<

هەشت ڕۆژ دادگاییکردن و بڕیاری لە سێدارەدانی ئۆجالان (رۆژی سێیەم)

08/07/2026, 14:20 (GMT+1)
ڕۆژی سێیەم: بەشی یەکەم
ڕۆژی سێیەمی دادگایی دەستی پێکرد
دوورگەی ئیمڕالی (ئاژانسی ئەنادۆڵ ) – لە ڕۆژی سێیەمی دادگاییکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، سەرکردەی ڕێکخراوی PKK، دانیشتنی دادگا دەستی پێکرد.
ئۆجالان ڕایگەیاند کە لە دیمەشق لەگەڵ هاینریش لومێر (Heinrich Lummer) ، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی "یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی"ی ئەڵمانیا، کۆبووەتەوە. بە گوێرەی قسەکانی، لومێر داوای لێ کردووە یارمەتیی بدات بۆ وەستاندن و ڕێگریکردن لە کردەوەی توندوتیژی لە ئەورۆپا.
هەروەها ئۆجالان گوتی: ئەو شەش کامیۆن (TIR) چەکەی لە عەنتەب، ڕۆحا (شانلیئورفا) و جیلڤەگۆزو (خاڵی سنووریی دیوی تورکیا، دیوی سووریا پێی دەڵێن "باب الهوی" دەستیان بە سەردا گیرابوو لە ڕاستیدا بۆ حیزبوڵڵا (لوبنانی) دەچوون، نەک بۆ PKK. هەروەها وتیشی:
«ئەگەر ئەو چەکانە بۆ ئێمە بوونایە، ئێران خۆی هەر لە سنوور تەسلیمی دەکردین.»
سەرۆکی دادگا، محەمەد تورگوت ئۆکیای ، لە یەکەم دانیشتنی ئەو ڕۆژە، کە لە کاتژمێر ٩:٥٥ دەستی پێکرد، ڕایگەیاند ئەو تێبینی و خواستانەی لە داواکارییەی کە دوێنێ پێشکێش کرابوو، سەیرمان کردوون و خوێندوومانەتەوە. پاشان، سەبارەت بە هەندێک قسە و باس کە لە هەندێک میدیا باس کراون، پرسیارەکانی ئاراستەی ئۆجالان کرد.
پرسیار و وەڵام
تورگوت ئۆکیای
« دوێنێ گوتت، نەیانهێشتبوو سەرۆک کۆمار سولەیمان دەمیرەل ، بچێتە ئاهەنگی ژنگواستنەوەی کوڕی "محەمەد ئاغار"، دەتوانیت ئەو بابەتە ڕوون بکەیتەوە؟»
ئۆجالان:
«بە هیچ شێویەکەک هەوڵمان نەداوە ڕێگریی لێ بکەین. تەنیا پێیان گوتین کە بەڕێز دەمیرەل ناچێتە ئاهەنگەکە. ئێمە هیچ ڕۆلێکمان لەمەدا نەبووە.»
سەرۆکی دادگا:
« کێ ئەو زانیاریەکی پێ داون؟»
ئۆجالان:
«لەو هەواڵ و زانیاریانەی پێمان دەگەیشتن باس کرابوو.»
سەرۆکی دادگا:
«کێ ئەو زانیارییانەی گەیاند؟»
ئۆجالان:
«پارێزەرێک... سەلیم ئۆکچوئۆغلو ، وەک زانیاری بۆی هێناین.»
تێبینی کوردستانپۆست: لێرەشدا ئۆجالان ناوی هەواڵگرییەکەی خۆیانی ئاشکرا کردوە
پاشان سەرۆکی دادگا پرسی:
«لە کۆبوونەوەکەی پاپاندریۆ و ئەسەد ی ساڵی ١٩٨٤ لە لازقیە بەشدار بووی؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە :
«بەشداریم لەو دیدارەدا نەکرد، منیان بانگ نەکردبوو.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«زانیاری هەیە کە ڕێکخراوی ئەبو نیدال (باڵی صەبری خەلیل بەنا ناسراو بە ئەبو نیضال لە بزووتنەوەی "فەتح"ی فەلەستینی -و) هاوکاریی PKK و ڕێکخراوە تێرۆریستیە ئەرمەنیەکانی کردووە. لەم بارەیە چی دەڵێیت؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی:
«نا، شتی وانیە. من ئەبو نیزال ناناسم. لە باشووری قوبرس هیچ کارێکی پەروەردە و ڕاهێنان نەکراوە. ئەم قسەیە ڕاست نیە.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا لیسادیریست بینوە؟ ( ڤاسۆس لیساریدیس ، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کۆماری قوبرسی یۆنانی)»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
«تەنیا ناویم بیستووە. یەکترمان نەبینیوە.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ کۆمپانیایەکی لیبیایی هەبووە کە پارەی نایاسایی سپی دەکردەوە؟»
ئۆجالان گوتی :
«نازانم، هیچ زانیاریەکم نیە.»
ڕۆژی سێیەم: بەشی دووەم
سووریا، هاینریش لومێر، حیزبوڵڵا و هێرشە خۆکوژیەکان
سەرۆکی دادگا، مەحمەد تورگوت ئۆکیای ، لە درێژەی پرسیارەکانیدا، لە ئۆجالانی پرسی:
«ئایا دەزانی سووریا بۆ ساڵی ٢٠٠٠ بەرنامەیەکی کار و چالاکیی ستراتیژی بۆ ڕێکخراوەکەتی ئامادە کردووە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«هیچ زانیاریەک یان بەڵگەنامەک لەو جۆرەم نەبینوە و بۆ نەهاتووە. هیچ زانیاری یان بەڵگەیەکم لەو بارەیەوە نییە. ئەگەر سووریا نیازێکی واشی هەبووبێت، ئێمەیان لێ ئاگادار نەکردووەتەوە.»
پاشان سەرۆکی دادگا پرسی:
«لە ڕاپۆرتی مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٩٥ی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا هاتووە کە چالاکی سووتاندن و کردەوەی دیکەی توندوتیژی لە ئەورۆپا بە ڕێنماییی تۆ ئەنجام دەدران. ئایا لە دیمەشق لەگەڵ پەرلەمانتاری پێشووی ئەڵمانیا، هاینریش لومێر، کۆبوویتەوە بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بوەستێندرێن؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«ڕاستە، لەگەڵ لومێر دانیشتووم. لەو دیدارە باسی سەروەریی یاسا و دیموکراسیمان کرد لە ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦. داوایان لێ کردم یارمەتیان بدەم بۆ وەستاندنی کردەوەکانی توندوتیژی لە ئەورۆپا. پەکەکە ئەندام و لایەنگرێکی زۆری هەیە لە ئەڵمانیا، بۆیە داوایان لێ کردم بەپەلە کارێک بەک تا توندوتیژیەکان بوەست و خەڵک ڕێز لە یاساکانی وڵات بگرن.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا هەوڵت داوە کوردەکانی سووریا هان بدەیت پشتیوانی لە دەوڵەتی سووریا بکەن؟»
ئۆجالان گوت:
« دەمویست مافە کولتووری و دیموکراتیەکانیان بە دەست بێنن و پەیوەندیی چاکیشیان هەبێت لەگەڵ ڕێژیمی سووریا، گوتار و دانیشتنەکانم لەگەڵ کوردانی ئەوێ بۆ ئەو مەبەستە بوون.»
پاشان سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا دەوڵەتی سووریا نووسینگەی تایبەتی بۆ وەرگرتنی کورد بۆ ناو PKK دامەزراندبوو؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«زۆربەی کوردانی سووریا لە تورکیاوە هاتوون و خزم و کەسوکاریان لەوێ هەیە، بۆیە دەچوونە ناو پەکەکە. دەوڵەتی سووریاش ئاگای لەمە بوو، بەڵام من هەرگیز نووسینگەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی کوردان بۆ ناو پەکەکە نەبینیوە و نەبیستووە.»
لە درێژەی دادگاییەکەدا، سەرۆکی دادگا ئاماژەی بە شەش کامیۆنی (TIR) چەک کرد کە لە ڕۆحا (شانلیئورفا)، جیلڤەگۆزۆ (خاڵێکی سنووریە لە ڕەیحالی/ لە دیوی سووریا پێی دەڵێن باب الهوی) و عەنتەب دەستیان بەسەردا گیرابوو، و پرسی:
«ئایا ئەو چەکانە بۆ PKK دەچوون؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«نەخێر، ئەو چەکانە بۆ PKK نەدەچوون، بەڵکو بۆ حیزبوڵڵا دەچوون. ئەگەر بۆ ئێمە بهاتانە ، ئێران خۆی لە سنووردا تەسلیمی دەکردین.»
پاشان سەرۆکی دادگا پرسی:
«بە قسەی ئەندامانی پەکەکە کە لە ئۆپەراسیۆنی هاتای دەستگیر کراون، ئەبرو ئارزو ئەردال (Ebru Arzu Erdal) ناسراو بە (ڕۆلی) لە لایەن ئۆجالانەوە کوژراوە. چی دەڵێیت؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«فەرمانم نەکردووە بە کوشتنی کەس. بە پێچەوانەوە، دەمگوت نابێت کەس بکوژرێت جا هەر کێ بێت.»
ئۆکیای دیسان لێی پرسی: «دەڵێن لە ١٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٦، لە کۆبوونەوەیەکدا فەرمانت داوە هێرش خۆکوژی لە تورکیا ئەنجام بدرێن. لەبارەی ئەمە چی دەڵێیت؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«هەرگیز فەرمانی هێرشی خۆکوژیم نەداوە. ئەم جۆرە کردەوانەم پەسەند نەکردووە و هەمیشە هەوڵم داوە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان بکەم.»
ڕۆژی سێیەم: بەشی سێیەم
یارمەتیی یۆنان و قوبرسی باشوور
ئیمڕالی (ئاژانسی ئەنادۆڵ) – تۆمەتبار عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی ڕێکخراوی تێرۆریستی PKK، ڕایگەیاند کە لە لایەن یۆنان و حکومەتی قوبرسی یۆنانی ەوە یارمەتیی داراییان وەرگرتووە. گوتیشی ئەوانەی کە ئەزیەتیان بە خەڵکی دەگەیاند لە گوندان و لە شاران، ئەوانە کەسانێک بوون لە ناو پەکەکە کە "عەقلیەتی گوندی"یان هەبوو و تا ساڵی ١٩٨٧ وەهایان دەکرد. هەروەها گوتی کە هێرشکردنە سەر شوێنە گەشتیاریەکان، کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، هەرگیز بە فەرمانی ئەو ئەنجام نەدراوە.
لە یەکەم دانیشتنی ڕۆژی سێیەمی دادگا، سەرۆکی دادگا محەمەد تورگوت ئۆکیای و پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکەر، پرسیارەکانیان ئاراستەی ئۆجالان کرد لە بارەی ئەو قسە و باسانەی کە لە هەندێک میدیادا بڵاو بوونەتەوە.
ئەمەی خوارەوە پرسیارەکانی سەرۆکی دادگا و پارێزەرکانی سکاڵاکەران و وەڵامەکانی تۆمەتبار ئۆجالانن:
مانگرتن لە خواردن لە زیندان
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا فەرمانت داوە زیندانیانی PKK مان لە خواردن بگرن؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«نا، پێم نەگوتوون مان لە خواردن بگرن. ئەم جۆرە کردەوانەم بە گونجاو نەزانیووە.»
پاشان سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا فەرمانی کوشتنی کانی ییلماز، عەلی حەیدەر کایتان و ساکینە جانسزت داوە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«ئەوان هێشتا زیندوون. دەتوانن لێی بکۆڵنەوە.»
یارمەتیی یۆنان و باشووری قوبرس
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا لە هەردوو وڵاتی یۆنان و باشووری قوبرس یارمەتیتان وەرگرتووە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«بەڵێ، یارمەتیی دارایی هاتووە. بەرپرسانی ناوچەکان لەو بابەتە ئاگادارن. ئەم جۆرە یارمەتیانە هەبوون.»
وێرانکردنی کارگە و کێڵگەکان
سەرۆکی دادگا پرسی:
«بۆچی کارگە و کێڵگەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵتان تێک دەدا؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
«لە ناو ڕێکخراودا لە ساڵی ١٩٨٧ ململانێی فکری هەبوو، کە ڕەگ و ڕیشەی بۆ ساڵی ١٩٨٦ دەگەڕایەوە. ئەوە هەڵەی ئەوانە بوو کە تێگەیشتنێکی گوندیانەیان بۆ دەسەڵات و هێز هەبوو. لەوانەیە موڵک و ماڵی خەڵکیان تێكدابێت و سووتاندبێت. بیستبووم کە گرووپی چەتەی سەرکێش و یاخیی لە حزب لەو ناوچانە هەبوون و زۆر گرفت و سەرئێشەیان بۆ ئێمە دروست دەکرد. توانیمان سنوورێکیان بۆ دابنێین، تەنیا لێرە و لەوێ کردەوەی لەم جۆرە ماون.»
هێرشکردنە سەر شوێنە گەشتیارییەکان
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا خۆت ڕاستەوخۆ فەرمانت داوە هێرش بکرێتە سەر شوێنە گەشتیارییەکان یان کارخانەکان؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«نا، داوام نەکردووە هێرش بکرێتە سەر شوێنە گەشتیارییەکان، کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان. ڕاستە PKK لە ڕووی ڕێکخستنەوە توانای ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانەی هەبوو، بەڵام من یەکێک بووم لەوانەی زۆر هەوڵم دەدا ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکیانە بکەم. لە ڕێکخراوێکی ئەوەندە ئاڵۆز و پڕ لە جیاوازیی ناوخۆ، لەوانە بوو ئەم جۆرە کردەوانە زۆرتر ڕووبدەن.»
ڕۆژی سێیەم: بەشی چوارەم
پشتگیریی ئەورۆپا و سووریا لە PKK
لە درێژەی دادگاییکردنەکە یەکێک لە پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکەر پرسی:
«لە کۆنگرەی سێیەمی PKKدا گوتووتە:"هەر کاتێك توانیمان ژمارەی چەکدارانی خۆمان لە ١٠ هەزارەوە بۆ ٥٠ هەزار زیاد دەکەین." سەرچاوەی ئەو پارە و پشتگیرییانە چی بوون؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«لە ئەورۆپا، لە ژێر ناوی کۆمەک و بەخشین، پشتگیریی داراییام پێدەگەیشت. هەمیشە ئاگادارم دەکردنەوە کە نابێت پارە بە زۆر وەربگیرێت. بەڵام لە هەندێک شوێن پارە بە زۆر کۆکراوەتەوە. هەروەها لە خەڵکی سووریاش پشتگیریمان وەرگرتووە.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا یۆنانیش پشتگیریی دارایی پێداون؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
« یارمەتیی دارایی لە لایەن یۆنانەوە سنووردار بوو. بە گشتی لە بواری پارەوە گرفتی زۆرمان نەبوو. لە دوای ساڵی ١٩٩٣، هەوڵم دا حزب بەرەو هێڵێکی سیاسی بەرم.»
پرسیار لەسەر ساڤاش بولدان و بەهجەت جانتورک
پارێزەری لایەنی سکاڵاکەر، نەجدەت کوچوکتاشکنەر ، پرسی:
«دەربارەی ساڤاش بولدان و بەهجەت جانتورک، کە لە ساڵانی ڕابردوودا کوژران، دەوترێت پەیوەندییان لەگەڵ PKK هەبووە. یارمەتیی ئەوان بۆ ڕێکخراوەکە چی بوو؟ هەروەها دەڵێن جانتورک خاوەنی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەی "ئۆزگور گوندەم" بوو و بولدانیش نوێنەری PKK  بوو لە مۆسکۆ. ئایا زانیاریت لەو بارەیەوە هەیە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
«بولدان نوێنەری PKK نەبوو لە مۆسکۆ. ئەو ئەندامی پەرلەمانی کوردی بوو کە لە بروکسل دامەزراوە. دواتر بیستم کە بەهجەت جانتورک خاوەنی ١٠٪ی پشکی ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم بووە.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا لەوان یارمەتیتان وەرگرتووە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«هیچ زانیارییەکم لەو بارەیەوە نییە. لە زیندانەکان پارە کۆدەکرایەوە. لەوانەیە ئەوانیش پارەیان کۆکردبێتەوە.»
پرسیارێک کە دادگا ڕێگەی پێ نەدا
پارێزەرێکی دیکەی لایەنی سکاڵاکەر، فوسون دیکمەن ، ویستی پرسیارێک سەبارەت بە ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی هاوسەری ڕەمزی کارتال ، ئەندامی پێشووی DEP (کە ئێستا هەڵوەشاوەتەوە)، ئاراستەی ئۆجالان بکات. بەڵام سەرۆکی دادگا، تورگوت ئۆکیای ، دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەندامانی دەستەی دادگا، بڕیاری دا ئەو پرسیارە ئاراستەی تاوانبار نەکرێت.
ڕۆژی سێیەم: بەشی پێنجەم
«هیچ هێزێک ناتوانێت ئێمە لە یەکتر جیابکاتەوە»
ئیمڕالی (ئاژانسی ئەنادۆڵ ) – لە درێژەی ڕۆژی سێیەمی دادگاییکردنەکەدا، یەکێک لە پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکەر، کازم ئایئایدن ، گوتی :
«ئێمە چوار هەزار ساڵە پێکەوە ژیاوین و لە داهاتووشدا هەر پێکەوە دەژین.»
ئایئایدن ئاماژەی بەوە کرد کە کورد و تورک بۆ ماوەی چوار هەزار ساڵ پێکەوە ژیاون. گوتی دایک و باوکی تەنیا بە کوردی قسەیان دەکرد، خۆی هەم بە کوردی و هەم بە تورکی قسە دەکات، بەڵام کوڕەکەی تەنیا تورکی دەزانێت.
هەروەها وتی:
«لە ماوەی چوار هەزار ساڵی مێژووماندا پێکەوە ژیاوین و لە داهاتووشدا هەر پێکەوە دەژین. کێ دەتوانێت ئێمە لە یەکتر جیا بکاتەوە؟»
لە دوای ئەم قسانە، سەرۆکی دادگاش گوتی:
«هەر ئاواش دەبێت؛ پێکەوە دەژین. هیچ هێزێک ناتوانێت ئێمە لە یەکتر جیا بکاتەوە.»
وەڵامی ئۆجالان
ئۆجالان داوای قسەکردن کرد و گوت:
«لەگەڵ زۆربەی قسانەی پارێزەرەکەم. زۆرێک لەو باسانە ڕاستن.»
هەروەها وتی:
«لە پەیوەندیی تورک و کورددا، یەکێتی زۆر گرنگە. دوو سەدەی ڕابوردوو شەڕ و کێشەیان بە خۆوە بینیوە، هێزی دەرەکی و ناوخۆیی کاریگەری و ڕۆڵیان هەبووە. بەڵام سەرباری ئەمانە ئایندە، هەر بۆ پێکەوەژیانە.»
ئۆجالان زیادی کرد:
«هەرگیز نەمگوتووە کە وڵات و هێزی دەرەکی بەکاریان هێناوم. لە ساڵی ١٩٩٠ بە سەرەوە دژی ئەو لایەن و وڵاتانە خەباتم کردووە کە ویستوویانە بەکارمان بێنن. هەڵوێست و سیاسەتی لەمێژینەی بریتانیا بۆ ئەم ئامانجە ڕوونن»
هەڵوێستی بەریتانیا
هەروەها وتی:
«بەریتانیا زۆر دژایەتیم دەکات، بەردەوام شتم لە سەر دەنووسن و بڵاو دەکەنەوە لە میدیاکانیان. من باوەڕم وایە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتیان بەرامبەر بە کورد. دەیانەوێت کورد لە خزمەت بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن و کێشە و شەڕ لە دژی تورکیا بەردەوام بن. منیش دژ بەو سیاسەتە هەڵوێستم وەرگرتووە و دژیان وەستاوم»
کاردانەوەی پارێزەری بەرگری
دوای ئەم قسانە، پارێزەری ئۆجالان، کەمال بیلگیچ ، وتی:
«ئەوە سێ ڕۆژە دادگاییەکە بە شێوەیەکی شیاو بەڕێوە دەچێت. ناکرێت بیر و بۆچوونی تاکەکەسی بە ناوی بەشێک لە کۆمەڵگا دەرببرێت.»
سەرۆکی دادگا سوپاسی پارێزەرانی کرد.
بیلگیچ هەروەها گوتی کە پرسی کورد پێویستە لەلایەن زانکۆکان و توێژەرانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە تورکیا کێشەی گرنگ هەن و یاسای ژمارە ٢٨٣٩ ، کە زمانی کوردی قەدەغە کردبوو، بەڵام ئێستا نەماوە.
سەرۆکی دادگا، تورگوت ئۆکیای ، وەڵامی دایەوە:
«ئەو یاسایە کەموکورتیی تێدا بوو و هەڵە بوو. دوای پشکنین و پێداچوونەوە، لابرا.».
ڕۆژی سێیەم: بەشی شەشەم
پرسیارەکان دەربارەی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان
لە درێژەی دانیشتنی ڕۆژی سێیەمی دادگا، سەرۆکی دادگا، محەمەد تورگوت ئۆکیای ، لەسەر پرسیارەکانی خۆی بەردەوامی بوو و پرسیاری لەسەر هێرش بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان کرد
سەرۆکی دادگا پرسی:
«لە دوای ساڵی ١٩٨٧، هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە بوو. دەتوانیت لەبارەی ئەمە ڕوونکردنەوە بدەیت؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
«بە ڕاستی لە ناو ڕێکخراودا هەندێک کەسی بێئەزموون و بێئاگا هەبوون. لەسەر ئەم بابەتە ناکۆکیەکی زۆر جددی لە ناو ڕێکخراودا هەبوو. ناکۆکی و دەمەتەقێی زۆر هەبوون سەبارەت بە هێرش بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان، ئەو هێرشانە ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێ ناوخۆییانە بوون. من هەوڵێکی زۆرم داوە ئەو جۆرە هێرشانە نەمێنن، ئەوەی پێم کراوە کردوومە.»
پرسیار لە بارەی مافی کوردان
پارێزەری لایەنی سکاڵاکەر، شەوکەت جان ئۆزبای ، پرسی:
«ئایا بە ڕاستی ستەم لەسەر کوردان هەیە؟
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
« زۆر گرنگە گەلێک بتوانێت زمانی خۆی بەکار بهێنێت. قەدەغەکردنی قسەکردن بە زمانی کوردی لە تورکیا کارێکی ناڕەوا و ناهەقە. ئەمە ستەمێکی گەورەیە. بەڵام وەک دەبینین بڕیارتان لەم بارەیەوە داوە و هەوڵتان داوە چارەسەری بکەن.»
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئێمە لەسەر ئەو بابەتە بڕیارمان داوە. بەڵام ئایا ئێستا ستەم و چەوسانەوە و ئەشکەنجە ماون؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«لە ساڵانی ١٩٩٠، لە تورکیا لە بواری مافەکانی مرۆڤ پێشکەوتن هەیە ئەمەش لە چوارچێوەی یەکێتیی نیشتمانیدا. بۆیە ئێستا بیانوو بۆ یاخیبوون و شەڕ نەماوە. کێشەکە چووەتە قۆناغی چارەسەرکردن و زۆر گرنگە هەمووان ئاشتی و برایەتی بکەنە ئەلتەرناتیڤ.»
کتێب و بڵاوکراوەکانی PKK
سەرۆکی دادگا پرسی:
«هەندێک کتێب و نامیلکە هەن دەگوترێت هی تۆن، تۆ نووسیوتن. ئایا وایە؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و ووتی :
«زۆربەی ئەوانەم لەگەڵ دوران کالکان ئامادە کردووە. بڵاوکراوەکانی ڕێکخستن و هەندێک دەقی دیکەش بە هاوکاریی دوران کالکان و هەندێک هاوڕێی دیکە نووسراون.»
تێبینیی کوردستانپۆست: " ئۆجالان دەڵێت کە دوران کالکان لە زۆربەی ئەو نووسینانە هاوکاریی کردووە بەڵام هیچ کتێبێک ناوی دورانی لەسەر نیە، ئۆجالان خۆی لێ کردوونەتە خاوەن! دوور نیە ئەوانەی لە زیندانیش نووسراون و لە ڕێی پارێزەرەکانیەوە دەگەینرێنە پەکەکە و مامۆستا و نووسەرانی سەر بەو حزبە، ڕەنگە دواتر لە لایەن دوران کالکان و کەسانی دیکەوە دەوڵەمەند بکرێن، یان کەمێک پوخت و ڕێک بکرێن، بەڵام بە ناوی ئۆجالان بڵاو دەکرێنەوە".
چالاکی و هێرش بۆ پاسەوانانی گوند (جاش)
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا لە کۆنگرەی سێیەمی PKKدا فەرمانت داوە هێرش بکرێتە سەر ماڵ و شوێنی کاری پاسەوانانی کاتیی گوند و خزم و کەس و کاریان؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«نازانم، لەگەڵ ئەمە نیم. لە یادم نیە لە کۆنگرەی سێیەمدا وەها بڕیارێک درابێت. من هەرگیز فەرمانم نەداوە هێرش بکرێتە سەر ئامانجە مەدەنیەکان.»
کوشتنی جاهد شەنەر
سەرۆکی دادگا پرسی:
«ئایا لە کۆنگرەی چوارەمدا، بە هۆی ئەوەی ڕەخنەی لێت گرتبوو، بە بڕیاری تۆ بوو جاهید شەنەر لە قامیشلی کوژرا؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«ئەم بابەتە پەیوەندیی بە گرووپی " ڤەژین Vejîn"ی کەسیرە ئۆجالانی خێزانمەوە هەبوو. جاهید شەنەر لە دژی چالاکیی دەکرد. لە قامیشلی، لە ماڵێکدا لەگەڵ گرووپێک بوو کە کوژرا.»
سەرۆکی دادگا دووبارە پرسی:
«ئایا تۆ فەرمانت دا؟»
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و گوتی :
«نا، فەرمانم نەداوە لەبەر ئەوەی ڕەخنەی لێم گرتووە، هۆی کوشتنەکەی ئەمە نەبووە. بەڵکو دوای جیابوونەوەی لە PKK و هەوڵدان بۆ چوونە ناو گرووپی Vejîn، و لە کاتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی پیلان دژی ئێمە، لە لایەن هاوڕێکانی خۆیەوە کوژرا. ئەمە ئەنجامی ململانێی ناوخۆی حزب بوو.»
لە سەر ئەو پرسی کوژرانی جاهید شەنەر، کاتێک ئۆجالان وەڵامی دەدایەوە.
سەرۆکی دادگا چەند جارێک داوای لێ کرد ڕاستگۆ بێت.
پاشان دادوەر ئۆکیای ڕایگەیاند کە ئەوانەی لە هەردوو لایەنی بەرگری و سکاڵاوە بەشدار دەبن ناویان لە دۆسیەی کۆنووسن تۆمار دەکرێت، ئینجا گوتی ئەوانەی دەیانەوێت بچنە دەرەوە، دەتوانن بچنەوە تا ئەو کارەی ناو تۆمارکردن تەواو دەبێت.
لە کاتژمێر ١١:٤٥ ، ڕێ بە ئامادەبووان درا دووبارە بێنەوە هۆڵی دادگا.
ڕۆژی سێیەم: بەشی حەوتەم
سەرۆکی دادگا مۆڵەتی دا بە لایەنە سکاڵاکەرەکان قسە بکەن
سەرۆکی دادگا، محەمەد تورگوت ئۆکیای ، گوتی دوای ناونووسکردنی بەشداربووان (ئەوانەی بەشداری دەکەن لە قسەکردن) لە کۆنووسدا (محضر)، کە لە کاتژمێر ١١:٤٥ دەستی پێ کرد، دەتوانن بەشداری بکەن، ئینجا ڕووی کردە داواکاری گشتی (مدعی عام) جەودەت ڤۆلکان ، و ڕای ئەوی پرسی سەبارەت بە داوای بەشداریکردن، ئەویش داوای کرد ڕێ بدرێت ئەو قوربانیانەی بە هۆی تاوانەوە زیانیان پێگەیشتووە بتوانن بەشداری بکەن، دەستەی دادگاش ئەم داواکاریەی پەسەند کرد.
پاشان، پارێزەری بەرگری، کەمال بیلگیچ ، قسەی کرد و گوتی بە هەڵە لە قسەیەکی ئەم بەیانیەی تێگەیشتوونە.
بیلگیچ گوتی:
«من گوتم دادگاکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە ڕێکوپێکی و بە ڕێزەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە تۆماری دادگادا نووسراوە کە گوایە گوتوومە دادگاکە بە گوێرەی یاسا بەڕێوە دەچێت.»
بەڵام سەرۆکی دادگا وەڵامی دایەوە:
«لە تۆمارەکاندا ئەوەی تۆ دەڵێیت نەنووسراوە. دواتر خۆت دەتوانیت بۆ دڵنیابوونەوە سەیری بکەیت.»
پاشان سەرۆکی دادگا مۆڵەتی بە لایەنە سکاڵاکەرەکان و پارێزەرەکانیان دا قسە بکەن.
یڵدز نامدار: «هەموو خەونەکانم لەدەست دا»
یەکەم کەس کە قسەی کرد، یڵدز نامدار بوو.
یڵدز نامدار هاوسەری مورات نامدار بووە، مێردەکەی ئەفسەر بووە و کوژراوە، دەقێکی سێ لاپەڕەییی لە دەست بوو و دەیخوێندەوە. بە هۆی کاریگەریی وتەکانی، بەردەوام دەگریا و بە زەحمەت بۆی دەخوێندرایەوە.
نامدار باسی ئەوەی کرد کە هاوسەرەکەی لە کاتی گەڕانەوەی بۆ مۆڵەت، لە سەر ڕێگای ئەرزنجان ، تێرۆریستانی پەکەکە دای دەبەزێنن و دەیکوژن، خۆی لەوێ بوو و بە چاوی خۆی ئەو تاوانەی بینیوە.
نامدار وتی:
«هەموو خەون و ئاواتەکانم تێک چوون. ئەو کەسانەی جگە لە کوشتن هیچ شتێکی دیکە نازانن... ئەم هەموو کینە و ڕقە بۆچی؟ بۆچی دەیانەوێت ئەم دەوڵەتە تێکبدەن کە نانیان دەداتی، وە سەرباز و پۆلیس بکوژن؟ کوا مرۆڤایەتی، کوا مافەکانی مرۆڤ؟ ئێمە تەنیا دادپەروەریمان دەوێت. ئایا ئێمە مرۆڤ نین؟»
هەروەها گوتی :
«مورات هاوسەرم بوو، هەموو ژیانم بوو. هەرگیز جیاوازیی لە نێوان کورد و تورکدا نەدەکرد. تەنانەت کرێی گەشتی بۆ سەربازەکانی خۆی دەدا. سوێند دەخۆم، هەرگیز لە نێوان کەسدا جیاوازی نەکرد. ئایا ئەمە مرۆڤایەتیە؟»
ئەو ڕووداوی ئەو ڕۆژەی بە وردی باس کرد و گوتی:
«بیری دایکی کردبوو. بە مۆڵەت دەگەڕایەوە. کاتێک لە ئەرزنجان تێپەڕین، ڕێگایان لێ گرتین و ناسنامەیان داوا کرد. ناوی موراتیان هێنا. شتێکی نامۆ و سەیرم هەست پێ کرد کە وەرگێڕەکان قسەیان دەکرد، زانیم شتێکی نائاسایی هەیە، چونکە جلوبەرگی سەربازی تورکی شەرەفمەندیان لەبەردا بوو. من گومانم لێیان هەبوو. باوکم و پووریشم لەگەڵمان بوون لە ناو ئۆتۆمبێلەکە. بەڵام مورات زۆر هێمن و ئارام بوو. دەستی گرتبووم و گوتی: "مەترسە دڵەکەم، هیچ نیە." بەڵام من گوتم: "مورات، ئەمانە تیرۆریستن." هیچ مرۆڤایەتییان لە دڵدا نەمابوو. دوای ماوەیەک، لە سەر ڕێگا... ئەو ناوەیان هەموو گرتبوو، هەر ئۆتۆمبێلێک بهاتبا ڕایان دەگرت. منداڵەکان و باوم دەگریان. موراتیان لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزاند و بردیان، ئەوەندی هاوارم کرد و لێیان پاڕامەوە بەڵام گوێیان پێ نەدام»
ئەو قسانەی نامدار زۆر کەسیان لە هۆڵی دادگا گریاند، بە تایبەتی سکاڵاکەران و پارێزەرەکانیان. دادوەرەکان دڵیان پڕ بوو و گریانیان لە قوڕگدا مابوو، سەرۆکی دادگا، ئۆکیای، بە کلینێکسێک فرمێسکی چاوەکانی سڕیەوە.
یڵدز نامدار کە ئاڵایەکی تورکیای هەڵگرتبوو لەگەڵ وێنەیەکی مێردەکەی، ڕووی لە تۆمەتباری تێرۆریست عەبدوڵڵا ئۆجالان کرد و گوتی: "چیمان لە ئێوە کردووە؟ زۆر خەمبار و بەئازارم، ئێمە خراپەمان بۆ کەس نەبووە و ئازاری کەسمان نەداوە."
ئۆجالان، کە داننیشتبوو، هەستایەوە و خۆی نزیک کردەوە ئینجا گوتی" بەشداریی خەم و ئازاریانم".
دوای قسە ناخهەژێنەکانی نامدار، کەس و کاری سکاڵاکەران و سێ لە پارێزەرەکانیان بە چاوی فرمێسکەوە هۆڵی دادگایان بەجێ هێشت و چوونە دەرەوە.
کەش و هەوای هۆڵەکە گرژ و شپرژە بوو، بەڵام سەرۆکی دادگا دۆخەکەی هێور کردەوە و ئارامیی گێڕایەوە.
ڕۆژی سێیەم: بەشی هەشتەم
زولەیخا تورکییلماز: «تەنها ئەو کاتە لێی خۆشدەبم کە سزا بدرێت»
پاشان، زولەیخا تورکیڵماز ، خوشکی سابری تورکیڵماز ، قسەی کرد.
ئەو گوتی :
«داوای لێبوردنەکەی ئاپۆی خوێنمژ درۆ و ساختەیە. کەی هەڵیانواسی ئەوکات لێی خۆش دەبم.»
هەروەها گوتی:
«لە نێوان تورک و کورددا هیچ جیاوازییەک نییە. ئەنجوومەنی ئەورۆپا باسی مافی مرۆڤ بۆ ئۆجالان دەکات، ئەی بۆ باسی مرۆڤی هەردوو براکەی من ناکەن؟»
پاشان ڕووی کردە ئۆجالان و وتی:
«خۆت ماندوو مەکە، عاقیبەتی تۆ ئیعدامە.»
دوای ئەو، قادر تەکەلیئۆغلو ، کە براکەی لوتفی تەکەلیئۆغلو ، پلەدارێکی ژاندارمە بوو و لە ناوچەی گولیازی لە شرناخ شەهید کراوە، باسی تاوانە خوێناویەکانی سەرۆکی ڕێكخراوە تێرۆریستیەکەی کرد و ئینجا ڕووی لە ئۆجالان کرد و گوتی:
«ئێمە داوای لێبوردنی ئاپۆ قەبووڵ ناکەین. چۆن گیانی ئەو منداڵانە بێتاوانانە بگەڕێنیتەوە؟ با ئیعدام بکرێت، ئینجا لێی خۆش دەبین.»
هەروەها گوتی ئۆجالان دەڵێت وڵات و لایەنی بیانی بەکاریان هێناوە، چۆن دەکرێت کەسێک خۆی بە سەرکردەی ڕێکخراوێک بزانێت و قسەی وەها بکات.
ئەو وتی:
«مرۆڤ بە هۆی عەقڵەوە لە ئاژەڵ جیا دەبێتەوە. ئەگەر سزا بدرێت، تورکیا و جیهان لە ڤایرۆسێک ڕزگاریان دەبێت .» هەروەها ئەوەشی باس کرد کە ئەگەر سزای لەسێدارەدانی بە سەردا جێبەجێ نەکرێت، ئەوە مافی دایکی شەهیدان پێشێل دەکرێت.
ڕۆژی سێیەم: بەشی نۆیەم

درێژەی قسەی لایەنە سکاڵاکەرەکان
یەکێكی دیکە لە سکاڵاکەران بە ناوی بایرام ئەلیورەک، هاتە قسە و گوتی کوڕەکەی، عەلائەددین ئەلیورەک شەهید بووە، پرسیاری لە ئۆجالان کرد، "ئەگەر ئەمە بە سەر تۆ بێت، چی دەکەی؟" هەروەها پرسیاری کرد " پۆلیس و عەسکەر چ زیانێکیان پێ گەیاندوون" ئینجا ئاماژەی بە ئەندامانی دەستەی دادگا کرد و گوتی "ئێوە سوێندخۆرن، سوێندتان خواردووە" گوتی کە متمانەی تەواوی پێیان هەیە کە سزای گونجاوی بە سەردا دەسەپێنن.
یەکێکی تر بە ناوی ، مەحمەت گەنجەر ، باسی خۆی کرد کە کوڕێکی بە ناوی "سەرهات گەنجەر"ی لە دەست داوە، کە پلەداری هێزی دەریایی بووە، گوتی تورکیا لە مێژووی خۆیدا شەڕ و یاخیبوونێکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە.
گەنجەر گوتی:" بریتانیا تۆمەتبار دەکات، ئاگای لە مێژوو نیە؟ چۆن کەسێک کە خۆی بە سەرۆکی ڕێکخراوێک دەزانێت و ئەو شتانە و مێژوو نەزانێت؟ ئایا دەوڵەتی شکۆداری تورکیا دەبێت عەفووت بۆ دەربکات؟ یاسای تۆبە و پەشیمانی دەرناچێت، بەڵام ئەگەر دەریشچوو، دەتەوێت سوودی لێ وەربگریت؟ بۆچی هێرشتان کردە سەر سەرباز و پۆلیس؟ ئەمە هەرگیز قبووڵ ناکرێت. منداڵەکانمان PKK کوشتوونی ، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان.»
کاتێک وشەی «بەڕێز» ی بەکارهێنا، ژمارەیەک لە لایەنە سکاڵاکەرەکان ناڕەزاییان دەربڕی و هاواریان کرد:
«وشەی "بەڕێز" مەڵێ!»
گەنجەر وەڵامی دایەوە:
«من ئەم وشانە تەنها لەبەر مرۆڤایەتی دەڵێم »
پاشان درێژەی بە قسەکانی دا و گوت:
«لە نێوان تورک و کورددا هیچ جیاوازییەک نییە. کاتێک خوێنی ٣٠ هەزار کەس ڕژاوە، چۆن دەتوانرێت ئاشتی دابمەزرێت؟ من باوەڕ ناکەم لە ماوەی سێ مانگدا بتوانێت ئەو چەکدارانە لە شاخ بێنێتە خوارەوە. ئەو سەرکردەی ڕێکخراوەکە نییە؛ ئەگەر شتێک بێت، تەنانەت دەرگاوان یان چایچیی ڕێکخراوەکەش نییە. ژنبراکەم کوردە، هاوسەری براکەشم کوردە. ئێمە زۆر تێکەڵی یەکترین؛ چۆن دەتوانین لە یەک جیا بکرێینەوە؟ داوای ئەوە دەکەم سزاکەی بەسەردا بسەپێندرێت.»
پاشان، بەیهان کەپەنلی ، یەکێکی دیکە لە لایەنە سکاڵاکەرەکان، قسەی کرد و گوتی :
«با دایکەکان نەگرین، ژنان بێوەژن نەبن و منداڵان بێ‌باوک نەبن. با ئازارەکان کۆتایان پێ بێت.»
هەروەها زیادی کرد:
«تورکیا هی هەموومانە. با بە برایەتی و یەکگرتوویی پێکەوە بژین. بە ناوی دایکانی شەهید، داوای سزای لەسێدارەدانی تاوانبار دەکەم.»
دوای ئەوە، ئیلهامی چیچەک قسەی کرد و ڕایگەیاند کە سێ داواکاری لە دادگا هەیە.
یەکەمیان ئەوە بوو:
«دەمەوێت ئەو دوو مانگ و نیوەی خزمەتی سەربازیی کوڕە شەهیدەکەم، تانەر چیچەک، کە ماوەتەوە، خۆم تەواوی بکەم.»
داواکاریی دووەمی ئەوەیە :
«پێش جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان، ناوی تۆمەتبار بگۆڕدرێت و بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی بناسێنرێت چونکە نە تورکە و نە موسڵمانە.»
داواکاریی سێیەمیشی:
«لە دوای جێبەجێکردنی سزا، تەرمەکەی لەو خاکەی کە باوکم و کوڕم لە پێناوی وڵاتدا تێیدا شەهید بوون، نەهێڵدرێت تەرمی ئەم تیرۆرستەی تێدا بنێژرێت .»
سەرۆکی دادگا، محەمەد تورگوت ئۆکیای ، دوو داواکاریی کۆتایی ئیلهامی چیچەکی وەک خۆی لە تۆماری دادگا تۆمار نەکرد، بەڵکو تەنها ئەوەی تۆمار کرد کە:
«داوای سزادانی تاوانبار دەکەم.»
لە کۆتایی ئەم بەشەدا، ڕاگەیەندرا کە محەمەد ماراش ، ئەندامی یەدەگی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ژمارە ٢ی ئەنقەرە، هەروەها لە دانیشتنەکانی دادگا ئامادە دەبێت و دادگاکە بەردەوام دەبێت .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست