<

تێڕوانینێک بۆ ناسراوترین بەڵگەکانی بوونی خوا (بەشی سێیەم)

30/07/2026, 19:03 (GMT+1)
باشترە بۆت باوەڕ بە خوا بهێنیت، لەبەرئەوەی ئەگەر هەڵە بوویت ئەوا دەچیتە دۆزەخ
لە ناوەڕاستی سەدەی حەفدەیەم، زانا و فەیلەسووفی ناوداری فڕەنسایی بلیز پاسکاڵ (Blaise Pascal: 1662 – 1623)، بانگەشەیەک پێشنیار دەکات کە پاشان ناو نرا بە گرەوەکەی پاسکاڵ.
پاسکاڵ ئاڵنگارەکەی لەسەر بنەمای تیۆری ئەگەرەکان داهێناوە، مەبەستی ئەوە بووە، ئەگەر ئێمە نەشتوانین بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بوونی خوا بسەلمێنین، هەر باشترە باوەڕمان پێی هەبێت، لەبەرئەوەی گەر لە ڕوانگەیەکی ماتماتیکییەوەش لەو بابەتە بڕوانین، باوڕهێنان بە خوا بەرانبەر بە بێخوایی و بێباوەڕی ئەگەری سوودمەندبوونمان گەلێک پتر دەکات لە زیان لێکەوتنمان.
ئەم گرەوە لە بنچینەوە بەم شێوەیەیە داڕێژراوە:
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا بکەین، پاشان دەرکەوت خوا هەیە، ئاوا دەچینە بەهەشتی هەتاهەتایی و ئەمەش قازانجێکی یەکجار گەورەیە.
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا نەکەین، پاشان دەرکەوت خوا هەیە، ئاوا دەچینە دۆزەخی هەتاهەتایی و ئەمەش زیانێکی یەکجار گەورەیە.
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا بکەین، پاشان دەرکەوت خوا نییە، ئاوا نە قازانج دەکەین، نە زیانمان پێ دەگات.
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا نەکەین، پاشان دەرکەوت خوا نییە، ئاوا نە قازانج دەکەین، نە زیانمان پێ دەگات.
بەگوێرەی ئەم گریمانانە، وەک گوتمان هەمیشە باشترە بژین و پێمان وا بێت خوا بوونی هەیە، لەبەرئەوەی ئەو دەمەی خوا هەبێت و تۆش باوەڕی پێ بکەیت سوودت پێ دەگات، باوەڕیشت پێی هەبێ و هەڵە بیت زیان ناکەیت، مەترسییەکە لەوەدایە باوەڕدار نەبیت و دەرکەوت هەڵەیت، ئەوا بۆ کوێ دەچیت و چی دەکەیت؟
ڕاستە پاسکاڵ زانایەکی بلیمەت و بەتوانا بووە و جێدەستێکی چاک و مەزنی هەبووە لە پێشکەوتنی ماتماتیک، بەڵام لەگەڵ ئەوەش گرەوەکە و ئاڵەنگارییەکەی شکست دەهێنێت لە چەند ڕووێکەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە؛
یەکەم: گرینگە بیزانین کە گرەوەکە هیچیمان بۆ ناکات لەبارەی سەلماندنی بوونی خوا، واتە بەهیچ شێوەیەک نابێتە بەڵگە بۆ هەبوونی خوا، تەنیا بۆچوونێکە وەک گریمانەیەک لە دژی بێباوەڕی لەسەر بنچینەی دەرەنجامە دوایەکییە مەترسیدارەکەی بێباوەڕیی بەراورد بە باوەڕداریی.
دووەم: ئاشکرایە پەنابردنە بەر پاداشت، یان ترس و تۆقاندن بۆ باوەڕهێنان بە هەر بیروڕایەک، دەچێتە چوارچێوەی بەهەڵەبردنی لۆژیکیی و هەرگیز نابێتە بەڵگەی ڕاستبوون. نابێ لەبری گفتوگۆ و پشتبەستن بە بەڵگە، هەڕەشە بکەین و بڵێین، دەبێ باوەڕ بە بوونی خوا بکەیت، ئەگەر ئەوەت نەکرد ئەوا بۆ هەتاهەتایە دەسووتێیت.
سێیەم: دەبێ دان بنێین بە سنووری گریمانەکەی پاسکاڵ وەک مژدەدەرێک و باوەڕدارێکی کرستیانی، بانگەشەکەی تەنیا لەگەڵ خوای کرستیانەکان کار دەکات، خۆی لە ئەگەری بوونی خوایەکی دی دەدزێتەوە و پێی وایە خواست و ویستەکانی خوای ڕاستەقینە بەتەواوی لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی ئاینی کرستیانەکان یەک دەگرێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ئاینانەی دیکە، ڕاستەوخۆ ئەم ئاڵەنگارییە هەرەس دەهێنێت.
1 Popkin, Richard H. The Columbia History of Western Philosophy. New York: Columbia University Press, 1998.
کاتێک دەڕوانینە گرەوەکە دەبینین شیکار بۆ چوار دەرەنجام دەکات وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا، هەر دەمێکیش ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاینە جیهانییەکانی تێ بکەین، پرسەکە زۆر قووڵ و ئاڵۆز دەبێتەوە، دەکرێ بڵێین هەلی ڕزگاربوونی بێباوەران پترە لەوەی باوەڕداران.
بۆ ڕوونکردنەوە ئەگەر بەکورتی و لە ڕوانگەیەکی ڕووتی ماتماتیکیی سەرنج بدەینە ئەم گرەوە، دەکارین بۆ چەند بژاردەیەک دابەشی بکەین و ڕێژەیەکی تەواو و ڕاستەقینە بۆ ئەگەرەکان دیار بکەین:
- بوونی خوا %50
- نەبوونی خوا %50
بوونی خواش %50 جارێکی دیکە دەبێتە سێ بەش:
1- خوای داهێنەر (نەک خوای ئاینەکان) %16.66
2- فرەخواییەکان (ئاینی خاوەن چەند خوایەک) %16.66
3- تاکخواییەکان (ئاینی تاکپەرستیی) %16.66
لێرەدا بژاردەی سێیەم تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە ئایندارن و یەک خوا دەپەرستن، ئەمانەش لە دەیان ئاینی تاکپەرست پێک دێن، دابەشکردنی 16.66 بەسەر دەیان ئایندا، ڕێژەکەی دەبێتە نێزیکەی %1 بۆ ئاینێکی وەک کرستیان، یاخۆ ئیسلام. بە ناوبردنی ئاینزا و مەزهەبە جیاجیاکانی ئەو ئاینە گەورانە، ڕێژەی ئەگەرەکان هێندە کەم دەبنەوە شایەنی ژمێرەکردن نەبن.

هەڵبژاردنی خوای ڕاستەقینە
ژمارەیەکی زۆر لە ئاین و ئاینزای جیاواز هەن لە جیهاندا، زۆرینەی بیروباوەڕەکانیان دژی یەکدین. ئەگەر دوو گەورەترین ئاین وەربگرین کە کرستیان و ئیسلامە، دەبینین هەر یەکەیان خۆی بە ئاینی ڕاستەقینە دەزانێت، کرستیان بیت و بتەوێت سزای دۆزەخ نەبینیت و بچیتە بەهەشت، پێویستە باوەڕ بە عیسا بهێنیت وەک تاکە ڕزگارکەرێک، لەبەرئەوەی هەر ئەوە بەرجەستە و تاکە کوڕی خوا (ئینجیلی یۆحنا 3:18). هاوشێوەی ئەمە و بەهەمان لۆژیک لە قورئاندا، تەنیا باوەڕدار بە اللە و ئاینەکەی کە ئیسلامە دەچێتە بەهەشتی هەتاهەتایە، هیچ ئاینێکی دیکەت لێ وەرناگیرێت (ئایەتی 85 سورەتی ئال عمران).
کەواتە تەنیا باوەڕهێنان بە خوا بەس نییە بۆ چوونە بەهەشت، بەڵکوو دەبێ لەناو هەزاران ئایندا یەک ئاین هەڵ ببژێری و بەمەرجێک ئاینە ڕاستەکە بێت. ئەمەش ڕاستەوخۆ بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین، ئەگەر باوەڕدار بیت بە خوایەکی هەڵە، ئەوا بەبێ گومان دەچیتە دۆزەخ، گەرچی سەرجەم فەرمانەکانی ئەو ئاینەش بەجێ بگەینیت.
بۆ نموونە، وای دابنێین ئینجیل ڕاستە و خوای کرستیانەکان خوای ڕاستەقینەیە، بەمەش تێکڕای موسڵمان و بودایی و هیندۆسی و ... و دەچنە دۆزەخ بەبێ ڕەچاوکردنی ئاستی دەربەستیان لە ئاینەکەی خۆیاندا. ئینجیل دەبێژێت، سزا دەدرێن ئەوانەی لە ڕاستی لا دەدەن و گوێڕایەڵی ئینجیل و یەسوعی (عیسا) خوا نین. هاوتای ئەمە لە قورئان و لێکدانەوەی گوتەکانی اللە، جووەکان و کرستیانەکان و ئاینەکانی دیکە و بێباوەڕان، ئەوانەی لە نیوەی پتری دانیشتوانی جیهان پێک دەهێنن، دەکەونە بەر سزا و بەهەشت نابینن. دەبێ ئەوەش بزانین کە هەموو ئاینەکان تێزی دۆزەخ و بەهەشت لەخۆ ناگرن، واتە ئەگەر خوای "ڕاستەقینە" هەبێت بەبێ بیرۆکەی دواڕۆژ و سزا و پاداشت، ئەوا گرەوەکەی پاسکاڵ بەتەواوی لەکار دەکەوێت.
لەمانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئاڵەنگارییەکەی پاسکاڵ پێناسەیەکی زۆر تەسک و سنووردار دەبەخشێتە خوا، لەبەرئەوەی ئەگەر خوایەکیش هەبێت، هیچ ڕێیەک نییە بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی دیار و ئاشکرای ئەو ئاڵنگارییە. بۆچی خوایەکی بەبەزەیی و میهرەبان هێندە دژی بەندەکانی خۆیەتی؟ بۆ نابێ خوا پاداشتی گومانداران بداتەوە؟ کێ دەڵێ خوا بە شێوازێکی دیکە لەگەڵ مرۆڤدا مامەڵە ناکات، یان پێی خۆش نییە ئێمە بەدوای بەڵگەی یەکلاکەرەوە بگەڕێین؟ لە گشت ئەو پرسانەدا گرەوەکەی پاسکاڵ هەرەس دەهێنیت.
لەگەڵ ئەوەش، باوەڕهێنان بە خوا تەنیا لەبەر نەچوونە دۆزەخ جۆرێکە لە بیروباوەڕێکی پووچ و بێمانا. دەشێ خوایەکی ژیر ئەوانە بناسێتەوە کە لە ترسی سزا، یان لەپێناو وەرگرتنی پاداشت باوەڕدارن، یاخۆ پاداشتی باوەڕداری ڕاستگۆ بکات، نەک ئەوانەی بە هۆکاری خۆلادان لە دۆزەخ دەیپەرستن.

ئاین و زیانەکانی
پێشنیازەکەی پاسکال بەو مەبەستەیە کە ئایندار هیچ لەدەست نادات ئەگەر خوا بوونیشی نەبێ، بەڵام مەرج نییە ئەمە گشت کاتێک ڕاست بێت. هەندێ لە بەهێزترین وڵاتان جاری وا هەیە بڕیارە چارەنووسازەکانیان بەندن بە باوڕەهێنان بە خوا، مافی نەتەوە و لایەنگرانی ئاینە جیاوازەکان و تاکەکان پێشێل دەکرێن لەژێر ناوی خوا، ژیانی ملیاران کەس لە هەموو لایەکانی جیهان دەکەوێتە بەر کاریگەری بیروباوەڕە ئاینییەکان.
ئەو ئایندارەی پێی وایە باوەڕداریی هیچ زیانێکی نییە، دەبێ چاک بزانێ، باوەرهێنان بە ئاینەکان گەلێک بابەت دەوروژێنێت، پێویستی بە جۆرە هۆشێک و شێوازێکی تایبەتییە بۆ بیرکردنەوە. زیانەکەی ئەوەیە دەبێ بەدرێژایی ژیانمان خەریکی چەند کار و فەرمانێکی ئاینیی و هەڵسوکەوتێکی پڕوپووچ بین، لەمەشدا کاتێکی بەنرخمان بەفیڕۆ دەچێت، ئەگەر بۆ بابەتێکی دیکەی سوودبەخش تەرخان بکرایە گەلەک باشتر دەبوو. هەروەها ئایندار لە ژیانیدا زۆر خۆشباوەڕ دەبێت بە گشت شتگەلە نالۆژیکییەکان و ئەفسانەیییەکان، چونکە ئاینداریی هەمیشە وات لێ دەکات دژایەتیی چەندین جۆرە زانست بکەیت ئەو دەمەی وا بزانیت لەگەڵ ئاینەکەتدا ناگونجێت.
ئایندار هەرگیز ناتوانێ ئاشتیخواز بێت و بەتەواوی لە مرۆڤدۆستیی و پێکەوەژیان تێ بگات، موسڵمان دەتوانێ ئاسایی لە کەسانی بێخوا و بێئاین بڕوانێت؟ ئایە پێی دەکرێ لەگەڵ لایەنگرانی ئاینی جووەکان و کرستییانەکان هاوشێوەی موسڵمانان ڕەفتار بکات؟ ئەگەر ئاینەکەم داوام لێ بکات خەڵکانی بێباوەڕ و ئاینەکانی دیکە بکوژم، نابێ دوودڵیی لەلامدا پەیدا ببێت. زۆربەی کێشە و گرفت و شەرەکانی مێژوو هۆکارەکەیان جیاوازیی ئاینەکان بووە، ئەگەر لە بنچینەوەش لە پێناوی ئایندا هەڵ نەگیرسابن، بەڵام وروژاندنی بیروڕای ئاینیی، گاریگەرییەکی یەکجار مەزنیان هەبووە بۆ هاندانی شەڕکەران، بەدەگمەن شەڕوکوشتار هەبوون، نەکرابن بە جەنگە ئاینییەکان.
جگە لەمانە کوا ئازادیی و سەربەخۆیی لە ئاینەکاندا؟ ئەوەی دەمەوێت بیکەم بڕیاری خۆم نییە، بگرە ئاینەکەم لەسەری سەپاندووم، هەرچییەکی ئاینەکەم پێی باش بێت، دەبێ بەبێ بیرکردنەوە بەباشی دابنێم، گەرچی کارێکی بەدیش بێ و لەگەڵ هیچ یاسا و ڕێسایەکی کۆمەڵگەکانیش یەک نەگرێتەوە. ئاین هەردەم وامان لێ دەکات باوەڕمان بەوە هەبێت، چەند کەسانێک هەن لە ئێمە ژیرترن و دەزانن چی چاکە و چی خەراپە، هەمیشە پێویستمان بە بوونی پیاوانی ئاینی دەبێ، بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی ئاینەکەمان، کەواتە دەبێ ئێمە بەدرێژایی ژیانمان خاوەنی خۆمان نەبین و ببینە بەندەی ئەوانەی پاسەوانی هزر و هۆشمانن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست