<

تانە و بەرگریینامەی ئۆجەلان لەسەر بڕیاری لە سێدارەدان (رۆژی یەکەم)

22/07/2026, 19:22 (GMT+1)
دەقی تەواوی پارێزنامەی نووسراوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دادگای پێداچوونەوە
بۆ سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوە (Yargıtay) و بازنەی 9ی سزادان
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامان
لەگەڵ پرۆسەی دادگاییکردنی ساڵی 1999 لە ئیمڕاڵی، لە تورکیادا گفتوگۆیەکی چڕ سەبارەت بە دیموکراسی و چۆنیەتی داڕشتنی دەستوورەکەی لە ئارادایە. لەو بڕوایەدام کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دووانە زۆر بەهێزن. گەشەنەکردنی کۆمار بە ئاراستەیەکی دیموکراتیکدا و ڕەنگنەدانەوەی ئەمە لە یاسا و دەستوورەکەیدا؛ هەروەک چۆن لە بنەڕەتدا هۆکاری "دوایین ڕاپەڕینی کورد" بوو کە وەک سەرکردەکەی دادگایی دەکرێم و نزیکەی زۆربەی مێژووی 75 ساڵەی کۆماریش بە هەمان شێوە تێپەڕیوە، چیتر لاوازی و بێ‌چارەسەریی گەورەی شێوازی ڕاپەڕین، سەرکوتکردن و لەناوبردن دەردەخات. هەروەها ئەو گفتوگۆ دەستوورییە دیموکراتییەی کە لەگەڵ کەیسەکەدا زیاتر چڕ بووەتەوە، بەدوای ڕۆشنگەری و چارەسەرێکی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت و خۆی دەسەپێنێت. هەرچەندە ئازار و زیانەکانیش گەورە بن، ئەگەر گیانی "شارستانیەتی دیموکراتیک"ی سەردەم بەدەست نەهێنرێت، بەتایبەتی کاتێک ئەمە بە شێوازێکی چەواشەکارانە (demagojik) و وەک دیموکراسییەکی ساختە بە گەل دەفرۆشرێت، چاوەڕوانییەکی مانادار بوو کە ئەو پێشهاتە بەرفراوانانەی سیستەمی یاساییان خستووەتە ژێر گوشارەوە (لە سەروویانەوە ڕاپەڕینەکانی پەیوەست بە "شوناسی کوردی") بە شێوەیەکی بابەتیانە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و یاسای "دەوڵەتێکی دەستووری" لەبەرچاو بگیرێت. لەگەڵ جێبەجێکردنی ناچاریی یاساکان، چاوەڕوان دەکرا لانیکەم باوەڕ بە فەلسەفەی بنەڕەتیی یاسایەکی گەردوونی و تاڕادەیەک دیموکراتیکبوو بهێنرێت و، هەرچەندە سنوورداریش بێت، سێبەرەکەی بەسەر ئەم "کەیسە"ی مندا بکێشێت. ئەمە پێداویستییەکی دادگایەکی سەربەخۆ بوو.
هەرچەندە لە ڕێگەی ئیدیعاکانی داواکاری گشتی و بڕیاری دادگاوە، بە پەیڕەوکردنی نزیکایەتییەکی کلاسیکی بۆ ئەم بابەتە، پابەندبوونی تەواو بە یاساکانی کۆمارەوە نیشان درا و ئەوە ئەرکی ئەوان بوو، بەڵام لە بەردەمیاندا کەیسێک هەبوو کە زۆر لە یاسای فەرمی تێپەڕیبوو و لە ڕاستیدا دەبوو لە چوارچێوەی "یاسای جەنگ"دا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؛ تەنانەت ئەگەر کاریگەریشی لەسەر بڕیارەکانیان نەبووایە، دەبوایە لانیکەم ئەو نزیکایەتییە یاساییە گەردوونییانەی لە کێشە هاوشێوەکاندا ئەزموون کراون (ئەگەر یاساییش نەبن) یان لایەنە سۆسیۆلۆژییەکانیان بوروژاندایە. دەکرا بەشدارییەکیان هەبێت لە ڕۆشنگەرییەک بەرەو ڕێگای چارەسەر بۆ داهاتوو. دەبوایە سەرنجیان بۆ سەر کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم هەموو ئازار و خوێنە، و ئەم زیانە مادی و مەعنەوییانە ڕابکێشایە، نەک تەنها لەسەر ئاکار و سیاسەتە بنەڕەتییەکانی کۆمار، بەڵکو لەسەر دیموکراتیزەبوونیشی. تەنها قایل بوون بە وێنەی ڕووداوەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی ماددە سزاییە کلاسیکییەکانەوە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەو هەلە گەورەیەی کە دەکرێت لە ڕووی یاساییەوە وانەی گەورە لەم جۆرە ڕووداوە گەورانە وەربگیرێت. ئەگەر سیستمێکی یاسایی نەیتوانیبێت ڕێگری لە ڕووداوێک یان ڕاپەڕینێکی زۆر بەرفراوان بکات کە ساڵانێکی خایاندووە و تەواوی کۆمەڵگا و تەنانەت جیهانیشی هەژاندووە، دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەمەش ببینێت و لە کاتی پێویستدا بوێری ڕەخنەگرتن لە خۆی هەبێت. ئەمە دەیتوانی بەشدارییەکی گەورە بکات لە دروستبوونی یاسایەکی شیکاریانەی نوێدا کە حاشاهەڵگرە، هاوشانی ئەو یاسا فەرمییەی کە دەبێت چاوی پێدا بخشێنرێتەوە. مێژووی زۆرێک لە وڵاتان پڕە لە نموونەی بێشومار لەم بارەیەوە.
هەوڵم داوە پارێزنامەکانم لەسەر ئەم بنەمایە پێشبخەم. گرنگیم بەوە داوە کە بە شێوەیەکی بابەتیانە و ڕەخنەگرانە نزیک ببمەوە لە قۆناغی دەرکەوتن، لایەنی ئایدۆلۆژی و پرۆگرامیی ئەو ڕێکخراوەی بەناویەوە جوڵاومەتەوە، هەروەها سەبارەت بەو پێکهاتە چالاکییەشی کە پەرەی پێداوە. دیسانەوە بەناوی ڕێکخراوەکەوە؛ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەی لە ساڵانی دواییدا پێیدا تێپەڕیوە، پێویستیی کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییەی کە ئێستا بە بێ‌مانای دەزانم و بە پێوەرەکانی زانستی سیاسەتیش خستوومەتەڕوو، هەروەها سەرباری ئەوەی کە بە بەڵگەوە هەوڵێکی گۆڕانکاریم لەسەر بنەمای پێوەرە دیموکراتییەکان خستەڕوو، بەڵام زۆر بەهەند وەرنەگیرا. بە ڕوونی ئەوەم خستەڕوو کە جگە لە سیستەمی دیموکراتیک (کە وەک چارەسەرێک دەیبینم بۆ ئەوەی ئەم دوایین ڕاپەڕینەی کورد کە هەم قورساییەکی ئایدۆلۆژی هەیە و زۆر کاریگەرە بە سۆسیالیزمی واقیعی، و هەم درێژەپێدەری نەریتی ڕاپەڕینەکانی نزیکەی دوو سەدەی ڕابردووە، بەڕاستی ببێتە کۆتا ڕاپەڕین)، شێوازەکانی دیکە بێ‌کارایین و ناتوانن خۆیان لە دەرئەنجامە نەرێنییەکان ڕزگار بکەن.
هەوڵم داوە پێویستیی مێژوویی و مانای جێبەجێکردنی پێوەرە بنەڕەتییەکانی شارستانیەتی دیموکراتیک (کە سەرکەوتنی گەردوونیی خۆی لە نزیکبوونەوەی ساڵی 2000 سەلماندووە) لەسەر کۆماری تورکیا (کە لەسەر بنەمایەکی مێژوویی گرنگ دامەزراوە) بخەمەڕوو، بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی باوەڕ، بیرکردنەوە، شوناسی کلتووری، و کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. وەک بەشێک لە چارەسەری گشتی بۆ کێشەی کوردیش، پارێزنامەکەم لەژێر ناوی "مانیفێستی چارەسەری دیموکراتیک" وەک پەڕتووکێک چاپ و بڵاوکردەوە.
باوەڕم وایە کە لە دادگای پێداچوونەوەش (Yargıtay) ئەم پارێزنامانەم و هەندێک بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە شێوەیەکی قووڵتر هەڵدەسەنگێنرێن. سەرەڕای ئەوەی کە پارێزەرەکانم ناچارن خۆیان ئامادە بن و لەگەڵ پێشهاتەکانی دواییدا بەرگری بکەن، بەڵام دیسانەوە بەو باوەڕەی کە ئەم کەیسەی ئیمڕاڵی بەشداری دەکات لە گفتوگۆکانی تایبەت بە کۆماری دیموکراتیک و دەستوورەکەی، باوەڕم بەو پێداویستییە مێژووییە هەبوو کە تێڕوانینەکانم سەبارەت بە چارەسەرێکی دەستووریی دیموکراتییانەتر بخەمەڕوو. لە بەرامبەر ئەو وتارانەی کە سەرۆکی دادگای دەستووری و سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە لە یادی ساڵانە و کردنەوەی دانیشتنەکاندا سەبارەت بە دیموکراتیزەکردنی کۆمار و یاساکەی پێشکەشیان کرد، بەهۆی گرنگیی دادگاییکردنەکەمەوە، خۆم نەک تەنها بەرپرسیار، بەڵکو ئەرکدار دەزانم. هەروەک چۆن لە دادگاییدا وتم، خزمەتکردن بە "کۆماری دیموکراتیک" لەسەر بنەمای ئاشتی و برایەتی کە ئەرک دەخاتە سەر شانی هەمووان، بۆ من قورساییەکی زۆر زیاتری هەیە، ئەو باوەڕەم دەپارێزم و هەوڵ دەدەم ئەرکەکانم جێبەجێ بکەم. پارێزنامەکەم لە دادگای پێداچوونەوە لەسەر بنەمای ئەو پارێزنامانەم دەبێت کە لە دادگا پێشکەشم کردوون و کراون بە پەڕتووک. هەروەها بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو کارانەی کە کراون بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" و "گۆڕانکاریی دیموکراتییانەی یاسایی" ڕێکخراوی پەکەکە پێشکەش دەکەم. پارێزەرەکانم دەتوانن لەم بوارانەدا بەرگرییەکی گشتگیرتر بکەن. بەڵام، بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە لەگەڵ بڕیاری دادگادا، ڕۆشنگەرییەک بخەمەڕوو سەبارەت بەو گفتوگۆ گەورەیەی لە ڕای گشتیدا دروست بووە، و سەبارەت بەوەی کە کاریگەریی ئەم کەیسە لەسەر کۆماری دیموکراتیک و گوزارشتە دەستوورییەکەی دەبێت چۆن بێت.
هەروەها، وتارەکانی دەستپێکی ساڵی سەرۆکی دادگای دەستووری و سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە کە ئەرکی لەم جۆرەیان خستووەتە سەر شانی هەمووان، ئەو باوەڕەی لای من بەهێزتر کردووە کە بەرپرسیارێتییەکی قورستر دەکەوێتە سەر شانم. لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ئەو بەڵێنەم جێبەجێ کردووە کە لە دادگاییدا دام "خزمەت بە کۆماری دیموکراتیک دەکەم لەسەر بنەمای ئاشتی و برایەتی"، دەبێت ئەوەش بڵێم کە باوەڕ و پێداگریم هەیە بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا بە تەواوی جێبەجێی بکەم.
لە بنەڕەتی دادگاییکردنەکەمدا، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. لە ڕادەستکردنم بە تورکیا، چەندین وڵاتی ئەوروپی و لە سەروویانەوە یۆنان، یاسا نیشتمانییەکانی خۆیان پشتگوێ خست و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و حکومەت (کە پێویستە ڕوون بکرێنەوە) پشتیان بە شێوازە پیلانگێڕییەکان بەست. ئەمەم لە نامەیەکدا کە لە دانیشتنەکەی ئیمڕاڵیدا پێشکەشم بە سەرۆکایەتی دادگا کرد، وەک وەشانێکی گونجێنراوی ئەمڕۆیی سەبارەت بەو سیاسەتەی کە بەریتانیا لە "ڕاپەڕینی 1925ی کورد"دا پەیڕەوی کرد، هەڵسەنگاند. بۆ ئەوەی لە لای خۆمەوە نەبمە ئامرازی ئەمە، هەوڵم دا ڕوونی بکەمەوە کە لە ساڵی 1993ەوە بەدوای گفتوگۆدا دەگەڕێم لەگەڵ تورکیا و پێویستە کێشەکە لە توندوتیژی دوور بکەوێتەوە و بچێتە کەناڵێکی سیاسییەوە؛ و پێویستی بەمە هەیە. نزیکبوونەوەم لە پرۆسەی دادگاییکردنەکە پەیوەندییەکی توندی بەم ڕاستییە چارەنووسسازەوە هەبوو. بە بڕوای من هیچ ماددەیەکی یاسایی ناتوانێت سەربەخۆ بێت لە ڕاستییە سیاسییە هەرە بنەڕەتییەکانی وڵاتێک. دادگا وەک پێویست لەسەر ئەم بابەتە نەوەستا. لای من هێشتا بنەمای نایاساییبوونی ڕادەستکردنم لەبەر دۆستایەتی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا نەبووە؛ بەڵکو بەو ئامانجە بووە کە ململانێکە بەرەو بنبەست ببەن و (تورکیا) زیاتر بە خۆیانەوە گرێ بدەن. لێرەدا هێندەی ئەوەی وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی دانیشتنەکانی دادگاکەم گرنگە، لایەنی گرنگی دیکە دەبێت لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی نیشتمانیی ئازاد و خاوەندارێتی لە کۆماری دیموکراتیک بێت.
هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 125ی یاسای سزادانی تورکی (TCK) لە دادگاییکردنەکەمدا بە تەسک و تەکنیكی دەزانم. هەم پێی دەوترێت بەرفراوانترین ڕاپەڕینی کۆمار، هەمیش ئەو هۆکارە بنەڕەتییە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە ڕاپەڕینەکەی لەسەر دامەزراوە، تا ئەو ئاستەی کە دەوترێت هیچ، باسیان لێوە ناکرێت. لەو بڕوایەدام کە ئەگەر تەنها بە دادگاییکردنێکی یاسایی فەرمیی تەسک قایل نەبین، و بەراوردکاری بکرێت لەگەڵ ئەو نموونە مێژووییانەی زۆرێک لە وڵاتانی هاوچەرخ کە كێشە و ڕووداوی هاوشێوەیان تێدا دەرکەوتووە و شێوازی مامەڵەکردن و چارەسەرکردنیان زۆر گرنگ بووە، ئەوا بە شێوەیەکی بابەتیانەتر نزیکبوونەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت. دیسانەوە، سەرچاوەی سەرەکیی نیگەرانیم ئەوە بوو کە لانیکەم لە درێژایی مێژووی کۆماردا، ڕووداوە بەرفراوانەکانی لەم جۆرە ئێستا مامەڵەیەکی زانستییانەیان پێویستە، و نزیکبوونەوەی تەنها یاسایی فەرمی نەک هەر یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەر، بەڵکو بنبەستەکە قووڵتر دەکاتەوە. لە بەرامبەر ئەمەدا، ڕاستترین نزیکبوونەوە ئەوە بوو کە ئەم ڕاپەڕینە بەڕاستی وەک دوایین ڕووداوی بەرفراوانی سەدە لە مێژوودا جێبهێڵرێت، و بەو وانە گشتگیرانەی لێی وەردەگرین، سەدەی نوێ لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتیک پشتئەستوور بە کۆدەنگی و ڕێککەوتنی تاکی ئازاد و کۆمەڵگا، و بە گەشەسەندنی دیموکراتیکی کۆمارەوە بنیات بنێین. گرنگترین خاڵی ئەم ڕاپەڕینە کە هێندە یاسای کلاسیکی کۆماری خستە ژێر فشارەوە، هیچ نەبوو جگە لە دەربڕینێکی نوێی دەستووری بۆ کۆماری دیموکراتیک. یاسای تاکی ئازاد و کۆمەڵگا تەنها لە دەستوورێکی دیموکراتیکی لەو شێوەیەوە دەیتوانی لەدایک ببێت. بۆیە سەرەڕای سزادانم لەلایەن یاسای فەرمیی ڕابردووەوە، ڕەوایەتیی ئەخلاقی و سیاسیی خۆمم (با یۆتۆپیاییش بوایە) لە گەشەسەندنی ئەم یاسا دیموکراتیکەدا دەبینی. چارەسەر و ڕزگاری، هەم وەک تاک و هەم وەک کۆمەڵگاش لەمەدا بوو. ئەم نزیکبوونەوەیەشم زۆر بە جددی وەرنەگیرا. دەزانم کە یاسا بەپێی واقیعی بەرجەستە و مادی دەجوڵێتەوە. بەڵام زنجیرەیەک ڕووداو و دیاردەی تەواونەکراو و لە جووڵەدا بەردەوام بوون. هێشتاش بەردەوامن. تەنانەت ئەم دۆخەش زۆر بە ڕوونی لاوازیی یاسای هەنووکەیی نیشان دەدات. گفتوگۆیەک لەسەر مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی هەیە کە بەراورد ناکرێت بە هیچ قۆناغێکی مێژووی کۆمار. دەستووری ئێستا واز لە پەیوەندییەکەی بە دیموکراسییەوە بهێنە، تەنانەت بوون بە ڕێگریشی لەبەردەم دەوڵەتێکی یاساییدا، لەلایەن یاساناسە دیارەکانەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
یەکێک لە ئیدیعا سەرەکییەکانم لە پارێزنامەکەمدا ئەوەیە، نەک هەر نکوڵی لە بوونی کورد لە ڕزگاریی نیشتمانیدا، بەڵکو لە دامەزراندنی کۆماریشدا نەکراوە؛ ڕاستییەکە ئەوەیە کە کوردەکان وەک توخمێکی بنەڕەتیی دامەزراندن ڕۆڵیان گێڕاوە. بینینی ئەمە لە لێدوان و ڕێنماییەکانی ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆمار، قورس نییە. لە نوێنەرایەتیکردنی یەکەمین پەرلەمانی تورکیا (TBMM)شدا ئەم دۆخە بە ڕوونی خۆی نیشان دەدات. بەڵام کاتێک کە کۆمار لەو قۆناغەدا کە هێشتا لە قۆناغی دامەزراندندا بوو؛ بەهۆی نەوتی موسڵ-کەرکووکەوە بەریتانیا هەوڵی دەدا یاری بە کوردەکان بکات و لە ناوخۆشدا ڕاپەڕینەکانی سەر بنەمای سوڵتانیەت و خەلافەت هەڕەشەیان لە کۆمار دەکرد، لە ئەنجامدا تەواوی سەرنجەکانی خستە سەر پاراستنی کۆمار. کاتێک هەموو ڕاپەڕینەکان لەناودەبران، لەبەر ئەوە نەبوو کە دیموکراتیک بوون؛ بەڵکو بەهۆی دژایەتیکردنی کۆمار و لە ترسی خستنەمەترسیی کۆمارەوە دەکرانە ئامانج. بۆ هەمان مەبەست پەلاماری ڕاپەڕینە کوردییەکانی سەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینیش دەدران. لێرەدا ئامانج پاراستنی کۆمارە. دەکرێت گفتوگۆ لەسەر کەمی یان زۆریی ئەو توندوتیژییە بکرێت کە بەکار هێنراوە. دیسانەوە دەکرێت ڕەخنە لە مامەڵەکانی دوای پاکتاوکردنەکانیش بگیرێت. بەڵام دەبێت ڕاپەڕینەکانی قۆناغی دامەزراندنی کۆمار و ڕۆڵی دوولایەنەی کورد لەوێدا بە گرنگییەوە لەبەرچاو بگیرێت. بڵاوکردنەوەی تێگەیشتنێکی ناسیۆنالیزمی پەڕگیر بەسەر تەواوی مێژووی کۆماردا بە بیانووی ڕاپەڕین، گەورەترین هەڵە و بەدبەختی بووە. تراژیكە کە توخمێکی بنەڕەتیی دامەزرێنەر ڕووبەڕووی جێبەجێکردنێکی لەو شێوەیە بکرێتەوە کە بگاتە ئاستی "قەدەغەکردنی زمان" کە هاوشێوەکەی لە مێژوودا نەبینراوە.
باوەڕ ناکەم ئەمە ئامانجی سەرەکی ئەتاتورک بووبێت وەک دامەزرێنەری کۆمار. لە کاتی دامەزراندندا، کێشەی مانەوەی کۆمار نیگەرانییەکی بنەڕەتییە. لە تێڕوانین بۆ هەموو کێشەکاندا ئەمە بوونی هەیە و جێی تێگەیشتنە. ئەتاتورک دوو ئەزموونی دیموکراتیکی هەیە بۆ هەنگاونان بەرەو دیموکراتیزەبوون. سەرنەکەوتنی لەم هەوڵانەدا بە دەسەڵاتخوازی (otoriter) لێک نادرێتەوە. لە سەرنەکەوتنیدا، ئاستی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و کەمیی کادر ڕۆڵێکی بابەتیانەتری بینیوە. سەرباری ئەمە، کۆمار خۆی بەو دەرفەتەی بە زانستی داوە، ڕۆڵی لانکەی (نەمامگەی) گێڕاوە لە دەرکەوتنی تاکی ئازاددا. ئەمە بنەڕەتیترین پێشکەوتنە لە ژێرخانی دیموکراسیدا. ڕوونە کە ئامانجی شارستانیەتی هاوچەرخی ئەتاتورک باشترین گوزارشتی خۆی لە شارستانیەتدا دەدۆزێتەوە. ئەوە ئەو ئەرکە بوو کە بۆ نەوەکانی کۆمار جێهێڵدرا. ئەمە ئەو ئەرکە بنەڕەتییەشە کە جێبەجێ نەکراوە. ئەوانەی کۆماریان گۆڕی بۆ دەسەڵاتێکی قۆرخکاری (oligarşi) گەندەڵ بەرپرسیارن لەمە.
بە کورتی هەوڵم دا پارێزنامەکەم لەسەر هەڵسەنگاندنێکی وەهای کۆمار دابمەزرێنم. گۆڕانی کۆمار بۆ دەسەڵاتێکی قۆرخکاری (oligarşi) گەندەڵ ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە دروستبوونی بزووتنەوەی پەکەکەدا. لە قۆناغی سەرهەڵدانیدا، هاتنەدەرەوەی وشەی "کورد" لە دەمەوە یان بە زیندان یان بە چوونە شاخ کۆتایی دەهات. لێرەدا زۆر لەولاتر لە نەبوونی دیموکراسی، دۆخێکی سامناکی ئینکار (نکۆڵیکردن) هەبوو. بۆیە بەناوی ڕێکخراوەوە، هەر هەنگاوێک کە هەم لە ڕووی پرۆگرامەوە و هەم لە ڕووی چالاکییەوە دەنرا، ڕادیکاڵیزمێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا دەهێنا. جەمسەرگیرییەکی زۆر و کەشی توندوتیژیی تورکیای حەفتاکان، و هەروەها جەمسەرگیریی "جەنگی سارد" لەسەر ئاستی جیهان کە کاریگەریی لەسەر هەمووان و هەموو بزووتنەوەیەک هەبوو، ئاشکرایە کە بە توندی کاریگەری لەسەر من و ئەو ڕێکخراوەش دەکرد کە هەوڵی نوێنەرایەتیکردنیم دەدا. لاوازیی هۆشیاریی مێژوویی و سیاسی لە کاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەکەدا، لەپاڵیدا هەڵسەنگاندنی پڕ لە هەڵە، خەریک بوو هەموو بزووتنەوەیەکى ئەو سەردەمە بخاتە دۆخی مەزهەبێکی هاوچەرخەوە. دیسانەوە، گەیشتن بە چەمکەکانی کۆمار، دیموکراسی و یاسا لەولاوە بوەستێت؛ ئەوە ڕاستییەکی تاڵە بۆ هەمووان کە تەنانەت نەگەیشتووینەتە چەمکێکی گشتیی دەوڵەتیش. لە ڕواڵەتدا، شەڕی ئایدۆلۆژیاکان دەکرا. بەڵام ئێستا کە ئاوڕ دەدەینەوە، ڕاستییەکی تاڵە کە لە زۆر ڕووەوە شەڕی نەزانی دەکرا. ئاشکراشە کە لەمەدا تەنها تاک و ئەندامانی ڕێکخراو ناکرێت بە بەرپرسیار دابنرێن؛ بەڵکو تەواوی سەردەمێک، وە کاتێک باس لە تورکیا دەکرێت دەسەڵاتە قۆرخکارە (oligarşi) بەرژەوەندیخوازە تەسکەکە پێویستە لە پلەی یەکەمدا بە بەرپرسیار بزانرێت. مەبەستم لەمە گەڕان نییە بەدوای تاوانباردا. مەبەستم ئەوەیە مانایەکی بابەتیانە ببەخشم بە مێژووی نزیک و بارودۆخی سەرهەڵدانەکە. یاسا هەرچەندە فەرمی و بەرجەستەش بێت، ناتوانێت سەربەخۆ بێت لەم ڕاستییە. لەو بڕوایەدام کە یاسا دەبێت لانیکەم لە کاتی بڕیارداندا بابەتیبوونێکی دیاریکراو لەبەرچاو بگرێت.
کاتێک هەموو ئەم تایبەتمەندییە بنەڕەتییانەی ئەو قۆناغە لەبەرچاو دەگیرێن، گومانم لەوەدا نییە کە ئامانجەکانی نێو پرۆگرامی پەکەکە تەنانەت لە سەردەمی پڕوپاگەندەی زۆر جیابوونەوەخوازانەشدا نەک هەر دژی کرۆکی کۆمار نەبوون؛ بەڵکو ئەو یەکێتییەی کە بەدوایدا دەگەڕا تەنها بە کۆماری دیموکراتیک بەدی دەهات و ئامانجی سەرەکیشی هەر ئەمە بوو. لە بەرامبەر ئیدیعاکانی داواکاری گشتی، جەختم لەوە کردەوە کە بەرگریکردنم لە کۆمارێکی وەها هەم زانستییە و هەم کرۆکی ئامانجەکانم پێکدەهێنێت. لەو بڕوایەدام پارێزنامەکانم ئەمەیان وەک پێویست سەلماندووە. ئاشکرایە کە لە جیهانی حەفتاکاندا، ئەو بزووتنەوەیەمان ئەزموون کرد کە هاوشێوەی تەواوی ئەو بزووتنەوانە بوو کە بۆ ئازادی و یەکسانی زۆر بڵاو ببوونەوە، چ لەسەر بنەمای چینایەتی بێت یان لەسەر بنەمای نەتەوەیی-ئیتنیکی و ئایینی. زۆر زیاتر لە بوارەکانی بیرکردنەوە و باوەڕ، و تەنانەت لەولاتر لە نایاساییبوون، ئەگەر ئینکارکردنی کلتوور-شوناسێک کاردانەوە دروست نەکات ئەوا نائاساییە. بۆیە من پەکەکە و ئەو مرۆڤانەی پێشەنگایەتیم بۆ دەکردن (کە گەورەترینیان ئەندامانی خۆی بوون کە ئازارەکانیان چەندە گەورەش بێت و تەنانەت ئەگەر ڕاپەڕینێکی ڕادیکاڵیش بێت لە دژی سیستەمی فەرمی و یاسایی)، وەک هەڵوێستێکی ڕەوا کە پێویستییەکی زانستییە و لە ڕووی سیاسەتی ئەخلاقی و دیموکراتیکەوە ناچارییە، هەڵسەنگاند. گرنگترین هەڵسەنگاندنی پارێزنامەکەم هەر ئەمەیە. بەمە لە ڕواڵەتدا پێشەنگایەتیی یەکێک لە قورسترین هەڵسەنگاندنەکان دەکەم لە دژی یاسای فەرمی. ئینکارکردنێکی شوناس کە تا ئەم ڕادەیە پەڕگیر بێت، دەرفەت بە هیچ شێوازێکی تری دەربڕین نادات. ئەگەر بمانەوێت ڕێز لە خودی مرۆڤ بگرین و خاوەن شکۆ بین، باوەڕم بە ڕەوایی بەرخۆدان هەبوو تەنانەت ئەگەر تەنیایش بین. هەمیشە ئەو نیگەرانییەم هەبووە کە بە شێوەیەکی تر ناتوانم مرۆڤبوونی خۆم بپارێزم. لە ئیدیعاکانی داواکاری گشتیدا، قەت نایانەوێت ئەم لایەنە ببینن. بەڵام بەیانی ئەگەر کۆمار و دەستوورێکی دیموکراتیکمان هەبێت، دان بەوەدا دەنرێت کە ئەم بەرخۆدانە ڕەوایە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە. هیچ کەسێک هێندەی من هەڵەکانی پەکەکەی نەبینیوە و نەچووەتە سەریان. بەڵام دەبێت ئەوەش ببینرێت کە لە گەڕانێکی بنەڕەتیدایە بۆ کلتوور و شوناسێکی ئازاد. شێوازەکانی تاوانبارکردنی لەلایەن یاسای فەرمییەوە بەتەواوی جیاوازیی نییە لەگەڵ تاوانبارکردن بە نەریتی کوێرانەی ئایینی (dogmatik).
هەڵەیەکی تری بنەڕەتی کە لە ئیدیعاکانی داواکاری گشتیدا دەبینرێت، هەڵسەنگاندنی پێکهاتەی چالاکییەکانە. لەم ڕاپەڕینەدا کە لە ڕووی قەبارە و ماوەوە وەک شەڕێکی کەم-چڕی (دۆخی نزم) هەڵدەسەنگێنرێت، هەڵسەنگاندنی ڕووکەشانەی چالاکییەکان وەک دەرئەنجامێکی ئەو کاریگەرییانەی لە ڕای گشتیدا دروست کراون، و خستنەپاڵی هەموویان بۆ من (وەک کەسێک کە زۆرترین بەشداریی لە ڕووداوەکەدا هەبووە)، بە شتێکی زۆر واقیعی نازانم. لە ناوخۆی ڕێکخراودا خەریک بوو هەموو ڕۆژێک دۆخێکی دژە-شەڕم ئەزموون دەکرد. بۆ هێشتنەوەی لە ئاستی بەرگریی ڕەوادا، هەوڵێکی لەڕادەبەدەرم دا. ئەوانەی کەمێک لێکۆڵینەوە لە ناوخۆی پەکەکە بکەن، دەبینن کە لە دژی کێ و کام تێگەیشتنە چالاکییە دەرەکییەکانی دەرەوەی بەرگریی ڕەوا، چۆن تێکۆشانم کردووە.
ئەگەر لەگەڵ چڕیی چالاکییەکان و زیانەکان کە لە زۆر ناوچەی جیهاندا؛ بۆ نموونە جەزائیر، فەلەستین، ئێران، بۆسنە، کۆسۆڤۆ و هتد ئەزموون کراون، چالاکییەکانی ئێمە زۆر سنووردار مابێتەوە، لێرەدا پێگەم وەک تاک و ڕۆڵەکەم دەتوانرا باشتر ببینرێت. لەم بابەتەدا، نەک تەنها بۆ پاراستنی خۆم لە ماددەی سزایی، بەڵکو باوەڕم وایە بینینی ڕاستییەکە وەک خۆی، لە ڕووی یاساییەوە حاشاهەڵنەگرە. لە کۆتاییدا ئەگەر بڕیار بێت بەرەو چارەسەرێکی دروست هەنگاو بنرێت، ئەم لایەنەی پێکهاتەی یاسایی کاریگەرییەکی گرنگی دەبێت.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی پارێزنامەکەم ئەوە بوو کە هەوڵم دا ڕوونی بکەمەوە؛ لەو هەلومەرجانەی جیهان و تورکیادا کە بەرەو کۆتاییەکانی سەدە دەگۆڕان، پەکەکە و بەدوایدا کێشەی کوردیش ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی گرنگ دەبوونەوە و هەوڵم دا ئەو پێشهاتانە ڕوون بکەمەوە کە بەم ئاراستەیە دەرکەوتوون. ئەم بابەتە هەم لە ئیدیعاکانی داواکاری گشتی و هەم لە بڕیارەکەشدا زۆر لەبەرچاو نەگیرا. پەیوەندییە یاساییەکانی پێشهاتەکان نەبەستراونەتەوە بەیەکەوە. بەتایبەتی بەهۆی گرنگییەکەیەوە بۆ داهاتوو، بە پێویستی دەزانم ئەمە بکەمەوە.
لە نەوەدەکاندا لێکهەڵوەشانی سیستەمی سۆڤیەت، لە ڕووی کاریگەرییەکانیەوە لانیکەم بووە هۆی کاردانەوە و هەژانێکی هاوشێوەی سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی دووەم. نەتوانینی سیستەمی سۆسیالیستی لە نیشاندانی گەشەسەندنی دیموکراتیک؛ و لە بەرامبەردا، توانای سەرمایەداری لە تێپەڕاندنی ڕژێمە فاشیستە دەسەڵاتخوازەکانی (otoriter) خۆی و بڵاوکردنەوەی دیموکراسییەکەی؛ نەک تەنها هۆکاری سەرەکیی لێکهەڵوەشانەکە بوو، بەڵکو بووە هۆی ئەوەی سیستەمی دیموکراتیک لەسەر ئاستی جیهان گەشە بکات. بێگومان لەمەدا ڕۆڵی پێشکەوتنە زانستی-تەکنیکییەکان یەکلاکەرەوەیە. لەگەڵ لێکهەڵوەشانەکەدا، جەمسەرگیرییەکانی تایبەت بە سەردەمی جەنگی سارد بێ‌مانا بوون، و تێگەیشتنە توندوتیژەکانی جیاکاریی ڕاست-چەپیش کە لەسەر ئەمە دامەزرابوون، مانای خۆیان لەدەست دا. بەها بنەڕەتییە دەرکەوتوو و بەرزبووەکان؛ لە بابەتە سەرەکییەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ، دیموکراتیزەبوون و خاوەندارێتیکردن لە شوناسە کلتوورییەکان چڕ بوونەوە. زمانی تێکۆشانەکانیش لەوەی توندوتیژی بن، بەرەو شێوازی ئاشتییانە گۆڕدران. ململانێ و شەڕە چینایەتی و نەتەوەییەکانی یەک-دوو سەدەی ڕابردوو چيتر قورسایی و مانای خۆیان لەدەستدا؛ واتە سەدە جێگەی خۆی بۆ ڕەوایەتیی سنوورەکانی ئاشتی، و لە ناوخۆدا بۆ مافەکانی مرۆڤ، دیموکراتیزەبوون و پێگەیشتن بە ئازادییە کلتوورییەکانی خۆی چۆڵ کرد.
ئەوەی کە پێشهاتەکان بەو ئاراستەیە دەبن، قبوڵکردنێکی گشتی بەدەستهێنا. پراکتیکی زۆرێک لە وڵاتانیش شایەتحاڵی پێشکەوتنی گرنگ بوون کە ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە. هەژانەکانی ئەو گۆڕانکارییەی کە جیهانی ئەمڕۆ هێشتا ئەزموونی دەکات هەر لەسەر ئەم بنەمایە، ئاشکرایە کە دەرفەتی گەشەسەندن لە بەرژەوەندیی ئەو وڵات، ڕێکخراو و تاکانە دەبێت کە بە بەرفراوانترین شێوە ئەم جۆرە پێشهاتانە لەنێو خۆیاندا ئەزموون دەکەن. لە تورکیای ساڵانی نەوەدەکانیشدا ئاشکرا بوو کە هەم ڕاستییە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، و کلتووری-سیاسییەکانی خۆی؛ و هەم جیهانی هەنووکەیی، بەتایبەتی ئەو پێشهاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، بە توندی کاریگەرییان لێ دەکات. لەگەڵ خوڵقاندنی کۆمارێک لە پاشماوەکانی ئیمپراتۆریەتێک، هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکیی سەردەمی ئەتاتورک دەرفەتی نەدا کە گەشەسەندن بەرەو ئاراستەی دیموکراتیک وەک زمانی چارەسەری کێشەکان بەکاربێت. قۆناغێکی دەسەڵاتخوازی (otoriter) حاشاهەڵنەگر ئەزموون کرا. هەلومەرجی جەنگی جیهانیی دووەم، بەهۆی نیگەرانیی ئەمنییەوە بووە هۆی زیاتر داخران بەڕووی ناوخۆدا. لەبەر ئەوەی قۆناغەکە زیاتر بە سەرکەوتنی دیموکراسی بەسەر فاشیزمدا کۆتایی هات، بەهۆی ئەو کاریگەرییەی لە دەرەوە هەبوو؛ هەرچەندە هەوڵی دیموکراتیزەکردن لە سەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکە درا، بەڵام نەیتوانی بەپێی پێویست ڕەنگدانەوەی هەبێت لە پێکهاتەی دەوڵەت و کۆمەڵگا و لە یاسادا. گەشەسەندنەکە زیاتر خەسڵەتێکی قۆرخکارانەی (oligarşik) هەبوو. ئەم جۆرە پێشکەوتنانەی دەسەڵاتی قۆرخکار (oligarşi) کە فەلسەفەی دامەزراندن و هاوسەنگییەکانی کۆماریان لەبەرچاو نەگرت، بەهۆی دەستتێوەردانی سەربازیی 27ی ئایارەوە بوونە هۆی قۆناغێکی نوێ. ئەم پرۆسەیە بە کودەتاکانی 12ی ئاداری 1971 و 12ی ئەیلولی 1980 قووڵتر بووەوە و بەردەوام بوو. بووە هۆی قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە تا دەهات زیاتر دەبوو. سەرەڕای داڕشتنی دەستووری نوێ، دوورکەوتنەوەی زیاتری دەوڵەت لە خەسڵەتی یاساییبوون، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕژێمە سەرەڕۆکان. هەوڵ درا کۆمەڵگا بەڕێوەببرێت نەک بەپێی یاسا (بەتایبەتی بنەماکانی یاسای دیموکراتیک)، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندی و یاساکانی ئەو لایەنەی کە هێز و دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو. زیاتر و زیاتر لە هاوسەنگی و پێکهاتەی سەرەتایی کۆمار دوورکەوتنەوە. گەندەڵی لە ڕژێمدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بوو. پێشهاتانێک سەریان هەڵدا کە لەودیو سەردەمی دڕندانەی سەرمایەداریشەوە بە هیچ سیستمێک لێک نەدەدرانەوە و هەموو لایەکیان تەنی. هەموو کەسێک هەوڵی دەدا فریای خۆی بکەوێت و ڕۆڵی "ئەو کاپتنەی کەشتییەکەی خۆی ڕزگار دەکات"ی دەبینی. داماڵینی بەها بنەڕەتییە ئەخلاقی و یاساییەکان گەیشتە ڕەهەندێکی پێشکەوتووتر.
کودەتاکان، لەبری چارەسەر، قەیرانەکانیان قووڵتر کردەوە. ئەو دەستوورانەی داڕێژران، ڕۆڵێکی وایان گێڕا کە وەک ئەوە وابوو کۆمەڵگا لە کفن بپێچن. دۆخی توندوتیژیی ڕاست-چەپ، کێشەکانی هێندەی تر ئاڵۆز و بێ‌چارەسەر کرد. بێگومان ئەم دۆخانە ناتوانرێت وەک پێشهاتی هەنووکەیی لەخۆوە هەڵبسەنگێنرێن. لەپاڵ بنەمای مێژووییدا، وەڵامنەدانەوەی ئەرێنی بۆ سەردەمەکە و بەرژەوەندیخوازیی تەسک، زەمینەی گەشەکردنی بۆ دەسەڵاتێکی قۆرخکار (oligarşi) ڕەخساند کە لە زۆر کۆمەڵگای هاوشێوەدا دەبینرێت. هەرچەندە شایستەی ئەوە نەبوو، بەڵام ئەمە ئەزموون کرا. تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکاندا، بە کاریگەریی دیموکراتیزەکردن لە جیهاندا، دەستی کرد بە گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر ئەم دۆخە. گفتوگۆکە بەرفراوان بوو. نیەتی هەندێک هەنگاوی دیموکراتیک هەبوو. ڕێک لەم خاڵەدا لەبەر ئەوەی شەڕی کەم-چڕی بە پێشەنگایەتیی پەکەکە چارەسەر نەکرا، نەک هەر ئەم هەنگاوانەی پێشبینی کرابوون نەنران، بەڵکو دەوڵەتی هێندەی تر خستە دۆخێکی ئاڵۆزەوە؛ و ڕووبەڕووی مەترسیی مافیابوونی (چەتەگەری) کردەوە کە ئێستاش بە چڕی ئەزموون دەکرێت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. لە کاتێکدا بنبەستبوونی توندوتیژی، بووە هۆی سەرهەڵدانی گەورەترین زنجیرە تاوانی بکوژی نادیار لە مێژووی تورکیادا و بەرەوپێشچوونی نەرێنیی وەک جێهێشتنی یاسا بۆ بەزەیی چەتەکان، مەترسیی دەرچوونی دەوڵەتیش لە ڕێڕەوی خۆی ئاشکرا بوو. لەناو پەکەکەشدا پێشهاتی هاوشێوە لە ئارادابوو.
ئەم دۆخەی کە هەوڵم دا بە هێڵە گشتییەکان بیخەمەڕوو، سەبارەت بە قۆناغی سەرهەڵدانی پەکەکە تا ساڵانی نەوەدەکان و قۆناغی دواتریشی، هۆکارێکی گرنگی گۆڕانکاری بوو. "ئەزموونی ئاگربەستی 1993" و ئەو تێکۆشانەی کە پەکەکە لە ناوخۆیدا چڕی کردەوە، هێندەی ئەوەی بۆ ڕێگریکردن بوو لەم پرۆسە مەترسیدارە، هێندەش هەڵگری نیگەرانیی تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی پێشهاتە نوێیەکانی جیهان و تورکیا بوو. هەرچەندە زۆر قووڵ و زاڵیش نەبووبێت، بەڵام هەوڵەکانم بەم ئاراستەیەدا زۆر ئاشکرا و گرنگن. ئەگەرچی لەو سەردەمەدا نەبووە هۆی ئەنجامی خوازراو، بەڵام هەوڵم دا لە بەرامبەر ئەو پێشهاتانەی بەم ئاراستەیەدا دەرکەوتن، هەستیارتر و ئەرێنیتر بم. لەم ساڵانەدا، هەروەک لە پارێزنامەکەشمدا ئاماژەم پێکردووە، پەیامی گرنگ لە ئارادابوون کە سەرۆک کۆمار، سەرۆکایەتی وەزیران و سوپاسالار، هەر یەکەیان بەپێی ئەرکەکانی خۆیان، ئەگەر بە ناڕاستەوخۆش بووبێت، ڕەنگیان دەدایەوە. لە بەرامبەر ئەم پەیامانەدا، دوو جار دەستپێشخەریم کرد بۆ ئەزموونکردنی ئاگربەستی یەکلایەنە. بێگومان ئەو هۆکارە بنەڕەتییانەی لە پشت ئەم هەڵوێستەمەوە بوون، هێندەی پێشهاتەکانی جیهان و تورکیا، بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە پرۆگرامی کۆن و پێکهاتەی چالاکییەکانی پەکەکە ئیتر قفڵ ببوون و هێندە قووڵ ببوونەوە کە دەبوونە هۆی بێ‌چارەسەری، و بەهۆی ئەوەی نەیاندەتوانی توانای چارەسەری نیشان بدەن، پێویستی بە تێگەیشتن و شێوازی نوێ هەبوو. ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەریی ئەمە زیاتر هەستی پێدەکرا. کاتێک لە دەرەوە بووم، هەرچەندە لایەنی کۆنترۆڵ و چاودێری قورسایی هەبوو، بەڵام لە ساڵانی 1996ەوە هەوڵم دا بە شیکردنەوەی چڕ لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا، وەڵامی ئەو بەشە بدەمەوە کە لە کۆنسێپتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی (MGK)دا بەر من دەکەوت. هەوڵم دا ڕێکخراوەکە بەم ئاراستەیە ئامادە بکەم. چونکە هەڵکشانی بەرامبەر، چارەسەر لەولاوە بوەستێت، بنبەستبوونی قووڵتر دەکردەوە و ئازار و زیانەکانی دەگەیاندە ئاستێکی لەبەرگەگرتن نەهاتوو. کاتێک لە سوریا دەرچووم، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەوروپا لەبری شاخ، ئەو نیەتەم بوو کە لە ڕێگەی دروستکردنی کەناڵێکی سیاسییەوە، بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو کۆتایی بە توندوتیژی بهێنم. لە ڕێگەی هەندێک کەسەوە هەوڵم دا کەناڵەکانی پەیامگەیاندن کارا بکەم. ڕادەستکردنیشم لەم هەلومەرجەدا بوو. کاتێکیش لە ناوەوە بووم، لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئیمڕاڵیدا ئەمەم بە ئاشکرا خستەڕوو. هەوڵم دا پارێزنامەکەم وەک مانیفێستێک پێشکەش بکەم بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەمێکی توندوتیژی و گۆڕانکاریی ڕیشەیی کێشەکان، کە هەروەک چۆن لەسەر ئاستی جیهان وایە، لە تورکیاشدا تەنها بە گۆڕانکارییەکی گشتگیری دیموکراتیک دەکرێت و کێشەی کوردیش وەک بەشێک لەم گۆڕانکارییە دەتوانێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
بەو وەڵامە ئەرێنییانەی کە لەلایەن ناوەندی پەکەکەوە دران بە بانگەوازەکانم لە دانیشتنەکانی دادگادا بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانی چەکداری، دابەزینێکی بەرچاو لە ڕووداوەکاندا بینرا. بە بەشداریکردنی ڕێکخراوەکە لە بانگەوازی 1ی ئەیلولم بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری؛ هەم کێشانەوەی هێزەکان بۆ دەرەوەی سنوور ڕوویدا و هەمیش لە چالاکییەکاندا، هەروەک چۆن لە دەستنیشانکردنەکانی سوپاسالاریشدا باس کراوە، سەدا نەوەد کەمبوونەوە ڕوویدا. ئەم پێشهاتانە بەم ئاراستەیە کە ساڵانێک بوو هەم لە بڕیاری ستراتیژی و هەم لە جێبەجێکردندا داوا دەکرا، بوونە هۆی کاریگەریی ئەرێنیش لەسەر ڕای گشتی. ئەم پێشهاتانە لەگەڵ خۆیاندا گفتوگۆی چڕیان سەبارەت بە هەنگاوە دیموکراتیکەکان هێنایە ئاراوە. بێگومان لەم جۆرە گفتوگۆیانەدا، ئەو وتارە مێژووییەی کە سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە لە کردنەوەی ساڵی نوێی دادوەریدا پێشکەشی کرد، هێندە گرنگ بوو کە ڕۆڵی بەردی بناغەی قۆناغێک دەگێڕێت.
دەبێت لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتانەدا بچینە سەر دانیشتن و بڕیاری کۆتایی لە دادگای پێداچوونەوە (Yargıtay). بڕیارەکە هەرچییەک بێت؛ ئاشکرایە کە لە چوونەناوەوەی تورکیا بۆ ساڵی 2000، دەبێتە هۆی پێشهاتی گرنگ. وەستان لەسەری بە گرنگییەوە و نیشاندانی نزیکبوونەوەیەک لەودیو یاسای سزایی و یاسای تەسکەوە، هێندەی نزیکبوونەوەیەکی دروست لە ڕابردووی تورکیا، ڕۆڵێکی گەورەش لە ڕۆشنکردنەوەی داهاتوودا دەگێڕێت. بەتایبەتی ئەو نزیکبوونەوانەی کە هاوشێوەی دووبارەبوونەوەی پرۆسەکانی ڕاپەڕینە کلاسیکییەکانن، دەبنە هۆی ڕاپەڕینی هاوشێوە، لە کاتێکدا نزیکبوونەوەی زانستی و شیکاری، دەتوانێت ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا وەک دوایین ڕاپەڕین لە جێگەی خۆیدا لە مێژوودا بهێڵێتەوە. ئەم کەیسە، دەرئەنجامی بێبەشبوونی کۆمارە لە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ئازاد.
تورکیا پێکهاتەی کۆمەڵگا و دەوڵەتی هەنووکەیی خۆی، لەوانەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا، بخاتە ژێر ڕەخنەیەکی چڕەوە. ئەم ڕەخنانە هێندەی لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتەوە دێن، لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیاشەوە دێن، و گەڕان بەدوای چارەسەری ڕیشەیی حاشاهەڵنەگر دەکەن. تێنەگەیشتن لە پەیوەندییەکانی سەردەم بە پێوەرە دیموکراتییە گەردوونییەکان، پێناسەکردنی داپۆشینی کێشە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتییەکان بە تێگەیشتنی ڕزگارکردنی دۆخی ڕۆژانە وەک سیاسەتێکی ژیرانە، و لەم ڕووەوە ئەوەی کە تازە دێت وا بکات خەڵک خۆزگە بەوەی پێشوو بخوازێت، تایبەتمەندییەکی تیپیکی سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی دووەمە. دامەزراندنی کۆمار، پێویستییەکی مێژوویی و هەنگاوێکی پێشکەوتوو بوو. ڕەچاوکردنی بەردەوامی پشتبەستن بە بنەما زانستییەکان، ڕاست بوو. بۆ ئەمەش چاکسازییەکانی ژێرخان و سەرخان ڕێخۆشکەر بوون. ئاراستەی خوڵقاندنی تاکی ئازاد و کۆمەڵگا، دەیتوانی گەشەسەندن بەرەو دیموکراسی نیشان بدات. بەڵام هاتنی جەنگێکی نوێی جیهانی و دژایەتییە توندەکانی جەمسەرە شەڕەنگێزەکان، زیاتر هێنانەپێشەوەی ئاسایشی کردە پێشینە، و دوورکەوتنەوەی لە پێکهاتەی کۆمەڵگا و دەوڵەت لەگەڵ خۆیدا هێنا. کۆماری دەسەڵاتخواز (otoriter) خۆی حاشاهەڵنەگر دەکرد. دوای جەنگ، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دیموکراسی هەبوو. ئەم دەرفەتە، زیاتر لەلایەن بازرگانان و خاوەن زەوییەکانەوە بۆ سەپاندنی قورساییان بەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتی قۆرخکاریدا (oligarşi) وەک هەلێک بەکارهێنرا. هەنگاوێک بوو بەرەو دواوە. چینی ناوەڕاست و کەرتەکانی پیشەسازیی نیشتمانی کە بە هیچ شێوەیەک گەشەیان نەدەکرد، و هەروەها لاوازیی هەنووکەیی چینی کرێکار لەگەڵ ئەم چینەدا، بڕبڕەی پشتی کۆمەڵایەتیی دیموکراتیزەبوونیان لاواز و شێواو دەکرد. ئەم چینانە کە دەبوایە زۆرترین خاوەندارێتی لە دامەزراوەییبوونی دیموکراتیک بکەن و گەشەی پێبدەن، نەیانتوانی لەوە ڕزگاریان بێت کە ببنە پاشکۆی ئەو قۆرخکارییەی (oligarşi) کە لە گەشەکردندایە. ئەو ململانێیەی کە دەکرا، جگە لە قووڵبوونەوەی ئاژاوە، نەدەبووە هۆی هیچ پێشکەوتنێکی بنەڕەتیی تر. دەستێوەردانەکانی سوپا ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەدەگێڕا جگە لە ڕێگریکردن لە لێکهەڵوەشانی یەکجاری و توندکردنەوەی زیاتری کۆنتڕۆڵ. زۆرێک لە پرۆژە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کاغەز دەمانەوە، بەرژەوەندیخوازە ڕۆژانەییەکان ئەم ژینگەیە ئیدیالەیان بۆ خۆیان قۆستەوە، و لە پێشبڕکێیەکدا بۆ زیاتر تاڵانکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگا، تاڵانکارییان کردە سیاسەت. ئەم پرۆسەیە ئیتر پرۆسەیەکە کە تێیدا باسکردن لە بەها بنەڕەتییەکانی یاسا بێ‌مانا بووە.
ئێستا ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ڕیشەیی دادگایی دەکرێت. دوایین بومەلەرزەی مەڕمەڕە و ئەو ڕاستییەی کە شەڕێکی کەم-چڕی بۆ چەندین ساڵ خستوویەتەڕوو؛ بووە ئەو بڕیارە مێژووییەی کە "ئیتر دەبێت دەوڵەت بگۆڕێت". دامەزراوە هەرە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم بابەتانە زیاتر قووڵ دەکەنەوە و دەیخەنە ڕوو. کۆمەڵگای مەدەنی، بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا بە هێزی خۆی هەوڵ دەدات ڕۆڵی خۆی دیاری بکات. لێرەدا مایەپووچبوونی کۆمار لە ئارادا نییە، بەڵکو بەتایبەتی کارنەکردنی عەقڵیەت و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی 40-50 ساڵی ڕابردوو، و دەرنەچوونیان لە تاقیکردنەوەدا لە ئارادایە. بۆیە قووڵیی گفتوگۆکان و ڕیشەییبوونی گەڕان بەدوای چارەسەردا، ئەگەر بڕیارە دەرچە و چارەسەرێکی جددی بدۆزرێتەوە، مەرجە. عەقڵیەتی کۆن و نزیکبوونەوەی بەرژەوەندیخوازیی تەسک و کورتخایەن، دەبێت وەک گرنگترین مەترسییەکان سەیر بکرێن. ئیتر لێرەدا دەبێت بزانرێت کە جیاکاریکردنی ڕاست-چەپ، دەسەڵات-ئۆپۆزسیۆن، سەربازی-مەدەنی و خۆپاککردنەوە لە ڕێگەی تۆمەتبارکردنی ئەوانی ترەوە چەندە نادروستە، هێندەش بێ‌ئەنجامە، بە زانینی ئەمە دەبێت سەردەمەکە هەڵبسەنگێنرێت و دەرفەتەکانی چارەسەر بخرێنە ڕوو. دەبێت هەمووان ڕۆڵی خۆیان ببینن و هەوڵ بدەن پێگەی خۆیان لە پێکهاتەی نوێی دەوڵەت و کۆمەڵگای هاوچەرخدا بە دروستی دیاری بکەن. بەدوای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە و مێژووییدا دەگەڕێین. لێرەدا هەوڵی هەمووان هێندەی پێویستە، دەبێت بنیادنەریش بێت.
ڕووبەڕووی ئەوە بووینەتەوە کە ئەمە بەوپەڕی ڕوونییەوە بزانین، باوەڕ بە پێویستییەکەی بکەین و جێبەجێی بکەین. ماوەی 200 ساڵە بە واتای هاوچەرخ هەموو جۆرە ململانێیەکی چینایەتی، نەتەوەیی، ئایینی، و ئیتنیکی ئەزموون کراوە؛ کودەتا کراوە. دەسەڵاتەکان گۆڕاون. حکومەتەکان هاتنە کایەوە. بەڵام نەیانتوانی خۆیان لەوە ڕزگار بکەن کە ببنە هۆی ئەو دۆخەی ئەمڕۆمان کە بووەتە هۆی گلەیی و سکاڵای هەموو چین و توێژەکان. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت: گرێبەستە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکە واژۆ نەکراوە. هۆکاری بنەڕەتیی بێ‌ئەنجامی و لەناوبەریی ململانێکانی سەرخان دەبێت لێرەدا ببینرێت. زاڵبوونی لایەنێک و تەنانەت چەوساندنەوەی لایەنەکەی تر، نابێتە چارەسەر. بەپێچەوانەوە بێ‌هاوسەنگی و گونجانی کۆمەڵایەتی زیاتر تێکدەدات. ئەو کەموکوڕییە هەرە بنەڕەتییەی کە کۆمار ئەزموونی کردووە و شایستەی نییە، لێرەدایە. کۆمار لەوانەیە بووبێتە دەوڵەتێکی هاوچەرخ، بەڵام نەبووە خاوەنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی. نەیتوانی گەشەی پێبدات، تەنانەت نەشیتوانی بیبینێت. نزیک نەبووەوە لە تێگەیشتن لێی. پێویستە نەترسین لە بینینی ئەوەی کە ئەمە مەترسیدارترین کەموکوڕیمانە و دەبێت نەترسین لە چارەسەرکردنیشی. ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی کە نەکراوە، لە زۆر بۆاری بنەڕەتیدا خۆی نیشان دا و ئەمڕۆش نەک هەر لە ڕێگەی گلەیی و ڕەخنە، بەڵکو بە تێپەڕبوون بۆ کردار، خۆی دەسەلمێنێت؛ وەک ئەوەی بەتەواوی ڕابردوو پووچەڵ بکاتەوە.
لەوەوە بگرە کە ئازادیی بیروڕا و باوەڕ؛ تا دەگاتە شوناسە کلتوورییە بنەڕەتییەکان و چینەکانی کۆمەڵگا، ئاشکرایە کە سازان و ڕێککەوتن لەسەر بنەمای بەها یاساییە گەردوونییەکان دانەمەزراوە و لەم ڕووەوە کەموکوڕییەکی گەورە هەیە. بەپێچەوانەوە، ئایدۆلۆژیا و دامەزراوە فەرمییە سیاسی و یاساییەکانی ئێستا نەیانتوانی خۆیان لەو ڕزگار بکەن کە لەم پرۆسەی دادگاییکردنەدا نیشانی بدەن کە ئەوان لە پێگەی جدیترین ڕێگریدان. دۆخی پڕ لە زەبر و تێکشکانی کۆمەڵگا، لە ڕووداوە بنەڕەتییەکانی وەک بومەلەرزەشدا خۆی نیشان دەدات.
بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر، سوودێکی مێژوویی دەبینم لە کردنەوەی بابەتی ئەو کەیسەی کە دادگایی دەکرێم لەسەری. هەر ناوێک بنێین لەو واقیعەی کە دەیانەوێت وەک "کورد" دەنگی پێبدەن؛ سەرەتا لە نەتوانینی پێناسەکردنی زانستییانەیەوە بگرە، هەم هیچ ئەنجام و سوودوەرگرتنێک لەو نزیکبوونەوانەی سەردەمەکەمان بۆ کێشەکان نیشانی داوە نابینرێت، هەر بەردەوام سەرکوتکردن و نادیدەگرتنە؛ وە کاتێک کاردانەوەش بەرامبەر بەمە دروست دەبێت، بە کۆنترین لۆژیکی عەشایەری و سەرەتاییبوونی دەروونییەوە وەک گەورەترین مەترسی ڕایدەگەیەنن و پەلاماری دەدەن. بەو تێگەیشتنەی کە پێی وایە کێشەکە چارەسەر دەکات تا دەگاتە قەدەغەکردنی زمان، فەلسەفە، یاسا، سیاسەت، ئەخلاق و ئایین بەتەواوی دەخرێنە لایەکەوە؛ ئەوەی پێی دەڵێین چارەسەری فیزیکی واتا بنەماگرتنی پاکتاوکردن تا کۆتا کەسی بەرامبەر، دەبێتە تاکە شێواز لەبەردەستدا. ئەو دادگاییکردنانەی دواتر دەکرێن و ئەو سیاسەتانەی جێبەجێ دەکرێن چ مانایەک دەبەخشن؟ ئایا بۆ چارەسەری فیزیکی ئیتر پێویستی بە یاسا و سیاسەت ماوە؟ تەنانەت ئەگەر هەشبێت، ئایا هێندەی ئەو گەڵا مێوە بەهای دەبێت کە عەیبەکان دادەپۆشێت؟ ئایا لایەنی بەرامبەر دوای بینینی ئەم شێوازە بێبەزەییانەی چارەسەر، دەتوانێت خۆی بگرێت لەوەی کە سنوور بۆ کاردانەوەکانی دانەنێت؛ و لە ئەنجامدا نەبێتە ئەو جەمسەرە دژبەرەی کە بێ‌چارەسەری قووڵتر دەکاتەوە؟
لەم شێوە دەرکەوتنی کێشەکان بە شێوازی هاندان لە تورکیادا، وادەکات کە تەنانەت لە یاسای عورفیی سیستەمی عەشایەریش پاشکەوتووتر بێت. لە کاتێکدا بینراوە کە شێوازی چارەسەری دیموکراتیکی هاوچەرخ، تەنانەت لە سەدەی ڕابردوودا بە چەندین جێبەجێکردنی سەرکەوتووانە چارەسەری بۆ بەرفراوانترین کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش هێناوە. لە پارێزنامەکانمدا ئەمەم خستووەتەڕوو. لە وڵاتێکی ناوکیی ئەوروپای وەک سویسرا، سەرەڕای ئەوەی جیاوازی زمان، کلتوور و ئایینی چوار نەتەوەی بنەڕەتی بە بەرفراوانترین شێوە دەژی، توانیویەتی بەهێزترین پێکەوەژیانی دیموکراتیک بەدیبهێنێت. لە ئەفریقا؛ ئەزموونی باشووری ئەفریقا توانی جیاوازییە جۆراوجۆرەکانی ڕەگەز، زمان، ئایین و ئیتنیک، دوای تێکۆشانێکی درێژخایەن بە سەرکەوتنی سیستەمی دیموکراتیک بگەیەنێتە چارەسەر. لە ئاسیا؛ ڕووسیا بە فیدراسیۆنێکی پێشکەوتوو کێشە ئایینی، زمانەوانی و ئیتنیکییەکانی خۆی چارەسەر کرد. لە کیشوەری ئوسترالیا، نیووزلەندا و تەنانەت لە کیشوەری ئەمریکاش، خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ئەمریکا) کە سیستمێکی فیدراڵی جیهانییە و خەریکە لە هاوبەشیی نەتەوەکانی هەموو زمان و ئایینەکان پێکهاتووە؛ نموونەی سەرئاستی جیهانن بۆ ئەوەی کە بوون بە دەوڵەتێکی بەهێز، بە بەشداریکردن و پێکەوەژیانی ئازاد و یەکسانی پێشکەوتووترین جیاوازییەکانی بیرکردنەوە، باوەڕ و کلتوور بەدیدێت.
ئازادانە ژیانی جیاوازییەکان نەک هۆکاری لاوازی و دابەشبوون نییە؛ بەڵکو ئەوەی کە دەبێتە زەمینەی بەهێزبوون و دەوڵەمەندبوون، بووەتە تایبەتمەندییەکی باڵادەستی جیهانەکەمان.
لە مێژوودا، بە ئەزموونەکانی ڕژێمە فاشیست و تۆتالیتێرەکانی شۆڤێنیزمی ئایینی، نەتەوەیی و عەشیرەتی دەمارگیر، ڕوخساری نامرۆڤانەیان دەرکەوت و لە جەنگەکانی سەدەکەماندا مایەپووچبوونیان یەکلایی بووەتەوە. بەپێچەوانەوە، تایبەتمەندییە دەوڵەمەند و شیکارییەکەی سیستەمی دیموکراتیک سەرکەوتنی خۆی لەسەر ئاستی جیهان سەلماندووە. حاشاهەڵنەگرە کە شارستانیەتی هاوچەرخ، هەمان شارستانیەتی دیموکراتیکە.
کاتێک واقیعی هەنووکەیی تورکیا لەگەڵ مێژووەکەی بەراورد دەکەین، دەردەکەوێت کە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا لە زۆر ڕووەوە پاشەکشەی کردووە و خۆی مەحکوم کردووە بە بێ‌چارەسەری. لێرەدا ئامانجمان بەراوردکردنی کۆمار نییە لەگەڵ ئیمپراتۆریەت لە ڕووی پێشکەوتنخوازییەوە. بەڵام دەبێت زۆر بەباشی ئەوە ببینرێت کە چەمکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی چەندە گرنگە، و دەوڵەت چەندە بەهێزیش بێت، ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی حاشاهەڵنەگرە. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە میدیاکانیشدا بڵاوبووەوە کە بەڕێز بولەنت ئەجەڤیت سەرۆک وەزیران وەک دیاری لەگەڵ خۆی بردی بۆ ئەمریکا؛ پێشکەشکردنی فەرمانەکەی سوڵتان محەمەدی فاتیح بوو کە نیشانی دەدات چەندە گرنگی بە ئازادیی گەلان داوە لە ژیانی ئایینی و کلتوورییاندا لەو ناوچانەی باڵکان کە بە شەڕ بەدەستی هێنابوون، ئەمەش لە کرۆکدا هەمان ئەو تێگەیشتنەیە کە ئەمڕۆ بەدوایدا دەگەڕێین. لەوەی کە عوسمانی لە نێوان ئەم هەموو گەل، ئایین، زمان، عەشیرەت و نەژادە جیاوازانەدا بووە درێژخایەنترین ئیمپراتۆریەت لە ژیاندا، بوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی پتەو کە ئەمڕۆش دەتوانرێت وەک نموونە سەیر بکرێت لە فەلسەفەی کۆمەڵگاکەیدا، پێگەیەکی یەکلاکەرەوەی هەیە. تواندنەوەی زۆرەملێ (asimilasyon) بوونی نییە. هۆکاری بنەڕەتی مانەوەیان بۆ ماوەیەکی درێژ، پاراستنی جیاوازییەکانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بووە لە ناوەوە و دەرەوەی خۆیان، کە لەسەر بنەمای زۆرەملێ نەبووە بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازاد بووە.
کۆمار وەک دەوڵەتێکی هاوچەرخ دامەزراوە. لە ڕووی دامەزراوەییەوە ئەو هۆکارانەی تێپەڕاندووە کە ئیمپراتۆریەتیان بەرەو ڕووخان برد. ئەوەی کە نەیتوانی هەمان سەرکەوتن لە بواری کۆمەڵایەتیدا نیشان بدات، بەتایبەتی تایبەتمەندییە هەڵخەڵەتێنەرەکانی 40-50 ساڵی ڕابردوو خەریکە دەبێتە شتێکی دیالەکتیکی. دیالەکتیکی پشێوی (kaos). هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بۆ ماوەیەکی وا درێژ بەم دیالەکتیکی پشێوییە بە ئاسایی بژی. ئەمە بە واتای ڕژێمێکی شێتکەر دێت. ڕژێمەکانی لەم جۆرە ناتوانن سیستەمی سیاسی و یاساییشیان هەبێت. دەرکردنی یاسا لە پێکهاتەی دەوڵەت و کۆمەڵگا بە تێپەڕبوونی کات، پەیوەندییەکی توندی بەم ڕاستییەوە هەیە.
کاتێک هەوڵ دەدەین لەو چینەی کۆمەڵگا تێبگەین کە بەرچەڵەک کوردن وەک بابەتی ئەم کەیسەی ئەمڕۆ دادگایی دەکرێم لەسەری، ئەگەر بێ بەراوردکردن لەگەڵ ئەم ڕاستییە تاڵانە بچینە سەر بڕیارێک، لەبەر ئەم هۆکارانە دەبێتە هەڵە و هەڵەیەکى کوشندە. مەبەستم ئەم ڕاستییانەیە.
تێگەیشتن لە بابەتی ئەم کەیسەی ئەمڕۆ دادگاییم لەسەری دەکرێت لە ژێر ڕۆشنایی ڕاستییەکاندا گرنگییەکی گەورەی هەیە. ڕاستییەکە کە کۆمەڵگای بەڕەچەڵەک کورد کە تۆمەتبار دەکرێین بە جیاکردنەوەی لە کۆمار، ناچار کراوە لەناو تەوقی ئینکارکردنێکی کۆمەڵایەتیدا بژی کە تەنانەت لە سەردەمی عوسمانیش پاشکەوتووترە. جارێکی تر جەخت دەکەمەوە، لە پرۆسەی دامەزراندنی کۆماردا بە فەرمی دان بەوەدا نراوە کە کورد ئەندامێکی بنەڕەتیی دامەزرێنەرە. لانیکەم ڕاستییەکەی قبوڵ کراوە. ئەو کێشانەی ئەو چینەی کۆمەڵگا کە پێشەنگایەتی ڕاپەڕینەکانیان کرد و لەگەڵ کۆمار تووشی ناکۆکی بوون، جێگەی تێگەیشتنن. بەڵام دوای سەردەمی ئەتاتورک، بەتایبەتی کاتێک دۆخەکە ئاسایی بووەوە و هیچ مەترسییەکی جددی بۆ سەر کۆمار نەما، ئەوەی کە لەبری چوونە پێشەوە پەنا ببرێتە بەر ئینکارکردنێک کە لە پێگەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی عوسمانیش پاشکەوتووترە، وە گەیاندنی ئەمە بە قەدەغەکردنی زمان و جێکردنەوەی لە دەستووریشدا، ڕەوایەتیی کۆمەڵایەتی لەناو دەبات و پێویستیی ئەخلاقی و سیاسیی (ئەگەر یاساییش نەبێت) هەر جۆرە ڕاپەڕینێک دەهێنێتە ئاراوە. بینینی ئەم ڕاستییە لە بنەڕەتی ئەو ڕووداوەی کە بەهۆی پێشەنگایەتیکردنیەوە دادگایی دەکرێم، ئەگەر بۆ کەسایەتیی منیش نەبێت، لانیکەم بۆ تێگەیشتنی دروست لە ڕابردووی نزیک و دروستکردنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و دەستووری داهاتوو بە شێوەیەکی دروست، گرنگییەکی چارەنووسساز و ژیانیی هەیە.
لە ئێستادا حاشاهەڵنەگرە کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ لەسەر بنەما زانستییەکان ڕێکبخرێت بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ناو پێکهاتەی نەتەوەیی تورکیا (کە وشەی 'تورک' بۆی تەسکە) کە زۆرینەیان لە ڕەچەڵەکی تورک پێکدێن و لە سەروویانەوە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کورد. پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکەی دامەزراندنی کۆمار و ئەو پشێوییەی (kaos) دواتر گەشەی کرد. چەندە پابەند و ڕێزدار بین بۆ یەکەمیان؛ هێندەش پێویست و دروستە کە تێپەڕاندنی دووەمیان وەک پێداویستییەکی ئەم پابەندبوون و ڕێزگرتنە بزانین.
لە واقیعی ئەم دادگاییکردنەدا هەندێک خاڵ بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و لە ڕووی مێژووییەوە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن هاتنە پێشمان. یەکەم خاڵ، بەکەمزانینی پشکی کوردە لە دامەزراندندا. ئەگەر ئەم پشکە لە دامەزراندنی کۆماردا بە کەم سەیر بکرێت، وە مافە هاوچەرخەکانی ئەم ڕاستییە گەلییەی کە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگوێ بخرێت، و هەوڵی تواندنەوەی زۆرەملێ بدرێت، ئەوا بەمە ناتوانرێت سیستمێکی سیاسی و یاسایی تەندروست دابمەزرێت، تەنانەت ئەگەر دابمەزرێتیش ناتوانرێت بەم سیاسەتانە بهێڵرێتەوە. بەڵام خاڵی دووەم ئەوەیە کە ڕاپەڕینێک لە دژی سیاسەت و نایەکسانیی مافەکان هەرچەندە ڕەواش بێت، ناتوانێت لەسەر بنەمای جیابوونەوەخوازی بگاتە سەرکەوتن. ئەو ڕاپەڕینانەی بەپێی پێویست ئەزموون کراون، ئەم ڕاستییەیان بە ئازار و زیانە گەورەکانیانەوە زیاتر لە پێویست سەلماندووە. هەروەها خاڵێکی تری بنەڕەتی کە تێگەیشتنی بۆ کراوە ئەوەیە؛ لە قۆناغەکانی نێوان ڕاپەڕینەکاندا، چ بە زۆرەملێ و چ بە شێوەی خۆبەخۆیی بچێتە دۆخی خەوتنەوە، ژیان بەو شێوەیە نابێتە چارەسەر و بە کەڵەکەبوونی زیاترەوە دەبێتە هۆی تەقینەوەی قورستر. ئەمە پاساوی سیاسیی ڕاپەڕینەکان دەردەخات.
مێژووی کۆمار لەم ڕووەوە تەنها بە بینینی کەموکوڕی و هەڵەکانی دەتوانێت بچێتە سەر ڕێگای ڕاست و بگاتە ئەو سەرکەوتنەی شایستەیەتی. بۆیە دەڵێم؛ نابێت ئەم دادگاییکردنە تەنها بە ماددە سزاییە تەسکەکانی یاسای فەرمی خۆی سنووردار بکات و پێی وابێت بڕیارێکی دادگاییکردنی ڕەوای داوە. ئەم تێڕوانینە وەڵامدەری کرۆکی کۆمار نابێت. ناتوانم خۆم بگرم لەوەی کە ئەمە وەک دروشمێک هەمیشە بخەمەڕوو: من لە دژی کرۆکی کۆمار نەجەنگاوم، بەڵکو لە دژی لادانە قۆرخکارییەکەی (oligarşik) جەنگاوم. ئەوەی کە نەمتوانیوە ئەمە وەک پێویست دەرببڕم، یان ئەو چالاکییەکانەی هەندێک لە چالاکوانان کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین لە قۆناغی ڕاپەڕیندا، ناتوانن ئەم لایەنەی واقیعی تێکۆشانەکەم لەناوبەرن. ئەگەر گشتیتری بکەمەوە؛ یۆتۆپیا و هەڵەکانی ناو پرۆگرام و چالاکییەکانی پێشەنگایەتیی پەکەکە، ناتوانن ئەم تایبەتمەندییە بنەڕەتییەی واقیعی من لەناوبەرن. جگە لەوەش، لە کێشەیەکدا کە قەبارەکەی هێندە گەورەیە و تێیدا بڕیار لەسەر سەرجەم چالاکییەکانی جەماوەرێکی ملیۆنی، چەندین تاکی بێ‌یاسا کە بەرهەمی بێ‌کلتوورین و خودی لایەنە شەڕکەرەکان دەدرێت؛ ئەم شێوازە موبالەغەئامێزەی دادگاییکردنم و خستنەپاڵی بەرپرسیارێتییەک بۆ سەر شانم کە زۆر لە زانستیبوون تێدەپەڕێت، مەحاڵە لەگەڵ بنەماکانی یاسای گەردوونی و فەلسەفەی بنەڕەتیی سیاسەت و ئەخلاقدا بگونجێنرێت.
مەترسیی جەنگی جیهانی دەرفەتی زۆری بە گۆڕانکاریی ناوخۆیی نەدەدا. لە پاڵ ئەم بابەتانەدا، دەوڵەت لەناو ئەو وێرانەیەی لە ئیمپراتۆریەتەوە مابووەوە، بە نوێکراوەیی هاتە دەرەوە. بەڵام بەگوێرەی ئەوە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ دانەمەزرا. لە کاتێکدا گەشەسەندنێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نوێ خەریک بوو زەمینە مادییەکەی بۆ ئەمە دەخوڵقاند، سازانی کۆمەڵایەتیی پشتئەستوور بە پێکهاتە دەرەبەگایەتییە (فیۆداڵییە) کۆنەکە، نەیدەتوانی ململانێ و کێشمەکێش لەگەڵ کۆمار تێپەڕێنێت. لە زۆر ڕووەوە لاواز بوو و بەهۆی بێ‌ئەزموونییەوە لە داهێنان بێبەش بوو. بەهۆی گەڕان بەدوای دۆخی پێشوو (statüko)، زەمینەی کۆمەڵایەتیی کۆمار ڕووبەڕووی کێشەگەلێک دەبووەوە کە تا دەهات قورستر دەبوون. ئەو ڕژێمە سیاسییانەی دادەمەزران، لەبری ئەوەی ڕۆڵی پردی پێویست لە نێوان ئەم دوو پێکهاتەیەدا بگێڕن، دەبوونە هۆی زیاتر کۆنەپەرستبوونیان. لە کاتێکدا بەشێک لە پێکهاتە سیاسییەکە سوودی لە کۆمار دەبینی، بەشەکەی تری بەرامبەریش قۆستنەوەی (ئیستغلال) بۆ ئەم کۆمەڵگا پڕ لە ناکۆکییە دەکرد. دیالەکتیکی گەندەڵبوون لە سیاسەتدا بەمشێوەیە گەشەی کرد. لە زۆرێک لەو کۆمەڵگایانەی جیهان کە پرۆسەی هاوچەرخبوونیان ئەزموون کترابوو، کێشەی هاوشێوە هەبوون. بەڵام هەندێک وڵات کە لە ئاستی پێشەنگایەتیدا بوون، بە بەرەوپێشبردنی پێوەرەکانی سیستەمی دیموکراتیک، توانییان ڕێگە بۆ چارەسەری سەرکەوتوو خۆش بکەن. دیموکراسی لەوانەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا بە شێوەیەکی بەرفراوان زمانی چارەسەری سەرکەوتووتری بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەدۆزییەوە. هێندەی شکستی نزیکبوونەوە باڵادەست و دەسەڵاتخوازەکانی (otoriter) کە لەسەر بنەمای توندوتیژی بوون، ئەو وێرانکاری و پاشکەوتووییانەش دەردەکەوتن کە دەبوونە هۆکاریان. لە بەراورد لەگەڵ دیموکراسیدا، ڕوون دەبووەوە کە باڵادەستی و سەرکەوتن بە کام سیستمدا تێدەپەڕێت. ئیتر ئاشکرا بووە کە کۆماری تورکیا درەنگ دەستی بە تێگەیشتن لەمە کردووە، و تەنها بە جێبەجێکردنی مەرجە ڕواڵەتییەکان بۆ مەبەستی خۆشیرینکردن لای ڕۆژئاوا، دیموکراتیزەبوون بەدینایەت. یاریکردنێکی فێڵبازانە بە چەمکە بنەڕەتییەکان، لەوانەیە وەستاکانی چەواشەکاری (demagoji) بخوڵقێنێت. بەڵام نەیتوانی ئەو پێشەنگە دیموکراتانە بخوڵقێنێت کە زۆر پێویست بوون. پەیوەندیی نێوان چەواشەکاری (demagoji) و ئەو دیموکراسییەی کە بەناویەوە دەجوڵێتەوە، بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین خیانەتەکان. کۆمەڵگای تورکیا، سەرباری ئەوەی شایستەی ئەم خیانەتە نەبوو، بەڵام ببووە ئەو کۆمەڵگایەی کە بە مەترسیدارترین شێوەکان ئەزموونی دەکات. ناوەڕۆکی هەر چەمکێکی باڵا بەتاڵ دەکرایەوە. باس لە پیرۆزکردنی کوێرانە و لەکەدارکردنی ئەو چەمکانە بوو کە مرۆڤایەتی سەدان ساڵ لەپێناویاندا تێکۆشاوە و بەتایبەتی بەرهەمی بیرکردنەوەی گەورەن. نەخۆشییەکانی ڕۆشنبیران قووڵتر دەبوونەوە. لە کاتێکدا ڕۆژئاوا بە ڕێنێسانس و ڕۆشنگەری دیموکراتیزە دەبوو، هەندێک دەرفەتی سنوورداری کۆماری تورکیا بەهۆی ئەم فێڵبازییە ڕۆشنبیری و سیاسییانەوە، لەناو قووڵایی بێ‌خلاقییەکی هزری و سیاسیدا مەلەی دەکرد کە ناوەڕۆکی بەتاڵە، بێ بیرکردنەوە قسە دەکات و نزیکی پێداویستییە پراکتیکییەکان ناکەوێتەوە. لە بەرامبەر ئەم پێداویستییەدا، یاسا نەیدەتوانی هێزێکی ڕێکخەری ئەوتۆی هەبێت. نەیاندەتوانی دەستوور و یاساکان لەوە ڕزگار بکەن کە ببنە ئەو دەقانەی لەسەر ڕەفەکان تا دەهات لەژێر تۆزدا دەخنکان. هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ دادوەری یەکێکە لە لاوازترین دامەزراوەکان، هەر ئەم پێکهاتانەیە. لە کاتێکدا پێناسەی ئەوە دەکرا کە دادوەری هێزی سێیەمە.
لەمڕۆماندا ژمارەدانان بۆ کۆمار و باسکردنی بەو شێوەیە بەهایەکی ئەوتۆی نییە. بەڵام دیموکراتیزەکردنی ناوەڕۆکەکەی هێندەی نان و ئاو پێویست و حاشاهەڵنەگرە. تێگەیشتن دروست بووە کە ئەگەر کۆمار دیموکراتیزە نەبێت، پێشکەوتن لەولاوە بوەستێت، تەنانەت ئەو پێکهاتەیەی کە بە زەحمەت دەیپارێزێت، بەم دۆخەی ئێستایەوە زۆر ناتوانێت بیپارێزێت. ئەم دۆخە سەرچاوەکەی لە لاوازیی دامەزراوەکان و کەمیی ئەزموونیانەوە نییە. هەروەها سەرچاوەکەی لە لاوازیی کادری سەربازی-مەدەنییەوە نییە. بەپێچەوانەوە ئەم لایەنانەی بەزیادەوە هەیە و بەهێزە. بێجگە لەوەش، لاوازیی بنەمای ئابووری و کۆمەڵایەتیش ئیتر لە ئارادا نییە. پێکهاتەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پێگەیشتوو دروست بووە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کۆمارێکی دیموکراتیکی پێشکەوتوودا. کەڵەکەبوونی کلتووری سەرەڕای هەموو گەندەڵی و شێواوییەکەی، پێویستە. دامەزراوەکانی پەروەردە و پەروەردەکاران بەزۆری لەبەردەستدان. هەرچەندە بێهێز و لە کرۆک بێبەش کرابێتیش، بەڵام سوپایەکی یاساییش هەیە.
بەڵام هەموو ئەم داتا و دراوانە، لەبری ڕزگاربوون لە ئەزموونكردنی قورسترین کێشەکانی مێژوو، نەیانتوانی خۆیان لەوە بپارێزن کە تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی ئیرادەی خۆشیان بێت، ببنە سەرچاوەی کێشەکە.
ئەو ڕاستییەی تورکیا کە لە پشت گفتوگۆ گەورەکەی دیموکراسییەوەیە، بە کورتی بەمشێوەیەیە. ئیتر بێ گۆڕینی ئەم گفتوگۆیە بۆ کۆدەنگییەک (konsensüs)، بۆ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، هەر هەنگاوێک کە بەرەو پێشەوە بنرێت، وەک ئەوەی تا ئێستا ڕوویداوە ناتوانرێت ڕێگری لە کاردانەوەی پێچەوانەی بکرێت. هەر ئەڵقەیەک کە بە ئەڵقە بنەڕەتییەکەوە نەبەسترێتەوە، بە بەتاڵی هەڵدەواسرێت. ئەو دەستوورە زۆرەملێیانەی کە هەوڵ دراوە جێگەی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەی کۆمار بگرنەوە کە لە سەردەمی ئەتاتورکەوە بە کەموکوڕی ماوەتەوە، نەک هەر نەتوانراوە جێبەجێ بکرێن، بەڵکو نەیانتوانیوە خۆیان لە زوو زوو هەڵوەشاندنەوە ڕزگار بکەن. لەو وڵاتانەی دیموکراسیی ڕاستەقینەیان تێدا جێبەجێ دەکرێت، ئەو گۆڕانکارییەی لە سەد ساڵدا دەکرێت، لێرە لە دە ساڵ جارێکدا ئەنجامدراوە، ئەویش نەتوانراوە ڕێگری لێ بکرێت کە لە ڕێگەی نایاساییەوە نەکرێت. هۆکارەکەی دیسانەوە هێندەی پەیوەندیی بە پشتنەبەستنە بە پاراستنی خۆبەخشانەی بیروڕا و باوەڕی ئازاد، هێندەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە بەرژەوەندی و کۆدەنگیی تەواوی ئەو چینانەی خاوەن واقیعی کۆمەڵایەتین، بە حاشاهەڵنەگر دەزانێت.
هۆکاری بنەڕەتی لە پشت ئەمەشەوە بریتییە لە پێکنەهاتنی واقیعی تاکی ئازاد و کۆمەڵگا بەپێی پێویست، و نەدانی دەرفەت بەمە. هەندێک ناوەندی بەرژەوەندیخواز لە قەبارەیەکدا گوزارشت لە خۆیان دەکەن کە شایستەی نین. لە کاتێکدا ئەم چینانە سوود لە سیستەم یان بێ‌سیستەمی دەبینن، بە نزیکبوونەوەی دژە-دیموکراتیک و نایاسایی مامەڵە لەگەڵ چینەکانی تر دەکەن، و گەیشتوونەتە هێزێکی قەدەغەکاری لەڕادەبەدەر. لە بنەڕەتدا یاسایەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بەدەست نەهاتووە. ئەوەی هەیە نەیتوانیوە خۆی ڕزگار بکات لە قۆستنەوە و بەکارهێنانی لەلایەن گرووپە بەرژەوەندیخوازە قۆرخکارەکانەوە (oligarşi).
لەم ڕووەوە ئەو یاسایەی دانی پێدانانرێت یان بێ‌یاسایی، لێخۆشبوونی نییە. ئەوەی دەیچێنیت ئەوە دەدووریتەوە. سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگا بەهۆی ئەم هۆکارە بنەڕەتییانەوە هەرچەندە بە شێواویش بێت، لە ڕاستیدا هەستاونەتە سەرپێ. کۆمەڵگا بە شێوازی خۆی دۆخێکی گشتیی ڕاپەڕین ئەزموون دەکات. لێرەدا بەرگری لە شەڕ و ململانێ ناکەم. شەڕ زیاتر لە پێویست کراوە. من دژی ئەوەم کە نەچوونەتە سەر هۆکارەکانی و وەڵامی ئامانجەکانی نەدراوەتەوە. ئەمڕۆ لەوانەیە بە شێوەیەکی بێوێنە کە لەگەڵ هیچ سەردەمێکدا بەراورد ناکرێت هەم قورسە؛ هەم لە ڕووی دەرفەتەکانیەوە، ئەم ململانێ گەورەیە هەمووان ناچار دەکات بچنە سەر هۆکارە ڕەواکانی کۆمەڵگا و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکەن. قۆناغی "ئەگەر چارەسەری نەکەیت، چارەسەر دەکرێیت (لەناودەچیت)"، هەمووان تا سەر ئێسقان ئەزموونی دەکەن.
ناوی ئەمە، تێپەڕینە بۆ مافی مێژوویی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، و بەدیهێنانی ئەم تێپەڕینەیە. ئەوەی ڕوودەدات، لەم ڕووەوە هەمووان و هەر دامەزراوەیەکی یاسایی و دژەیاسایی ناچار بە ڕەخنەگرتن لەخۆ دەکات. هیچ ڕێگەیەکی تری دەرچوون و ڕزگاری ناهێڵێتەوە.
ناوی تری گرێبەستی کۆمەڵایەتی بریتییە لە سیستەمی کۆمەڵگای دیموکراتیک، دامەزراندنی بە ژێرخان و سەرخانەکەیەوە، کرۆکی گفتوگۆ دەستوورییەکانیشە. هەندێک گۆڕانکاریی ماددەیی ڕواڵەتی، نەخۆشییەکە قورستر دەکەن. لە کاتی تێپەڕین بۆ گرێبەستی کۆمەڵایەتی، سەرەتا دەبێت تاکی ئازاد و کۆمەڵگاکەی بە بنەما بگیرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمە بەتەواویش بەدینەهاتبێت، دەبێت بەم گریمانەیە دەست پێبکەین.
دەبێت مافی ژیانی ئازادانەی بەهاکانی بیروڕا، باوەڕ و کلتوور بە تاکی ئازاد و چینەکانی کۆمەڵگا بدرێت بێ گوێدانە جیاوازییەکانی زمان، ئایین، ڕەگەز، نەتەوە، و ئیتنیک. ژمارە و دۆخی بوونیان لێرەدا بابەتی باس نییە، بەڵکو ئەو پرەنسیپەی لێرەدا پەیڕەو دەکرێت، یەکسانییە. گەورەترین هەڵەی بنەڕەتی کە لە ڕابردوودا کراوە، بەکارهێنانی زۆرەملێیانەی یەکێک لەم پۆلێنبەندییە بنەڕەتییانە بووە لە دژی ئەوەی تر. ئەم هەڵوێستە کرۆکی ڕژێمی سەرکوتکەر، تۆتالیتێر و فاشیستە. نەک بەناوی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە و نە چینایەتییەکانەوە، ناتوانرێت دەستتێوەردانی زۆر بکرێتە ناو جیاوازییەکانی بیروڕا، باوەڕ و ژیانی کلتوورییەوە کە دەبێت بە ئازادانە و یەکسان جێبەجێ بکرێن.
ئەگەر دەستتێوەردان بکرێت، ئەوا هەر لە سەرەتاوە گورزی بنەڕەتی لە سازانی دیموکراتیک دەدرێت. لێرەدا کەم یان زۆر، پێویست یان ناپێویست گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، بەڵکو باس لە پرەنسیپە. لەمەدا ململانێی دیموکراتیک لە باشترین دۆخیدایە بۆ کارکردن. ئازادی و لەگەڵیدا یەکسانی، کرۆکی ململانێی دادپەروەرانەیە. پێویستە ئەمە بە هەموو تاکێکی ئازاد و هەر جۆرە کۆمەڵگایەک کە دروستی دەکەن بدرێت. ئەگەر دامەزراندنی سیستەمی دیموکراتیک لەسەر ئەم کرۆکە بچێتە ناو ڕۆحی دەستوور و یاساکانەوە، ئەوا هێزی گەورەی داهێنەرانەی کۆمەڵگای دیموکراتیک دەردەکەوێت. دەبینرێت کە ئەگەر جیاوازییەکانی بیروڕا، باوەڕ و کلتوور بە زامنیی یاسایی بخرێنە ناو ململانێوە، سامانێکی کۆمەڵایەتیی مەزن دێتە ئاراوە.
لێرەدا هەر شتێک سوودبەخش و بەنرخ بێت مانای خۆی دەدۆزێتەوە، دەزانێت کە لە کۆمەڵگای وەربگرێت و بەزیادەوە پێی بداتەوە. ئەوەشی بێ‌بەها و زیانبەخشە، ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات لە دۆزینەوەی ئەو جێگەیەی شایستەیەتی. لێرەدا لەبەر ئەوەی هەموو شتێک هۆشیارانەیە و لەژێر زامنیی یاساکاندایە، پەنا بۆ باوکایەتیی دەوڵەت و خودای ئایینەکان نابرێت. هەروەها پشت بە پارە و هێزیش نابەسترێت. لێرەدا یاسا سەرچاوە ڕاستەقینەکەی پێکدەهێنێت و بە دادپەروەرانەترین شێوە دابەشی دەکات.
ئەم هێزە بێوێنەیەی دەستوور و یاسا دیموکراتیکەکان، هێزی بنەڕەتی و جێگەی شانازیی کۆمەڵگایەکە. تیایدا جێگە بۆ ستەمکار و فێڵبازەکان نییە، هەروەها جێگە بۆ ناوەندەکانی هێزی ناهەقیش نییە. جێگە بۆ چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی؛ یان فشاری ئایینی و ئیتنیکی نییە. هەموو شتێک و هەموو کەسێک بە شێوەیەکی برایانە و دادپەروەرانە بەشدار دەبن و دەژین. "وەک دارێکی تاقانە ئازاد و وەک دارستانێکیش برایانە!"
من لە تورکیایەکی وەهادا لەدایک نەبووم. ساڵانێکی زۆر پەشیمان بووم لەوەی "بۆچی وەک تورکێکی شارنشین لەدایک نەبووم"، ئەمە ژەهرێک بوو کە دژە-دیموکراسییەکی مەترسیدار بڵاوی دەکردەوە. تۆوی هەموو جۆرە ڕاپەڕینێکی لەخۆدا هەڵگرتبوو. مرۆڤەکان لە هەر کەسێک و بە هەر شێوەیەک لەدایک ببن، نابێت پەشیمان بکرێنەوە لەوە. ئەگەر سیستمێک بووبێتە هۆی ئەمە، ئەوا گەورەترین تاوانبار ئەو سیستمەیە. چونکە بەردەوام ڕاپەڕیوان دەخوڵقێنێت و ئەوەش ئازار و مەرگ دەهێنێت. بۆیە ئەو وانە بنەڕەتییەی لە کۆتایی ڕاپەڕینێکی گەورەدا فێری بووم؛ خواستنی سیستمێک بوو کە نەبێتە هۆی ڕاپەڕینەکان. ئەمەم وەک بەهادارترین کەرەستە یان مانای سەردەمەکەمان لە پێوەرەکانی سیستەمی دیموکراتیکدا دۆزییەوە. جا سەرکەوتن بێت یان شکست، هیچ ڕاپەڕینێک و هەموو ڕاپەڕینەکان ناتوانن جێگەی هیچ چالاکییەکی دیموکراتیک بگرنەوە. هەروەک چۆن دەرفەتێکی سنوورداری چارەسەری دیموکراتیک پێشخراوە لە سەرکەوتووترین ڕاپەڕین؛ بە هەمان شێوەش کەمترین سیستەمی دیموکراتیکیش دەبێت پێشخراو بێت بەسەر جێگیرترین سیستەمە دەسەڵاتخوازەکاندا (otoriter). تێکۆشان ئەمەی فێرکردین. فێری هەمووانی دەکات. فێری هەموو دامەزراوەکان و دەوڵەتیش دەکات.
بە وتەی سەرۆک کۆمار کە بەناویەوە دادگایی دەکرێم "ئەمە دوایین ڕاپەڕینی کوردە"، لە ڕاستیدا ڕاپەڕینێکە لە دژی سیستەمی تورکیا کە تەنانەت ناتوانێت وەڵامی پێداویستییە سنووردارەکانی دیموکراسیش بداتەوە. باسی ڕاپەڕینێکی زۆر بێبەزەییانە دەکات کە زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە.
قەدەغەکردنی زمان کە هێمای سەرکوتکردنی بێسنوورە و تەنانەت بەرامبەر بە ئاژەڵانیش جێبەجێ ناکرێت، و لەوانەیە لە مێژوودا نموونەی نەبووبێت (چونکە تەنانەت ئەیسۆپیش زمانێکی کۆیلەی هەبوو و بێ شەرمانە قسەی دەکرد)، دەیخەیتە ناو کرۆکی تەواوی سیستەمی یاساییەوە و دواتر چاوەڕێ دەکەیت هاووڵاتی هەستێت و ملکەچی سیستمەکە بێت. ئەمە نائاساییبوونێکی گەورەیە. نائاساییبوونی ئەم ڕاپەڕینەی کوردیش لەبەر ئەم هۆکارەیە. هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە تێپەڕاندنی هەردوو نائاساییبوونەکە. کوردێک کە نە خۆی دەتوانێت بژی و نە بەهۆی بێ‌پەروەردەییەوە دەتوانێت وەک تورک، عەرەب یان عەجەمێک بژی؛ سەرچاوەی کێشەیەکی گەورەیە. مردن و کوشتنیشی هیچ چارەسەرێک ناهێنێت. ئەمە تراژیدیایەکی مرۆڤایەتییە. من باوەڕم وانییە کۆمار دژی کورد بێت. کۆمار لەوانەیە بۆ کوردێک زیاتر لە تورکێک نیعمەتێک بێت. لەبەر ئەوەی ئەمە زۆر باش دەزانن، دەسەڵاتدارانی خۆیان ڕێگرییان لە پەروەردەی زمانی تورکیش کردووە و نەیانویستووە. مەحکومکردنیان بە دواکەوتووییەکی دوولایەنە، بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان گونجاوتر بووە. فێربوونی زمانی تورکی یان هەر زمانێکی تر لەلایەن ئەم کوردەوە، دەوڵەمەندییە. بوون بە هاووڵاتیی کۆمار وەک تاکێکی ئازاد، جێگەی شانازییە. ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر ناکرێت. بەپێچەوانەوە دەوترێت بۆچی سیستەم، دیموکراسی و دەستووری ئەم دەوڵەمەندییە دانەمەزرا. ئەگەر ئەمانە هەبوونایە، ئایا پەکەکە دروست دەبوو؟ ئایا ڕاپەڕین دەبوو؟ ئایا ئاپۆ دەبوو؟
لە پارێزنامەکەمدا ڕوونکردنەوەی زانستیم بۆ بنەمای ڕەوای ئەم ڕاپەڕینە کردووە. هەڵە و کەموکوڕییەکانیشم خستووەتەڕوو. ئەوە ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە کە زۆرجار تێبینی دەکرێت هەر سیستمێکی نوێ بەرهەمی ئەو ململانێیانەیە کە سیستەمی پێشوو ئەزموونی کردووە. دەبێت ئیتر لەوە تێبگەین کە، هەروەک چۆن بەگشتی وایە، ململانێی کوردیش لەگەڵ سیستەمەکەدا کە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، بێ‌مانا بووە. لە کاتی تێپەڕین لە سیستەمی ململانێی ڕابردووی نزیکەوە بەرەو سیستەمی ئاشتیی داهاتوو، دەبێت کوردیش وەک هەر کۆمەڵگا و گرووپێک، بەپێی تایبەتمەندییە کلتوورییەکانی و گوزارشتکردنی ئازادانە لێی، جێگەی خۆی تێدا بگرێت. لێرەدا داوای پێگەیەکی ئیمتیازدار (تایبەت) ناکرێت. باس لەو شتانە ناکرێت کە زۆر باسیان لێوە دەکرێت؛ نە دەوڵەتی جیا، نە فیدراسیۆن و نە ئۆتۆنۆمی. کاتێک دیموکراسی جێبەجێ دەکرێت، پێویستیشیان پێ نابینرێت. دەخوازێت وەک گەلێکی دیموکراتیک لەناو ناوەڕۆکی دیموکراتیکی کۆماردا جێبگرێت. دەخوازێت لە پتەوترین پێکەوەژیانی دیموکراتیکدا لەگەڵ کۆماردا بژی. ئەمە پێکەوەژیانێکە هێندە بەهێز و دەوڵەمەندە کە تەنانەت ئەگەر زۆریشی لێ بکرێت، جیانابێتەوە. داوا دەکرێت ئەم کێشەی کورد و ڕاپەڕینەکانی کە نزیکەی دوو سەدەیە بە واتای هاوچەرخ بەردەوامن، ئیتر ببنە بنەمای دیموکراسی بۆ کۆمارێکی لەم شێوەیە. باوەڕ وایە کە ئەمە ڕاستترین چارەسەرە. دەڵێم ڕاستترین دەرئەنجامیش کە لەم ململانێیە وەربگیرێت هەر ئەمەیە.
لە ئەنجامدا، ئەم کێشەیە کە بەرهەمی دیموکراتیزەنەبوونی کۆمارە، لەگەڵ دوایین ڕاپەڕین کە پەکەکە پێشەنگایەتیی کرد، چارەسەرەکەشی بە هەمان پلاتفۆرم، واتە بە دیموکراتیزەبوونەوە گرێ داوە. بە هەموو لایەنەکانی نیشان داوە کە بۆ کێشەی کورد کە بووەتە گرێکوێرە، هیچ چارەسەرێکی پراکتیکی بەدەر لە دیموکراتیزەبوونێکی گشتگیر ناتوانێت واقیعی بێت. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، دووبارەکردنەوەی قۆناغی سەرکوتکردن، تواندنەوەی زۆرەملێ (asimilasyon)، و کاردانەوە و ڕاپەڕین لە بەرامبەریدا، لە ڕووی زانستیشەوە هیچ مانایەکی نەماوە. واتە ئەم شێوازانە جگە لە ئازار و زیانی زیاتر، هیچ شتێکی تریان نییە پێشکەشی کۆمەڵگا و دەوڵەتی بکەن. ئەمە ئەو وانەیەی مێژووە کە ئیتر ناتوانرێت نادیدە بگیرێت.
تێگەیشتنیش دروست بووە کە تەنانەت جێبەجێکردنێکی سادەی پێوەرە بنەڕەتییەکانی سیستەمی دیموکراتیک (کە توانای چارەسەریی بێوێنەی لەسەر ئاستی جیهان سەلمێنراوە)، دەتوانێت بمانگەیەنێتە چارەسەر. تورکیا، وەک دەوڵەت و کۆمەڵگا، هەروەک چۆن لە هەموو کێشەکانیدا وایە، لەگەڵ گفتوگۆیەکی دیموکراتیکی بەرفراوان بۆ ئەم کێشەیە، لە ئامادەکارییەکاندایە بۆ دەستوورێکی دیموکراتیک. ئیتر دەبێت ئەمە بە جددی و بەبێ پەنابردنە بەر چەواشەکاری (demagoji) بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت کە جگە لە بەدەستهێنانی ناوەڕۆکێکی دیموکراتیک بۆ کۆمار و هەبوونی دەستوورێک بۆ ئەمە، هیچ چارەسەر و بژاردەیەکی تری نەماوە. باوەڕم وایە کە ئەمە بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش دەچێت.
لەبەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، هەم وەک پەکەکە و هەم وەک کەسێکیش هۆشیارم بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیم. زەڕەیەک گومانم لەوەدا نییە کە هەڵسەنگاندنەکانم سەبارەت بە ڕابردوو زانستی و دڵسۆزانەن. ئەوەی گرنگترە و دەبێت بیکەم، ئەرک و کارەکانی داهاتوومە. تا ئەو کاتەی دەژیم، لە پلەی یەکەمدا پاککردنەوەی پەکەکەیە لە شێوازی توندوتیژی و ئامادەکردنیەتی بۆ ئەو پرۆسەی دیموکراتیزەبوون و گۆڕانکارییە یاساییەی کە تورکیا پێیدا تێدەپەڕێت. ناوەندی پەکەکە پێداگریی خۆی بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداری ڕاگەیاندووە. من خاوەنی ئەو پێداگرییەشم کە لە نزیکترین کاتدا و پێش گەیشتن بە ساڵی 2000، ئەم هەڵوێستەم لە ڕێگەی کۆنگرەیەکەوە بۆ تەواوی ڕێکخراوەکە بە فەرمی بکەم، و باوەڕیشم وایە کە سەرکەوتوو دەبن. هیوادارم کە دەوڵەتیش بە هەستیارییەکی زیاترەوە ئاسانکاری بکات لەسەر بنەمای گەڕانەوە و گۆڕانکاری بۆ پرۆسە یاساییە دیموکراتیکەکەی تورکیا. سەبارەت بەمە نزیکبوونەوەی هاندانەری دامەزراوە و بەرپرسانی ئاستی باڵا هەیە. لەو بڕوایەدام کە پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ پەکەکە بکرێت. بۆ بەشداریکردن لەمەدا، درێغیم نەکرد لە پێشکەشکردنی ئەو پرۆسەیەی کە خۆم ئەزموونم کردووە وەک زەمینەیەک، و تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا بە وتە و پراکتیکم وەڵامدەری چارەسەری ئاشتی و برایەتی بووم. دەبێت ئەوەش بڵێم کە ئەم هەڵوێستەم زۆر لەولاترە لە نیگەرانییە کەسییەکان، بەڵکو سەرچاوەی لە هۆشیاربوون بەو قۆناغە مێژووییەی گرتووە کە پێیدا تێدەپەڕین، و لەو باوەڕەوە هاتووە کە پێوەرەکانی یاسای گەردوونی لەناو سیستەمی دیموکراتیکدا گونجاوترین ڕێگەن بۆ چارەسەر. ئەو باوەڕەم پاراست کە ڕاستترین هەڵوێستی سیاسی و ئەخلاقترین هەڵوێست دەبێت بەم شێوەیە بێت، و ئیرادەی خۆمم لەسەری پاراست.
بەڕێز سەرۆک، ئەندامانی بەڕێز!
لە کرۆکدا دوایین پارێزنامەم لە کەسایەتیی ئێوەدا وەک کورتە نامەیەک پێشکەش بە بەرزترین دامەزراوەی یاسایی دەکەم. دڵنیام کە زیاتر لەمە پێویست ناکات و ئێوەش پێویستیتان پێی نییە.
لە کردنەوەی ئەم ساڵی دادوەریدا و لە کاتی چوونە ناو ساڵی 2000، بەڕێز سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە وتارێکی پێشکەش کرد کە بەلای منەوە وەک مانیفێستی یاسای دیموکراتیک وابوو. چالاکییەکەی خۆم و دەرئەنجامەکانی، وەک هۆکارە بنەڕەتییەکەی پشتەوە دەبینم کە پاڵنەر بوو بۆ ئەم مانیفێستە. لەسەر ئەم بنەمایەش، دادگاییکردنەکەم بە تراژیدی دەزانم. سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە وتی کە چوونە ناو ساڵی 2000 بەبێ سوکرات کەموکوڕییەکی گەورەیە. گەورەترین ترسی من ئەوەیە، تۆمەتەکانی پەیوەست بە لایەنی چالاکییەکان هەرچەندە بەرفراوانیش بن، هێندەی ڕووخاندنی باوەڕ بە خوداوەندە جێگیرەکانی سیستەمەکە، لەبەر ئەوەی ڕێگەم بۆ فریشتەکانی ئازادی خۆش کردووە، ڕووبەڕووی دادگاییکردن و بڕیارێک دەبمەوە کە لە هی سوکرات تراژیدیتر دەبێت. هیوادارم سەرۆکێکی لەم شێوەیە و دادوەرەکانی لەم کەیسەدا لایەن نەبن. لەمە نیگەران بووم.
بەڕێز سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە بە شێوەیەکی پوخت دووریی سیستەمی یاسایی تورکیای لە بەها یاساییە گەردوونییەکانەوە خستەڕوو. هەروەها وتی کە ئاستی ڕەوایەتیی دەستوور نزیکە لە سفرەوە. لەم نێوەندەدا، هێندەی ئەوەی داکۆکیکاری ئەوە بوو کە ژیانی ئازادانە بەپێی بەهاکانی بیروڕا، باوەڕ و کلتوور کرۆکی یاسای دیموکراتیکی هاوچەرخە، ئەوەشی خستەڕوو کە دروستکردنی بەربەست لەبەردەمیدا بە قەدەغەکردنی درێژخایەن، دەبێتە پاساوی ڕەوای ڕاپەڕین. بەڵام ئەوەشی زیاد کرد کە تا لە ئەرکدا بێت پابەندی یاسای فەرمییە. ئەو ڕاستییانەی کە تراژیدیاکەمان لە هەردوو لاوە قووڵتر دەکەنەوە، لەم وشانەدا شاراوەن.
هیوام وایە، سەرەڕای ئەوەی ئەو بڕیارەی دەیدەن بەپێی ماددەی 125ی یاسای سزادانی تورکیا دەبێت کە لە مێژە دەبوایە تێپەڕێنرایە، بەڵام ئەو وانانەی لێی وەردەگیرێن بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێگری لە بەتورکیابوونی بەها یاساییە گەردوونییەکان ناکات. ئەم دادگاییکردنە، لەگەڵ ئەوەی دەستوور و سیستەمی یاسایی فەرمی هیچ کات نەیانتوانیوە ببنە دەسەڵاتێکی سەربەخۆ، بووەتە پلاتفۆرمێک بۆ کردنەوەی ڕێگە لەبەردەم دادگایەکی سەربەخۆ بۆ مێژوو. لەگەڵ ئەوەشدا، بووەتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ ئەوەی کە سەرچاوەکانی هێزی بێ‌یاسا لەناو کۆماردا ئیتر ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەم هۆیەوە سیستەمەکەیان بپارێزن. ئەوەشی فێرکردین کە ڕاستترین چارەسەر و سەرچاوەی هێزی دادپەروەرانە، نەک لە هیچ شوێنێکی تر، بەڵکو دەبێت لەناو یاسا و پێوەرە دیموکراتییە گەردوونییەکانیدا بیدۆزنەوە، و ئێمەش دەبێت پابەندی بین. هەرچەندە بڕیارەکە بەپێی ماددەی یاسای فەرمی بە دادپەروەرانە نەزانم، بەڵام بەردەوام پابەند دەبم بەم پرەنسیپە بنەڕەتییەی کە هەم سەرچاوەی هێزە و هەمیش دادپەروەرانەترین دابەشکارە و لە هۆشیاریی یاسای گەردوونیدا پێی گەیشتووە.
بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان ببێتە نیشتمانێک کە بە هاوبەشی و ئازادانە تێیدا بژین، و بۆ ئەوەی کۆماریش لەسەر ئەم بنەمایە دیموکراتیزە بێت، باوەڕی تەواوم هەیە کە گەورەترین هەوڵم داوە. باوەڕیشم وایە کە بەفیڕۆ نەچووە. لە کاتێکدا ئەو کەشە پڕ لە ململانێیەی ئەزموون کرا بووە هۆی ئازار و زیانی گەورە، لەپاڵ هەستکردن بە گەورەترین ئازار بۆ ئەمە، باوەڕم وایە کە ڕاستترین دەربڕین بۆ داوای لێبوردن لە تەواوی گەلەکەمان، ئەوەیە کە بە توندترین شێوە ڕێگری لەوە بکرێت کە جارێکی تر بکەوینەوە ناو ئەو هەلومەرجە. ئەمە بە پاساوی بنەڕەتیی ژیانم دەزانم.
ئەم تێکۆشانە و ئەم دادگاییکردنە ئەوەیان سەلماند کە ڕابردوویەکم نییە بۆ ئەوەی بژی. بۆ گەلەکەشم، هەرچەندە سنوورداریش بێت، نەمتوانی بە شوناسی ئازادمەوە جێگەیەک بدۆزمەوە. بەڵام باوەڕم وایە کە لەناو کۆماری تورکیای دیموکراتیکی داهاتوودا، ژیان لە پێکەوەژیانێکی ئازاددا بە بەشداریی ئەم تێکۆشانەش، هەم ڕاستترین ڕێگەیە و هەمیش جێگەی شانازییە.
جارێکی تر لەسەر ئەم بنەمایە پێداگریم دووپات دەکەمەوە، بانگەواز لە هەمووان و سەرجەم دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەم بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئاشتی و برایەتی، و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. سڵاوتان لێ بێت.
21ی تشرینی یەکەمی 1999 / ئیمڕاڵی
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست