<

تێڕوانینێک بۆ ناسراوترین بەڵگەکانی بوونی خوا (بەشی دووەم)

15/07/2026, 17:36 (GMT+1)
سەرچاوەی ڕەوشت لە خواوەیە، بەبێ خوا دەبینە مرۆگەلەکی خراپ
زۆر کەس پێی وایە ئاین سەرچاوەی ڕەوشت (الأخلاق - Morality) و کاری چاکەیە، گەلەک لە کتێبە ئاینییەکان کۆمەڵەک فەرمان و ئامۆژگاری لەخۆ دەگرن لەسەر چۆنەتی ڕەفتارکردن لە جیهاندا بۆ بە دەستهێنانی بەهەشت و دواڕۆژ، پێڕەونەکردنی ئەو فەرمانانەش واتە چوونە ناو دۆزەخ و سزای هەتاهەتایە. بەم پێیە ئەوەی ئەو ڕێسا و یاسایەی "خواوەند" جێبەجێ دەکات مرۆڤێکی باش و ڕەوشتبەرزە، بێباوەڕیش هەمیشە جێی گومانە لەو ڕوانگەیەوە.
دوای ئەمە ڕاستەوخۆ دەبێژن، ئەگەر خوایەک نەبێت پێت بڵێت چۆن ڕەفتار بکەیت، چی شتێک ڕێگرە لەوەی چیت ئارەزوو کرد بیکەیت؟
بە بۆچوونی ئاینداران، ڕەوشت لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤەکان دابەزیووە، ئاین تاکە سەرچاوەی بنەڕەتی و ڕاستەقینەیە بۆ بوونی ڕەوشت، بەمەش ئەگەر ئاین لەناو بچێت، ئەوا ڕەوشتیش بوونی نامێنت و جیهان دەبێتە دارستان. واتە ئەگەر مرۆڤێک ئاینی نەبێت (هەر ئاینێک) ئەوا ڕەوشتیشی نییە، چونکە تەنیا ئاینە فێری ئەوەمان دەکات کە دزیکردن، کوشتن و دەستدرێژی هەڵەیە و بەدڕەوشتییە.
زاناکانی دەروونناسی لە کەنەدا لە ڕاپرسییەکدا لە وڵاتانی کەنەدا و ئەمریکا ڕای خەڵک وەردەگرن دەربارەی ئەوەی ئایا مرۆگەلە بێباوەڕەکان جێی بڕوا و متمانەن؟ جێی سەرنجە زۆربەیان وای بۆ دەچوون تاوانبارانی دەستدرێژیکردن پتر بڕوایان پێ دەکرێت لە بێباوەڕان، بەگوێرەی دەرەنجامەکان بێباوەڕان لەدوای هەمووان دێن لە ئەمریکای باکور سەبارەت بە بێبڕوایی و گومانکردن لێیان.
لەڕاستیدا هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی بێباوەڕان کەسانێکی خراپ و جێی بڕوا نەبن بەراورد بەوانەی دیکە، زۆر بەسادەیی بێباوەڕی درۆزن هەن هەروەک بوونی موسڵمان و کرستیانی درۆزن، بێباوەڕی باش هاوتای باوەڕداری باش لە هەموو وڵات و سات و سەردەمێکدا هەن.
ئەگەر ئەو سێ ئاینە (جووەکان، کریستییانەکان، ئیسلام) بەناو ئاسمانییە سەرچاوەی ڕەوشتن، ئەی چۆن خەڵکی پێش ئەم ئاینانە ژیاون؟ ئایە مرۆڤەکانی سەردەمانی کۆن هەموویان بێڕەوشت بوون؟ ئایە گەلانی سۆمەری و بابلی و میسرییە کۆنەکان هیچ ڕەوشتێکیان نەبووە؟ ئەی چۆن توانییان ئەو شارستانییەتە مەزنانە بنیات بنێن؟ ئایە کۆمەڵگەی ئێمە خاوەنی ڕەوشتێکی بەرزە، ئەوانەشی بێئاینن بەدڕەوشتن؟ خۆ ئەگەر ئەمڕۆکەش سەرنج بدەینە بۆ نموونە، وڵاتانی ئەسکەندەنافی و کەنەدا و ژاپۆن کە ڕێژەی بێئاینییان تێدا یەکجار زۆرە، ئایە کەسەکانیان بێڕەوشتن؟ ئەی بەچی ئاوا لە هەموو بوارێکی ژیاندا پێشکەوتوون؟ ئاشکرایە کە هەر ڕەوشتە یاسا بەبەرهەم دەهێنێت، نەک بەپێچەوانەوە، کەواتە دەبێ دان بەوەدا بهێنین کە ئەو وڵاتانە لە ئێمە بەرزەڕەوشتترن، چونکە خاوەنی گشت یاسا و ڕێسایەکی دادپەروەرانە و مرۆڤانەن. ئەی باشە چۆن لەلای ئێمەدا ئەو هەموو گەندەڵی، بێمافی، نەبوونی دادپەروەری، دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژییە بەرانبەر بە ژن و منداڵان ڕاڤە دەکرێن؟ بوونی خۆشگوزەرانی و نەبوونی شەروشۆڕ لای بێئاینان، کارەسات و کوشتن و بڕینی بەردەوام لە کۆمەڵگە ئاینی و ئیسلامییەکاندا چۆن لێک دەدرێنەوە؟

گۆڕانکاری لە رەوشتدا
دەقە ئاینییەکان کۆمەڵە نووسینێکی کۆنن، ئەوانەش ڕەنگدانەوەی ڕەوشت و داب و نەریتی ئەو سەردەمانەن تێیاندا نووسراونەتەوە، بۆیە ئێمە ناچار دەبین لەناویاندا لە شتانێک بگەڕێین کە لەگەڵ فەرهەنگ و تێگەیشتنی ئێستەمان بگونجێن، لەبەرئەوەی گومانی تێدا نییە زۆرێک لەوانەی لە قورئان و دەقەکانی جووەکان و کرستیانەکان هاتوون بۆ ئەم چاخەمان دەست نادەن و بوونەتە بارگرانی بەسەر ژیانمان.
لەو ئاینانەدا پێویست ناکات ژمارەی دەقەکانیان، یاخۆ ئایەت و گوتەکانی پێغەمبەری ئیسلام دیار بکەین، لایەنگران و باوەڕداران خۆیان دەزانن چی هەیە لە ئاینەکەیاندا.
بۆ نموونە، بابەتی کۆیلایەتی لە ئاینی کرستیانەکان لەلای ژمارەیەک لە ئایندارانیان شتێکی ئاسایییە و بە کێشەی نابینن، ئەگەرچی زۆرینەی کرستیانەکانی ئەمڕۆکە بە باشی نازانن خۆیان ببنە خاوەنی کەسانێک و خزمەتیان بکەن. دەق هەیە ڕێت پێ دەدات هێرش بکەیتە سەر خاکی دەورەبەرت و خەڵکەکانیان بە کۆیلە بگریت، بەڵام نەک لە گەلەکەی خۆت، هاوکات دەڵێت ئەگەر یەکێک زیانی بە چاوی کۆیلەکەی، یان کەنیزەکەی گەیاند و کوێری کرد، لەبری چاوی دەبێ ئازادی بکات، ئایا بەڕاست ئەم بڕیار و یاسایە نایەکسانییە مرۆڤانەیە؟
کۆیلایەتی تاکە شت نییە لە ئینجیلدا گومان پەیدا بکات، سزای کوشتن و هەڵواسین زۆر بڵاو بووە لە مێژووی جوو و کرستیانەکان، بەردباران کردن تا مردن سزایەکی ناسراو بوو لە پەیمانی کۆن بۆ سێکسکردن لە دەرەوەی هاوسەرگیری و هاوڕەگەزخوازی و سێکسکردن لە ڕۆژی شەممە، هەروەها کەسێک بێڕێزی بە دایک و باوکی خۆی بکات یان جنێویان پێ بدات دەکوژرا، زۆرێک لەمانەی تێدا بوو.
لە ئیسلامدا سزادانەکان ڕوونتر و ناسراوترن، ئەمەش نەک تەنیا لە قورئاندایە بەڵکوو لە گوتەکانی موحەمەدیش کە دوای قورئان بە پلەی دووەم دێت و بەشێوەی دەقی پیرۆز و چەسپاو لێی دەڕواندرێت. بۆ نموونە، بە فەرمانی پێغەمبەرەکەیان ئەوەی لە ئیسلام هەڵ بگەڕێتەوە دەبێ بکوژرێت، بەگوێرەی قورئانیش پیاو دەتوانێت لە ژنی خۆی بدات، ئەگەر گوێڕایەڵی نەبێت، کامەیان لەمانە لەگەڵ یاساکانی مافی مرۆڤی ئەم چەرخەماندا یەک دەگرێتەوە؟
شایەنی ئاماژە پێ کردنە، هەر کاتێک لەبارەی ئەم بابەتانە لەگەڵ موسڵمانان گفتوگۆ دەکەیت، ڕاستەوخۆ پەنا دەبەنە بەر پینەکردن و بیانوو هێنانەوە و دەرکێشانی دەقەکان لە مەبەستە ڕاستەقینەکەی، یاخۆ بە واتایەک دەیبەستنەوە کە زۆر دوورە لەوەی بەڕوونی نووسراوە. ئەو دەمەی دێینە سەر ئایەتەکانی باس لە خواپەرستی و کرداری چاکە و یارمەتیدانی یەکدی دەکەن، لێکدانەوەیەکی ئاسان و وشە بە وشەی بۆ دەکەن پەنا دەبەنە بەر تێگەیشتنی ڕاڤەکارە ناسراوەکان، خۆ ئەگەر ئایەتەکانیش بۆ ئەمڕۆکە نەگونجێن و هاندانێک بن بۆ کوشت و کوشتار و شەڕانگێزی، ئەوا بەتووندی بەرگری لێ دەکەن و ملی وشەکان با دەدەن و بە چەندان لێکدانەوەی سەیر و سەمەرەی خۆیان لێ لادەدەن.
دابونەریت و سزا و یاساکانی ناو دەقەکان لەوانەیە بۆ ڕەوشت و فەرهەنگی سەردەمی نووسینەوەیان دەست بدات، بەڵام هەرگیز ناکرێ ئێستە پێڕەو بکرێن و بە زەبری هێز بسەپێندرێن، ئەمڕۆکە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیشدا ئەو پیاوەی لەژێر ناوی شەڕەف ژنەکەی، یان کچەکەی بکوژێت، ئەوا بە بکوژ دادەنرێ و دەبێ سزا بدرێ و بەند بکرێت، بۆیە لێرەدا بۆمان هەیە بپرسین، ئەگەر سەرچاوی ڕەوشت لە خواوە بێت پێویستە هەتاهەتایە پەسەند بێ و بە جیاوازی کات و شوێن گۆڕانی بەسەردا نەیێت.
دووڕیانە سەختەکەی یوتیفرۆ
هەر ئاوا بەسادەیی، ئەگەر ڕەوشت سەرچاوەکەی لە خواوەیە، با بپرسین، شتێک باشە لەبەرئەوەی خوا فەرمانی پێ کردووە، یان خوا فەرمان بە شتێک دەدات کە باشە؟
ئەم پرسیارە بنچینەی گرێکوێرە، یاخۆ دووڕیانی یوتیفرۆی ئەفلاتونە (Euthyphro dilemma)، گرێکوێرە و دووڕیان لەم پرسە فەلسەفییەدا بە واتای کێشە و گرفتی گەورە، یان هەڵبژاردن لەنێوان دوو بژاردەی خراپ دێت، کێشەکە لە مشتومڕە ئاینییەکانی سەبارەت بە خواییبوونی ڕەوشت سەرهەڵ دەدات.
کاتێک ڕەوشت شتانێکی دابڕاو بێت لە ویستی خوا، ئەوا هیچ هۆکارێک نییە وامان لێ بکات پشت بە خوا ببەستین بۆ ڕەفتارە بەڕەوشت و چاکەکانمان، واتە کەسێک پێی دەکرێ پێوەرێک بۆ ڕەفتار و ڕەوشتی دابنێت بەبێ گەڕانەوە بۆ خوا، لەولاشەوە ئەگەر ڕەوشت لە خواوە بێت و ئەو فەرمانمان پێ بدات چی ڕاستە و چی چەوتە، دیسانەوە نابێتە بەرزەڕەوشتییەکی ڕاستەقینە، بەڵکوو کارێکی بەزۆری سەپێندراوە، لەبەرئەوەی ئەو دەمە ڕەوشت دەبێتە ئارەزوویەکی خوایی و مرۆڤیش دەبێ کوێرانە پێڕەوی بکات بەبێ بیرکردنەوە لێی.
دەکرێ لۆژیکییانە لێی ورد ببینەوە و بڵێین: خوا بێهێزە، یان خراپەکارە، یانیش هەر لە بنەڕەتەوە بوونی نییە.
هەموو ئاینەکان خۆیان پێ بەهێزە، خواکەشیان تاکە خوای ڕاستەقینەیە و میهرەبان و بەخشندەیە و حەزی بە چاکە و کاری باشە، کەچی لەڕاستیدا تەواو پێچەوانەکەی بەرچاوە. ڕۆژانە مرۆڤ دووچاری کۆمەڵێک بەسەرهاتی گەورە و بەڵای کوشندە دەبێتەوە، بەهەزاران هەزار منداڵی بێتاوان بە نەخۆشی و ڕووداوی ترسناک دەمرن، بەبەردەوامی خەڵکانێکی یەکجار زۆر بە لافاو و بوومەلەرزە و گڕکان و کارەساتی دیکەی سروشتی لەناو دەچن. گەردوون پڕە لە بەریەک کەوتن و خۆپیاکێشانی ئەستێرە و هەسارەکان بەیەکدی، لەوەتەی ژیانیش سەری هەڵداوە، ئەم زەوییەمان چەندان بنەبڕی و لەناوچوونی مەزن و بەکۆمەڵی بوونەوەرە زیندووەکانی بەخۆوە بینووە، لە ٪99ی ئەو زیندەوەرانەی لەمێژووی ژیاندا لەسەر ئەم زەوییەدا ژیاون بەیەکجارەکی بنەبڕ بوونە.
هیچ یەک لەمانە بەڵگەی بوونی خوایەکی چاکەکار و بەبەزەیی بۆ بەندەکانی نین، ئەمانە چەند دەرەنجامێک بەدەستەوە دەدەن، یان ئەوەتا خوا بێتوانا و بێهێزە و هیچی پێ ناکرێت، یانیش خوایەکی بەد و دڕندەیە و گوێ بە بوونەوەران نادات، یاخۆ وەک فەیلەسووف نیچە دەڵێت هەر لە بنچینەوە بوونی نییە (تاکە بیانووی خوا ئەوەیە کە بوونی نییە). لە هەمووشی خراپتر سزای دۆزەخە، ئەوە شوێنەی بێباوەران بۆی دەڕۆن و تێیدا هەتاهەتایە سزا دەدرێن، نەک هەر ئەوان بەڵکوو ئەوانەشی باوەڕدارن بە ئاین و ئاینزاکان و خواکانی دیکە، بەو واتایەی ئەگەر ئاینی کرستیانەکان ڕاست بێت ئەوا تێکڕای موسڵمانان و هیندۆس و بودایی و جووەکان و گەلەکی دی بەنەمری لە دۆزەخدا ئازار دەچێژن. بێگومان ئەم پرسە ترسناکە نەک لەلای کرستییانەکاندا هەیە، بگرە لای ئیسلام و زۆربەی ئاینەکاندا هاوشێوەی ئەمە هەن.
خۆ ئەو دەمەی بە لۆژیک لە بابەتەکە بڕوانین، دەبێ خوای چاک هەرگیز سزای هەتاهەتایە نەسەپێنێت بەسەر کەسێک، تەنیا لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەیەک لەدایک بووە خاوەنی ئاینێکی ساختەیە و پێشینەکانی و باب و باپیرانی پێش چەند هەزار ساڵێک دوای پێغەمبەرانێکی درۆزن کەوتوون.

راڤەی زانست بۆ رەوشت
زۆر بەکورتی لە زانستدا ڕێسایەکی ناسراوی زێڕین هەیە دەڵێت: ڕەوشت، یاخۆ چاکە گەیشتنە بە خۆشی و کامەرانی و دابینکردنی ئارامی لەشی و دەروونی بۆ تاکی زیندەوەران، هاوکات نەبوونی ڕەوشت، یان خراپە ئەوەیە کە دووچاری ناخۆشی و ئازاری لەشی و دەروونی بکرێن.
لە زانستدا بەگشتی ڕەوشت پێناسە دەکرێت، بەوەی کە چەند بنەمایەکە بۆ زانین و دەستنیشان کردنی ڕەفتارە سوودبەخش، یان زیان بەخشەکان بە بوونەوەرانی زیندوو. ئەو کۆمەڵەیەی گرینگی بە بەها ڕەوشتەکییەکان دەدات، ئەوا ژمارەیان پتر دەبێت و چاکتر پەرە دەسێنن، هەر ئەوەشە واتای بنەمای هەڵبژاردنی سروشتی و پاراستنی جۆرەکان.
تا ماوەیەک بەر لە ئێستە زۆربەی زاناکانی کۆمەڵناسی و زیندەوەرزانی پێیان وا بوو، تەنیا مرۆڤە دەتوانێ ڕێسا ڕەوشتەکییەکان بەبەرهەم بهێنێت، بەڵام لەم دواییانەدا کۆمەڵە بەڵگەیەک کەوتنە دەست، لەسەر ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکان چەندین بنەمای ڕەوشت لە لایاندا دەبیندرێن وەک، چاکەکاری، هاریکاری، دادپەروەری هەتا خۆویستی و درۆکردنیش. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە ڕەوشت پێش پەیدابوونی مرۆڤیش بوونی هەبووە و پەیوەست نییە تەنیا بە مرۆڤ، بگرە بەندە بە قۆناغێکی پەرەسەندنی بایۆلۆژی، ڕێژەکەشی دەوەستێتە سەر ئاست و پلەی پەرەسەندنی زیندەوەرەکان. بوونی ڕەوشت لە لای ئاژەڵەکاندا، ئەو واتەیە دەبەخشێت کە یاسا و ڕێساکانی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان، گەلێک لەمێژە سەریان هەڵداوە، هەرگیز لەخۆوە و بەبێ هۆکار نەهاتوون، بایەخێکی زۆریان هەبووە بۆ ڕێکخستنی ژیانی ئەو ئاژەڵانەی بە کۆمەڵ دەژین، بۆ بابەتگەلەکانی کێبڕکێ و پترکردنی هەلی مانەوە سوودیان لێ وەرگرتووە.
مێشکی مرۆڤ بەشێوەیەک پەرەی سەندووە گرینگی بدات بە چەند جۆرە ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک کە سوودیان هەیە بۆ مانەوە، هەر ئەویشە بەرپرسە لە ئارەزووە خۆویستەکانی یاریدەدەرن لە درێژەدانی ژیانی جۆرەکان، لەپاڵ ئەمە گەلەک ڕەفتاری چاکی هێشتووەتەوە لە هاوسۆزی و خۆشەویستی و دادپەروەری، ئەم ئارەزووانە بوون بە هۆی چاکسازی و مانەوەی جینەکانمان لەڕێی هاریکاری نێوان تاکەکان.
ئاژەڵە کۆمەڵایەتییەکان (بە مرۆڤیشەوە)، بە جۆرێکی تایبەت ڕەفتار دەکەن بەرانبەر بە یەکدی، لەبەرئەوەی مێشکیان وا پەرەی سەندووە هەوڵ بدەن نەک تەنیا بۆ مانەوەی خۆیان، بگرە بۆ مانەوەی خزمە جینەکییەکانیشیان. زاناکان دەبێژن، پێشان وامان دەزانی ڕەوتی پەرەسەندن هەمیشە بەرەو ئەوەمان دەبات لە گشت بابەتێکدا خۆپەرستانە و بۆ بەرژەوەندی خۆمان کار بکەین، بەڵام ئێستە دەزانین کە ڕێڕەوی دیکە هەن زۆر جار ئەگەر خۆپەرستانەش ڕەفتار نەکەین، دیسانەوە بە قازانجی خۆمان دەشکێتەوە.
دەبێ بزانین کە پێوەرە ئەخلاقییەکان، بنچینەیەکی کۆمەڵایەتییان هەیە و بەندن بە هەلومەرجی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی دەشێ بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانیان بەسەردا بێت. لەگەڵ ئەوەش سەرچاوەی ئەو پێوەرانە لە هەست و هۆشماندا ڕەگی داکوتاوە وەک هاوسۆزی و بەزەیی بەرانبەر کەسانی دیکە و ئارەزوومەندی بۆ ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و یەکگرتوو و هاریکار. کۆمەڵگەیەک بناخەکەی لەسەر ئەم ڕەفتارانە دامەزرابێ لە باشترین بار و دۆخدایە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ تاکەکانی.
ئێمەی مرۆڤ خاوەنی مێشکێکی مەزنین کە بتوانین، بە گەلێک بیرکردنەوەی ئاڵۆز و ژیرانە، ڕووبەڕووی گرفت و کێشەکان ببینەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، بەبەردەوامیش پەرە بسێنین و ڕەفتار و بەها ڕەوشتەکییەکان و زانیارییە کەڵەکەبووەکان، لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی داهاتوو بگوێزینەوە.
لەڕێی ئەم هەست و سۆزە و ئارەزووانەی بەتووندی بە مێشکمانەوە گرێ دراون، لەگەڵ تێگەیشتن لە ڕێکارە زانستییەکانی چۆنەتی کارکردنی مێشکمان، هەروەها زانینی کۆمەڵێک پێوەری مرۆیی (دوور لە ئاینەکان) بۆ ڕەوشتبەرزی و چاکەکاری لەپێناو پێوەندییە مرۆییەکان، هەموو ئەوانە پێکەوە دواجار دەبنە هۆکار و پاڵنەرێک بۆ پێکەوەنانی کۆمەڵگەیەکی ساغ و دروست و پێشکەوتوو.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست