<

تانە و بەرگریینامەی ئۆجەلان لەسەر بڕیاری لە سێدارەدان (رۆژی سێیەم و کۆتابڕیار)

26/07/2026, 22:10 (GMT+1)
کەیسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان – بڕیاری پەسەندکردنی پێداچوونەوە (تەمیز) دەستەی دادوەرانی بازنەی 9ی سزادانی دادگای پێداچوونەوە (Yargıtay)، کە پێکهاتبوو لە سەرۆک دەمیرەل تاڤیل، ئەندامان: شەریف ئەرۆڵ، سولەیمان ئەرکان، فاتمە یوکسەک کارادەلی و ئەحمەد شوکرو داغلی، بە کۆدەنگی سزای لەسێدارەدانیان پەسەند کرد، کە لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ژمارە 2ی ئەنقەرەوە بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا سەپێنرابوو.
کۆماری تورکیا (T.C.) دادگای پێداچوونەوە (YARGITAY) بازنەی 9ی سزادان بڕیارنامەی دادگای پێداچوونەوە
ژمارەی بنەڕەتی (ئەساس) : 1999/1296 ژمارەی بڕیار : 1999/3623 ئاگادارینامە : 9/99095012 دەستبەسەرکراو
لە ئەنجامی دادگاییکردنی تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی بە مەبەستی جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەت؛ لەسەر داوای پارێزەرانی تۆمەتبار بۆ پێداچوونەوە (تەمیزکردنەوە) بەو بڕیارەی کە لە 29.6.1999 بە ژمارەی بنەڕەتی 1999/21 و ژمارەی بڕیاری 1999/13 لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ژمارە 2ی ئەنقەرەوە بۆ سزادانی دەرچووە (کە خۆبەخۆش دەچێتە قۆناغی پێداچوونەوەوە)، و دوای ناردنی دۆسیەی کەیسەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆمارەوە لەگەڵ ئاگادارینامەیەکدا بۆ بازنەکەمان؛ بەپێی ماددەکانی 318 و 319ی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی (CMUK)، لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لە دانیشتنێکی ئاشکرادا بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدرا، ئەم بڕیارە درا:
لە کلاسۆری 88، پەڕەی 148دا، نووسینی بەرواری تۆمارەکە وەک 25.04.1999 لەبری 25.02.1999 وەک هەڵەیەکی مادی قبوڵ کرا،  لە جێگەی خۆیدا دەتوانرێت ڕاست بکرێتەوە. دوای ئەوەی سەرەتا دەستنیشان کرا کە: لە بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوەی ئامادەکاری و کردنەوەی کەیسە گشتییەکاندا، پابەندبوون هەبووە بەو یاسایانەی لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی و یاسای ژمارە 2845ی تایبەت بە دامەزراندن و بنەماکانی دادگاییکردنی دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەتدا دیاری کراون، هیچ ڕێگرییەک نەبووە لە بەشداریکردنی دادوەرەکان لە دادگاییکردن و بڕیارداندا، لە دانیشتنەکاندا نوێنەرایەتیی داواکاری گشتی کراوە، بڕیارەکە کە بەپێی بڕگەی 1ی ماددەی 305ی یاسای CMUK خۆبەخۆ دەچێتە پێداچوونەوەوە، لەلایەن پارێزەرانی تۆمەتباریشەوە تانەی لێ دراوە (تەمیز کراوە)، لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە دواتر ئەنجامدرا:
دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەت، هەروەک چۆن لە ماددەی 143ی دەستووری کۆماری تورکیادا پێشبینی کراوە، بەپێی یاسای ژمارە 2845 لە ساڵی 1983 دامەزراون، و ئەو حوکمانەی پەیوەندییان بە ئەرکەکانیانەوە هەیە لە 1ی ئایاری 1984 کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم دادگایانە دادگای تایبەت نین کە دوای ئەنجامدانی تاوان دامەزرابن، و لەبەر ئەوەی تاوانە دراوەپاڵەکەش دەکەوێتە چوارچێوەی ئەرکی دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە، بەپێی ماددەی 1ی CMUK و ماددەی 9ی یاسای ژمارە 2845، دادگاکە ئەرکدارە بە بینینی کەیسەکە. دەرکەوت لەبەر ئەوەی پەکەکە، کە تۆمەتبار دامەزرێنەر و بەرپرسی باڵایەتی، بە مەبەستی تاوانی سەرەکی هەزاران تاوانی ئامرازیی لە هەموو ناوچەکانی تورکیادا (بە سنووری دەسەڵاتی دادوەریی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرەشەوە) ئەنجامداوە، ئەم دادگایە بەپێی ماددەی 8ی CMUK و ماددەی 2ی یاسای ژمارە 2845 دەسەڵاتی هەیە. دەرکەوت کە یەکخستنی ئەو کەیسەی لە 04.09.1997 لە دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ژمارە 2ی ئەنقەرە کراوەتەوە لەگەڵ دۆسیەکانی دیکەی کەیسەکەدا، گونجاوە لەگەڵ ماددەکانی 2، 3، 4 و 230ی CMUK. لەبەر ئەوەی داواکاریی یەکخستنی ئەو دۆسیەیەی لە دادگای سزای قورسی ژمارە 8ی ئەنقەرە هەیە بەپێی ماددەی 149ی CMUK کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکە نابێت، بۆیە ئەو تانەیەی پارێزەرانی تۆمەتبار لەم ڕووەوە هەیانبوو بە ڕەوا نەزانرا.
دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەندامە دادوەرە سەربازییەکەی دادگا بەپێی یاسای ژمارە 4390 کە لە 22.06.1999 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دادگاییکردنەکە بەردەوام بووە بە بەشداریکردنی ئەو دادوەرەی کە بەپێی تۆماری 31.05.1999 لە سەرەتاوە بەپێی ماددەی 381/2ی CMUK چاودێریی دانیشتنەکانی کردووە. لەبەرامبەر ماددەی 25ی یاسای ژمارە 2845 و حوکمی ماددەی 3ی کاتیی یاسای ژمارە 4390 کە دەڵێت "ئەو کەیسانەی پێش ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ئەم یاسایە لە دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەتدا دەبینرێن، لەو شوێنەی لێی وەستاون بەردەوام دەبن"، دەرکەوت کە پێویست ناکات ئەو ڕێوشوێنانەی پێشتر گیراونەتەبەر نوێ بكرێنەوە؛ هەروەها وەک چۆن لە بڕیاری یەکخستنی ئیجتیهادی ژمارە 2/3ی ڕێکەوتی 05.12.1977 و ئیجتیهادە بەردەوامەکانی دەستەی گشتیی سزایی و بازنەکانی سزادانی دادگای پێداچوونەوەدا دیاری کراوە کە هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ بەشداریکردنی ئەو دادوەرەی لە لێکۆڵینەوەی ئامادەکاریدا بڕیاری دەستبەسەرکردنی داوە یان لێپرسینەوەی لە تۆمەتبار کردووە لە دانیشتنەکانی کەیسەکەدا، گەیشتینە ئەو دەرئەنجامە و قەناعەتەی کە ماددەی 22ی CMUK پێشێل نەکراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی حوکمی ماددەی 20/6ی یاسای ژمارە 2845 کە دەڵێت "دادگای ئاسایشی دەوڵەت؛ دەتوانێت لە پێناو خێرا بەڕێوەبردنی کەیسەکان، دەستنیشانکردنی بەڵگەکان لە کاتی خۆیدا و بەبێ کەموکوڕی، و لە ڕووی ئاسایشەوە، بڕیار بدات کە دانیشتنەکان لە شوێنێکی تر بکرێن"، لە ڕووی دابینکردنی سیستەمی گشتی و پاراستنی گیانی تۆمەتبارەوە، ئەنجامدانی دانیشتنەکان لە دورگەی ئیمڕاڵی هیچ پێچەوانەیەکی یاسایی و بنەمایی تێدا نەبینرا.
دەستنیشان کرا کە دانیشتنەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا و گونجاو لەگەڵ حوکمەکانی ماددەی 141ی دەستوور و ماددەی 313ی CMUK بەڕێوەچوون، مافی بەرگریکردن کە یاسا پێشبینی کردووە بە تۆمەتبار و پارێزەرەکانی دراوە، هەروەک لە ماددەی 238ی CMUKدا هاتووە بەشدارییان لە پێشکەشکردن و گفتوگۆکردنی بەڵگەکاندا پێدراوە، هیچ سنووردارکردنێک نەخراوەتە سەر قسەکردن و دیداری تۆمەتبار و پارێزەرەکانی، پرسیاریان لێ کراوە کە چ دەڵێن سەبارەت بە داواکاریی کۆتایی داواکاری گشتی، بەپێی ماددەی 251ی هەمان یاسا کۆتا قسە بە تۆمەتبار دراوە، و ئەم بابەتانەش وەک چۆن لە ماددەی 266دا دیاری کراوە لە تۆمارەکاندا نووسراونەتەوە.
ماددەی 9ی دەستوور حوکمی ئەوە لەخۆدەگرێت کە "دەسەڵاتی دادوەری، بەناوی نەتەوەی تورکەوە لەلایەن دادگا سەربەخۆکانەوە بەکاردەهێنرێت"، و لە ماددەی 138یشدا دەڵێت "... هیچ ئۆرگان، دامەزراوە، مەرجەع یان کەسێک، ناتوانێت لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەریدا فەرمان و ڕێنمایی بداتە دادگاکان و دادوەرەکان؛ ناتوانێت گشتاندنیان بۆ بنێرێت؛ ناتوانێت ئامۆژگاری و پێشنیاریان پێ بکات...". هیچ زانیاری و بەڵگەیەک نەدۆزرایەوە کە ڕاستیی ئەو ئیدیعایە بسەلمێنێت کە گوایە ئیدارە پێچەوانەی ئەم حوکمانەی کە سەربەخۆیی دادگاکان و گەرەنتیی دادوەری دەپارێزن، کاریگەریی لەسەر دادگا دروست کردبێت.
ا) ئەو ڕووداوەی بووەتە بابەتی کەیسەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و بەرپرسی باڵای ڕێکخراوی تیرۆریستیی چەکداریی پەکەکەیە کە بە مەبەستی جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی سەر بە دەوڵەتی کۆماری تورکیا لە ڕێگەی تێکۆشانی چەکدارییەوە لە ئیدارەی دەوڵەت، و دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیاوازی کوردی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای مارکسی-لینینی لەم ناوچەیەدا دروستکراوە؛ و تا ڕێکەوتی دەستگیرکردنی، بەو بڕیارانەی داویەتی و بەو فەرمان و ڕێنماییانەی داویەتی، بەرپرسیارە لەو هێرشە چەکداری، ڕێگریکردن، بۆمبدانان، تێکدان، و دزییە چەکدارییانەی لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوەکەوە ئەنجامدراون و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی، سەرباز، پۆلیس، جەردەوان (گوندپارێز) و فەرمانبەری گشتی.
ب) دامەزراندن و پێکهاتەی ڕێکخراوی پەکەکە: ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتادا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەژێر ناوی "شۆڕشگێڕانی کوردستان"، "ئوکۆییەکان (UKO'cular)"، و "ئاپۆییەکان" خۆی ڕێکخستووە. دوای ساڵی 1977 زوو زوو دەستی بە چالاکیی چەکداری کردووە. پرۆگرامی ڕێکخراوەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە نووسراوە و لە کۆنگرەی یەکەمدا کە لە 21.11.1978 لە گوندی زیارەت (فیس)ی سەر بە شارۆچکەی لیجەی پارێزگای ئامەد (دیاربەکر) بەسترا، قبوڵ کرا و جاڕنامەی دامەزراندن لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری حیزبەوە کە لە حەوت کەس پێکهاتبوون ئامادە کرا. لە ساڵی 1978ەوە بەرەو ڕێکخستنی ناوەندی هەنگاوی ناوە و لە ساڵی 1979دا ناوی پارتی کرێکارانی کوردستانی (PKK) لێنراوە و تۆمەتبار بووەتە سکرتێری گشتی. لە 15ی ئابی 1984دا لەژێر ناوی H.R.K (هێزی ڕزگاریی کوردستان) سەرلەنوێ دەستی بە چالاکییەکان کردەوە و لە 21ی ئاداری 1985دا E.R.N.K (بەرەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستان)ی پێکهێنا. لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا لە بواری یاسایی و نایاساییدا لە ڕێگەی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤارەوە چالاکیی بڵاوکردنەوەی ئەنجامداوە، هەروەها کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بە ناوی MED TV خستە کار بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخراوەکە. سەرچاوە داراییەکانی ڕێکخراوەکە لەو پارانە پێکهاتووە کە بەناوی باجگرتن، بەخشین و ئابوونەوە کۆکراونەتەوە، هەروەها ئەو داهاتانەی لە ڕێگەی سزادان، زەوتکردن، دزی، و قاچاخچێتیی چەک و ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستکەوتوون. ئامانجەکەشی بریتی بووە لە جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی کۆماری تورکیا لە ئیدارەی دەوڵەت لە ڕێگەی تێکۆشانی چەکدارییەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان. دەستنیشان کراوە کە ستراتیژییەکەی لە قۆناغی یەکەمدا هۆشیارکردنەوەی گەل بووە لە ڕێگەی پڕوپاگەندەوە، و دواتر بە چالاکیی چەکداری دژی ڕێکخستنی سوپا و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە (سابۆتاژ) دژی ئامانجە ئابوورییەکان بەمەبەستی لاوازکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت. تا ئەمڕۆش چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی بەرفراوانی بەستووە کە تێیدا هەموو کێشەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە، پلانی داهاتوو، و گۆڕانکارییە پێکهاتەییە گشتگیرەکان تاوتوێ کراون. ڕێکخراوەکە کە لە سەرەتادا بە ئاشکرا دەیگوت ئایدۆلۆژیای مارکسی-لینینی پەسەند کردووە، هاوتەریب لەگەڵ کۆی هاوکێشە و هەلومەرجەکان و لە کاتێکی دیاریکراوی سیاسیی جیهاندا، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە ڕووخساریشیدا بکات. لەم چوارچێوەیەدا، لە کۆنگرەی 5ەمدا سەرەتا بڕیاریدا "چەکوش و داس" لە لۆگۆی ڕێکخراوەکە دەربهێنێت؛ دابەشبوونی بۆ پارت، سوپا و بەرە پەسەند کرد، بە شێوەی P.K.K (پارتی کرێکارانی کوردستان) وەک پارت، E.R.N.K (بەرەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستان) وەک بەرە و A.R.G.K (سوپای ڕزگاریی گەلی کوردستان) وەک سوپا خۆی ڕێکخست، و ئەو پرەنسیپەی پەسەند کرد کە بەرە و سوپا لەو چوارچێوەیەدا دەجوڵێنەوە کە پارتەکە دیاری دەکات.
ج) پێگەی تۆمەتبار لەناو ڕێکخراوەکەدا: وەک لە سەرەوە ڕوون کرایەوە، تۆمەتبار ڕێکخراوی تیرۆریستیی چەکداریی بە ناوی پەکەکە دامەزراندووە، بە بەکارهێنانی ناوی خوازراوی "ئاپۆ" تا ڕێکەوتی دەستگیرکردنی سەرۆکایەتیی گشتیی ڕێکخراوەکەی کردووە. بەو بڕیارانەی داویەتی، ئەو فەرمان و ڕێنماییانەی دەریکردوون، ئەو وتارانەی لە کۆنگرە و کۆنفرانسەکاندا پێشکەشی کردوون، ئەو لێدوانانەی لە بەرنامە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنییەکاندا بڵاویکردوونەتەوە، و لە پەیوەندییە تەلەفۆنی و بێسیمەکانیدا بۆ کادرەکانی سەرەوەی شاخ؛ هانی توندوتیژیی چەکداریی داوە، تاکتیکی بە چەکدارەکان داوە، ڕەخنەی لەوانە گرتووە کە چالاکییان ئەنجام نەداوە و داوای سزادانیانی کردووە، پێشنیاری چالاکیی دژی خەڵکی مەدەنی کردووە. بەم شێوەیەش بووەتە هۆی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر شار و گوندەکان، ڕێگریکردن، بۆمبدانان، ڕفاندنی خەڵک، کاری تێکدەرانە (سابۆتاژ) دژی ئامانجە ئابووری و گەشتیارییەکان، هێرشی خۆکوژی و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، کە لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی، سەرباز، پۆلیس، جەردەوان و فەرمانبەری گشتی کوژراون و بریندار بوون. بەمەش چالاکییەکی پڕ لە مەترسیی ئەنجامداوە کە مەبەست لێی لاوازکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتە و ژینگەیەکی مەترسیداری گەورە و نزیک و جدی بۆ سەر یەکپارچەیی نیشتمان خوڵقاندووە.
د) نموونەی ئەو چالاکییە سەرەکییانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە ئەنجامی داون:
• لە نێوان ساڵانی 1991-1996 لە ئەدەنە بە ئەنجامدانی 114 چالاکی 100 کەس کوژراون و 98 کەس بە سەختی بریندار بوون،
• لە نێوان ساڵانی 1992-1996 لە کۆنیا 3 کەس کوژراون،
• لە ناوچەی هاتای لە نێوان 17.02.1995 و 18.05.1998، 46 کەس کوژراون و 42 کەس بریندار بوون،
• لە نێوان 16.08.1992 و 20.05.1998 لە عوسمانیە 15 کەس کوژراون و 18 کەس بە سەختی بریندار بوون،
• لە 14.10.1992 لە کیلیس سەربازێک کوژراوە،
• لە ئاکسارای کەسێک بە سەختی بریندار بووە، و وردەکارییەکانی ئەم چالاکییانە بە ڕوونی لە ئیدیعانامەی ژمارە 1998/492 و ڕێکەوتی 22.12.1998 کە ئاراستەی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەدەنە کراوە، خراونەتەڕوو.
• کوشتنی 10 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 05.08.1985 بۆ سەر ئاوایی تاشبوجاک لە گوندی کانالگا لە شارۆچکەی شاخ (Çatak) سەر بە پارێزگای وان،
• کوشتنی 13 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 22.02.1981 بۆ سەر گوندی تاشدەلەن لە شارۆچکەی قیلابان (Uludere) سەر بە پارێزگای شرناخ،
• کوشتنی 25 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 19.08.1987 بۆ سەر ئاوایی میلان لە گوندی کلچکایا لە ناحیەی باگگۆزە لە شارۆچکەی دێهێ (Eruh) سەر بە پارێزگای دیاربەکر (تێبینی: دێهێ سەر بە شرناخە بەڵام لە دەقەکەدا وا نووسراوە)،
• کوشتنی 11 کەس و بریندارکردنی 9 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 10.10.1987 بۆ سەر ئاوایی چۆباندەرە لە گوندی مەشەئیچی سەر بە پارێزگای شرناخ،
• کوشتنی 9 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 29.03.1988 بۆ سەر گوندی یاغزکۆناک لە شارۆچکەی دێهێ (Eruh) سەر بە پارێزگای شرناخ،
• کوشتنی 9 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 07.05.1983 بۆ سەر ئاوایی تاراکلی لە گوندی دەرەلەر سەر بە پارێزگای شرناخ،
• کوشتنی 26 کەس و زەوتکردنی 300 سەر مەڕ لە هێرشێکی چەکداریدا لە 24.11.1989 بۆ سەر گوندی ئیکییاکا لە شارۆچکەی گەڤەر (Yüksekova)،
• کوشتنی قایمقامی شارۆچکەکە، داواکاری گشتیی کۆمار و بەرپرسی ناوچەیی دارستانەکان لە هێرشێکی چەکداریدا لە 28.04.1991 بۆ سەر یانەی فەرمانبەران لە شارۆچکەی سۆلھان،
• کوشتنی 5 کەس و سووتاندنی ماڵەکانی گوندەکە لە هێرشێکی چەکداریدا لە 21.06.1992 بۆ سەر گوندی ئەلماسرتی لە شارۆچکەی سۆلھان،
• کوشتنی 9 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 22.06.1992 بۆ سەر گوندی سێکی لە شارۆچکەی کەرجۆش (Gercüş)،
• کوشتنی 10 کەس و بریندارکردنی 3 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 25.06.1992 بۆ سەر گوندی یۆلاچ لە شارۆچکەی فارقین (Silvan)،
• کوشتنی 28 کەس و بریندارکردنی 11 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 01.10.1992 بۆ سەر گوندی جەڤیزدالی سەر بە پارێزگای بەدلیس،
• کوشتنی 11 کەس و بریندارکردنی 4 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 23.10.1992 بۆ سەر گوندی دەدەباغی لە شارۆچکەی مازگرت سەر بە پارێزگای دێرسیم (Tunceli)،
• کوشتنی 7 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 23.01.1993 بۆ سەر گەڕەکی باغلار سەر بە پارێزگای دیاربەکر،
• کوشتنی 7 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 14.06.1993 بۆ سەر گوندی گۆزلوجە لە شارۆچکەی شیرڤان،
• کوشتنی 31 کەس و بریندارکردنی 3 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 05.07.1993 بۆ سەر گوندی باشباغلار لە شارۆچکەی کەمالییە سەر بە پارێزگای ئەرزنجان،
• کوشتنی 24 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کوێستانێک لە 18.07.1993 لە شارۆچکەی شاخ (Bahçesaray) سەر بە پارێزگای وان،
• کوشتنی 6 کەس و سووتاندنی ئۆتۆمبێلێک لە هێرشێکی چەکداریدا لە 15.08.1993 بۆ سەر گوندی گونەیباشی لە شارۆچکەی چەمیشگەزەک،
• کوشتنی 9 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 28.08.1993 بۆ سەر گوندی یۆنجالیبایر لە شارۆچکەی کۆڤانجیلار،
• هەڵکوتانە سەر زیندانی کراوەی کشتوکاڵی لە گوندی کومبەت لە شارۆچکەی کۆرکوت سەر بە پارێزگای موش لە 03.09.1993، سووتاندنی زیندانەکە، زەوتکردنی جلوبەرگ و خواردن، و ڕفاندنی زیندانییەک،
• کوشتنی بەڕێوەبەری دارایی شارۆچکەکە، بەڕێوەبەری تاپۆ، فەرمانبەری شارەوانی، فەرمانبەری باری شارستانی و پاسەوانی شەو، و سووتاندنی بینای پۆستە و گەیاندن (PTT) لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر سەنتەری شارۆچکەی گێڵ (Eğil) سەر بە پارێزگای دیاربەکر لە 17.09.1993،
• کوشتنی 32 کەس و بریندارکردنی 10 کەس لە هێرشێکی چەکداریدا لە 25.10.1993 بۆ سەر شارەدێی یاڤی لە شارۆچکەی چات سەر بە پارێزگای ئەرزروم،
• کوشتنی 10 کەس و بریندارکردنی کەسێک لە هێرشێکی چەکداریدا لە 12.12.1993 بۆ سەر گوندی ئاغاجکۆناک سەر بە پارێزگای سەمسوور (Adıyaman)،
• کوشتنی 10 کەس و بریندارکردنی کەسێک لە هێرشێکی چەکداریدا لە 13.08.1994 بۆ سەر گوندی هالکالی لە شارۆچکەی ئالاجاکایا سەر بە پارێزگای خارپێت (Elazığ)،
• کوشتنی 12 کەس و برینداربوونی 12 کەس بەهۆی هەڵدانی مۆلۆتۆف کۆکتێل بۆ ناو فرۆشگای جلوبەرگی چەتینکایا لە شارۆچکەی باکرکۆی سەر بە پارێزگای ئیستەنبوڵ لە 25.12.1991،
• کوشتنی 5 خوێندکاری ئەفسەری یەدەگ و برینداربوونی 16 خوێندکاری سەربازی و 11 سەرباز بەهۆی دانانی بۆمب لە وێستگەی شەمەندەفەری توزلا لە پارێزگای ئیستەنبوڵ لە 12.02.1994،
• وەستاندنی شەمەندەفەری گەشتی ژمارە 3005ی نێوان موش-چەولیک نزیک گوندی یۆرەجیک و کوشتنی 3 کارمەندەکەی لە 09.05.1990،
• ڕێگریکردن لە ڕێگەی ئاوایی چوبوک-سوتلوجە لە گوندی کۆکارسو سەر بە پارێزگای بەدلیس و کوشتنی 13 سەرنشینی ناو مینیپاسێک لە 10.06.1992،
• ڕێگریکردن لە ڕێگەی گوندی کایاھیسار لە شارۆچکەی شیرڤان و کوشتنی 4 کەس و بریندارکردنی 5 کەس لە 09.10.1992،
• ڕێگریکردن لە ڕێگەی گوندی حازەرشاهـ لە شارۆچکەی سۆلھان و کوشتنی 19 سەرنشینی پاسێک و سووتاندنی پاسەکە لە 20.10.1992،
• هێرشکردنە سەر شەمەندەفەری گەشتی ژمارە 2561ی نێوان موش-خارپێت بە بۆمب و ڕۆکێت کە بووە هۆی کەوتنەخوارەوەی چەندین ڤاگۆن بۆ ناو ڕووباری موراد، کوژرانی 2 شەمەندەفەرەوان و برینداربوونی 45 کەس لە 25.10.1992،
• کوشتنی 9 سەرنشینی مینیپاسێک کە لە نێوان ئاردیچدیبی-چایتەپە لە شارۆچکەی گەنج گەشتیاری دەگواستەوە لە 10.08.1993،
• وەستاندنی 12 مینیپاس نزیک گوندی باخۆنو لە شارۆچکەی سۆلھان سەر بە پارێزگای چەولیک و کوشتنی 16 کەس و بریندارکردنی 14 کەس لە 04.08.1993،
• وەستاندنی 5-6 ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای سەرەکیی بەدلیس-موش و کوشتنی 8 کەس و بریندارکردنی 14 کەس لە 18.09.1993،
• ڕێگریکردن لە ڕێگەی گوندی کۆپرولو لە شارۆچکەی چەلێ (Çukurca) سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ، سووتاندنی 13 ئۆتۆمبێل، کوشتنی 5 کەس و ڕفاندنی 15 کەس لە 07.09.1994،
• ڕێگریکردن لە ڕێگەی گوندی ئولاشلی لە شارۆچکەی حەزۆ (Kozluk) و کوشتنی 3 کەس لە 01.06.1994،
• وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دامەزراوەی کرۆمی ڕۆژهەڵات - فێرۆ کرۆم نزیک گوندی کایاۆنو لە شارۆچکەی پالو و کوشتنی 9 کەس بە بەڕێوەبەری دامەزراوەکەشەوە لە 21.03.1990،
• سووتاندنی ئامێرەکانی سەر بە کەمپی کۆکردنەوە و بیری هەڵکەندنی کۆمپانیای شێڵ-مۆبیل نزیک گوندی یانقکایا لە شارۆچکەی حەزۆ، کوشتنی 3 ئەندازیار و بریندارکردنی 4 ئەندازیار لە 11.09.1992،
• کوشتنی 10 کرێکار و بریندارکردنی 2 کرێکار لە کانی قوڕی گوندی گونلوک لە شارۆچکەی کێغی لە 23.10.1993،
• کوشتنی 5 پاسەوانی ئەمنی و تێکدانی ئامێرەکانی کارکردن و شوێنی خەوتنی کرێکارەکان لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کارگەی کرۆمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەتیبانک لە شارۆچکەی ئالاجاکایا لە 21.09.1996،
• چوونە ناو ڕیزەکانی مەراسیمێکی سەربازی لە گۆڕەپانی کۆمار لە پارێزگای دێرسیم لەلایەن چەکدارێکی پەکەکە بەناوی زەینەب کناجی لە 30.06.1996 و تەقاندنەوەی بۆمبی سەر جەستەی کە بووە هۆی کوژرانی خۆی و ئەفسەرێکی پلەدار (astsubay) و 4 سەرباز،
• تەقاندنەوەی بۆمبی ناو جانتاکەی لەلایەن چەکدارێکی پەکەکە بەناوی فاتمی ئۆزەن کە چووەتە ناو کاروانێکی سەربازی لە بەردەم فەرماندەیی جەندرمە لە شارۆچکەی گەڤەر لە 11.11.1998 کە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی پلەدار و برینداربوونی 3 ئەفسەری پلەدار و 2 هاووڵاتی،
• کوشتنی 5 لە مامۆستایانی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی بوکاردی لە شارۆچکەی ئارجاک سەر بە پارێزگای خارپێت لە 14.04.1994،
• کوشتنی بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانەی گوندی مەشەیۆلو سەر بە پارێزگای دێرسیم و سووتاندنی قوتابخانەکە لە 24.06.1993،
• کوشتنی 4 مامۆستا و بریندارکردنی مامۆستایەک لە گوندی پیرینچلی لە شارۆچکەی پەرتاگ سەر بە پارێزگای دێرسیم لە 07.10.1993،
• سووتاندنی بینای پۆستە (PTT) و قوتابخانەکە، دەستڕێژی گوللە لە بنکەی جەندرمە، تێکدانی بینای شارەوانی و بنکەی تەندروستی، کوشتنی 6 مامۆستا و ڕفاندنی 3 کارمەندی تەندروستی لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر شارەدێی دارکەنت لە شارۆچکەی مازگرت سەر بە پارێزگای دێرسیم لە 11.09.1994،
• برینداربوونی 13 کەس کە 7یان هاووڵاتیی ئەڵمانی و ئینگلیز بوون، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی کاتدار کە دانرابوو لە باخچەیەکی چا نزیک بەندەری یەختەکان لە شارۆچکەی فەتحییە لە 21.06.1994،
• کوژرانی گەشتیارێکی ئینگلیز و برینداربوونی 3 ئینگلیز و 7 هاووڵاتیی تورک بەهۆی تەقینەوەی بۆمب کە دانرابوو لە کەناراوەکانی شارەوانی و پارکی عەبدی ئیپەکچی لە شارۆچکەی مارماریس لە 22.06.1994،
• کوژرانی 5 کەس و برینداربوونی 28 کەس بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک کە دانرابوو نزیک بینای تانساژ لە غازیئەمیر سەر بە پارێزگای ئیزمیر لە 11.09.1995،
• کوژرانی 9 سەربازی جەندرمە و برینداربوونی 2 سەرباز لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر تیمی جەندرمەی سەرین سەر بە کەتیبەی سێیەمی جەندرمەی سنوور ژمارە 118 لە 25.10.1985،
• کوژرانی 9 سەرباز و ئەفسەرێکی پلە نزم و 1 جەردەوانی کاتیی گوند (گوندپارێز)، برینداربوونی 9 ئەفسەر و ئەفسەری پلەدار و سەرباز، و ڕفاندنی سەربازێک لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەی سامانلی لە شارۆچکەی شەمزینان لە 04.08.1991،
• کوژرانی 15 سەرباز و برینداربوونی ئەفسەرێک (asteğmen) و 9 سەرباز لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر فەرماندەیی فەوجی 10ی جەندرمەی سنوور لە 25.10.1991،
• ڕێگریکردن لە ڕێگای سەرەکیی خارپێت-چەولیک و کوشتنی 33 سەرباز کە لە مۆڵەت دەگەڕانەوە لەگەڵ 3 هاووڵاتی لە 24.05.1993،
• کوژرانی 13 سەرباز لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەی کانالگا لە شارۆچکەی شاخ سەر بە پارێزگای وان لە 15.09.1993،
• کوژرانی 15 سەرباز و برینداربوونی 13 سەرباز لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر تیمی ئاسایشی دەوروبەری گوندی داغدۆشو لە شارۆچکەی دێهێ لە 09.11.1994،
• کوژرانی 2 ئەفسەری پلەدار و 13 سەرباز، برینداربوونی 6 سەرباز و ڕفاندنی 5 سەرباز لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەی جەندرمەی ئۆرتاکلار لە شارۆچکەی شەمزینان لە 15.06.1995 و چەندین نموونەی تر. ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ساڵی 1978ەوە تا ڕێکەوتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار لە 15.02.1999 کۆی گشتی؛ 6036 هێرش، 3071 بۆمبدانان، 388 زەوتکردن، 1046 ڕووداوی ڕفاندنی مرۆڤی ئەنجامداوە و لەم ڕووداوانەدا 4412 هاووڵاتی، 3874 سەرباز، 241 پۆلیس، 1225 جەردەوانی کاتیی گوند کوژراون و شەهید کراون، و 5620 هاووڵاتی، 8118 سەرباز، 909 پۆلیس، 1655 جەردەوانی کاتیی گوند بریندار بوون. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو نموونانەی سەرەوە کە پەکەکە ئەنجامی داون و تۆمەتباریش بەرپرسیارێتییەکانی لەئەستۆ گرتوون، هەروەک چۆن لە ئەدەبیاتی یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا قبوڵ کراوە؛ لە ڕووی جۆر و چەندایەتییەوە چالاکیی تیرۆریستیی موتڵەقن کە ڕاستەوخۆ خەڵکی بێتاوان دەکەنە ئامانج و مەبەستیان تۆقاندن و ترساندنی جەماوەرە.
هـ) قۆناغەکانی دادگاییکردن
ئا): ئیدیعا: سەبارەت بە تۆمەتبار، بەم ئیدیعانامانەی خوارەوە:
• ئیدیعانامەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرە بە ڕێکەوتی 04.09.1997، ژمارەی ئامادەکاری 1996/865، ئەساس 1991/271 و ژمارە 1997/104،
• ئیدیعانامەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەرزنجان بە ڕێکەوتی 16.06.1989، ژمارەی ئامادەکاری 1989/165، ئەساس 1989/122 و ژمارە 1989/114،
• ئیدیعانامەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەدەنە بە ڕێکەوتی 22.12.1998، ژمارەی ئامادەکاری 1997/218، ئەساس 1998/547 و ژمارە 1998/492،
• ئیدیعانامەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەدەنە بە ڕێکەوتی 23.07.1998، ژمارەی ئامادەکاری 1991/193، ئەساس 1998/244 و ژمارە 1998/265،
• ئیدیعانامەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرە بە ڕێکەوتی 26.04.1999، ژمارەی ئامادەکاری 1991/514، ئەساس 1999/98 و ژمارە 1999/8، بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی بە مەبەستی جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئیدارەی دەوڵەت، کەیسە گشتییەکان لە دادگاکانی ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرە، ئەرزنجان و ئەدەنە کراونەتەوە، و ئەم کەیسانە لە دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ژمارە 2ی ئەنقەرە یەکخراون و دادگاییکردن ئەنجامدراوە.
با) بەرگری: تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە وتەکانیدا کە لەلایەن داواکاری گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرەوە لە 22.02.1999 وەرگیراوە، ڕایگەیاندووە کە:
• دامەزرێنەری ڕێکخراوی پەکەکەیە، سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکەی کردووە، بە سەرکردایەتیی ئەو تێکۆشانێکی چەکداری لەسەر خاکی تورکیا دەستی پێکردووە، لە سەرەتادا ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بووە، بەڵام لە پرۆسەی پێشکەوتندا گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە لەبری دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، کوردیش وەک گەلێک کە ڕۆڵی لە دامەزراندنی کۆماردا هەبووە، لە ژینگەیەکی ئازاددا یەکبخرێن و لەسەر ئەم بنەمایە ئازادیی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتووریی خۆیان بەدەستبهێنن و پێکەوە بژین،
• ئەو قسەیەی لە 13.12.1998 لە تەلەفزیۆنی MED کرا کە "خۆتان مەسووتێنن، ئەوانە بسووتێنن کە ئێوە دەسووتێنن" هی ئەوە، و دەزانێت کە ئەم قسەیە پێچەوانەی بیرۆکەی پێکەوەژیانە لەسەر بنەمای ئازادی، بەڵام ئەم قسەیەی لە دۆخێکی قورسدا کردووە، هەروەها ئەو قسانەشی کە لە 25.12.1998 لە تەلەفزیۆنی MED سەبارەت بە هێرشە خۆکوژییەکان کردی هی ئەون و بە سۆزەوە ئەم قسانەی کردووە،
• ئەو قسانەی لە بەرنامەی پانێلێکدا لە 18.06.1998 سەبارەت بە جەردەوانە کاتییەکانی گوند کردی ڕاستن، و جەردەوانەکان ئەو گرووپە بوون کە زۆرترین پەلاماریان دەدان، بۆیە لەبەرئەوەی هێرشیان دەکردە سەریان جەردەوانەکان کرانە ئامانج.
• لە تێگەیشتنی پەکەکە بۆ توندوتیژی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی زۆر بووە، بەتایبەتی دوای ساڵی 1987 چڕتر بووەتەوە، ئەو خۆی ئەو هێرشانەی کە بە تێگەیشتنێکی نیوە چەتەیی بوون پەسەند نەکردووە، و بۆ ڕێگریکردن لێی تێکۆشانێکی گەورەی داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە،
• زۆرترین زیانی چالاکییە تیرۆریستییەکانی پەکەکە بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتووە، لە سەرەتادا بۆ ئازادیی ناوچەکە دەرکەوتوون، دواتر خەڵک پەیوەندییان پێوە کردوون، و بەهۆی هەبوونی دوژمنایەتیی کۆن لە ناوچەکەدا، کەسانێکی وەک شەمزین ساکک، کۆر جەماڵ، شاهین بالیچ، و جەمیل ئشک کە دەسەڵاتیان لەناو پەکەکەدا گرتە دەست، گوشار و چالاکییەکانیان زیاتر خستە سەر خەڵکە هەستیارەکەی ناوچەکە، و ئەو تا کۆتایی دژی ئەمە وەستاوەتەوە، تەنانەت هەندێک لەوانەی بەم شێوەیە چالاکییان ئەنجامداوە (وەک کۆر جەماڵ/خەلیل کایا، هۆگر/جەمیل ئشک، مەتە/شاهین بالیچ)ی سزاداوە، و کاتێکیش دەیویست شەمزین ساکک سزابدات لە دەستیان هەڵاتووە، ئەو کەسانەی بە تاوانبار بینراون لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە دادگایی کراون و لە ئەنجامی دادگاییکردنەکەدا بە ڕەزامەندیی تایبەتی ئەو سزاکان جێبەجێ کراون، ڕەزامەندیی تایبەتیی ئەو بۆ کەسە گرنگەکان وەرگیراوە، و سزادانەکان لە چوارچێوەی پەیڕەوی ARGKدا ئەنجامدراون،
• ئەو ئامارانەی پەیوەستن بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە ئەنجامی چالاکییە تیرۆریستییەکانەوە ڕاستن، تەنانەت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەوەی کە ئاماژەی پێکراوەش زیاتر بێت، ئەو فەرمانی ئەم ڕووداوانەی داوە و بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆی ئەودایە،
• سەبارەت بە ئاگربەستی ساڵی 1993، لەو ڕێکەوتەدا جەلال تاڵەبانی هاتووەتە شام، و پێی ڕاگەیاندووە کە ئۆزال داواکاریی ئاگربەستی هەیە، ئەوی وتووە کە چاوەڕوانییەکی وەهای هەیە و پێشتریش لەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ هەندێک ڕۆژنامەنووسدا کردبووی ئەم تێڕوانینەی بۆ دروست ببوو، بۆیە لەسەر ئەمە لە 15ی ئاداری 1993دا لەگەڵ جەلال تاڵەبانیدا ئاگربەستی ڕاگەیاندووە،
• سەرچاوە داراییەکانی ڕێکخراوەکە بە زۆری لەو بەخشین و کەمپینانەوە بووە کە لە ئەوروپاوە دەست دەکەوتن، و بەناوی باجگرتنەوە پارە کۆکراوەتەوە، لە نێوان ساڵانی 1991-1993 بڕێک پارە وەک ڕێژەی سەدی لە بەڵێندەرانی ناوچەکە بەناوی داهاتی ڕێکخراوەوە وەرگیراوە،
• ئەو چەکانەیان کۆکردووەتەوە کە ئەو خەڵکەی بەرەو باکوور دەردەکران لە کاتی جەنگی کەنداودا جێیانهێشتبوو، و بەشێکیشیان بە پارە کڕیوە، ئەو 20 موشەکەی جۆری ستریلا (Strella) کە پەکەکە بەکاری دەهێنان، نوێنەری یۆنان ئایفەر کایا بە نازناوی ڕۆزالین، کەمپینی هاوکاریی بۆ کۆکردووەتەوە، و بەو پارانەی لە کەنیسەکان و ئەو خەڵکەی نزیک بوون لێیانەوە کۆکرابوونەوە، لە ڕێگەی بازرگانێکەوە لە سربستان کڕدراون و لە باکووری عێراق ڕادەستیان کراون، هەروەها موشەکەکانی جۆری سام 6 و سام 7 کە ڕێکخراوەکە بەکاری دەهێنان، بە سوودوەرگرتن لەو بۆشاییەی لە باکووری عێراق هەبوو دەستیان خستوون،
• بۆ ئەوەی بەپێی بۆچوونی سیاسیی پەکەکە پڕوپاگەندە بکەن تەلەفزیۆنی MEDیان دامەزراندووە، داراییەکەیان لە ڕێگەی بەخشینەوە دابین کردووە و بۆ ئەوەی پارە کۆکراوەکان یاسایی بکەنەوە وەقفیان دامەزراندووە، ئەو کەسانەی لەم تەلەفزیۆنەدا کاریان دەکرد ئەندامانی ڕێکخراوەکە بوون و بە شێوەی خۆبەخش کاریان دەکرد،
• بە ئاگاداری ئەو، ڕێکخراوی پەکەکە قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەری نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو ناوچەیە پشکیان لەو بازرگانییەی ماددەی هۆشبەر وەردەگرت کە لە ناوچەی زارۆس (وەک خۆیان ناویان دەبرد) واتە ناوچەکانی وان و جۆلەمێرگ دەکرا، جگە لەوە ڕێکخراوەکە سەرقاڵی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر نەبووە، و ئەو خۆی دژی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر بووە،
• پشتگیریی لە دامەزراندنی پەرلەمانی تاراوگەی کوردستان کردووە کە لە ساڵی 1995 لە لاهای دامەزراوە و ناوەندەکەی لە برۆکسل بووە، ئەم پەرلەمانە 65 ئەندامی هەبووە کە 12یان نوێنەری پەکەکە بوون، مەبەست لە دروستکردنی بۆ ئەوە بووە کە لە بواری دیپلۆماسیدا چالاکی بکات و پێکهاتەیەکی یاسایی و پەسەندکراو بۆ زۆرێک لە کەس و دامەزراوەکانی ئەوروپا دروست بکات کە بتوانن بە ئاسانی پەیوەندیی پێوە بکەن،
• ڕێکخراوی پەکەکە زیاتر لە پارتێکی سیاسیی کلاسیکی، بە شێوەی پارت، سوپا و بەرە ڕێکخراوە، خۆی لەناو ڕێکخراوەکەدا بەزۆری بە نازناوی ئاپۆ بانگ کراوە، و لە نووسراوەکاندا نازناوی عەلی فورات-ی بەکارهێناوە، هەروەها نوێنەرایەتییان لە دەرەوەی وڵات هەیە، ڕێکخراوی یەکێتیی ژنانی ئازادی کوردستان (YAJK) سەر بە ئەوانە، و لەژێر فەرمانیدا بەوانەی ئەوروپاشەوە نزیکەی 3000 ئەندامی ڕێکخراو هەبوون،
• لە ساڵی 1979دا چووەتە سوریا، پەیوەندی بە ڕێکخراوی فەلەستینییەوە کردووە و ناسنامەی بەرەی دیموکراتیکی لەو ڕێکخراوە وەرگرتووە، و بەو ناسنامانەوە چوونەتە لوبنان، ڕێکخراوی فەلەستینی شوێنی کەمپێکی لە دۆڵی بیقاع پێداون کە ناوی کەمپەکە 'هەلوە' بووە و دواتر ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز، لە ساڵی 1992 جارێکی تر چوونەتەوە سوریا، لەوێ پەیوەندییان لەگەڵ ئەندامی موخابەرات مەروان زەرکی بە نازناوی ئاغا دروست کردووە، ئەم کەسە بووەتە ئەڵقەی پەیوەندی لە نێوان ئەوان و هەواڵگری و دەوڵەتی سوریا، کاتێک هاتوونەتە سوریا خانوویان کڕیوە یان بە کرێیان گرتووە و دواتر ئەم خانووانەیان کردووە بە قوتابخانەی پارت، لەو ماوەیەی لە سوریا بووە بە ناسنامەی بەرەی دیموکراتیک کە بە ناوی عەلی عەممارەوە دەرهێنرابوو هاتووچۆی کردووە، لە کۆتایی ساڵی 1992 تا 09ی تشرینی یەکەمی 1998 زیاتر لە شام ماوەتەوە،
• لە 09ی تشرینی یەکەمی 1998 لەگەڵ ئایفەر کایا بە نازناوی ڕۆزالین لە سوریا دەرچوون و چوونەتە یۆنان، لەبەرئەوەی یۆنان کە تا ئەو کاتە دەیگوت دۆستی پەکەکەیە داواکاریی مافی پەنابەرییەکەی قبوڵ نەکردووە لەوێوە چوونەتە مۆسکۆ، هەرچەندە دۆما (پەرلەمانی ڕووسیا) قبوڵی کردووە لە ڕووسیا بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی دژایەتیی سەرۆک وەزیرانی ڕووسیاوە دوای 33 ڕۆژ ناچار بووە لەوێش بڕوات، لەسەر بانگهێشتی هەندێک پەرلەمانتاری ئیتاڵی، لە کاتێکدا ئەحمەد یامان-ی نوێنەری ڕۆمای لەگەڵدا بووە، بە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ڕووسی هاتوونەتە ڕۆما، کاتێک لە ئیتاڵیا چاوەڕێی ئەوە بووە داواکاریی مافی پەنابەرییە سیاسییەکەی قبوڵ بکرێت، پرسی دەستگیرکردنی هاتووەتە ئاراوە، پێشتر هەم ئیتاڵیا و هەم دەوڵەتانی ئەوروپا هەموو ڕۆژێک داواکاریی پەنابەری سەدان کوردیان قبوڵ دەکرد کە تەنانەت سیاسیش نەبوون، بەڵام داواکارییە سیاسییەکەی ئەویان قبوڵ نەکردووە، وردە وردە گوشاریان لەسەری زیاد کردووە، و دەستیان کردووە بە هەڵوێستێکی "ڕابکە و خۆت ڕزگار بکە" بەرامبەری، بەم گوشارانە دوای مانەوەی بۆ ماوەی 66 ڕۆژ لە ئیتاڵیا، لە 16ی کانوونی دووەمی 1999 لە ئیتاڵیا ڕۆیشتووە، پێش ڕۆیشتنی لە ڕێگەی ڕۆزالینەوە پاسپۆرتێکی سووری لە باشووری قوبرسەوە دەستخستووە و دووبارە گەڕاونەتەوە مۆسکۆ، بەهۆی هەڵوێستی پێچەوانەی مۆسکۆوە لە 29ی کانوونی دووەمی 1999 دووبارە لە ڕووسیا ڕۆیشتوون، بە فڕۆکەیەکی سەر بە دەزگای هەواڵگریی یۆنان دووبارە هاتوونەتەوە یۆنان، بەهۆی دژایەتیی بەرپرسانی یۆنانەوە دووبارە بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی مینسک دایانبەزاندووە، لەبەرئەوەی لەوێش قبوڵ نەکرا لە ئەنجامدا ناچار بووە بگەڕێتەوە یۆنان و لەوێشەوە بردوویانە بۆ کینیا،
• پەیوەندییەکانی یۆنان لەگەڵ ڕێکخراوی پەکەکە، لە پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ ڕێکخراوی پەکەکە دەچێت، لە ساڵی 1988 بە سەردانەکانی بادۆڤاس و ناگازاکیس لە لوبنان ئەم پەیوەندییانە دەستیان پێکردووە، لە ساڵی 1994 لە یۆنان کەمپەکانی ڕێکخراوی پەکەکە کراونەتەوە، لە کەمپی لاڤریۆن زیاتر پەروەردەی ئایدۆلۆژی بە گەنجانی پەکەکە دەدرا، هەروەها کەمپی دیمیتری ئێلەن هەبووە کە پەروەردەی بۆمبی تێدا دەکرا، بەرپرسی ئەم کەمپە فەتحی دەمیر بووە بە نازناوی ماهیر، خانوویان هەبووە بۆ جێگیرکردنی گرووپە بچووکەکان لە یۆنان، لە یۆنان یارمەتیی داراییان لە دامەزراوە مەدەنییەکان، کەنیسەکان و سەندیکاکانەوە وەردەگرت، لە ئورومییەی ئێران نەخۆشخانەیەکیان هەبووە، هەروەها کەمپیان هەبووە کە نزیک سنووری ئێران-عێراق و لەناو خاکی ئێراندا بوون، لە ئەرمینیا نوێنەرایەتییان هەبووە، لە ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر کۆمەڵە و نوێنەرایەتییان هەبووە،
• ئەوروپا ئەوی لە دژی تورکیا بەکارهێناوە، کاتێک ئەوی ڕووبەڕووی تورکیا دەکردەوە، ئامانجی ئەوە بوو ڕێگری لە تورکیاش بکات، ئەوروپا کە زۆر باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکات بە بەکارهێنانی ئەو بووەتە هۆی ڕشتنی خوێنێکی زۆر و لە ئەنجامدا بە جێبەجێ نەکردنی مافەکانی مرۆڤ نیشانیداوە کە دووڕووە، بۆیە سەرکۆنەی ئەوروپا دەکات، لە کاتێکدا بەهۆی ئەو چالاکییانەوە کە ئەو هۆکاریان بووە مافی پەنابەرییان بە سەدان هەزار کورد داوە کە سیاسی نین، بەڵام مافی پەنابەری سیاسییان بەو نەداوە هەرچەندە سەرۆک و کەسی یەکەمی سیاسیی ڕێکخراوی پەکەکەیە.
تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە وتە زیادکراوەکەیدا کە لە 03.04.1999 لەلایەن داواکارانی گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرەوە وەرگیراوە، لێدوانی هاوشێوەی وتەکانی پێشووی داوە.
تۆمەتبار، لەو لێپرسینەوەیەی کە لە 23.02.1999 لەلایەن دادوەری یەدەگی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرەوە لێی کراوە؛ ڕایگەیاندووە کە تەواوی ئەو وتانەی لە 22.02.1999 بە داواکارانی گشتیی دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئەنقەرەی داوە دووبارە دەکاتەوە، و ڕایگەیاندووە کە ئەو دامەزرێنەر و سەرکردەی ڕێکخراوی پەکەکەیە، ئەو بڕیارانەی لە ڕێکخراوەکەدا دەدرێن لە کۆتاییدا دەخرێنە بەردەم ئەو بۆ پەسەندکردن، چالاکییە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی 1977-1978 بوون، لە نێوان 1977-1978یشدا لە حیلوەن-سێوەرەک لەلایەن ڕێکخراوەکەوە هەوڵی چەکداری دژی دەسەڵاتی ناوخۆیی و خاوەن زەوی و ئاغاکان دراوە، یەکەمین پێکدادانی چەکداری لەسەر ئەم بنەمایە دەستی پێکردووە، خۆی لە تەممووزی 1979دا چووەتە لوبنان و لەو ڕێکەوتەوە بۆ زیاتر پێشخستنی بزووتنەوەی چەکداری، ئایدۆلۆژی و سەربازی دەستیان بە پەروەردە کردووە، لە ساڵی 1984دا بەهۆی کاریگەرییە قورسەکانی مانگرتنەکان لە خواردن تا مردن کە لە زیندانی دیاربەکر دەستی پێکردبوو، چوونەتە ناو پرۆسەیەکی نوێی تێکۆشانی چەکدارییەوە و ئەمەش تا ئەمڕۆ بەردەوامە، شێوازی تێکۆشان لە ناوخۆی وڵاتدا لەسەر شێوازی ویلایەت بووە، و ویلایەتەکانیش دابەش دەبوون تا دەگەیشتنە یەکەکان، هەر ویلایەتێک بەرپرسێکی هەبووە، و بڕیاری چالاکییە چەکدارییەکان لەلایەن بەرپرسی ئەو یەکانەوە دەدرا کە لەوێ بوون، بڕیارەکانی چالاکیی چەکداری بە هێڵە گشتییەکانیانەوە دەخرانە بەردەم ئەو بۆ پەسەندکردن، ئەو زیاتر بڕیارە بنەڕەتی، ستراتیژی و تاکتیکییەکانی دەدا و بە ڕێکخراوەکەی ڕادەگەیاند، و جێبەجێکردن لەلایەن یەکەکانەوە دەکرا، سەرچاوەی داهاتی بنەڕەتیی ڕێکخراوی پەکەکە پشتی بە بەخشین، ئابوونە و کەمپینەکان دەبەست کە لە جەماوەری فراوانەوە دەستەبەر دەکران و هەروەها پشتگیریی داراییان لە هەندێک دامەزراوەی مەدەنیشەوە دەبینی، ڕێکخراوی پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەرەوە نەبووە، بەڵام لەو قاچاخچێتییە ماددە هۆشبەرانەی لە هەندێک ناوچە دەکرا، لەلایەن بەرپرسانی ئەو ناوچانەوە بڕێک پارە وەک بەخشین وەردەگیرا، ڕێکخراوەکە ڕاستەوخۆ هیچ پەیوەندییەکی بە بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەوە نەبووە، ئەم بابەتە پێچەوانەی ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوەکەیە، ئامانجە ئابوورییەکان لەنێو ئامانجە بنەڕەتییەکانی ڕێکخراوەکەدا بوون، بەڵام سووتاندنی دارستانەکان و ئەو دامەزراوانەی مرۆڤیان تێدایە لەنێو ئەم ئامانجانەدا نەبوون، زیاتر باس لەو ئامانجە ئابوورییانە بوو کە دەبوونە هۆی بەردەوامبوونی شەڕ، هەروەها ڕێکخراوەکە بە مەرجی زیان نەگەیاندن بە مرۆڤ چالاکیی دژی ئامانجە گەشتیارییەکانیش هەبووە، ئەو بەگشتی ئەو چالاکییانەی پەسەند نەدەکرد کە بە شێوەی کۆمەڵکوژی لە گوندەکان و ناوچە مەدەنییەکاندا دەکرا، و تێکۆشانی بۆ ئەوە دەکرد کە بەم شێوەیە چالاکی نەکرێت، بەڵام هەندێک توخم لەناو ڕێکخراوەکەدا بە ئامانج و تێگەیشتنی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، کۆمەڵکوژییە بەکۆمەڵەکانی گوندەکانیان ئەنجامداوە، ئەو لەگەڵیاندا تێکۆشاوە و ئەوانەی ئەم جۆرە چالاکییانەیان ئەنجامداوە بە قورسترین شێوە سزای داون، هەروەها دژی ئەوانەشی لە سیستەمی جەردەوانی (گوندپارێزی)دا بوون کە دوای ساڵی 1981 دامەزرا، چالاکیی چەکدارییان هەبووە، ڕێکخراوەکە بڵاوکراوەی یاسایی هەبووە بە ناوی سەرحوەبوون (Serxwebun)، ئۆزگور پۆلیتیکا کە لە دەرەوەی وڵات دەردەچوون و ئۆزگور گوندەم کە لە ناوخۆی وڵات دەردەچوو، و لەمانەدا وتارەکانی ئەو بە ناوی خوازراوی عەلی فورات بڵاودەکرانەوە، و بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخراوەکە تەلەفزیۆنی MEDیان دامەزراندووە. تۆمەتبار لە لێپرسینەوە و بەرگرییەکانی ناو دادگاشدا؛ بەوەی کە ڕێکخراوی پەکەکەی دامەزراندووە و بەرپرسی باڵایەتی، بەو بڕیارانەی داویەتی ڕێکخراوەکەی بەڕێوەبردووە، بەو ڕێنماییانەی بە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی داوە لە دەرەجەی یەکەمدا بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی چەندین چالاکی، و بە خستنەڕووی ئەوەی کە وتەکانی پێشووشی ڕاستن، وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەو وتانە ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە ژمارەی کوژراوان و بریندارەکان زیاتریش بن.
س: تۆمار و بەڵگەنامەکانی ناسنامە: دەستنیشان کراوە کە تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ کوڕی عومەر و ئوڤەیش، لەدایکبووی 14.04.1947ی بنەڕەتی و 14.04.1949ی ڕاستکراوە، تۆمارکراوە لە باری شارستانیی پارێزگای شانڵیورفا، شارۆچکەی خەلفەتی، گوندی ئۆمەرلی، ژمارەی بەرگ: 029-01، زنجیرەی خێزان: 18، زنجیرەی تاک: 13، بەپێی وتەی خۆی سەڵتە بەڵام بەپێی تۆماری باری شارستانی خێزاندارە، خوێندەوارە، پێشینەی تاوانی نییە، هاووڵاتیی تورکیایە، ئایینی ئیسلامە، و بەهۆی ئەو تاوانەی دراوەتە پاڵی لە زیندانی داخراوی ئیمڕاڵی دەستبەسەرە.
و) بەڵگەکان (DELİLLER): بەپێی ناوەڕۆکی دۆسیەکە، نەبوونی تۆماری دەستگیرکردن کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکە نەبووە.
• وتەکانی تۆمەتبار لەبەردەم پۆلیس، داواکاری گشتی، دادوەری یەدەگ و دادگا کە تێیدا دانی بەوەدا ناوە کە؛ "لە دەرەجەی یەکەمدا بەرپرسیارە لە سەرجەم چالاکی و کارەکانی پەکەکە و ئەم ڕێکخراوە چالاکیی زیاتری لەوانە ئەنجامداوە کە لە ئیدیعانامەکاندا خراونەتەڕوو"،
• ڕاپۆرتە پزیشکییەکان سەبارەت بە پشکنینە جەستەییەکانی تۆمەتبار کە تێیاندا هیچ ئاسەوارێکی لێدان و زەبر نەدۆزراوەتەوە، هەروەها لێدوانەکەی تۆمەتبار لە دادگا کە دەڵێت "لەکاتی دەستگیرکردنیەوە ڕووبەڕووی هیچ جۆرە ئەشکەنجە، مامەڵەی خراپ و قسەیەکی نەشیاو نەبووەتەوە"،
• ئەو فەرمان و ڕێنماییانەی تۆمەتبار کە بە چەکدارانی پەکەکەی داوە بۆ؛ هاندانی توندوتیژیی چەکداری، دیاریکردنی ئامانجی چالاکییەکان، پێدانی تاکتیک بە چەکدارەکان، ڕەخنەگرتن لەوانەی چالاکییان ئەنجام نەداوە، هاندانی هێرشە خۆکوژییەکان، دانانی مین لەسەر ڕێگاکان، پێشنیارکردنی چالاکیی دژی خەڵکی مەدەنی و سزادانی ئەوانەی لە ڕێکخراوەکە جیادەبنەوە (کلاسۆر: 3، لاپەڕە: 15)،
• لێدوانەکانی تۆمەتبار لە ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و دەزگا جیاوازەکانی ڕاگەیاندندا (کلاسۆر: 3، لاپەڕە: 13)،
• بڕیارەکانی کۆنگرەی 6ەمی پەکەکە لەسەر شێوازی "شەڕ دەگوازینەوە بۆ ناو تورکیا" (کلاسۆر: 4، لاپەڕە: 14)،
• وتەکانی هەر یەک لە فەتحی دەمیر، عەلائەدین کانات، شەمزین ساکک، محەمەد یامانچ، خالید چەلیک، ئایسون ئینان، نورەدین ئانییغ، فازڵ ئشک، سەربەست توران، هەقی کتای، ئەحمەد یاشار، عەلی ساری و مەزڵوم کارتال لە قۆناغە جیاوازەکاندا کە لەناو دۆسیەکەدان سەبارەت بەوەی تۆمەتبار ڕێکخراوەکەی دروستکردووە، بەڕێوەی بردووە، پەروەردەی داوە، ئەرکی پێسپاردوون و ڕێنمایی چالاکیی پێداون (کلاسۆر: 15، 16، 5، 27)،
• تۆماری نووسراوی ئەو قسە و ڕێنماییە گشتییانەی چالاکی و ڕەخنەگرتن کە لەرێگەی بێسیمەوە کراون (کلاسۆر: 19)،
• ڕاپۆرتی پشکنینی پزیشکیی دادوەری (ئۆتۆپسی) و تۆماری ئەو کەسانەی کوژراون (کلاسۆر: 1، لاپەڕە: 208 و کلاسۆرەکانی 3، 6، 9، 10، 24 و 27)،
• ئەو وتارانەی لە گۆڤاری سەرحوەبوون بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە تێگەیشتنی تۆمەتبار بۆ ڕێکخراو و چالاکی (کلاسۆر: 5، لاپەڕە: 5 و کلاسۆر: 14)،
• تۆماری نووسراوی ئەو کاسێتانەی کە ڕێنماییەکانی توندوتیژی لەخۆدەگرن (کلاسۆر: 35)،
• تۆماری نووسراوی قسەکانی تۆمەتبار لە بەرنامەیەکی پانێلدا لە ڕێکەوتی 15.12.1996 کە تێیدا دەڵێت "بەو ڕێوشوێنانەی دەیانگرینەبەر تورکیا دەکەینە دۆزەخ" (کلاسۆر: 37)،
• تۆماری شوێنی ڕووداوەکان و نەخشەکانیان،
• ئەو بەڵگەنامانەی کە نیشانی دەدەن چەندین چەکداری ڕێکخراوەکە لەسەر پەیوەندیکردنیان بە پەکەکەوە و بەپێی ماددەی 125ی یاسای سزادانی تورکیا دادگایی کراون و سزادراون و بڕیارەکانیان پلەی کۆتاییان وەرگرتووە،
• سكاڵانامە و وتەی سكاڵاکاران و زیانلێکەوتووان،
• جاڕنامەی دامەزراندن، پرۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ڕێکخراوی پەکەکە (کلاسۆر: 3-4، لاپەڕە: 6، 8، 9، 10)،
• ژمارەکانی شوباتی 1996 و حوزەیرانی 1991ی گۆڤاری سەرحوەبوون (کلاسۆر: 3، لاپەڕە: 5)،
• وتەکانی تۆمەتبار و مێژووی پەکەکە (کلاسۆر: 3، لاپەڕە: 11)،
• کۆپی پەڕتووکی "تیۆرییەکان لەسەر تاکتیکی ڕاپەڕین و ئەرکەکانمان" کە لەلایەن تۆمەتبارەوە نووسراوە (کلاسۆر: 5، لاپەڕە: 7-8)،
• ڕێگا و مانیفێستی شۆڕشی کوردستان (کلاسۆر: 4، لاپەڕە: 184)،
• دۆسیەی تەلەفزیۆنی MED کە لەخۆدەگرێت: دامەزراندنی تەلەفزیۆنەکە، مۆڵەتی پەخش، سیاسەتی پەخش، سەرچاوەی دارایی، پێشهاتە قۆناغی و ساڵانەییەکان، ئۆپەراسیۆنی سپوتنيک، ئەو پەخشانەی هاندانی تیرۆریان تێدابووە لەلایەن پێشکەشکارانی تەلەفزیۆنەکەوە، و ئەو بانگەوازانەی بۆ ئەنجامدانی چالاکی بڵاوکرانەوە لە تەلەفزیۆنەکەدا دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (کلاسۆر: 8).
ز) پەسەندکردن و هەڵسەنگاندنی دادگا: دادگا؛ پەسەندی کرد کە تۆمەتبار دامەزرێنەر و بەرزترین بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە نایاساییەیە بەناوی پەکەکە کە بە مەبەستی جیاکردنەوەی بەشێک لەو خاکی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی کۆماری تورکیا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای مارکسی-لینینی پێکهێنراوە. هەروەها پەسەندی کرد کە تۆمەتبار تا ڕێکەوتی دەستگیرکردنی بەو بڕیارانەی داویەتی و بەو فەرمان و ڕێنماییانەی دەریکردوون، بەرپرسیارە لەو هێرشە چەکداری، ڕێگریکردن، بۆمبدانان، تێکدان و دزییە چەکدارییانەی لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە ئەنجامدراون و تێیاندا هەزاران هاووڵاتی، سەرباز، پۆلیس، جەردەوانی گوند و فەرمانبەری گشتی کوژراون و بریندار بوون. لەسەر ئەم بنەمایە بڕیاری دا: تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەپێی ماددەی 125ی یاسای سزادانی تورکیا (TCK) بە "سزای مەرگ" سزا بدرێت؛ لەبەر زۆری و بەردەوامیی چالاکییەکان، کوژرانی هەزاران مرۆڤی بێتاوان بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان ساوایان، منداڵان، ژنان و پیران، هەروەها لەبەر ئەوەی سەدان لەو تاوانە ئامرازییانەی بۆ تاوانە سەرەکییەکە ئەنجامدراون سزای مەرگیان دەکەوێتە سەر، و ئەم چالاکییانە مەترسییەکی جدی، نزیک و گەورەیان بۆ سەر وڵات دروست کردووە. لە ڕوانگەی دەستەبەرکردنی دادپەروەریی سزایی و بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی ماف و دادپەروەریش، بڕیاردرا کە جێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 59ی هەمان یاسا نییە.
ح) هەڵسەنگاندنی یاسایی: لە ڕووی هەڵسەنگاندنی دۆخی یاسایی تۆمەتبارەوە، ناچارییەک هەیە کە ڕێکخستنە یاساییەکانی ماددەکانی 3 و 14ی دەستوور و پێکهاتەکانی تاوانەکانی ماددەکانی 125 و 168ی یاسای سزادانی تورکیا پێکەوە تاوتوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ماددەی 3ی دەستووری کۆماری تورکیا ئەم حوکمە لەخۆدەگرێت: "دەوڵەتی تورکیا، بە خاک و نەتەوەکەیەوە یەکپارچەیەکی جیانەکراوەیە"، لە ماددەی 14شیدا هاتووە: "هیچ یەکێک لەو ماف و ئازادییانەی لە دەستووردا هاتوون، ناتوانرێت بەکاربهێنرێن بە مەبەستی تێکدانی یەکپارچەیی جیانەکراوەی خاکی دەوڵەت و نەتەوەکەی، خستنەمەترسیی بوونی دەوڵەتی تورک و کۆمار، لەناوبردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، دابینکردنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەلایەن کەسێک یان گرووپێکەوە، یان زاڵکردنی چینێکی کۆمەڵایەتی بەسەر چینەکانی تردا، یان دروستکردنی جیاکاریی زمان، ڕەگەز، ئایین و مەزهەب، یان دامەزراندنی سیستمێکی دەوڵەت کە لەسەر ئەم چەمک و بۆچوونانە دامەزرابێت لە ڕێگەی هەر شێوازێکی ترەوە. ئەو سزایانەی بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێن کە پێچەوانەی ئەم قەدەغەکراوانە دەجوڵێنەوە یان هانی کەسانی تر دەدەن بەو ئاراستەیە، بە یاسا ڕێکدەخرێن..." "وڵات" یان خاک کە لە ماددەکەدا ئاماژەی پێکراوە؛ پێناسە دەکرێت بەو پارچە زەوییەی کە سنوورەکانی بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کێشراون، خەڵکەکەی تێیدا دەژی و سەروەریی بەسەردا هەیە. "نەتەوە"ش گوزارشتە لەو کۆمەڵگایەی کە لەسەر ئەو خاکە دەژی، لە ڕووی مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەوە بە قۆناغی دیاریکراودا تێپەڕیوە، و گەیشتووەتە یەکێتیی کلتوور و ئامانج. لە دەستووردا؛ پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی نەتەوەی تورک و دابەشنەبوونی خاک، وەک یەکێک لە ئامانج و ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت نیشاندراوە. هەروەها لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا بینراوە کە؛ ڕێگە نادرێت بەو چالاکییانەی کە یەکپارچەیی دەوڵەت، خاک و نەتەوە دەکەنە ئامانج بۆ تێکدانیان. بەم شێوەیە؛ لە بڕگەی 3ی ماددەی 29ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە: "ئەم ماف و ئازادییانە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پێچەوانەی ئامانج و پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێنرێن"، لە ماددەی 30شدا هاتووە: "هیچ حوکمێکی ئەم جاڕنامەیە ناتوانرێت بە جۆرێک لێکبدرێتەوە کە مافی ئەوە بداتە دەوڵەتێک، گرووپێک یان کەسێک بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک یان کردەوەیەک کە ئامانج لێی لەناوبردنی ئەو ماف و ئازادییانە بێت کە تێیدا ڕاگەیەنراون." بڕگەی 2ی ماددەی 11ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR) کە تورکیا لایەنێکە تێیدا، دەڵێت: "بەکارهێنانی ئەم مافانە ناتوانرێت هیچ سنووردارکردنێکی بخرێتە سەر کە یاسا پێشبینی نەکردبێت و لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا پێویست نەبێت، جگە لە مەبەستەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، ئاسایشی گشتی، ڕێگریکردن لە تاوان و پشێوی، پاراستنی تەندروستیی گشتی و ئەخلاقی گشتی، و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی کەسانی تر. ئەم ماددەیە ڕێگر نییە لەبەردەم دانانی سنووردارکردنی یاسایی لەسەر بەکارهێنانی ئەم مافانە لەلایەن ئەندامانی هێزە چەکدارەکان، پۆلیس و ئیدارەی گشتییەوە." ماددەی 17ش دەڵێت: "هیچ حوکمێکی ئەم ڕێککەوتننامەیە ناتوانرێت بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە کە ماف بداتە هەر دەوڵەت، گرووپ یان کەسێک بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک کە مەبەست لێی تێکدانی یەکێک لەو ماف و ئازادییانە بێت کە لەم ڕێککەوتننامەیەدا هاتوون، یان بڕیارێک بدات کە ئامانج لێی سنووردارکردنیان بێت زیاتر لەوەی لە ڕێککەوتننامەکەدا پێشبینی کراوە." لە بەڵگەنامەی کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا (AGİK)دا؛ جێگە بەم پرەنسیپانە دراوە: "ڕێزگرتن لە سەروەری، یەکسانی و ئەو مافانەی کە بە توندی بە سەروەرییەوە بەستراونەتەوە بۆ دەوڵەتی بەشداربوو"، "دوورکەوتنەوە لە پەنابردنە بەر هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز"، "پێشێلنەکردنی سنوورەکان"، "یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتەکان"، "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە"، "دوورکەوتنەوە لە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی". لە بەشی "ئاسایش"ی جاڕنامەی پاریسدا هاتووە: "ئێمە سوورین لەسەر هاوکاریکردن بۆ پاراستنی دامەزراوە دیموکراتییەکان لە دژی ئەو چالاکییانەی کە سەربەخۆیی، یەکسانیی سەروەری یان یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتە بەشداربووەکان پێشێل دەکەن. ئەم چالاکییانە، ئەو چالاکییە نایاساییانەش دەگرێتەوە کە گوشار، زۆرداری و تێکدەریی دەرەکی لەخۆدەگرن. ئێمە بە ئاشکرا سەرجەم چالاکی، شێواز و مامەڵە تیرۆریستییەکان وەک تاوان سەرکۆنە دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە سوورین لەسەر کارکردن بۆ لەناوبردنیان هەم لە ڕێگەی هاوکاریی دووقۆڵی و هەم فرەقۆڵییەوە." ئەمە جۆرێک لە ڕێکخستنە کە لەوێدا دەبینرێت. لەو ڕاگەیاندنەی کە لە کۆتایی کۆنفرانسی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا بڵاوکرایەوە کە لە 14-15ی حوزەیرانی 1993 لە ڤیەننا بەڕێوەچوو؛ بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەو پرەنسیپە کراوەتەوە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بەپێی پرەنسیپی "مافە یەکسانەکان" ناتوانرێت بەو مانایە لێکبدرێتەوە کە ڕێگە بە پشتیوانیکردن یان مۆڵەتدان بە هەر چالاکییەک بدات کە ببێتە هۆی پارچەپارچەکردنی یەکپارچەیی خاکی یان یەکێتیی سیاسیی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر کە حکومەتەکەی نوێنەرایەتی تەواوی ئەو خەڵکە دەکات کە لەسەر خاکەکەی دەژین بێ جیاوازیی ڕەگەز، ئایین و ڕەنگ. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە بڕیارەکەیدا سەبارەت بە کەیسی "زانا-تورکیا"؛ پەکەکەی وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە توندوتیژی بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی" هەڵسەنگاندووە و ڕایگەیاندووە کە "پەکەکە هێرشی خوێناوی دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ئەنجامدەدات." لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێکخستن و هەڵسەنگاندنانەدا، وەک چۆن لەلایەن ئەو کۆنفرانس و ڕێککەوتننامانەی کە نەتەوە شارستانییەکانی جیهان پەسەندیان کردووە قبوڵ کراوە، و هەروەها بە بڕیارەکانی دادگاش سەلمێنراوە، ئەو پەکەکەیەی کە تۆمەتبار دامەزرێنەر و سەرکردەیەتی، ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. لە ماددەی 125ی یاسای سزادانی تورکیادا؛ ئەو چالاکییانە پێناسە کراون کە ئامانجیان پارچەپارچەکردنی یەکپارچەیی خاک و نەتەوەیە کە لە ماددەی 14ی دەستووردا ڕوون کراونەتەوە؛ ئەم ماددەیە ئەم حوکمە لەخۆدەگرێت: "هەر کەسێک کارێک بکات بە مەبەستی خستنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بیانی بۆ تەواو یان بەشێک لە خاکی دەوڵەت، یان کەمکردنەوەی سەربەخۆیی دەوڵەت، یان تێکدانی یەکێتییەکەی، یان جیاکردنەوەی بەشێک لەو خاکی ژێر سەروەریی دەوڵەتە لە ئیدارەی دەوڵەت، بە سزای مەرگ سزا دەدرێت." لە ماددەی 168یشدا هاتووە: "هەر کەسێک بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو تاوانانەی لە ماددەکانی 125، 131، 146، 141، 149 و 156دا نووسراون، کۆمەڵە و چەتەی چەکداری پێکبهێنێت، یان لە کۆمەڵە و چەتەیەکی وەهادا ببێتە فەرماندە و فەرماندەیی یان ئەرکێکی تایبەتی هەبێت، بە سزای زیندانیکردنی قورس کە لە پازدە ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت. ئەندامانی تری کۆمەڵە و چەتەکە بە دە تا پازدە ساڵ زیندانیی قورس سزا دەدرێن." ماددەی 125ی TCK بەپێی ئەو پاساوەی داڕێژەری یاساکە نیشانیداوە دوو خاڵ لەخۆدەگرێت:
1. ئەو کردەوانەی ئامانجیان خستنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بیانییە بۆ خاکی دەوڵەت یان بەشێکی، یان کەمکردنەوەی سەربەخۆیی دەوڵەت.
2. ئەو کردەوانەی ئامانجیان جیاکردنەوەی خاکێکی ژێر سەروەریی دەوڵەتە لە نیشتمانی دایک. ئەنجامدەری تاوانەکەی ماددەی 125ی TCK "هەر کەسێک"ە. بۆیە مەرج نییە ئەم تاوانە لەلایەن هاووڵاتییەکی تورکەوە ئەنجامدرابێت. بێگانەکانیش دەکرێت ئەم تاوانە ئەنجام بدەن. ڕەگەزی مادیی تاوانەکە بریتییە لە:
3. ئەو چالاکییانەی ئامانجیان خستنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بیانییە بۆ تەواوی یان بەشێک لە خاکی دەوڵەت،
4. ئەو چالاکییانەی ئامانجیان کەمکردنەوەی سەربەخۆیی دەوڵەتە،
5. ئەو چالاکییانەی ئامانجیان تێکدانی یەکێتیی دەوڵەتە،
6. ئەو چالاکییانەی ئامانجیان جیاکردنەوەی بەشێک لەو خاکی ژێر سەروەریی دەوڵەتە لە ئیدارەی دەوڵەت. ڕەگەزی مەعنەویی تاوانەکە بریتییە لە مەبەستی گشتی. بۆ دروستبوونی تاوانەکەی ناو ئەم ماددەیە دەبێت چالاکییەکە بەو ئاراستەیە بێت. کردەوەی ئاراستەکراو؛
7. خستنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بیانی بۆ تەواوی یان بەشێک لە خاکی دەوڵەت،
8. کەمکردنەوەی سەربەخۆیی دەوڵەت،
9. جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی ژێر سەروەریی دەوڵەت لە ئیدارەی دەوڵەت، بە شێوەیەکی دیاریکراو و سنووردار ڕیزکراون، و بۆ ئەوەی تاوانەکە بە تەواوکراو دابنرێت مەرج نییە ئەنجامەکە بەدیهاتبێت، بەڵکو دەبێت چالاکییەکە گونجاو و شیاو بێت بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەی ئامانجیەتی، و بە ئامرازی شیاو دەست بە جووڵەکانی جێبەجێکردن کرابێت. لە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا چالاکییەکە بە ئامرازی شیاوەوە لە ئاستی جووڵەی جێبەجێکردندایە یان نا؛ دەبێت پابەندبوونی ڕێکخراوەیی تۆمەتبار، یەکپارچەیی ئۆرگانیکی ڕێکخراوەکە لە سەرانسەری وڵاتدا، و کاریگەرییەکەی لەناو کۆمەڵگادا لەبەرچاو بگیرێت و جۆری تاوانەکە بەپێی ئەمە دیاری بکرێت. هەر کەسێک کە چەتەی چەکداری پێکبهێنێت (کە لە ماددەی 168دا ڕێکخراوە)، و دواتر کردەوەی شیاو ئەنجام بدات بۆ هەر یەکێک لەو تاوانانەی ئامانجن، ئەوا نەک بەپێی ماددەی 168، بەڵکو لەسەر ئەو تاوانە ئامانجە سزا دەدرێت. تۆمەتبار عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێکخراوی تیرۆریستیی نایاسایی پەکەکەی دامەزراندووە، گەشەی بەم ڕێکخراوە داوە، پەروەردەی سەربازی و سیاسی بۆ چەکدارانی ڕێکخراوەکە دابین کردووە، و بەو بڕیارانەی داویەتی و بە فەرمان و ڕێنماییەکانی، بووەتە هۆی ئەنجامدانی چالاکییە مەترسیدارەکانی وەک چەندین هێرشی چەکداری، ڕێگریکردن، بۆمبدانان، تێکدان (سابۆتاژ)، دزیی چەکداری، ڕفاندنی مرۆڤ، پێکدادانی چەکداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، و هێرشی خۆکوژی، کە لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی، سەرباز، پۆلیس، جەردەوانی گوند و فەرمانبەری گشتی کوژراون و بریندار بوون. هەروەک چۆن لە بڕیارەکەشدا ڕوون کراوەتەوە؛ لەبەر ئەوەی ئامانجی ئەو ڕێکخراوەی پەکەکە کە تۆمەتبار دامەزرێنەر و سەرکردەیەتی، بریتی بووە لە "جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئیدارەی دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی"، و هیچ گومانێک نییە کە ئەو چالاکییانەی پێشتر ڕوون کراونەتەوە بەم ئاراستەیە بوون، و لە ڕووی جۆریشیانەوە مەترسییەکی جدی، گەورە و نزیکیان بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات دروست کردووە. لەبەرامبەر ئەوەی کە ئەم ڕووداوە مەترسیدارانەی ڕێکخراوی پەکەکە (کە وەک چەتەیەکی چەکدارییە و تۆمەتبار دایناوە) بە فەرمان و ڕێنماییەکانی تۆمەتبار بە کردەیی ئەنجامدراون؛ هیچ بوارێک نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 168ی TCK بەسەر تۆمەتباردا. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بەسەر ئەو تۆمەتبارەدا کە ڕێکخراوەکەی دامەزراندووە، سەرۆکایەتیی کردووە، بەڕێوەی بردووە و بە فەرمان و ڕێنماییەکانی چالاکییەکانی پێ ئەنجامداون، مەرج نییە خۆی ڕاستەوخۆ چەکی بەکارهێنابێت، بەڵکو بەرپرسیاربوونی لە دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانەی کە دروست بوون، پێداویستییەکی یاسایە. یاسای سزادانی تورکیا، سەبارەت بە بوونی هۆکارەکانی کەمکردنەوەی سزای خەمڵێنراو (تەقدیری)، دەسەڵاتێکی خەمڵاندنی فراوانی داوە بە دادوەر و هیچ سنووردارکردنێکی بۆ دانەناوە. لەو جێبەجێکردنانەی کە پێچەوانەی ڕوونی یاسا نین، بنەما یاساییەکان لەکەدار ناکەن، و پێچەوانەی مەبەست و ئامانجی یاساکان نین، ناتوانرێت دەستوەردان لە دەسەڵاتی خەمڵاندنی دادوەردا بکرێت. پشتنەبەستنی دادگا بە ماددەی 59ی TCK سەبارەت بە تۆمەتبار، بە پشتبەستن بە پاساوی تەواو و گونجاو لەگەڵ ناوەڕۆکی دۆسیەکەدا، بە دۆخێکی پێچەوانەی یاسا نەبینرا.
ئەنجام (SONUÇ):
لەبەر ئەوەی بەڵگە کۆکراوەکان لە شوێنی بڕیارەکەدا لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە، و سەلمێنراوە کە تۆمەتبار وەک دامەزرێنەر و بەرزترین بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەی کە وەک چەتەیەکی چەکدارییە، فەرمان و ڕێنمایی داوە بۆ ئەنجامدانی ڕووداوە مەترسیدارەکان بە کردەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە بریتییە لە جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی وڵات لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەم ناوچەیەدا. جۆری تاوانەکە بەپێی پابەندبوونی ڕێکخراوەیی و یەکپارچەیی ئۆرگانیکی ڕێکخراوەکە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ئەنجامدانی تاوانە ئامانجەکە بە دروستی و گونجاو لەگەڵ ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە دەستنیشان کراوە. بەرگرییەکەی بە پاساوی باوەڕپێکراو ڕەتکراوەتەوە. بەپێی ئەو دۆسیەیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە هیچ نادروستییەک لەو بڕیارەدا نەبینرا کە دراوە. بۆیە، بە ڕەتکردنەوەی ئەو تانانەی لە نامەی پێداچوونەوەی پارێزەرانی تۆمەتباردا هەبوون و لە کاتی لێکۆڵینەوەی دانیشتنەکەدا خرانەڕوو و لە جێی خۆیاندا نەبوون؛ بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ئەو بڕیارەی کە خۆبەخۆش دەچێتە پێداچوونەوەوە و بەپێی بیروڕای ئاگادارینامەکە بۆ سەپاندنی "سزای مەرگ" بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان (کوڕی عومەر و ئوڤەیش، لەدایکبووی 14.04.1947ی بنەڕەتی و 14.04.1949ی ڕاستکراوە، تۆمارکراو لە باری شارستانیی پارێزگای شانڵیورفا، شارۆچکەی خەلفەتی، گوندی ئۆمەرلی، ژمارەی بەرگ: 029-01، زنجیرەی خێزان: 18، زنجیرەی تاک: 13). ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی 22.11.1999 بە کۆدەنگی درا.

سەرۆک                    ئەندام                    ئەندام                    ئەندام                    ئەندام
د. تاڤیل                    ش. ئەرۆڵ             س. ئەرکان          ف. ی. کارادەلی          ئـ. ش. داغلی

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست