ساڵی ١٩٩٣، لە کاتی هەوڵەکانی ئاگر‌بەست، لەگەڵ خاتیپ دیجلە کۆبوومەوە کە یەک لە سەرکردەکانی پارتی دیموکرات (DEP) بوو. ئەو دیدارە دەربارەی پرۆسەی ئاشتی بوو. پێم وایە لە ساڵی ١٩٨٧ بوو دۆغو پەرینچەکیشم بینی. مەبەستی پەرینچەک ئەوە بوو لە ڕێگای بنکەی ئێمەوە پشتگیریی بۆ خۆی کۆ بکاتەوە. بەهۆی جیاوازیی ئایدیۆلۆژی، ئەو پەیوەندییە گەشەی نەکرد.»**
ئۆجالان هەروەها گوتی کە دامەزراندنی بەناو**پەرلەمانی کوردی لە هەندەران ** بە پێشنیاز و داوای خۆی بووە و وتیشی : "پشتیوانییمان کردن، بەڵام پێشنیاز و ڕێنماییم نەدەدانێ سەبارەت بەو بڕیارانەی کە لە کۆبوونەکانی پەرلەمانەکە دەدران.»**
ڕۆژی دووەم: بەشی شەشەم
شەهیدبوونی ٣٣ سەرباز
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، ئۆجالان گوتی کە کوشتنی ٣٣ سەرباز لە بینگۆل، ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە تێکچوونی پڕۆسەی ئاگر‌بەستی ساڵی ١٩٩٣. هەروەها گوتی: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک کوشتنی ئەو سەربازانە پەسەند ناکەین".
ئۆجالان لە دادگا باسی ئەوەی کرد کە **شەمدین ساکیک**، کە لە لایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەت لە دیاربەکر حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، گوتبووی کە ئەو (ئۆجالان) فەرمانی کوشتنی ٣٣ سەرباز و هەروەها کوشتنی **ئۆلۆف پالمە**ی داوە، ئەمەی بە توندی ڕەت کردەوە و گوتی سەرلەبەری درۆیە.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، تۆمەتبار ئۆجالان گوتی:
بە ناوبژیوانیی **جەلال تەلەبانی**، لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا، **تورگوت ئۆزال**، کەوتبووینە پەیوەندی.
هەروەها گوتی : « لەسەر داوای ئۆزال، ئێمە بە تەنیا ئاگر‌بەستمان ڕاگەیاند. دوای ئەوەی ئۆزال هەواڵی ئاگر‌بەستەکەی وەرگرت، بە تەڵەبانی گوتبوو: "دوای دە ساڵ، یەکەم جارە بە ئارامی خەوم لێ بکەوێت و تێر بنووم."»**
«کاتێک لە سووریا بووم، یالچین کوچوک ئاگاداری کردمەوە شوێنی مانەوەم بگۆڕم»
عەبدوڵا ئۆجالان ووتی، کە لە سەردەمی حکومەتی **ڕەفاهیۆڵRefahyol ** (حکومەتی هاوپەیمانیی حزبەکەی نەجمەددین ئەربەکان، "حزبی ڕەفاه"، و حزبەکەی تانسو چیلەر، "پارتی ڕێگای ڕاست" کە لە حوزەیرانی ١٩٩٦ تا حوزەیرانی ١٩٩٧ خایاند -و)، دوو نامە بۆ نوێنەرەکانی لە سووریا لەلایەن **نەجمەددین ئەربەکان** سەرۆکی پێشووی "حزبی ڕەفاه"ەوە، کە ئێستا هەڵوەشاوەتەوە، نێردرابوون. هەروەها گوتی کە لە لایەن **پڕۆفیسۆر یالچین کوچوک**ەوە ئاگادار کرایەوە کە شوێنی خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەگەری دەستگیرکردنی هەیە.
تێبینی کوردستانپۆست:
لێرەدا پڕۆفیسۆر یالچین کوچوک ئۆجالانی ئاگادار کردووەتەوە کە سووریا بەجێ بهێلێت وەک دڵسۆزییەک بەڵام ئۆجالان ناوەکەی لە دادگا ئاشکرا دەکات و شانە هەواڵگریەکەی ئاشکرا کردووە و قوڕی کردووە بەسەر ئەو فەقیرەدا
بەڵام، ئۆجالان بانگەشەکانی سەبارەت بەوەی گوایە **مەسعود یڵماز**، سەرۆکی پارتی نیشتمانی دایک (ANAP)، هەواڵی بۆ ناردووە، بە تەواوی ڕەت کردەوە و گوتی :
ئەم بانگەشەیە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە.»**
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، ئۆجالان گوتی: کاتێک مەسعود یڵماز لە نیسانی ساڵی ١٩٩٦ دەسەڵاتی وەرگرت، سەرەتا لە ڕێگای **ڕەجەپ دۆغانەر**، ئەندامی HADEP، داوای کردبوو پەیوەندییەکی وەک ئەوەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، لەگەڵیان دابمەزرێت.
هەروەها گوتی زانیاریەکیان پێگەیشتبوو کە نووسەر **ئالەڤ ئالاتلی**، بە ڕەزامەندیی مەسعود یڵماز، دێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵیان، بەڵام لەو کاتەدا، لە **دیمەشق** تەقینەوەیەک ڕوویدا و ئەو پەیوەندیە ئەنجام نەدرا.
ئۆجالان هەروەها وتیشی، کە دواتر بیستوویەتی ئالەڤ ئالاتلی لە ئەورۆپا لەگەڵ ئەندامێکی PKK بە ناوی **«شاهین»** کۆبووەتەوە.
ڕۆژی دووەم: بەشی حەوتەم
نامەگۆڕینەوە
ئۆجالان گوتی لە سەردەمی حکومەتی ڕەفاهیۆڵ، نامەگۆڕینەوەیەک لەگەڵیان هەبوو و دوو نامە بۆ نوێنەرەکانیان لە سووریا نێردرابوون. گوتی کە ئەو نامانە لە لایەن نەجمەددین ئەربەکان، سەرۆکی پێشووی "حزبی ڕەفاه"ەوە، نێردرابوون.
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا بەوەی نامەکانی پێیە یاخوود لە لا ماوە ؟؟ ئۆجالان گوتی ئەو نامانە لە ئێستادا پێی نییە، بەڵام لە ئەرشیفی ڕێکخراودا پارێزراون.
هەروەها گوتی :
«سەرەتا بڕیار وابوو ڕۆژنامەنووس ئیلنور چەڤیک وەک نێوەندگیریەک بنێردرێت، بەڵام لە جیاتی ئەوە، نامەیان ناردبوو.»
پرسیارەکانی پارێزەرانی ئۆجالان
پاشان دادگا مۆڵەتی بە پارێزەرانی ئۆجالان دا تا پرسیارەکانیان ئاراستە بکەن.
پارێزەری تۆمەتبار، کەمال بیلگیچ، داوای لە دەستەی دادگا کرد لە ئۆجالان بپرسن ئایا پەیماننامەی جنێڤی واژۆ کردووە یان نا.
دەستەی دادگا ئەم داواکاریەی پەسەند نەکرد و ئەو پرسیارە نەخرایە ڕوو.
کەمال بیلگیچ هەروەها داوای کرد لەو کاتەی دانیشتنەکانی دادگا دەوەستن لەم هەفتەیەدا، ڕێگەی پێ بدرێت لەگەڵ بریکارخوازەکەی (موەکیل) ، عەبدوڵا ئۆجالان، کۆببێتەوە.
سەرۆکی دادگا وەڵامی دایەوە کە ئەم داواکاریە دەگەیەنێتە سەرووی خۆی کە دەسەڵاتی بڕیاریان هەیە.
پارێزەر بیلگیچ هەروەها داوای لە دادگا کرد تا زانیاری وەربگرێت لە سەر ئەو بڕیارەی کە پەکەکە داویەتی کە هێرش ناکاتە سەر خەڵکی سیڤیل.
لەم بارەیەوە سەرۆکی دادگا، تورگوت ئۆکیای پرسیاری لە ئۆجالان کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە:
«ئێمە هەرگیز بڕیارمان نەداوە هێرش بکرێتە سەر هاووڵاتیانی ئاسایی. ئێمە دژی ئەو جۆرە هێرشانەین. لە ناو ڕێکخراودا گرووپێکی چوار کەسی هەبوو. پێشتر باسم لەو گرووپە کرد. بە توندی لە دژیان وەستاینەوە و شەڕمان لە دژیان کرد، هەموو هەوڵێکمان دا تا ڕێ نەدەین ئەوان هێرش بکەنە سەر خەڵکی سیڤیل.»
«ئەوە ڕاست نییە کە مەسعود یڵماز ئاگاداری کردبێتمەوە»
لە وەڵامی پرسیاری پارێزەری لایەنی سکاڵاکەر، جاهیت تۆرون، سەبارەت بەوەی ئایا یالچین کوچوک پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان ئاگاداری کردووەتەوە یان نا، سەرۆکی دادگا ئەو پرسیارەی ئاراستەی ئۆجالان کرد.
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«لەگەڵ پڕۆفیسۆر یالچین کوچوک بە تەلەفۆن قسەم کردووە. ئەو ئاگاداری کردمەوە، کە بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێم، شوێنی خۆم بگۆڕم. بەڵام ئەو بانگەشەیە کە مەسعود ییلماز هەواڵی بۆ ناردووم، بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە.»
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، ئۆجالان گوتی کە لە نامەی نێردراوی نەجمەددین ئەربەکاندا هاتووە کە حکومەت دەیەوێت پاکێجێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتی تورکیا بەڵام توندی ڕێگری لەوە دەکات و داوایان لە ئۆجالان کردبوو ئەگەر ئەو توندوتیژییە بوەستێندرێت باشتر دەبێت بۆ دەوڵەت
ئۆجالان گوتی ئەو ئەم داواکارییەی ئەربەکانی قبووڵ کردووە .
کوشتاری باشباغلار
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کوشتاری گوندی باشباغلار، ئۆجالان گوتی :
«هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەو کوشتارە نەبوو و هەرگیز پەسەندم نەکردووە.»
هەروەها ووتی کە بەرپرسیاری ئەو ڕووداوە دکتۆر باران بوو.
پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراو
لە وەڵامی پرسیاری سەرۆکی دادگا کە پرسی:
«چۆن پەیوەندیت لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەکە پاراستووە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«لە ڕێگای تەلەفۆن و تەلەفۆنی بێسیمەوە پەیوەندیمان پێوە دەکردن هەندێک جاریش پەیامبەر یاخوود نامەبەر و فاکسمان بەکاردەهێنا.»
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی دادگا، محەمەد تورگوت ئۆکیای، ڕایگەیاند کە تۆماری بارودۆخی مەدەنی و تۆماری تاوانی تۆمەتبار، هەروەها ڕاپۆرتەکانی پشکنینی تەندروستی و تۆمارەکانی پشکنینی لاشەی کوژراوان گەیشتوون.
ئۆجالانیش ڕایگەیاند، کە بە شێوەیەکی بەردەوام لە لایەن پزیشکەوە پشکنینی بۆ کراوە و هیچ تێبینیەکی لەسەر ئەو بەڵگانە نیە.
------------------------------------------
تێبینیی کوردستانپۆست :
بە پێی ووتەکانی ئۆجالان لە دادگاییەکە بە بێ ئەوەی زللەیەکی لێدرابێت ترسنۆکانە لەسەر هەموو پەیوەندیی و یارمەتی ڕێکخراوەکە، ئەندامان و تەنانەت ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ ڕێکخراوە دەرکیەکان ددانی بە هەموو شتێکدا ناوە، تەنانەت ئەو ووڵاتانەش کە یارمەتیدەری ڕێکخراوی پ.ک.ک بوون وەکو نهێنی جۆری چەک و یارمەتیەکانیشی درکاندوە ...!! جگە لەوەش تێبینیەکی دیکە لێرەدا باس بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە سەرۆک وەزیرانی سوێد ئۆلۆف پالمە لە ساڵی ١٩٨٦ کوژرا، بەڵام گروپی (پەکەکە-ڤەژین) لە ساڵی ١٩٩١ دروست بوو، کە لە ناو پەکەکەوە لە لایەن کۆنە ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی پەکەکە کە تازە لە زیندانی تورکیا ئازاد کرابوو، بە ناوی محەمەد جاهید شەنەر (لە زیندان لەگەڵ ساکینە جانسز بوون، پەیوەندیی خۆشەویستییان هەبوو، دوای ئازادبوونیشیان یەکسەر هاتنەوە ناو پەکەکە لە لوبنان، بۆیە دوای کوژرانی شەنەر، ساکینەش گومانی خرایە سەر و دەستبەسەر کرا، بەڵام دوای پرۆسەی خۆشکاندن و تۆبە و ڕەخنە لەخۆگرتن، ئەندامێتیی درایەوە پێی و گەڕێندرایەوە ناو پەکەکە)، لەگەڵ دوو سەکردەی دیکەی پەکەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازیی ئارگەکە (جیهانگیز هازر ناسراو بە ساری باران) و عەبدولڕەحمان کایکچی، سکرتێری یەکەی ئاسایشی تایبەت. دواتر بە فەرمانی ئۆجالان، محەمەد شەنەر ئیغتیال کرا، لە قامیشلۆ لەگەڵ دوو ژن. سەبارەت بەوەی کە کەسیرە یلدرم و حوسێن یلدرم ئەو گروپەیان بەڕێوە بردووە لە ئەورۆپا، ئەمە تۆمەتی ئاپۆ بوو، تەنیا لە چەند مانگی ١٩٩١ کە پەکەکە-ڤەژین تازە دروست بووبوو، کەسیرە یلدرم بە نووسین پشتیوانیی کردن، بۆیە ئاپۆ کەسیرەی تۆمەتبار کرد بەوەی، کە سەر بەو گروپەیە و لە ئەورۆپاوە کار دەکەن، گوایە کەسیرە دەستی هەبووە لە کوژرانی ئۆلۆف پالمە!! کەسیرە لە ساڵی ١٩٨٦ دوای دابەزاندنی پلەکەی لە ناو پەکەکە لە کۆنگرەی سێیەکی پەکەکە، نێدرایە یۆنان، لەوێ ئیشێکیان دابووێ ئەویش شووشتن جل و بەرگی ئەندامانی پەکەکە بوو، وەک سزایەک، دواتر بە ڕێگەی پارێزەرەکەی، بە ناوی حوسێن یلدرم، دەرباز دەکرێت بۆ ئەڵمانیا، لەوێشوە بۆ سوێد، جا لە ١٩٨٦ەوە تا ئێستا لە سوێد دەژی، لە ساڵی ١٩٩١ کەمێک چالاک بوو و شتی دەنووسی، دواتر بێدەنگیی هەڵبژارد. ئاپۆ و پەکەکە، هەر کردەوەیەکی خراپ کرابێت، یەکسەر کەسانی ناڕازی و کۆنە ئەندامانی پەکەکەی پێ تۆمەتبار دەکەن، جاری وا هەیە بە مەبەست، وەک ئەوەی لێرەدا ئۆجالان کە پەکەکە-ڤەژین بە کوشتنی ئۆلۆف پالمە تۆمەتبار دەکات، لە کاتێکدا ئەوکات شتێک نەبووە بەو ناوە. ئەو گروپە بچوکە کە پێک هاتبوو لە جەند کەس هەر چەند مانگێک تەمەنی بوو لە ساڵی ١٩٩١ و دواتر نەما.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست