<

هەشت ڕۆژ دادگاییکردن و بڕیاری لە سێدارەدانی ئۆجالان (رۆژی پێنجەم)

12/07/2026, 21:34 (GMT+1)
ڕۆژی پێنجەمی دادگاییکردنی عەبدولڵا ئۆجالان لە ئیمڕالی
دانیشتنی ڕۆژی پێنجەمی دادگاییکردنی تۆمەتبار عەبدولڵا ئۆجالان، سەرکردەی ڕێکخراوی تێرۆریستی، کە بە تۆمەتی «خیانەت لە نیشتمان» داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ کراوە، لە دوورگەی ئیمڕالی، کاتژمێر 10:00 دەستی پێ کرد.
لە دانیشتنەکەدا، جگە لە تۆمەتباری دەستبەسەرکراو عەبدولڵا ئۆجالان، پارێزەرەکانی و خزم و کەسەکانی، لایەنی سکاڵاکەران و پارێزەرەکانیان، هەروەها نوێنەرانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانیش بەشدار بوون.
پارێزەرانی تۆمەتبار، پێش دەستپێکردنی دانیشتنی دادگا، بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر لەگەڵ بریکارخوازی (مُوكِل) خۆیان، تۆمەتبار ئۆجالان، دیداریان کرد.
لە هەمان کاتدا، وەک سەرۆکی دادگای ژمارە 2ی دادگای ئاسایشی دەوڵەت لقی ئەنقەرە، محەمەد تورگوت ئۆکیای، لە دانیشتنی دوێنێ ئاماژەی پێدابوو، زانیمان کە ئەم بەیانیە چەند ڕۆژنامەیەکیان بۆ تۆمەتبار ئۆجالان هێناوە و سەیری کردوون.
سکاڵاکەران و پارێزەرەکانیان هۆڵی دادگایان جێهێشت
دوورگەی ئیمڕالی : لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجەمی دادگاییکردنی عەبدولڵا ئۆجالان، پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکەران ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە هەندێک لە وتە و قسەی پارێزەرانی تۆمەتبار دەربڕی و گوتیان «پڕۆپاگەندە»ن بۆ پەکەکە. بە هۆی ئەو ناڕەزایەتیانە و تێکدانی کەشی دانیشتنەکە سەرۆکی دادگا، محەمەد تورگوت ئۆکیای، داوای لە شەوکەت جان ئۆزبای کرد، یەکێك لە پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکەران، لە هۆڵەکە بچێتە دەرەوە، بەڵام هەموو پارێزەران و لایەنی سکاڵاکەرانیش هۆڵی دادگایان بەجێهێشت و چوونە دەرەوە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆ کە کاتژمێر 10:00 دەستی پێ کرد، پارێزەرانی سکاڵاکەران درێژەیان بە پێشکێشکردنی گوتە و بۆچوونەکانی خۆیان دا. ئینجا، سەرۆکی دادگا و داواکاری گشتی و پارێزەرانی لایەنەکانی سکاڵا چەند پرسیارێکیان ئاراستەی تۆمەتبار ئۆجالان کرد. پرسیارەکان و وەڵامەکانی تۆمەتبار بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
داواکاری گشتی (تەلعەت شالک) پرسیاری کرد:
ئایا هیچ پەیوەندیەک لە نێوان PKK و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ İHD هەیە؟ حەز دەکەین باسی ئەم پرسە بکرێت.
ئۆجالان وەڵامی دایەوە و وتی:
پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. من خۆم لەگەڵ ئاکین بیرداڵ (سەرۆکی کۆمەڵەکە) کۆنەبوومەتەوە و نەمبینیوە. ئەو لەو لیژنەیەدا بوو کە کۆمەڵەکە بۆ وەرگرتنەوەی سەربازە دیلەکان پێکی هێنابوو، منیش بە نوێنەرانی پەکەکەم گوت کە ئەم هەنگاوانە شتی چاکن و سوودیان هەبە بۆ نێوبژیوانی.
ئۆکیای پرسیاری کرد:
ئایا یارمەتیی داراییت لە İHD وەرگرتووە؟
ئۆجالان وەلامی دایەوە:
هیچ پارەیەکیان بۆ نەناردووین. نە پشتیوانیی ماددی و نە پشتیوانیی مەعنەویمان لێیان وەرنەگرتووە. منیش هیچ فەرمانێک یان ڕێنماییەکم بۆ ئەم مەبەستە نەداوە.
ئۆکیای پرسیاری کرد:
دەتوانیت زانیاریمان پێ بدەی سەبارەت بە بڵاوکراوەکانی İHD ؟
ئۆجالان:
خۆیان بڵاوکراوەی خۆیان هەبوو. هەروەها زانیاریەکانی ئێمەشیان بۆ دەچوون. ئێمە زانیاریەکانمان بۆ دەناردن.
هۆڵەندا و بێلجیکا
دواکار (مدعی) تەلعەت شالک پرسیاری کرد:
ئایا دەتوانی ناوی بەرپرسانی سەنتەر و کامپەکانی ڕاهێنان و پەروەردەی سەر بە پەکەکەمان پێ بڵێی لە هۆڵەندا و بێلجیکا؟ زانیاریی زیاترمان بدەرێ لە سەر ئەو کامپانە.
ئۆجالان:
لە ناوچە دێهاتیە چۆڵبووەکانی هۆڵەندا ڤێلا هەبوون و خانوو هەبوون، بەکرێیان دەگرتن، ئەوان ئەو کارانەیان دەکرد و پەیوەندییان بە لایەنەکان دەکرد.
ئۆکیای پرسیاری کرد:
کێ پەیوەندیی دەکرد؟
ئۆجالان: لە ڕێگەی ڕێكخراو و کۆمەڵەی یاسایی و ڕێگەپێدراوەوە دەکران. ئەو کۆمەڵانە بوون یارمەتییان دەداین بۆ دۆزینەوەی ئەو شوێنانە. لەو شوێنانە خوولی پەروەردەی سیاسی ئەنجام دەدران.
ئۆکیا :
ئایا حکومەتی هۆڵەندا ئاگای لەمە هەبوو؟
ئۆجالان:
 لە ئەورۆپا فێرکاری و پەروەردەی سیاسی قەدەغە نین، حکومەتی هۆڵەنداش دژی ئەو جۆرە چالاکیانە نەبوو.
ئۆکیای:
ئایا لەگەڵ بەرپرسانی هۆڵەندا کۆبوویتەوە؟
ئۆجالان:
لەگەڵ یەک دوو ڕۆژنامەنووسی هۆڵەندی کۆبوومەتەوە و چاوپێککەوتنم ئەنجام داوە.
ئۆکیای:
ئەی بێلجیکا چی؟
ئۆجالان:
هەم لە هۆڵەندا و هەم لە بێلجیکا نوێنەرایەتیەکی زۆر بەهێزمان هەبوو. ئەو نوێنەرایەتیانە بە ناوی ERNK کاریان دەکرد. هەر خۆی ERNK لە زۆر وڵات نوێنەرایەتیی هەیە.
ئۆکیای:
ئایا دەیانزانی ئەمە ڕێکخراوێکی سەر بە PKK یە؟
ئۆجالان:
بەڵێ، دەیانزانی.
دادوەری گشتی جەودەت ڤۆلکان:
ئایا سەبارەت بە چالاکیەکانی ئەوێ ڕاپۆرتتان پێدەگەیشت؟
ئۆجالان:
کانی یڵماز و شاهین بە تەلەفۆنی شیفرەکراو زانیارییان پێدەگەیاندین. بەڵام شەش مانگێکە هیچ زانیاریەکم نیە، ئاگام لێیان نیە .
ئۆکیای:
ئایا لەگەڵ کۆمەڵە و ڕێکخراوی ناو تورکیا پەیوەندیت هەبووە؟ دەمەوێت بە ڕاستگۆیی ناوەکانیان بڵێیت.
ئۆجالان:
ناوی HADEP و İHD م برد. هەندێک دامەزراوەی کوردیش هەبوون. ڕۆژنامەیەکی کوردی بە ناوی Roja Welat هەبوو، هەروەها کۆمەڵەی کولتووریی مەزۆپۆتامیا هەبوو. ئەمانە کۆمەڵە و دامەزراوەی یاسایی بوون. من وەک دامەزراوەی کوردی دەیانناسم. یاسایی و ڕێگەپێدراون.
ئۆکیای:
ئایا لەگەڵ ئەوان کۆدەبوویتەوە؟
ئۆجالان:
لەوانەیە نوێنەرەکانمان لە ئەورۆپا لەگەڵیان کۆبووبێتنەوە.
ئۆکیای:
ئایا لەگەڵ بەرپرسانی هۆڵەندا و بێلجیکا کۆبوویتەوە؟
ئۆجالان:
لەگەڵ بەرپرسانی هۆڵەندا و بێلجیکا هیچ کۆبوونەوە یان پەیوەندی یان دیداری فەرمیم نەبووە. بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کۆبوومەتەوە. پاشان، نزیکەی پێنج شەش ساڵێک لەمەوبەر، پەرلەمانتارێکی ئیسپانی هاتە لام و گفتوگۆمان کرد.
گفتوگۆ لەگەڵ لۆردێکی بەریتانی
ئۆکیای:
ئایا لەگەڵ لۆرد ئەیڤبەری (Lord Avebury)، ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردانی بریتانیا، کۆبوونەوەت هەبووە؟
ئۆجالان:
لەوانەیە دوو سێ جار لە مانگی ئابی 1998چاوم پێی کەوتبێت و لەگەڵی دانیشتبێتم.
ئۆکیای:
ئەو کەسە لە ڕۆژنامەکانی بریتانیا وتار دەنووسێت، باسی چیتان دەکرد؟
ئۆجالان:
پێم گوت: «لە ساڵی 1996ەوە پرۆسەیەک هەیە. بیر لە ڕاگرتنی شەڕ دەکەینەوە لە ئەیلوولی1998، بۆچوونی ئێوە چیە؟» وەڵامی "ئا" یان "نا"ی نەدامەوە. بریتانیا سیاسەتی کلاسیکیی خۆی هەیە. گوتی :"وەک دەوڵەت ناتوانین پشتگیریتان بکەین، تەنیا دۆستین". سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕیش گوتی: "شتێکی باشە"، هەروەها گوتیشی بریتانیا زۆر کەیفی بە چارەمان نایێت.
ئۆکیای:
بۆ وتارەکانی، 40 هەزار پاوەندی لە ڕێکخراوەکەی ئێوە وەرگرتووە، ئایا ئەمە دەزانیت؟
ئۆجالان:
نا، نازانم، ئاگام لێی نیە. بابەتێکی جێی سەرنجە. نازانم ئایا بەرپرسانی پەکەکە لە ئەورۆپا مێتۆدێکی لەم جۆرەیان هەبووە. لۆرد کەسێکی زۆر دەوڵەمەندە. ئەوان دەبێت پارەمان بدەنێ، نەک ئێمە پارەیان بدەینێ. هەروەها کاتێک لە ئیتاڵیا بووم، لەگەڵ لۆردێکی تر، کە ناویم لەبیر نەماوە، کۆبوومەوە. لۆردەکان کاریگەریی سیاسیی زۆریان نیە. ئەو لۆردەی لەگەڵی کۆبوومەوە پێی گوتم: «لۆردەکان قورساییی سیاسییان نیە، کاریگەرییان سنووردارە.»
ئۆکیای:
لەو دیدار و گفتوگۆیانەدا کەسێک نەیپرسی: «ئەرێ بۆچی خەڵک دەکوژن؟ بۆچی ئەم منداڵانە دەکوژن؟»
ئۆجالان:
لە گفتوگۆکانماندا باسی ئەو پرس و بابەتانەمان نەکردووە، باسی پرس و بابەتی سیاسیمان کردووە.
ماددەی بێهۆشکەر
پارێزەری لایەنی سکاڵاکە:
پرسی بەشداریی PKK لە بازرگانی بە ماددەی بێهۆشکەر زۆر گرنگە. ئایا حەسەن کەیفۆ، کە هاوڵاتیەکی سووریە، لە بابەتی ماددەی بێهۆشکەر هاوکاریی PKK ی کردووە؟ دەتوانیت ئەمە ڕوون بکەیتەوە؟
ئۆجالان:
ئەو ناوەم لەبیرە، ئەو کەسەم بینیوە. یەکەم جار کە چوومە سووریا پەیوەندیم لەگەڵی دروست کرد. منی داوەتی ماڵەکەی خۆی کرد، ئەمە لە ساڵی 1982 بوو. کەسێکی دەوڵەمەند بوو، خاوەنی چەندان گوند بوو. بیستم، کە بە سایەی بازرگانی بە ماددەی بێهۆشکەرەوە دەوڵەمەند بووە. دواتر بیستم لە ساڵانی نۆهەدەکان کۆچی دوایی کردووە. ئەوەندەی من بیزانم، مەحاڵە پەکەکە دەستی لە بازرگانی بە ماددەی بێهۆشکەردا هەبووبێت. ئەگەر کەسانی تر ئەو کارەیان کردبێت، بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆی من نیە.
پارێزەری لایەنی سکاڵاکەران:
ئایا عەلی هۆمان گازی نێوەندگیرتان بوو کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا بۆ وەستاندنی توندوتیژی لەو وڵاتە کۆبوونەوە؟
ئۆجالان:
بەڵێ، ئەوە ڕاستە. ئەو کەسە نێوەندگیریی ئەو کۆبوونەوەیەی کرد کە لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا سەبارەت بە کۆتاهێنان بە توندوتیژیەکانی PKK ئەنجامم دا.
ئۆکیای:
ئایا کانی یڵماز لە ئەورۆپا هەوڵی دابوو نەهێڵێت ئەو هەنگاوە بنێیت؟
ئۆجالان:
ئەمە بابەتێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە. خۆشم گومانم لا دروست بووبوو. هەستم دەکرد هەوڵ هەیە تا ئەو کارە نەکەم، تا ڕێم لێ بگرن. لەوێ، کانی یڵماز پایە و ژێرخانێکی چاکی دامەزراندبوو کە لەگەڵ سیاسەتی حکومەتی ئەڵمانیا دەگونجا. ئەگەر من بچوومایە ئەورۆپا، ئەو ژێرخانە زیانی بەر دەکەوت. بۆیە نەیاندەویست من بچمە ئەورۆپا. ئەورۆپا حەز دەکات لەگەڵ کەسانێک پەیوەندی دابمەزرێنێت کە هەمان بیر و فکر و بۆچوونیان هەیە. بەڵێ عەلی هۆمان رازی بوو ئاسانکاریی بۆ کردین تا لەگەڵ پەرلەمانتاری ئەڵمانی، لومێر کۆببمەوە.
پارێزەری لایەنی سکاڵا:
ئایا ڕێكخراوی «مێدیکۆ ئینتەرناسیۆنال» کۆمەکی داراییی داوەتە PKK ؟
ئۆجالان:
 بیستوومە کۆمەکییان کۆ دەکردەوە. ئەو دامەزراوەیە ڕێکخراوێکی مرۆییی نێودەوڵەتیە. بۆ ڕێکخراوە کوردیەکانیش یارمەتی و کۆمەکیی کۆدەکردەوە. بۆ کەمپەکانی ئێمەش، زۆر چالاک بوون و یارمەتی و کەرەستەی پزیشکییان دەنارد.
گرژی و پشێوی
لە دوای تەواوبوونی پرسیارەکان، کەمال بیلگیچ، یەکێک لە پارێزەرانی بەرگری، ئەو بابەتانەی ڕیز کرد و ژمارد کە پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکەران و سەرۆکی دادگا و داواکاری گشتی دەیانویست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون زانیاری زیاتریان لە سەر کۆبکرێتەوە. ئینجا بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە بەناو کۆنسەی سەرۆکایەتیی PKK تازە بڵاوی کردووەتەوە و هەندێک وشە و دەستەواژەی تێدا بوو کە لە بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ "ئاشتی و برایەتی"ی هاتبوون، جگە لەمانە، ئەم ڕستەیەشی تێدا بوو: "جەنگاوەری مەزن ئاشتیی مەزن لەگەڵ خۆی دێنێت".
پاشان بیلگیچ ئاماژەی بەوە دا کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی چەندین ساڵی ڕابردوودا 30 هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە، هەروەها لە لایەن خزم و کەس و کاری هەندێک لە قوربانیەکانی دیکەی ئەو جەنگە داواکاری پێشكێش کراوە بۆ بەشداربوون لە دادگاییەکە وەک لایەنی زیانلێکەوتوو.
دوای ئەم قسانەی بیلگیچ، پارێزەرانی لایەنی سکاڵاکەر دەستیان بە ناڕەزایەتی و هاتوهاوار کرد. جاهیت تۆرون، مەهدی کەسکین و شەوکەت جان ئۆزبای، بە توندی هەڵوێستیان دەربڕی و گوتیان ئەمە پڕۆپاگەندەیە بۆ پەکەکە، نابێت ڕێگە بدرێت ئەو نووسراوە بخوێندرێتەوە.
لە گەرمەی ئەو مشتومڕ و ناڕەزایەتیانەدا، سەرۆکی دادگا ئۆکیای گوتی دادگا سەیرێکی داواکاریەکان دەکات، ئینجا تووڕە بوو و هەستایە سەر پێ و بە دەنگێکی بەرز بە شەوکەت جان ئۆزبای-ی گوت:
«بڕۆنە دەرەوە»!
تووڕەییی بریندارێکی جەنگ
دوای قسەکەی ئۆکیای، پارێزەران و سکاڵاکەران هەموویان چوونە دەرەوە، بە دەم چوونە دەرەوە، سکاڵاکەران هاواریان دەکرد:
" بەچکە ئەرمەنیی هیچ و پووچ، تۆ هیچ ئازار و ناخۆشیت نەبینوە، من منداڵەکەمم لە دەست داوە، هەی خائین، هەی بێشەڕەف".
لەو کاتەدا کە دەچوونە دەرەوە، یەکێک لە کۆنە سەربازان کە برینداری جەنگ بوو، تەنانەت قاچە دەستکردەکەی خۆی لێ کردەوە و بەرزی کردەوە و بە پارێزەرانی بەرگریی نیشان دا بۆ دەربڕینی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆی. یەکێکی دیکەش لە سکاڵاکەران بارودۆخی تێکچوو و بوورایەوە.
سەرۆکی دادگا، ئۆکیای، هەوڵی دەدا بارگرژیەکە نەهێڵێت و دۆخەکە ئارام بکاتەوە، ئینجا دانیشتنەکەی کەمێک دواخست بۆ ئەوەی بتوانن بڕیارێکی کاتی لە بارەی داواکاریەکان بدەن.
لە هەمان کاتدا، تۆمەتبار ئۆجالان لە قەفەسی شووشەیی دەرهێنرا و بۆ شوێنی چاودێری گوازرایەوە.
لە ناو هۆڵی دادگاشدا، ژاندارمەکان هێڵێکی پاراستنیان لە نێوان خزم و کەسانی تۆمەتبار، سەیرکەرانی مێوان و هەروەها سکاڵاکەران پێکهێنا بۆ بەرگرتن لە توندوتیژی.
دەستەی دادگا لە بڕیارە کاتیەکەیدا، سەرجەم داواکاریەکانی پارێزەرانی تۆمەتباری سەبارەت بە فراوانکردنی لێکۆڵینەوەکان رەت کردەوە و دانیشتنەکەی دادگای دواخست بۆ ئەوەی داواکاری گشتی وتەی کۆتاییی خۆی ئامادە بکات.
دانیشتنی داهاتوو ڕۆژی سێشەممە، 8ی حوزەیران، کاتژمێر 10:00  ئەنجام دەدرێت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست