بەم شێوەیە سەرۆکی یەکەم وەفدەکەی UN باسی گەشتەکەی بۆ هەلەبجە بۆ کردم

بە هەلیکۆپتەرێک لە ئێرانەوە براینە هەلەبجەو لە رۆژی 2/4/1988 لەکاتژمێری 30 :10 گەیشتینە ئەوێ (هەلەبجە) بۆ ئەنجامدانی لێکۆلینەوەکەمان. لەگەل خۆماندا ئامرازی پێویستمان بردبوو وەک جل و بەرگی تایبەت و ماسکی گازو پێداویستیەکان بۆ کۆکردنەوەی هەندێ لە کەرەسە ژەهراویەکان بۆ بردنەوەیان لەگەل خۆماندا بۆ بەلجیکا. لەسەرەتادا هاتینە ناو شارێکی تەواو بەجێهێلراو و مردو کە بەهیچ شێوەیەک ژیانی تێدا نەمابوو. چەند سەربازێک (مەبەستی سەربازی ئێرانیە) و 10 پیاوی کوردی لێبوو لەشاخەکانەوە هاتبونە خوارێ. لۆریەکی ئێرانی لەسەر شەقامەکە وەستابوو کە لەلایەن کوردەکانی دەوروبەرەوە بەکرێ گیرابوو ، پڕکرابوو لە کەرەسەی مال کە بیانباتە ناو ئێران. پێشەکی لەژێر کەرەسەی خانوە روخاوەکاندا کۆمەلە گیانلەبەرێکمان بینی بۆگەنیان کردبوو. هەروەها لاشەی مرۆڤێک لەژێر کەرەسەی خانوەکەدا کە دەستی هاتبوە دەرێ و نینۆکەکانی شین هەَلگەڕابوون. کە بەبەردەم مالەکاندا ڕۆیشتین بۆنی شتێک ، مادەیەک دەهات کە بەبۆچونی من بۆنی لاشەی مرۆڤ بوو. بەپێی پرسیارو زانیاریەکانی ئێمەو زانیاری یاریدەدەرێکی پزیشکیی (medicins sans frontieres) پێی وتین هەتا ئەو کاتە زیاتر لە 3800 کوژراو ، و زیاتر لە 10 هەزار بریندار هەبوە. بەلام لەو بارودۆخەدا کاتەکە زۆر کورتبوو بتوانرێت سەرژمێری لاشەکان بکرێن. زۆربەی زۆری لاشەکان بەپێی شەریعەی ئاینیی نێژرابوون. نەسوتێندرابوون و بەکۆمەل نەنێژرابوون و بکرێن بەژێر خاکەوە. خەلکەکە شوێنەکانیان نیشان ئەداین و ئێمەش ئەچوینە لای لاشەکان. لە کوژراوەکان و لە خۆلی زەوی و جل و بەرگە بەجێماوەکان و قژی مردوەکان هی ژنێَک ، یان هی مندالێک ، و لەپاشماوەی بۆمباکان و بەردو ڕوەکە سوتاوەکان ، لەهەر یەکەیان شتێکمان لێدەکردنە ناو قتوی تایبەتەوە. هەموو کەرەسە وەرگرتوەکانمان بەباشی تۆماردەکردو سەریمان دادەخست بۆ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە دەربارەیان لە بەشی تۆکسیکۆلۆجیی لەزانکۆی گێنت لە بەلجیکا. لەتاران بەرێگای وەرگێری زمانەوە پرسیارمان لەدوو کچی کورد کرد سەبارەت بەچۆنیەتی ڕوداوەکە. ئەم دوو کچە کوردە زۆر ئاسان بەلام زۆر بەتەواوی بۆیان باس کردین کە لە رۆژی هەینی 16/3 خۆیان شاهێدی کاتی بۆردومان کردنەکەن کە نیوەڕۆ دەستی پێکردو هەتا ئێوارەی خایاندبوو. 10 جار هێرشی بۆمبا کرابوو. هی گازی ژەهراوی و چەکی ئاسایی. ئەم دوو کچە کەناوی یەکێکیان ێالحەو تەمەنی 14 سال بوو ، ئەویتر تەمەن 22 سال بەناوی لەیلا حەبیبولاو هەردوکیان خەلکی هەلەبجە بوون بەر جۆری گازی زەنف (YPERITE) کەوتبوون. هەردوکیان هیوای مانەوەیان لەسەر ژیان زۆر کەمبوو. هەندێ کەس کە لە مالەوەیان هەلاتبوون بۆیان باسکردم کچیان بینیوە دەکەوتن و دەمردن ، ئیتر بەپێی ئەوەی کێ و بەر چ جۆرە ژهرێکی کیمیاوی کەوتوە. هەندێ خەلکیتر لە شەقامێکی تری تەنیشت بەر جۆرە بۆمبایەکی تری کیمیاوی کەوتبوون کە زۆر بە ئەشکەنجەو ئازارەوە مردبوون. چاوەکانیان وەک سەری دەرزی دەرپەریبوو، خوێن لە دەمیانەوە هاتبوە دەرێ. هێزی ئەژنۆیان شکابوو. دوای چەند خولەکێک گیانیان سپاردبوو. ئەمە گازی ئەعساب بووە (neurotoxik gas). هەندێکی تریان کێشەیان لە بەشی چاو ، و پێستدا بۆدروستببوو کە گازی زەنف هۆی سەرکی ئەم دیاردەیە بووە. گازی زەنف (YPERITE) ئۆرگانێکی فۆسفاتەو پلازمای خوێن لەکار دەخات ACETYLCHOLINESTERASE- (TABUN، SARIN) بابەتی لەم جۆرە ژەهرانە بەکارهێنراون. لەو شەقامانەی تر کە سەردانیمان کردن ، لە شەقامی کانی گۆلکە لەگەرەکی پاشا هەمان ئەعرازمان بەدیکرد وەک ئەوەی شەقامەکەی تر ، کە سێ کوردیش شایەتیی ئەم شتەیان بۆداین هەروەک چۆن دوو کچە کوردەکەی خەستەخانەی سەربازیی تاران هەمان شتیان بۆ باسکردین. ئەم قسانە هەمووی لەگەل سەرنج و لێکۆلینەوەکانی ئێمەدا گونجاو بوون و هەمووی ڕاستبوون. ژنێکی تەمەن 30 سالەی خەَلکی شەقامی پیر موحەمەد لە گەڕەکی پاشاخانە ئەمیش بەر گازی زەنف کەوتبوو. شایەتەکانی ئێمە ، کە بەبرینداریی لە چەکی ژهراوی ڕزگاریان ببوو لە مردن وەسفی ئەعرازەکانی شەڕی مان و مردنی ئەم ژهرەیان بۆ کردین. وەسفەکانیان بەتەواوی دەگونجان لەگەل لێکۆلینەوەکانی ئێمەو ڕاستی ئەنجامەکانی بەتەوای خستەڕِوو بۆمان:

دوای هەلەبجە بە هەلیکۆپتەر بەسەر چەند دێهاتێکی تردا هاتوچۆمان کرد وەک (دۆژینە ، خورمال و عینەب). ئەم شوێنانە وەک ناوچەی مردوو وابوون چونکە دانیشتوانەکانی هەموو لەترسی چەکی کیمیاوی هەلاتبوون. ئێمە نەمانتوانی لەم گوندانە بنیشینەوە لەترسی چالاکی و پێکدادانی سەربازی. هەر لە خەستەخانەی سەربازی لە تاران وتووێژمان لەگەل کچێکی تەمەن 12 سالەی خەلکی گوندی دۆژینە کرد کە زۆر بەخەستی بەر گازی زەنف کەوتبوو. کارەساتەکەی دۆژینەی بۆ گێراینەوە کەمرۆڤ دەتوانێت بە تراژیدیایەکی گەورە نێوی ببات. نیوەڕۆکەی بەهەلیکۆپتەرەکە گەڕاینەوە ناو سنوری ئێران و دواتر بە فرۆکەیەکی ئاسایی گەڕاینەوە بۆ تاران. لە هەلەبجە پێیان ڕاگەیاندین گوندێکی تریش بە خەستیی بەر چەکی کیمیاوی کەوتوە بەلکو بتوانین لەوێش کەرەسەی پێویست بەرین بۆ لێکۆلینەوە لەگەل خۆمان. حەزمان دەکرد بەم کارە هەستین بەلام لەبەر هۆی ئاسایش و ترسی چالاکی سەربازیی نەمانتوانی بگەینە گوندەکە. پرۆفیسۆر هێندریکس پیی ووتم ، دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم کە گواستنەوەی کوردە بەر چەکی کیمیاوی کەوتوەکان بەپاس لە هەلەبجەوە بۆ کرماشان بەو شێوە گواستنەوەیەی ئەو قۆناغە نزیکەی 24 کاتژمێری ویستوە. ئێمە لێرەدا ئازارو ئەشکەنجەی ئەم مرۆڤانەو شەڕکردن و زۆرانبازییان لەگەل ژیاندا دەخەینە بەرچاوی خۆمان چۆن بووە. ئەو رێگا درێژەو نەبوونی توانای ژەهر دەرکردن لە ئۆرگانەکانی لەشیان و چارەسەرنەکردنی پزیشکییان ، دەبێت بۆ خەلکە زامدارەکان زۆر بەئازار بوبێت. زۆر لەم مرۆڤە کوردانە بەرێگاوە لەناو پاسدا گیانیان لەدەستداوە. تەنیا ژمارەیەکی کەمیان توانراوە بەهەلیکۆپتەر لەجێگا نشینەکانی خۆیانەوە بگوێزرێنەوە. ئەگەر مرۆڤ ئەو وەزعیەتە بهێنیتە بەرچاوی خۆی کە بەهەزاران بەر چەکی کیمیاوی کەوتوون و توانای هەلیکۆپتەریش دیاریکراوە لیرەدا ئاماژە بە (ڕاپۆرتی ژمارە88/RN/0491 ی د. رفیق خان دەکەم وەک ڕێکخەری دەزگای تەندروستی (WHO/UNHCR) بەرواری 10/4/1988)..










