<

هەشت ڕۆژ دادگاییکردن و بڕیاری لە سێدارەدانی ئۆجالان (پاشکۆی رۆژی چوارەم)

11/07/2026, 9:19 (GMT+1)
ئەمەی خوارەوە ناونیشانی وتاری رۆژنامەی حورییەتی تورکییە، کە بۆ رۆژی چوارەمی دادگاییەکە نووسیوێتی
لە ماوەی 20 ساڵدا هۆشیار بووینەوە
عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە هەر دانیشتنێکی دادگادا لێدوانی سەرسوڕهێنەر دەدات، دوێنێش بانگەوازی بۆ کۆنگرەیەکی ئاشتی بۆ پەکەکە کرد. ئۆجەلان  ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی 20 ساڵدا گەیشتووەتە ئەم قۆناغە و گوتی: "ئایا ڕێکخراوێک هەیە هەڵە نەکات؟"، ڕایگەیاند کە کۆنسەی  6-7 کەسی پەکەکە چاوەڕێی بۆچوونی ئەون.
چوارەمین ڕۆژی دانیشتنی دادگاییکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی، لە کاتژمێر 09:50 خولەک دەستی پێکرد. سەرۆکی دادگا مەهمەت تورگوت ئۆکیای، بە نیشاندانی ئەو سکاڵانامانەی بەدەستیەوە بوو، ئاماژەی بەوە کرد ، کە هەموو ڕۆژێک سەدان سکاڵانامەی دەستتێوەردان (تێکەڵ بە کەیسەکە) دەگەنە دەستیان و داوای کرد کۆتایی بەمە بهێنرێت. ئۆکیای بە پارێزەرانی سکاڵاکارانی گوت:
"تکایە، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، ئەستەمە لە ماوەیەکی گونجاودا کۆتایی بە کەیسەکە بهێنین."
دواتر سەرۆکی دادگا ئۆکیای پرسیاری کرد و ئۆجەلانیش وەڵامی دایەوە. سەرۆک ئۆکیای داوای لە ئۆجەلان کرد بە پێدانی زانیاری ڕوون و ڕاستگۆیانە یارمەتی دادگا بدات و خۆی لە وەڵامدانەوە نەدزێتەوە، پرسیاری لێکرد:
"ئەمەت لێ دەپرسم: گوتت کە تاوانی زیاتر لەوەی لە سکاڵانامەکەدا هەیە ئەنجامدراوە و ئاماژەت بەوەشدا کە چارەسەر بە دەوڵەتی یەکگرتوو (ئونیتەر) دەکرێت. ئایا لەم بارەیەوە هیچ بڕیارێک لە کۆنفرانسی پارتەکەدا دراوە؟"
ئۆجەلان سوپاسی کرد بۆ پرسیارێکی لەو شێوەیە و گوتی:
ڕابردوو بە ئازارەکانییەوە خەڵکی لە دۆخێکی زۆر سەختدا هێشتووەتەوە، وە ڕابردوو چەندە قورسیش بێت، لە بەرگرینامەکەیدا بۆ ڕووناککردنەوەی داهاتوو قسە دەکات.
ئۆجەلان بەمشێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا:
"دەمەوێت هەمووان زۆر بە باشی گوێ لەم بابەتە بگرن. ئەمە بۆ تورکیا زۆر گرنگە. یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە. لە زۆر وڵاتدا گۆڕانکاری لە ڕژێمەکاندا ڕوویدا. پەکەکەش لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەرکەوت. ئایا ڕێکخراوێک هەیە هەڵە نەکات؟ پارتێک هەیە یەکتری تاوانبار نەکەن؟ گوتم 'خەڵکی شاخ دەهێنمە خوارەوە'. ئەگەر ئەم دەرفەتەم بۆ بڕەخسێنن ئەوا دەیکەم. ئەگەر بانگەوازی ئاشتی بکرێت، پەکەکە دێتە سەر ئاشتی و برایەتی. دەتوانن بپرسن 'بۆچی درەنگ هاتنە سەر چارەسەری دیموکراسی'. هەندێک بەڵگەنامەم پێداون. لەوێدا دەبینن کە چەندە دڵسۆزم."
پێشنیاری کۆنگرەی ئاشتی بۆ پەکەکە کرد
ئۆجەلان کە گوتی لە ناو ڕێکخراوەکەدا 'شەڕ'ێکی بەڕێوەبردووە و لەوێ ئازاری گەورەتری چەشتووە لەو ئازارانەی لێرە دەیچێژێت، گوتی:
"هەوڵێکی زۆرم دا بۆ ئەوەی پەکەکە بخەمە ژێر کۆنتڕۆڵەوە. گوترا '5 هەزار فیداییان ئامادە کردووە'. من گوتم ئەمە ڕاست نییە. بەتایبەتی دوای ساڵانی 1993و 1996 ڕوونم کردەوە کە کێشەکە لە چوارچێوەی پێکهاتەی دەوڵەتی یەکگرتوو و لەژێر گەشەسەندنی دیموکراسیدا چارەسەر دەکرێت."
ئۆجەلان لە کاتێکدا دەیگوت کە هەموو ئەمانە ئاسان نەبوون، ئاماژەی بەوەدا: "لە 20 ساڵدا گەیشتمە ئەم قۆناغە. کۆنسەی 6-7 کەسی ڕێکخراوەکە پشتگیری لە بۆچوونی من دەکەن. لەم بارەیەوە 3  پێشنیاری چارەسەر لە گۆڤاری ئۆزگور پۆلیتیکا بڵاوکرایەوە. ئەگەر حکومەت بانگەوازی ئاشتی بکات، بێگومان وەڵامی دەبێت. با جێگەی سەرسوڕمان نەبێت کە ئێمە لە ماوەی 20 ساڵدا گەیشتووینەتە ئەم هێڵە. تەنها لە دوای 20 ساڵ گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە چالاکییەکان چارەسەرەکە قورس دەکەن."
ئۆجەلان بە گوتنی ئەوەی، کە دەیەوێت لەم بەشەی قسەکانیدا بانگەوازێکی گرنگ بکات، گوتی: "دەمەوێت پێشنیاری کۆنگرەیەکی ئاشتی بۆ پەکەکە بکەم. هیوادارم ئەمە ئاشتی بهێنێت. هەر خۆی لەم بارەیەوە بڕیارێکی ئاشتیمان هەیە. بەس با وەڵامێکی ئەرێنی بدرێتەوە. با دەوڵەتەکەمان بانگەوازی ئاشتی بکات."
دوای ئەم قسانەی ئۆجەلان، سەرۆک ئۆکیای پرسی کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کێ ئەوانی هەڵخەڵەتاندووە. بەڵام ئۆجەلان دیسانەوە باسی لە ئاشتی و برایەتی کرد و گوتی:
"پەکەکە تەنها لە دژایەتیکردن ناوەستێت، بەڵکو دەبێتە گرنگترین هێزی پشتیوانی دەوڵەت. تەنها با هەمووان یەکگرتوو بن. هەڵە و تاوانمان هەرچییەک بێت، با دەرفەتمان پێبدرێت. با یەکگرتوو بین. پەکەکە لە شاخ دێتە خوارەوە و وەک هاووڵاتی پشتیوان دەبێت. با کەس ئەمە بە هەڵە تێنەگات."
ئۆجەلان باوەڕی بە ناسیۆنالیزمی ئەتاتورک هەیە
لە بەشی پێش نیوەڕۆی دانیشتنەکەدا کە ئەندامی دادوەری یەدەگی مەدەنی، مەهمەت ماراش وەکو سێ ڕۆژی ڕابردوو لە نێو ئامادەبوواندا دانیشتبوو و چاودێری دەکرد، داواکاری گشتی کۆماری لە دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرە، جەودەت ڤۆلکان ئامادە نەبوو، بەڵکو تەنها داواکاری گشتی تەلعەت شاڵک ئامادە بوو.
ئەو پرسیارانەی، کە پارێزەرانی سکاڵاکاران بە وەرگرتنی مۆڵەت لە سەرۆک ئۆکیای ئاراستەی ئۆجەلانیان کرد و ئەو وەڵامانەی وەریانگرت بەم شێوەیە بوون:
• پرسیار:
ئایا کەسێک دەناسیت بە ناوی ئاڵپ ئورونگو؟
ئۆجەلان:
کەم تا زۆر هەوڵ دەدەم مێژووی تورک بناسم. دەزانم چۆن بوونەتە موسڵمان. ئەمانە هاووڵاتیانی تورکن لە ئاسیای ناوەڕاست.
• پرسیار:
ئایا هاوڕایت لەگەڵ بۆچوونەکانی د. مەهمەت شوکرو سەکان لە پەیمانگای کوردی لە پاریس؟
ئۆجەلان:
لە ساڵانی 1920 دا کۆمەڵەیەک هەبوو بە ناوی تەعالی کورد. پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی هاوپەیماناندا هەبوو. دەزانم کە هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان جیابوونەوەیان بەخۆوە بینیوە. باوەڕم بە ناسیۆنالیزمی ئەتاتورک، ناسیۆنالیزمی کولتووری هەیە. ناسیۆنالیزمی ئەتاتورک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هیتییەکان. من باوەڕم وایە کە پێویستە لە ژێر چەتری کۆماری دیموکراتیدا کۆببینەوە.
هاوڕایە لەگەڵ زیا گیۆکاڵپدا
• پرسیار:
ئایا هاوڕایت لەگەڵ بۆچوونەکانی زیا گیۆکاڵپ؟
ئۆجەلان:
بە تەواوی هاوڕام لەگەڵ ئەو وتارەی کە لە ساڵی 1922 دا سەبارەت بە 'کورد و تورک' نووسیویەتی.
• پرسیار:
دەتوانیت زانیاری لەسەر کەمپەکانی پەروەردە لە مۆسکۆ بدەیت؟
ئۆجەلان:
گوندێک هەیە کە کوردەکانی ڕووسیا کڕیویانە. لەوێدا کاری کولتووری و تیۆری بە چڕی ئەنجام دەدرێت.
مادام، لەگەڵ نەزاندا پێکەوەن
• پرسیار:
خاتوو میتێران سۆزێکی زۆری بۆ پەکەکە هەیە. پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوەکە چییە؟
ئۆجەلان:
پەیوەندییەکانیان ڕاستە. پەیوەندییەکەی لەگەڵ کەندال نەزان-دایە (سەرۆکی پەیمانگای کوردی لە پاریس). لەم دواییانەدا سۆزی بۆ ئێمەش هەیە. بەڵام من هیچ سوودێکی پراکتیکیم لەمە نەبینیوە.
کتێبێک لە پارێزەرەوە بۆ ئۆجەلان
دوای تەواوبوونی پرسیارەکان، پارێزەر فوئاد تورگوت گوتی دەیەوێت کتێبێک بە ناوی 'ڕەنگەکان لە نەریتە نەتەوەییەکانماندا بەپێی بیروباوەڕی تورک: زەرد، سوور، سەوز' کە لەلایەن (ڕەشاد گەنج)ــــەوە نووسراوە، بداتە ئۆجەلان. دوای ئەوەی سەرۆک ئۆکیای کتێبەکەی وەرگرت، تۆمەتبار ئۆجەلانیش بە سەری ئاماژەی کرد و سوپاسی پارێزەر تورگوتی کرد.
پرسیاری دەربارەی پارێزەرەکانی کرد
لە دانیشتنەکەی دوێنێدا 11 پارێزەری سکاڵاکار بەشداربوون، بەڵام پارێزەرانی تۆمەتبار و کەسوکارەکەی ئامادە نەبوون.
سەرۆک ئۆکیای ئاماژەی بەوەدا کە پارێزەرانی تۆمەتبار بروسکەی بیانووی نەهاتنیان ناردووە و ئەم بیانووانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە،  گوتی کە پارێزەرەکان بەهۆی بیانووەکانیانەوە ناتوانن ئامادەی دانیشتنەکە بن و داوایان کردووە کاتی دانیشتنەکەیان پێ رابگەیەندرێت. ئۆکیای بە ئۆجەلانی وت، کە لەنێو قەفەزە شووشەییەکەدا بوو و لێی پرسی:
ئایا هیچ داواکارییەکی هەیە یان نا.
ئۆجەلانیش پرسی:
"بۆچی نەیانتوانیوە بێن، دەمەوێت ئەوە بزانم." سەرۆک ئۆکیای-یش گوتی: "بەهۆی کێشەی مانەوەوە نەیانتوانیوە بێن."
ئەسینا هەزاران دۆلاری داوە
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دانپێدانانەکانی دوێنێیدا گوتی کە لە بنچینەی هەڵوێستی یۆنان بەرامبەر بەو یارمەتیدان نییە، بەڵکو مەیلی سیاسییە. لەم بەشەی دانیشتنەکەدا، پرسیارەکانی سەرۆکی دادگا ئۆکیای و وەڵامەکانی ئۆجەلان بەم شێوەیە بوون:
ئۆکیای:
یۆنان بۆ کڕینی چەک لە سوریاوە 40 هەزار دۆلار هاوکاری کردووە. ئایا ئەمە ڕاستە؟
ئۆجەلان:
یۆنان هاوکاری دەکات. بەڵام لە بنچینەی هەڵوێستی یۆنان بەرامبەر بە من یارمەتیدان نییە، بەڵکو مەیلی سیاسییە. لە ساڵی 1993 ەوە بەهۆی ئەوەی چوینە ناو ڕەوتی ئاشتییەوە، ویستیان کارەکانمان لێ تێکبدەن. لە ساڵی 1996  سیمیتس مەبەستی لە من بوو و گوتی: "ئەم پیاوە لەناودەبرێت، با کەس خاوەندارێتی لێ نەکات". سەرەڕای ئەوەش، هەرچەندە نوێنەری پەکەکە لە ئەوروپا و ئەندامانی ڕێکخراوە چەپەکانی لە ئەسینا قبوڵ کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی چوومە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە منی قبوڵ نەکرد. ئەسینا ویستی لە خاچم بدات و هەناسەی کۆتاییم لە تورکیا بدەم. من هۆشداریم دا... گوتم 'هەڵە دەکەن. ئەگەر من بکوژرێم، شەڕی کورد و تورک لە تورکیا زیاتر دەبێت و بەرپرسیارێتی ئەمەش دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە'. ئەمە تەنها یارییەکە.
هەوڵیاندابوو بانکیان دابمەزرێنن:
عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە، کە پارێزەرانی سکاڵاکاران بە وەرگرتنی مۆڵەت لە سەرۆکی دادگا لێیان پرسی. پرسیارەکان و وەڵامەکانی ئۆجەلان بەم شێوەیە بوون:
• پرسیار:
دەوترێت بودجەی ساڵانەی پەکەکە 250  ملیۆن دۆلارە. پارەی ڕێکخراوەکە لە کوێ هەڵدەگیرێت؟
ئۆجەلان:
زیاتر لە ئەوروپایە. لە سوریا زۆر کەمە. پارەکە لەلایەن کەسانی دۆستەوە دەدرێت و لە چەندین بانکی جیاواز دادەنرێت. بیستوومە کە زیاتر جەختیان لەسەر سویسرایە. هەروەها، نیازیان هەبوو بانکێک دابمەزرێنن. پارەکان لە زۆر بانکی سویسرا دادەنرێن. ئەو کەسانەی پێیان دەڵێم دۆست، ئەو کەسانەن کە لە ئەوروپا کار دەکەن. دۆستەکان لە هەر کوێیەک بیانەوێت پارەکەی لێ دادەنێن.
هاوکاری هەدەپە (HADEP)مان کرد
لە بەشێکی لێکۆڵینەوەکەشدا، سەرۆکی دادگا ئۆکیای چەند پرسیارێکی ئاراستەی ئۆجەلان کرد.
• ئۆکیای:
لە کاتی دامەزراندنی هەدەپە (HADEP)دا بڕی چەندە پارەتان وەک هاوکاری پێداون؟
ئۆجەلان:
پێموایە یان لە سەردەمی هەپ (HEP) یان هەدەپە (HADEP)دا بۆ دۆزینەوەی شوێنێک کەمێک داوای یارمەتییان کردبوو. بە بڕی 200 هەزار مارک هاوکاریمان کردن، بەڵام نازانم کێ نێوەندگیری لەم بابەتەدا کردووە.
• ئۆکیای:
ئایا مینەکانتان لە ئیتاڵیاوە کڕیوە؟ چونکە مینەکان دروستکراوی ئیتاڵین.
ئۆجەلان:
بەڕاستی نازانم. مینی ئیتاڵی زۆرن. لە عێراق کاتێک دەچیتە بازاڕ، ئەمە و نزیکەی هەموو شتێک دەستدەکەوێت.
پارێزەر داوای لە سێدارەدانی کرد
هەموو ئەو پارێزەرە سکاڵاکارانەی بەشداری دانیشتنەکەیان کردبوو، بەپێی ماددەی 125ی یاسای سزاکانی تورکیا، داوای لەسێدارەدانی ئۆجەلانیان کرد. یەکێک لە پارێزەرانی سکاڵاکار بە ناوی هولاکو بالجيلار، گوتی کە دەوڵەتی کۆماری تورکیا مامەڵە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناکات.
لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی دادگا ئۆکیای، مافی قسەکردنی بە پارێزەرانی سکاڵاکار دا بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەسەر کڕۆکی کەیسەکە بخەنەڕوو. وەک یەکەم کەس کە قسەی کرد، پارێزەر مەهدی کەسکین سوپاسی دەستەی دادگا و داواکارانی گشتی کۆماری کرد. کەسکین بە دەربڕینی ئەوەی کە دادوەری تورک سەربەخۆیە، گوتی: "دادوەرەکانمان هیچ شتێکیان نییە. تەنها خوایەک و ویژدانێکیان هەیە."
سەرچاوە:
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست