نەوشیروان مستەفا لە ڕابردوودا چى كردووە بۆ ئێستا پێویستە چى بكات؟
16/02/2009, 12:00 (GMT+1)

ئایا نەوشیروان موستەفا گەڕیدەیەكە بەدواى قاپى پاك بوونەوەدا دەگەڕێت؟
وەك لە سەرەتادا باسمكرد ڕابردووى نەوشیروان بە چاك و خراپەكانیەوە ماڵە لەسەرى هیچ كەسێكیش نییە لەم دونیایەدا كارێك بكات و نەكەوێتە هەڵەوە ,سزاى هەڵەكانى هەموو مرۆڤێكیش جار لە دواى جار قورستر دەبێت,واتە" دووبارە كردنەوەى هەڵەیەكى دوێنى لە ئەمڕۆدا سزاكەى چەندان قاتى ئەو سزایەیە كە بۆ هەڵەكەى دوێنێ دانراوە"هەر هەڵەیەك كە سەربازى بێت و سیاسی بێت و نەوشیروان موستەفا كردبێتى كاریگەر و ئاسەوارى خراپى تەنها بۆ سەر ئەندامانى حیزبێك و ناوچەیەك نەبووە بەڵكو گۆمەڵگاى كوردى بەگشتى پشكى هەڵەكانى نەوشیروانى بەركەوتووە,بۆیە بەبڕواى من نەوشیروان خۆشى ئەمە باش دەزانێت ,هەربۆیە پێویستە نەوشیروان موستەفا خۆى بە قەرزدارى كۆمەڵگاى كوردى بزانێت,خۆ بەقەرزدار زانین لەسەر كارەكانى ڕابردووت بەرامبەر بە میللەتەكەت گەشتنە بە بەرزترین لوتكەى ئەخلاقیەت ,گەشتنە بە لوتكەى ئینسانیەت,لوتكەى ئەخلاقیەت شوێنێك نییە بە پێوەرە حیزبى و سیاسەت و خەبات پێى بگەیت,بەڵكو پەشیمانى و خۆ بەقەرزار زانین بەرامبەر ئەوانەى بەشێوەیەك لە شێوەكان مافیان لەسەر تۆ هەیە دەتگەیەنێتە لوتكەى ئەخلاق و سەرەوەى هەرەمى ئینسانیەت.بەختیار على دەڵێت:"هیچ شتێك وەك پەشیمانى مرۆڤ پاكناكاتەوە"پەشیمانى شتیك نییە لە بەردەم قوربانیدا بە چۆكدادا بێیت و لێیبپاڕێتەوە تا لێت خۆشبن,هەروەك چۆن پەشیمانى ڕاكردنە كونجى پەرستاگایەك نییەو دەستەكانت بەرزبكەیتەوە و پەشیمانى خۆت لەبەردەم خودادا نیشان بدەیت ,بەڵكو پەشیمانى ئەوەیە كە بیرلەوە بكەیتەوە كە كارێكى وەها دووبارە نەكەیتەوە كە دووبارە پێویستیت بە پەشیمانى بێت,پەشیمانى ئەوەیە كە نەك هەر خۆت خراپەكاریەكانى دوێنێت دوبارە نەكەیتەوە بەڵكو دژى ئەوانەش خەبات بكەیت كە خراپەكاریەكانى ڕابردووى تۆ دووبارە دەكەنەوە,ئەمەیە پەشیمانى,ئەگەر نەوشیروانیش بیەوێت گەڕیدەیەك بێت و لە قاپى پەشیمانیەوە بچێتە ژوورەوە و لە قاپى پاكبوونەوە وە بێتە دەرەوە ئەوا پێویستە لەسەرى پەشیمان بێت لە ڕابردووى و دژى هەموو ئەو كەسانەش بێت كە لەسەر ڕابردووى ئەو بەردەوامن.
ئایا نەوشیروان شەڕى پارەو دەستەڵات ئەكات
هەركەسێك كەمێك بە ئاگایەوە و بە مەنتیقەوە لە ژیان و بەرپرسیاریەتى نەوشیروان موستەفا بڕوانێت لە ڕابردوودا ئەوا باوەڕ بەوە ناكات كە نەوشیروان خودى خۆى شەڕ بۆ دەستەڵات و پارە بكات ,بەڵام ئەمەش بەو مانایە نا كە هەموو ئەوانەى لە دەورى نەوشیروان كۆبوونەتەوە مەرامى دەستەڵات گرتنە دەست و پارەیان نییە!سەبارەت بە نەوشیروان ,پۆسى كەسى یەكەمى دواى تاڵەبانى لە ناو یەكێتیدا و وازلێهێنانى بەسە بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت كە نەوشیروان شەڕى دەستەڵات ناكات,دەستەڵاتى نەوشیروان لە ناو یەكێتیدا چەندقاتى دەستەڵاتى هەموو ئەو مەكتەب سیاسیانە بووە كە ئێستا نەوشیروان بە تۆمەتى شەڕى دەستەڵات تاوانبار دەكەن,ئەمە تۆمەتێكە نا چێتە هیچ عەقڵێكەوە مەگەر عەقڵى ئەوانە نەبێت كە خۆپیشاندانى هاوڵاتیان بۆ ئاو كارەباو خزمەتگوزارى بە كارى تێكدەرانەوە تیرۆرستى و بە قسەى بێبنەما كانیان خۆقپیشاندەرانیان ناوزەند دەكرد,تۆمەتى شەڕى دەستەڵات بۆ نەوشیروان,هاوتاى تۆمەتى تێكدەرو ئاژاوەگیڕیە بۆ خۆپیشاندەران.
نەوشیروان مستەفا دەتوانێت بە كۆمپانیاى ووشە قەرزەكانى بداتەوە
سەبارەت بە شۆڕشەكانى ڕۆژهەڵات كۆمەڵناسى عێراقى على وەردى دەڵێت "شۆڕشەكانى ڕۆژهەڵات هیچ نین جگە لە دووبارەكردنەوەى مەرگەساتەكانى سەر گەلان " بە بڕواى من نەوشیروان موستەفا گەشتووەتە ئەو قەناعەتەى كە شۆڕشى كوردیش لە پێناسەكەى على وەردى جێگاى دەبێتەوە,كاتێكیش دەبینێت خۆى یەكێك بووە لە سەرانى شۆڕش و بەشداربووە لە دووبارەكردنەوەى مەرگەساتەكانى سەر میللەتەكەى,ئەوا بە شێوەیەك لە شێوەكان قەرزارى میللەتەكەى بووە,ئەم خۆ بەقەرزار دانانەى نەوشیروانیش بنەماكەى لە ئازارى ویژدانى هەلاهەلابوونى ڕۆحی و ترس لە نەفرەتى مێژوو سەرچاوە دەگرێت,كۆمپانیاى ووشە و پرۆژە ئیعلامیەكەى بۆ ئەمڕۆ دەكرێت وەك قەرزدەرەوەیەك بۆ نەوشیروان بەكار بهێنرێت, بۆیە پێویستە چیتر نەوشیروان چاوەڕوانى ڕوداوەكان نەكات و دواى ڕوداوەكانى ڕۆژ نەكەوێت بەڵكو لە ڕێگەى كۆمپانیاى ووشەوە ببێتە پێشەنگ و سەرەڕم بۆ هەموو ئەوانەى خاكى نیشتمان و مرۆڤەكانى ئەم ووڵاتەیان كردووەتە كاڵاو لە بازاڕەكانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا سەوداو مامەڵەى پێوە دەكەن.پێویستە كۆمپانیاى ووشە و خاوەنەكەى قۆڵى لێهەڵماڵن و غیرەت بدەنە بەرخۆیان و باوەڕ بەچاوى خۆیان بكەن كە شەڕەكە دەستى پێكردووە.ئەم شەڕەى نێوان میللەت لەلایەك و یەكێتى و پارتى لەلایەك,ئەم شەڕە سەنگى مەحەكە بۆ نەوشیروان مستەفا بۆئەوەى هەموو ڕابردووى خۆى پێ بسڕێتەوە.
تێبینى:
بەشێكى كەمى ئەم وتارە لەڕۆژنامەى هاوووڵاتى بڵاو بووەتەوە
هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





