تێڕوانینێک بۆ ناسراوترین بەڵگەکانی بوونی خوا (بەشی یەکەم)
04/07/2026, 22:36 (GMT+1)

لە تەوەرەی بابەتی بەڵگەکانی بوونی خوا، لە هەر بەشێکدا هەوڵ دەدەین چەند وەڵامێکی کورت بخەینە بەردەست بۆ بەڵگە فرە باو و ناسراوەکانی سەلماندنی بوونی خوا، ئەم وەڵامانە هاوکات شیکردنەوەیەکن بۆ ئەو کێشە و دژکاری و بەهەڵەبردنە لۆژیکییانەی لەو بانگەشانەدا هەن.
ئەم ڕوونکردنەوانە دەشێ ببنە هۆکارگەلەک بۆ هەڵێنجانی دەرەنجامێکی گشتی و پتەو لەسەر پرسی بوونی خوای ئاینەکان، دروستکەر، نەخشەساز، داهێنەر، پەروەردگار، یان هەر ناوێکی دیکەی پێ بدەین.
بەشی یەکەم: زانست ناتوانێت ژیان و ئاڵۆزی پێکهاتەی زیندەوەران ڕاڤە بکات، کەواتە خوا دروستی کردوون.
دەکارین بڵێین کە کارە بنەڕەتییەکەی ئاین ڕاڤەکردنی ئەو دیاردانەیە مرۆڤ نەیتوانیووە لێیان تێ بگات و هۆکارەکەیان دیار بکات، وەک بروسکە و گرمەی هەور و بوومەلەرزە و گڕکانەکان، ئەوانەی بەهۆی هێزە سروشتییەکانەوە ڕوو دەدەن و بە دەستکرد و کاری خواوەندەکان لێیانمان دەڕوانی، ئەمڕۆکە بە پێشکەوتنی زانست و پێدانی ڕاڤەیەکی ڕاست و ڕەوانی زانستی بۆ ئەم دیاردانە، واتاکەی ئەوەیە ئێمە چیدی پێویستمان بە خورافەی دیکە نییە تا بیدەینە پاڵ خواکان.
بەهەمان شێوە بۆ گشت ڕووداوە سروشتییەکانی دی، ڕێکارە زانستییەکان گەیشتوونەتە ڕاڤەی گونجاو بۆیان، لێکدانەوە و دیارکردنی ڕاڤە دەرئاسا و ناسروشتییەکان لەلای زۆربەمان بەس نین و ناتوانن گومانەکانمان بڕەوێننەوە. ئەگەرچی چەندان دیاردە لەم گەردوونەماندا هەن نازانین چین و تێگەیشتنێکی تەواومان بۆیان نییە و لەوانەشە هەرگیز تێیان نەگەین، بەڵام دیسانەوە مافی ئەوەمان پێ نادات بە شێوەیەکی ساویلکانە و هەڵە ڕاڤەیان بکەین.
لەڕاستیدا باوەڕهێنان بە خوا وەڵام نییە، بەڵکوو زۆر بەسادەیی گوتنی دەستەواژەیەکە (من نازانم)، هەتا ئەمڕۆکەش بابەتی بوونی خوا پرسیارگەلەکی پتر دەوروژێنێت لە وەرگرتنی وەڵام.
بیرۆکەی بوونی ئاڵۆزی، ڕێکوپێکی، جوانی سروشت، وەک بەڵگە بۆ بوونی خواوەند، بۆ ڕابردووێکی دوور دەگەڕێتەوە، گەلەک گفتوگۆ لەم بارەیەوە دەکران، لەلایەن ئایندارانی مێژوو و چەند فەیلەسووف و بیرمەندێکی یۆنانی کۆنی وەک ئەفڵاتون و ئەریستۆ، دوای ئەوانەش تۆماس ئەکویناس و ویلیەم پێلی (خاوەنی تێزی کاتژمێر دروستکەر).
لە ساڵی 1802دا شارەزا لە بواری خواناسی و فەیلەسووفی ئینگلیزی ویلیام پێلی (William Paley)، لە کتێبی (زانستی خواناسی سروشتیی) دەبێژێت: "ئەگەر یەکێک لە کێڵگەیەکدا کاتژمێرێکی دۆزییەوە، شتێکی بەڵگەنەویستە کە دەبێ لە کەسێک کەوتبێت، لەبەرئەوەی ئەم کاتژمێرە دەستکردی سروشت و ڕێکەوت نییە، بێگومان هەموو ئاڵۆزییەک لەلایەن داهێنەر و نەخشەسازێکی ژیرەوە دروست کراوە".
لەو کاتەوە ژمارەیەکی زۆر لە زانا و فەیلەسووفان ئەم بابەتەیان شی کردووەتەوە و دەریان خستووە کە دەکرێ ئاڵۆزی بەبێ بوونی نەخشەسازێک بێتە بوون. بیردۆزی پەرەسەندن دەتوانێت پەیدابوونی شتگەلە هەرە ئاڵۆزەکان ڕوون بکاتەوە، وەک چۆن داروین لە شاکارەکەی (بنەچەی جۆرەکان) وەڵامی پێلی دەداتەوە، چۆنەتی کارکردنی پەرەسەندن لەڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە و پلە بە پلەی هاتنەکایەی پێکهاتەی ئاڵۆزی ئەندامەکانی لەشی زیندەوەران ڕاڤە دەکات. بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پتر لەسەر بیردۆزی پەرەسەندن بڕوانە: EvolutionSimplyExplained.com
1 .Paley, William, and Matthew Eddy. Natural Theology: or, Evidences of the Existence and Attributes of
the Deity, Collected from the Appearances of Nature. Oxford: Oxford University Press, 2006.
یاری ژیان
هەر لەبارەی ئەمەوە زانای ماتماتیکی ئینگلیزی جۆن کۆنوێی (John Conway)، هەڵ دەستێت بە پێکەوەنانی بەرنامەیەک و ناوی دەنێت بە یاری ژیان (Game of Life)، لەڕێی ئەم یارییەوە کۆنوێی بۆمانی ڕوون دەکاتەوە کە دەکرێ پێکهاتەیەکی گەلەک ئاڵۆز لە کۆمەڵە خانەیەکی سادە بە چەند ڕێسایەکی ماتماتیکی ئاسانەوە بەدەست بهێندرێت. لە یارییەکەدا یاریزان بە دروستکردنی شێوازێکی سادە لە خانەکان، پاشان لێی دەگەڕێت بە هەڕەمەکئ و پشێوی و خۆبەخۆ زێدە ببێت، یاخۆ بمرێت بە پشت بەستن بە کۆمەڵە کردارێکی ماتماتیکی ئاسان.
ئەو بەرنامەیە لە شێوەی شانەیەکی خانەخانەیی وەک یاری شەتڕەنج بێسنوورە لە هەموو لایەکانییەوە، هەر خانەیەک، یان چوارگۆشەیەک دوو دۆخی هەیە، پڕ و بەتاڵ، یاخۆ زیندوو و مردوو، زیندووبوون و مردنی خانەکان بەندن بە هەشت خانەی کە دەوریان داوە.
بۆ نموونە، لە بەرنامەیەکدا تەنیا چەند ڕێسایەکی سادە دادەنێین بۆ ئەم ئەگەرانە؛
بۆ خانە پڕەکان (زیندووەکان):
- هەر خانەیەک خانەیەکی زیندووی لە تەنیشتەوە بێت، دەمرێت.
- هەر خانەیەک چوار خانەی زیندوو یان پتر دراوسێی بێت، لەبەر قەرەباڵخی دەمرێت.
- هەر خانەیەک دوو یان سێ دراوسێی زیندووی هەبێت، دەژیێت.
بۆ خانە بەتاڵەکان (مردووەکان):
- خانەیەک بە سێ دراوسێی مردووەوە، دەژیێت.
بەگوێرەی هەلومەرجە سەرەتایییەکان، دەرەنجامی هەر یارییەک تەواو جیاواز دەبێ لەگەڵ ئەوانەی دی، هەندێ لە بوونەوەرەکان یەکجار ئاڵۆز دەبن، شێوە ڕێکوپێک و گونجاوەکان دەمێنن و بەرە بەرە گەشە دەکەن، هی دیکە بەرەو کەمبوونە و نەمان دەچن پێش زێدەبوونیان. سەرجەم پێکهاتن و شێوەی شتەکان بەندن بە کردارە ماتماتیکییەکانی خانەکان بەڕێوە دەبەن، نەک ئەو کەسەی یارییەکە دەکات، واتە هەر یارییەک بە ڕێسای تایبەت بەخۆی خۆبەخۆ دەڕواتە ڕێ و دەرەنجامی زۆر ئاڵۆز بەبەرهەم دەهێنێت، بەبێ دەست تێوەردانی دەرەکی.
خوێنەران بۆ بینینی شێوە جوان و نایاب و فرەئاڵۆزەکان بەهۆی یاسا و ڕێسایە سادەکان، دەتوانن سەردانی ئەم لینکە بکەن: frombasiclaws.com
1 Gardner, Martin. “Mathematical Games – The Fantastic Combinations of John Conway's New Solitaire
Game ‘Life.’” Scientific American 223, October, 1970, 120-23
نموونەی کاتژمێرەکەی پێشتر ئاماژەمان پێی دا باشترین نموونەیە، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین کە کاتژمێر شتێکی سروشتی نییە و لەخۆوە نایێتە بوون، ئەگەر نەخشەسازی ژیر دروستکەری هەموو شتێکە، ئەو دەمە هیچ جیاوازییەک بەدی ناکرێت لەنێوان کاتژمێر و بەرد، چونکە هەردووکیان لەلایەن نەخشەسازێکی ژیرەوە دروست کراون، بەمەش ئێمە ناتوانین لە نەخشەسازی تێبگەین بەبێ نەخشەسازێک، بۆیە بابەتی نەخشەسازی ژیر دژکاری دێنێتە کایەوە بۆ دیاردە سروشتییەکان.
بۆ ڕوونکردنەوەی پتر، ئاینداران بە بێباوەڕان دەڵێن: هەر بە لۆژیک چۆن دەبێت تۆپی یاری تۆپی پێ دروستکەری هەبێت، بەڵام زەوی دروستکەری نەبێت؟
وەڵامی ئەوە بەمە دەدرێتەوە، ئاشکرایە ئەو دەمەی ئەم تۆپە بدەینە هۆزێکی سەرەتایی لە دارستانەکانی ئەمازۆن، ئەوانەی بەتەواوی دابڕاون لە جیهان، ئەگەری زۆرە بۆ دەمیان ببەن و وا بزانن جۆرە میووەیەکە، چونکە هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە دروستکراو بێت.
لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین ئەو تۆپە لە کارگەکاندا لەچی و چۆن دروست دەکرێ، بۆیە دەزانین کە دروستکەرێکی هەیە، بەڵام ئەوەی نەزانێت شتە دروستکراوەکان چۆنن ئەوا ناتوانیت وەک بەڵگەیەک بەرانبەریان بەکار بهێنیت.
بەهەمان شێوە بەراوردکردنی ژیان و کاتژمێرەکەی پێلی پێوانەیەکی هەڵەیە، لێکچوونیان لە ڕووی ئالۆزییەوە هەرگیز نابێتە بەڵگەی هاتنیان لە یەک سەرچاوەوە، چونکە کاتژمێر و ژیان لە گەلەک لایەن و تایبەتمەندییدا لێک جیان.
دەشێ بپرسین بۆ کاتژمێر وەک ژیان ناتوانێت خۆی بژیێنێتەوە؟
کاتژمێر نە دەتوانێت زاوزێ بکات، نە دەشتوانێت زۆر ببێت بە دابەشبوون و خۆلەبەرگرتنەوە، هەروەها هیچ بازدانێکی جینەکیی لێی ڕوونادات، کاتژمێر ناکەوێتە ژێر کاریگەریی پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سروشتیی، ئەو بەشانەی کاتژمێر لێی پێکهاتووە، ناتوانن کار و فەرمانەکانی کاربۆهیدرات و پڕۆتین و ئەوانەی دیکەی ناو خانە ئەنجام بدەن، بۆیە هاوبەشبوونی کاتژمێر و ژیان لە ئاڵۆزییدا، ئەو واتایە بەدەستەوە نادات، بۆ هاوشێوەییان لە تایبەتمەندییەکانی دیکەیان.
دواجار دەتوانین ببێژین: ئەگەر ئاڵۆزی پێویستی بە بوونی دروستکەرێک هەبێت، ئەی کێ خوای دروست کردووە؟
لەوانەیە ئەمە گەورەترین کێشەی بیرۆکەی ئاڵۆز بێت، بەوەی وەڵامی پرسیاری بەندبوونی ئاڵۆزی بە خوا گرفتەکە چارەسەر ناکات، بگرە سەختتری دەکات و کێشەیەکی دی دێنێتە ئاراوە، کاتێک گشت شتە ئاڵۆزەکان بوونی دروستکەرێکی ژیر بخوازێت، بۆچی ئەو مەرجە لەسەر خودی دروستکەرەکە پێڕەو ناکرێت؟ ئایا ئەم دروستکەرە ژیرەش لەلایەن دروستکەرێکی ژیری دیکە هێنراوەتە بوون؟ ئەی باشە چارە چییە؟ ئەم زنجیرەیە بێکۆتا درێژ دەبێتەوە.
دروستبوونی گەردوون تا ئێستە بەتەواوی وەڵامێکی دوایەکی نییە، دەشێ هەرگیز پێی نەگەین، هەر چۆنێکی بێت بە کێشەیەکی مەزن داناندرێت، نەبوونی وەڵام گەلەک باشترە لە هەڵبەستنی وەڵامە هەڵە و ئەندێشەیییەکان.
....................................
سەرچاوە؛
کورتکراوەیەکە لە کتێبی ئارمین نوابی بەناوی؛
بۆچی خوا بوونی نییە: وەڵامێکی ئاسان بۆ ناسراوترین 20 بانگەشەی بوونی خوا
(Why There Is No God: Simple Responses to 20 Common Arguments for the Existence of God)
بۆ تێگەیشتنی پتر و پێکانی مەبەستی نووسەر، چەندان بابەت بە نموونەی جۆراوجۆر ڕوون کراوەتەوە، یانیش بە دەسکارییەوە وەرگێڕاوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان




