چاره‌نووسی نهتهوهییو بۆشایی رۆشنبیریی
13/01/2011, 12:00 (GMT+1)

پرسی کورد وه‌ک مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی
وه‌نه‌بێ له‌م ئێستگانهدا كورد هه‌ر بێ ناو‌و بێكار بوو بێ، به‌ڵام ئاماده‌ییه‌كی زۆر لاواز‌و بێ دهستوورنامهو نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژ و زانین و تێگه‌یشتنی پرۆسه‌ی مێژوویی و جیهانیی هه‌بووه. له پرۆسه‌ی دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، مافی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد وه‌ك به‌شێك له په‌یمانی سیڤه‌ر تۆمار كرا. هه‌ر له‌وكاتدا بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی شێلگیر‌و به پره‌نسیپی شێخ مه‌حمودی نه‌مر به سه‌ر ئینگلیزی‌دا سه‌پاند ماوه‌یه‌ك حكومه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد له ئیداره‌ی سلێمانیدا قبوڵ بكات دوایی به مه‌رجی ئۆتۆنۆمی كورد و به‌پێی بڕیاری هه‌یئه‌ی نه‌ته‌وه‌كان كوردستانی خواروو بخرێته سه‌ر عێراقی تازه دروستكراو. دیاره ئه‌مه داوای شێخ مهحمودو بزووتنه‌وه‌ی كورد نه‌بوو، شێخ و بزاڤه‌كه‌ی سوور بوون له سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و نه‌چوونه ژێر ده‌ستی عه‌ره‌ب و هیچ كه‌سێكی تر ته‌نانه‌ت ئینگلیزیش. به‌ڵام سه‌پاندنی ئۆتۆنۆمی كورد به سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراقدا له ئه‌نجامی خه‌باتی شێخ مه‌حمود، چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندی بوو له لایه‌ن ئینگلیزه‌وه به دانانی بناغه‌یه‌كی یاسایی ده‌ستووریی بۆ چۆنێتی هه‌بوونی گه‌لی كوردستانی باشوور له ناو چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی تازه دروستكراودا. گرنگی ئه‌م ئه‌م دوو ده‌ستكه‌وته یاساییه نێونه‌ته‌وه‌ییه گه‌وره‌یه له دوو به‌شی گه‌وره‌ی كوردستاندا، له‌وه‌دا بوو كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن مافی چاره‌نووس مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پرۆسه سیاسییه‌كه‌ی جیهاندا دهكردو ره‌وشێكی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌واو له پرۆسه‌و هاوكێشه سیاسییه‌كانی جیهان بگات‌و ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌و ئه‌و فه‌لسه‌فه‌و ئایدیا‌و دامه‌زراوه و رێكخراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی هه‌بێ كه حیساب بۆ ئه‌گه‌ره‌كان بكات‌و له ئاستێكی درێژخایه‌ندا پرۆسه‌كه به‌رده‌وام بكات‌و به‌ڕێوه‌ی به‌رێ. دواتریش ده‌كرا ئه‌م دوو ده‌ستكه‌وته یاساییه جیهانییه ببنه بناغه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی رۆشنبیری یاسایی سیاسی ئاشتیخوازی به‌رده‌وامی گه‌لی كوردستان له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ندا، بۆ هێشتنه‌وه‌ی جیهانیبوون و شه‌رعییه‌تی یاسایی پرس و پرۆسه سیاسییه‌كه. به‌ڵام كه وه‌ك بناغه‌یه‌كی یاسایی جیهانی نه‌خرانه كار‌و ئه‌و جۆره بزووتنه‌وه‌یان له سه‌ر بنیاتنهنرا، له ئه‌نجامی لاوازی ده‌وری توێژی سیاسی رۆشنبیری كورد و دابرانی له جیهان و رۆشنبیری سیاسیی ئه‌وروپیی و دوایی به عێراقییكرنی ئه‌و هێزه بوو له چوارچێوه‌ی عێراقدا و داپڵۆسین و له ناوبردنی نزیكه‌ی هه‌موو سه‌ركرده نه‌ته‌وه‌ییه دینیی و رۆشنبیره‌كانی كورد بوون له ده‌وڵه‌تی خوێناوی توركیای تازه‌دا. له شه‌ڕی جیهانی دووه‌میشدا، سهربژاردهیهكی رۆشنبیری كه‌می كوردی رۆژهه‌ڵات كه‌ڵكیان له‌و كه‌لێنه سیاسییه وه‌رگرت كه له ئه‌نجامی بهبهرهكانییه جیهانییه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌دا له ئێران دروست بوو، له مه‌هاباد حكومه‌تێكی كوردی بچووك به‌ڵام هه‌ڵگری ئاوات و پره‌نسیپه مه‌زنه‌كانی كوردستانێتیی و مافی چاره‌نووس دامه‌زرا، سه‌رۆكه دڵسۆز‌و شه‌هیده‌كه‌ی ئازایانه‌و ئازادانه كۆماری كوردستانی وه‌ك كۆماری هه‌موو كورد راگه‌یاند. گه‌رچی بارزانی له بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك په‌نابه‌ر چووه ئه‌وێ ئه‌وه دڵگه‌وره‌یی یهكنهتهوهییخوازیی و كوردستانێتی قازی نه‌مر بوو كه به هیچ شێوه‌یه‌ك باشوور و باكوور‌و عێراق و ئێرانی نه‌ده‌زانی، كوردستانی به یه‌ك ماڵی كورد‌و هه‌موو كوردی به كه‌سوكاری خۆی ده‌زانی، بۆیه ده‌ورێكی سه‌ربازی سه‌ره‌كی به بارزانی دا‌و وه‌ك به‌شێكی جیانه‌بووه‌وه‌ی هێزی كۆماری مه‌هاباد دایمه‌زراند.
به‌ڵام یه‌كێك له خاڵه لاوازه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆماری مه‌هاباد نه‌بوونی هیچ پاڵپشتییه‌كی یاسایی مافی چاره‌نووس و پشتگیرییه‌كی جیهانی بوو. هه‌روه‌ها به له سێداره‌دانی قازی و هه‌موو رێبه‌ره گه‌وره‌و رۆشنبیره‌كانی ئه‌وێش ده‌سته‌یه‌كی رۆشنبیری رێبه‌ر نه‌مایه‌وه و دوایش دروست نه‌بوو، كه ئایدیۆلۆژییه‌ت و ئاقاری كوردستانیزم دوای رووخانی بهێڵێته‌وه‌و فه‌لسه‌فه و ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر بنیاتبنێ. له وێشدا بیری كوردستانێتی له سه‌ر ده‌ستی توێژی رۆشنبیری لاواز‌و راراو به‌رژه‌وه‌ندیخوازی كورد، به‌ره‌و ئێرانچێتی و ناوچه‌گه‌ریی رۆیشت.
بیری عێراقچێتی و دروستبوونی بۆشایی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی
گه‌رچی بوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد له عێراقدا له ئه‌نجامی پێشێنه‌ی مێژوویی و كه‌لتووریی و خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی شێخ مه‌حموددا به به هێزیی مایه‌وه، عێراقیبوونی خێرای توێژی رۆشنبیری سیاسیی كورد له عێراقدا چ له چوارچێوه‌ی عێراقچێتیی و پاشكۆیی بیری نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بی (كه دوایی پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی كرد) و چ له چوارچێوه‌ی ئه‌و شێوه ماركسیزم و ئایدیۆلۆژییه چینایه‌تییه ستالینیسته رووكهشهی حیزبه كۆمۆنیسته‌كانی گه‌لانی سه‌رده‌ست سه‌پاندبوویان، كارێكی سه‌لبی له سه‌ر پرۆسه‌و پاشه‌رۆژی نه‌ته‌وه‌ی گه‌لی كوردستان هه‌بوو. له كاتێكدا كۆمۆنیسته‌كان و ماركسیسته رووكه‌شه‌كان ده‌وڵه‌ته ئیمپریالییه دروستكراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی كۆلۆنیالیی دیكتاتۆری ئه‌وانیان قبوڵ بوو، كوردی‌یان هه‌ر به نه‌ته‌وه دانهدهناو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی‌یان، وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكیش، به بزووتنه‌وه‌یه‌كی دژهكۆلۆنیالی رزگاریخواز نه‌ده‌ناسی و به دژایه‌تیكردنی بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تی و خه‌باتی چینی كرێكاریان بۆ دروستكردنی به‌هه‌شتی پرۆلیتاریا و روخاندنی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم له هه‌موو جیهاندا دادهناو ته‌نانه‌ت دروستبوونی حیزبی كۆمۆنیستی كوردیشیان قبوڵ نه‌بوو. به‌مه گه‌لی كوردستان له‌وه بێبه‌شكرا كه وه‌ك گه‌لانی ئاسیا‌و ئه‌فریقاو ئه‌مه‌ریكای لاتین ماركسیزم وه‌ك ئایدیۆلۆژیه‌تێكی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی به‌كاربێنێ. له‌لایه‌كی تریشه‌وه له ئاستی كه‌لتووریدا ئه‌مه، له‌گه‌ڵ كاركردنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بی و به عێراقیبوونی ده‌سته‌ی رۆشنبیری سیاسیی تازه‌ی كوردا، به ته‌واوه‌تی دابڕان و بۆشاییه‌كی رۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی دروستكرد، كه هه‌وڵی تاك و لاواز‌و په‌راوێزی و بێ بیر‌و ستراتیژی و ستراكتۆری كاژیكهكان له رووی سیاسییه‌وه، نه‌یتوانی به هیچ جۆرێ پڕی بكاته‌وه. گه‌ر سه‌رنجی ئه‌و هه‌ست و سۆزه كوردستانییه به هێزو به‌كوڵه بده‌ی كه له هاواری پشتگیری و هاوفرمێسكی و هاوده‌ردی كه‌ڵه‌شاعیرانی سلێمانی وه‌ك پیره‌مێردو ئه‌حمه‌د موختار جاف و حه‌مدی و زێوه‌رو سه‌لام..هتد، له‌گه‌ڵ براو كه‌سی باكووریان و قوربانیانی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ سه‌عیددا به‌رجه‌سته بووه و به‌راوردیان بكه‌ی به ئێستا، قووڵیی هه‌ست و بیری كوردستانێتی و یهكنهتهوهیی ئه‌وسا كه له سه‌ر بنچینه‌ی بیری خۆماڵی و ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و كه‌لتوورو شارستانێتی كۆنی كوردی و قوتابخانه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی ره‌سه‌ن و مۆدێرنی ئه‌حمه‌دی خانی و حاجی قادری كۆیی دامه‌زرابوو، ده‌رده‌كه‌وێ. راستی پیره‌مێرد تاقه رۆشنبیرێكی مه‌زن بوو كه تاقهسواره، خانی و حاجی ئاسایی، له روانگه‌ی بیرێكی كراوه‌ی زانستی مۆدێرنی رۆژاواییه‌وه فه‌لسه‌فه‌و كه‌لتوورو ته‌نانه‌ت سیسته‌مێكی ته‌واوی ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ر بنچینه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی ژیاندنه‌وه‌ی كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زراند (ژیاندنه‌وه‌ی مهم و زینی خانی، دوازده سواره‌ی مه‌ریوان، ژیاندنه‌وه‌ی نه‌ورۆز، په‌ندی پێشینان، چیرۆك و ئه‌فسانه‌ی خۆماڵی، گۆڕین و ستانداردكردنی ئه‌ده‌بیاتی گۆران/ئه‌رده‌ڵان، و دامه‌زراندنی رۆژنامه‌گه‌ریی نوێ، كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی زانستی، ده‌ورێكی گه‌وره له پێشخستنی پرس و ده‌ورو به‌شداری ژنان، نووسین به كوردی په‌تی و به‌كارهێنانی وشه‌ی هه‌موو دایهلێكتهكان به‌ره‌و دروستكردنی زمانی نه‌ته‌وه‌یی ستاندارد، ژیاندنه‌وه‌ی شانازییه‌كانی مێژووی كورد..هتد). به‌م كاره مه‌زن و به‌رده‌وامانه پیره‌مێرد هه‌وڵێكی گه‌وره و به‌رده‌وامیدا بۆ به‌رده‌وامكردنی ئه‌و بزووتنه‌وه رۆشنبیرییه كوردستانییه تهمهنكورتهی كه جه‌معیه‌تی ته‌عالی و ته‌ره‌قی كورد له ئه‌سته‌مبوڵ دهستیانپێكردبووو خۆشی ده‌ورێكی گه‌وره‌ی تێدا بینیبوو، له هه‌موو ئه‌مانه‌دا پیره‌مێرد به بیر‌و بۆچوون مۆدێرن و ئه‌وروپایی بوو، به رۆح و ناوهڕۆك كورده‌واریی بوو، وه‌ك سیاسه‌تیش، به سروشتی و به دڵ و گیان، كوردستانی بوو. بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌نده به‌سه دوو نموونه‌ی شیعری پیره‌مێرد بێنینه‌وه كه هه‌ڵوێستی كوردستانی ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه‌و هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر عێراقچێتیی له‌لایه‌كی تره‌وه روون ده‌كاته‌وه.
ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی به ناوی هاتن شه‌هیده‌كان بۆ شینی شێخ سه‌عید و هاوڕێیانی له باكوور نووسیوه:
هاتن شه‌هیده‌كان به جلی سووری خوێنه‌وه
دایكی وه‌ته‌ن، ده هه‌ڵسه سڵاویان بسێنه‌وه
شێخ قادره له پێشه‌وه، سه‌ر قافڵهیی ئه‌وان
چه‌ند جوانه، خوێن و ریشی سپی، پیرو نه‌وجه‌وان
سه‌یری ئه‌مانه كه، كه هه‌موو كوردی سه‌ف شكهن
رۆحیان فیدا ئه‌كردو ئه‌یان وت: بژی وه‌ته‌ن
قوربانی تۆن به ریزه، كه تۆ غه‌م له‌به‌ر نه‌بی
بۆ ئێمه مردنه، ئه‌گه‌ر ئازاده سه‌ر نه‌بی
مه‌گری، مهناله، با به‌خه‌فه‌ت دڵشكت نه‌بن
نه‌ختێ له لات ئه‌مێننه‌وه و بۆ به‌هه‌شت ئه‌چن
توخوا له باتی ئێمه به چاوێكی روونه‌وه
فه‌رموو كه، خوا ئه‌زانێ له بیرمان نه‌چوونه‌وه
ئاخۆ له فرسه‌تێكی ترا به‌ختیار ئه‌بین
ئێسته‌ش وه‌كو ئه‌وان له دڵی میلله‌تا ئه‌ژین
من وام ئه‌وێ كه حه‌شر ئه‌كرێم خوێن به به‌رگه‌وه
به‌و عه‌شقی میللییه‌وه، به كزه‌ی سۆزی جه‌رگه‌وه
ئه‌و ئاگره‌ی له دڵمه‌وه به‌ربێته كفنه‌كه‌م
تا دوژمنم نه‌كا به زوخاڵ، شه‌رته پف نه‌كه‌م!
ئه‌مه و ده‌یان هۆنراوه‌ی تر بۆ شه‌هیدانی باكوور و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش بۆ ئه‌و ئه‌شرافه عێراقچییانه‌ی كه دوای خۆنیشاندانی شه‌شی ره‌شی ئه‌یلولی به‌رده‌ركی سه‌را (1930) و ته‌قه‌كردن له خه‌ڵك و كوشتنی هاوڵاتییان و گرتنی مامۆستایان و خوێندكاران، وه‌ك وه‌فدی كورد ده‌چنه به‌غدا:
وه‌فدی كوردستان، میلله‌ت فرۆشان
هه‌رزه وه‌كیلی شاری خامۆشان
چه‌پكێ له گوڵه‌كه‌ی به‌رده‌ركی سه‌را
كه به خوێناوی میلله‌ت ئاودرا
ببه‌نه به‌رده‌م عه‌رشی عێراقی
بڵین یار باقی، هه‌م سوحبه‌ت باقی
په‌رده‌و تارای سوور به‌رن بۆ ئه‌میر
بڵین پاش كوشتار هێشتا تۆی دڵگیر؟
ده‌ك خه‌جاڵه‌ت بن له رووی مه‌حشه‌را
ئێمه خاكی خه‌م ئه‌كه‌ین به سه‌را
ئێوه‌ش ئه‌و عه‌رشه‌ی به خوێن گولرهنگه
سه‌جده‌ی بۆ ئه‌به‌ن، هیچ ناڵێن نه‌نگه
كورد نه‌مردووه، خه‌یاڵیان خاوه
به‌راتی نه‌جات به خوێن نووسراوه
من ره‌نگی سوورم بۆیه خۆش ئه‌وێ
مژده‌ی شه‌فه‌قی ڵی ده‌ر ئه‌كه‌وێ.
به‌رواردی مێژوویی
سه‌رنجی ئه‌و دوو هه‌ڵوێسته‌ی پیره‌مێرد بده‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆ و ئه‌م زه‌مانه‌دا به‌رواردی بكه‌ن:
.1. پیره‌مێرد ئه‌وه بۆ وه‌فدێ ده‌نووسێ كه دوای شه‌هیدبوونی چه‌ند كوردێ له خۆپیشاندانه‌كه‌ی شه‌شی ره‌شی ئه‌یلولدا ده‌چن بۆ به‌غدا، سه‌رانی ئه‌مڕۆ دوای زینده‌به‌چاڵكردنی 182000 كورد، دوای هه‌ڵه‌بجه، دوای وێرانكردنی سه‌رتاسه‌ری كوردستان هی زیاتر له 4000 گوند‌و شارۆچکه، چوون ئه‌و عه‌رشه‌ی له سه‌ر خوێن و ئیسقانی كورد دامه‌زراوه به هه‌موو هێزو سوپای ئه‌نفالچی و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانییه‌وه دروست بكه‌نه‌وه و دروستیشیان كرده‌وه. ئه‌مجار له كوردستانیش زۆر له به‌عس خراپتر به‌رانبه‌ر مرۆڤی كورد ره‌فتار ده‌كه‌ن. جگه له دزی و تاڵان و داگیركردنی زه‌وی و سامان و دامه‌زراندنی خه‌ڵك له سه‌ر بنچینه‌ی حیزبایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و خانه‌نشینكردنی حیزبییه‌كان به پله‌ی وه‌زیر، ئه‌وه‌تا به پێی یاساكانی ئه‌و عه‌رشه خوێناوییه‌و یاساكانی سه‌دام و به‌عس كه ئه‌و جینۆسایده‌یان كرد، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كورد و ئازادی بیر و نووسین له كوردستان ده‌كرێ و به چاولێكه‌ری ئه‌و داگیركه‌رانه یاسای دژی خۆپیشاندانی خه‌ڵك ده‌رده‌كرێ. ئه‌ی كوان پیره‌مێرده‌كان؟
.
2. له‌كاتێكدا پیره‌مێرد ئاوا پێشوازی له شه‌هیده‌كانی باكوور ده‌كات و ئاوا بزووتنه‌وه‌ی كورد به خوێنی یه‌ك جه‌سته ده‌زانێ، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رانی ئه‌مڕۆی كوردا، سه‌ره‌ڕای دۆڕاندنی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، عه‌رشه‌كه‌ی خۆشیان كه له‌سه‌ر خوێن و لاشه‌ی ئه‌نفالكراوان و شه‌هیدان دامه‌زراوه، هه‌موو رۆژێ له‌لایه‌ن ئێران و توركیاوه بۆردوومان ده‌كرێ، كه‌چی به‌دوای هه‌موو بۆردومان و كوشتن و ئاوارهكردنێكی كوردا، به هه‌ر جۆرێ بێ په‌نا ده‌به‌نه‌وه به‌ر رژێمی ئێرانیی و توركی و له‌لایه‌كی تریشه‌وه، له جیاتی به‌كارهێنانی 150000 چه‌كداره‌كانیان بۆ دیفاع له كوردستان و خه‌ڵكی كورد، دێن رێگه به رۆژنامه‌نووسانیش ناده‌ن كه ئه‌و تاوان و وێرانكارییانه راپۆرت بكه‌ن، یان ئاوێنه‌و رۆژنامه‌نووسێكی ئاوێنه ده‌ده‌نه دادگای به‌عسییانه كه به پێی یاسا‌و عه‌قڵییه‌تی به‌عس كار ده‌كات چونكه زۆر به ناسكی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و راستییه كردووه كه سه‌رانی كورد شێری ناوه‌وه و رێوی ده‌ره‌وه‌ن، واته راستییه‌ك كه وه‌ك خۆر ئاشكرایه‌و به بێژنگی یاساكانیان به‌ری ناگیرێ. یان له شه‌ڕێكدا كه قه‌ت هی ئێمه نه‌بووه، شه‌ڕی سوننه‌و شیعه‌و تیرۆریزم، ئه‌وه چه‌ند ساڵه هێزی پێشمه‌رگه به‌كاردێنن و دوایی وه‌ك له جه‌له‌ولاو سه‌عدییه‌و و قه‌ره‌ته‌په، روویدا كه كاریان پێ نه‌مان ده‌ریان ده‌كه‌ن و ئیهانه‌یان ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی هه‌ژاری كورد ئازار ده‌ده‌ن و ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌كه‌نه‌وه به‌بێئه‌وه‌ی سه‌رانی كورد نووزهیهكیش بكه‌ن.
.3. له به‌ر ئه‌م سیاسه‌ته ئێستا ره‌وشی كورد له هه‌موو پارچه‌كاندا خراپتر بووه، به‌تایبه‌تی له سوریا و ئێران كه دوو باوه‌ش و په‌نای ئه‌و سه‌ركردایه‌تییانه بوون، به درێژایی بوونیان رۆژێ نه‌مانبیستووه به یه‌ك وشه‌ش باس هه‌ر له بوون و مافی كورد له سوریا و ئێران بكه‌ن نه‌ك دیفاعیان ڵێ بكه‌ن دژی تاوانی زمان قه‌ده‌غه‌كردن و گرتن و كوشتن و له سێداره‌دان و خاك و ماڵ داگیركردن و بێ ره‌گه‌زنامه كردن یان ته‌نانه‌ت وه‌ك پرسێكی ئینسانیش هه‌ستێكیان به‌رانبه‌ر ده‌ربڕن. كه‌چی له ستایش و پێدا هه‌ڵگوتنی به‌رده‌وامی ئه‌و دوو رژێمه دۆسته‌دا خه‌ریكه ببنه شاعیری ده‌ربار.
دابڕانی رۆشنبیریی و بۆشایی رۆشنبیریی
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه كه هۆكاری گه‌یشتنمان به‌م وه‌زعه و ته‌سلیمكردنی سه‌ركردایه‌تی كورد به سه‌رانێكی له‌م جۆره، ئه‌نجامی ئه‌و وابوونه (واقیعه)یه كه ناوی ده‌نێم: دابڕانی رۆشنبیری و بۆشایی رۆشنبیری كه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستی پیكردووه به‌رده‌وام بووه‌و له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی هه‌رێمدا گه‌یوه‌ته لوتكه. مه‌به‌ستم له دابڕان وه‌ستاندنی یان په‌راوێزكردنی ره‌وتێكی پێشكه‌وتنی مێژوویی كوردیی و كوردستانی ره‌سه‌ن و جێگرتنه‌وه‌یه‌تی به ره‌وتێكی تری نامۆ و پێچه‌وانه‌ی سروشت و تایبه‌تمه‌ندی و ئامانجه خۆییهكانی. ئه‌و دابڕانه ئه‌م لایه‌نانه‌ی گرتووه‌ته‌وه:
.1. دابڕانی سهربژاردهی رۆشنبیری كورد له میراتی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی و له خه‌ت و قوتابخانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خانی و حاجی قادر و له چوارچێوه شارستانی و كهلتوورییهكانی میرنشینیهكانی بۆتان و ئه‌رده‌لان و سۆران و بابان و له ئه‌نجامدا له هه‌موو بنه‌ما زمانیی و كه‌لتوورییه ره‌سه‌نه‌كان و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی نه‌ته‌وه‌یی.
.2. . سه‌رنه‌كه‌وتنی سهربژاردهی رۆشنبیری كورد له تێگه‌یشتنی گرنگیی و په‌ره‌پێدانی بنچینه‌و ناوه‌ڕۆكه به‌هێزه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی له قوتابخانه‌ی خانی/كۆییداو مانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كورد به‌بێ فه‌لسه‌فه‌و بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردیزم و كوردستانیزم.
.3. دروستبوونی بۆشاییه‌كی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی كه به ئایدیۆلۆجیای ده‌ره‌كی و رۆشنبیریی گه‌لانی سه‌رده‌ست و توانه‌وه‌ی سیاسی پڕكراوه‌ته‌وه كه دابڕانه‌كه‌ی سیتماتیكی تر و ده‌زگایی كردووه‌و قووڵتری كردووه‌ته‌وه.
.4. دابڕانی رۆشنبیری كورد له كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئازار‌و خه‌می رۆژانه‌ی مرۆڤی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا.
.5. له ده‌ستدانی ده‌وری رێبه‌رێتی فیكری و سیاسیی له‌لایه‌ن سهربژاردهی رۆشنبیرانی كورده‌وه و بوونیان به پاشكۆی گه‌لانی سه‌رده‌ست یان حیزبه ناوچه‌گه‌رییه به‌ناو-نه‌ته‌وه‌یی و ناوهڕۆك نانهتهوهییهكان و (سه‌رۆكه) ناڕۆشنبیرو ببێناوهڕۆكهكان.
.6. سوود وه‌رگرتنی هێزه‌كانی داگیركه‌ر له ئه‌م وهزعهو دروستكردنی دوكانی سیاسی حیزبی جۆراوجۆر بۆ داروده‌سته‌ی دروستكراوی خۆیان بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی دابهشدابهشی كورد و زیادكردنی هۆكاری ئایدیۆلۆجی و سیاسی درێژخایه‌ن بۆ دابڕانه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
.7. ده‌ركه‌وتن و قبوڵكردنی چه‌مكی (چوارچێوه) ، وه‌ك پرسی كورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا، ئێران‌دا، توركیادا، سوریادا. به‌گشتی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ردا، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی كوردستان خۆیدا ناو، به‌كارهێنانی ئه‌و چوارچێوه‌یه بۆ ره‌چاوكردن و پاكانه‌كردن بۆ كاری یه‌كلایه‌نی ناكوردستانییانهو ته‌نانه‌ت دژهكوردستانیییانهش و ده‌ركه‌وتنی ئامانجی بێناوه‌ڕۆك و بێئه‌نجامی ئۆتۆنۆمی ناوچه‌یی وه‌ك دروشمی ئه‌و چوارچێوهگهرییه.
.8. دروستكردنی كاره‌سات و تراژیدیا و جینۆساید بۆ گه‌لی كوردستان و له‌ناوبردنی دێهاتی كوردستان وه‌ك دڵی كوردهواری و لانكه‌ی زمان و كه‌لتووری ره‌سه‌ن و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و هێزی مرۆیی و ژیانی رۆحیی و كۆمه‌ڵایه‌تی كورد، به‌هۆی به‌رپاكردنی شه‌ڕی چه‌كدارانه‌ی شاخیی ئۆتۆنۆمیخوازی بێهووده‌ی بێ فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژی سه‌ربه‌خۆیی و نوێنه‌رایه‌تی ده‌ستووری دیموكراتی خه‌ڵك و ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بنچینه‌و چوارچێوه‌ی زانستی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی دابڕاو‌و ناڕۆشنبیره‌وه.
.9. بهحیزبییكردنی هه‌موو شتێك و پشتگوێخشتنی ده‌وری زمان و كه‌لتوورو فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیریی و زانست و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی له پرۆسه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستانیدا و دۆڕاندنی به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵی و ئه‌خلاقییه‌كان
.10. نه‌مانی رێكخراو‌و ده‌زگاو میدیای نێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رانسه‌ری (پان-كوردستانی) و له‌مه‌وه میكانیزم و تۆڕی پێوه‌ندی و پێكسازی (كۆ-ئۆردینهیتهكردنی) سیاسه‌تی پانكوردستانی ته‌نانه‌ت له ئاستی زمان و ئه‌ده‌بیات و زانیاری و كهلتووریشدا چ له ناوه‌وه‌و چ له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
ده‌توانین بڵێین هه‌وڵه‌كانی پیره‌مێرد دوا هه‌وڵی به‌رنامه‌یی كراوی ده‌سته‌ی سهربژاردهی رووناكبیری دوو-نه‌وه‌یی (ڤێتیران) و خواروو-ژووریی كورد بوو بۆ دامه‌زراندنی پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی پانكوردستانی كه بنه‌ماو ناوه‌ڕۆكه به‌هێزو ره‌سه‌نه‌كانی زمان و كه‌لتوورو مێژووی نه‌ته‌وه‌یی بن و سه‌رۆكه كوردستانییه شه‌هیده‌كانی باكوور بكاته رێبهرو ره‌مزی نه‌ته‌وه‌یی پرۆژه‌ی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی. بیر‌و كاره‌كانی پیره‌مێرد له گرنگیی و گشگیرییاندا ده‌توانرێ به بیر‌و كاره‌كانی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه‌مال ئه‌تاتورك به‌روارد بكرێن. به‌ڵام له‌كاتێكدا كه‌مال ئه‌تاتورك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خه‌یاڵی توركی له پاشماوه‌ی میراتی تێكه‌ڵی عوسمانی به زه‌بری ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و عه‌قڵی ئه‌وروپایی و هێزی سه‌ربازیی و بڕیاری سیاسیی و ئایدیۆلۆجی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌پاندنی ده‌ستووریی، دروستكرد‌و له‌و پرۆسه‌دا دیپلۆماسییه‌ت و درۆ‌و ده‌له‌سه‌و تاوانی به‌كارهێناو میلله‌تێكی ئه‌رمه‌نی ئیباده كرد‌و میلله‌تی كوردی خسته ناو چوارچێوه‌ی تواندنه‌وه‌و كه‌لتوور و پێشینه‌ی ئیسلامیی ده‌وڵه‌مه‌ندی عوسمانی به ئه‌نقه‌ست دابڕی و خنكاندی، پیره‌مێرد ئه‌وه‌نده‌ی به‌س بوو گوێ بۆ نه‌وای مه‌قام و حه‌یرانی كوردی رادێرێ و سه‌یری شاخه‌كانی هه‌ورامان بكات و لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو ههڵبداتهوهو سه‌یری دیمه‌نی پیرۆزی سه‌روڕیشی سپی شێخ قادر و شێخ سه‌عید به سێداره‌ی توركه‌وه بكات، تا گوێی له ده‌نگی یه‌زدان بێ و رۆحی هه‌ست به ره‌گه‌كانی ژیان و سه‌ره‌تاكانی شارستانێتی و شانازییه‌كانی مێژوو بكات. كورد هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێ چاوی دڵی بكاته‌وه‌و خۆی بناسێ و دانه‌بڕێ و نه‌دۆڕێ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی بیپارێزێ و به‌نرخی بزانێ. خۆ تاوانه‌كانی ئه‌تاتوركیش به ئه‌به‌دی له هۆنراوه‌كانی پیری كورداندا تۆمار كراون. به وردی سه‌رنجی ئه‌م كورته هۆنراوه‌ی پیره‌مێرد بده‌ن كه له ساڵی 1926دا بڵاویكردووه‌ته‌وه:
ئێمه كه كوردین له لامان وایه
زوبانی كوردیی، زۆر بێ هاوتایه
لاوكی كوردی ده‌نگی زه‌بووره
(جه‌ننه‌تولمه‌ئوا) له شاره‌زووره
سه‌لاحه‌ددین و كه‌ریم خانی زه‌ند
بابا شه‌ره‌فخان، شای كۆی ده‌ماوه‌ند
قاره‌مان (قادر)، فیدایی (فوئاد)
له رێی وه‌ته‌ندا، به جه‌ننه‌ت بوون شاد
گه‌وره‌ی هیچ قه‌ومێك وه‌ك گه‌وره‌ی كوردان
له رێی وه‌ته‌ندا نه‌بوون به قوربان
فیكری میللیهتیان ئیحیا كرده‌وه
قه‌دری وه‌ته‌نیان ئه‌علا كرده‌وه
شادین ئه‌ی میلله‌ت بۆ ئه‌و گه‌ورانه
فه‌خری ته‌ئریخ، لایق به وانه
ناویان ون مه‌كه‌ن، به خاس و به عام
تاكو ده‌سكه‌وێ، رۆژی ئینتیقام
بێنه جووڵه‌جووڵ، با رۆحیان شاد بێ
پێی میلله‌ته‌كه‌م له به‌ند ئازاد بێ
كچانمان له ژێر به‌یداخی ره‌شدا
چاو هه‌ڵنه‌هێنن، به خوێنی گه‌شدا
به خوێنی لاوان وه‌ته‌ن نه‌جۆشێ
میلله‌ت بۆ وه‌ته‌ن، سیا نه‌پۆشێ
هه‌زاری وه‌ك من، هه‌تا نه‌كوژرێ
به قه‌ڵه‌می خوێن، شیوه‌ن نه‌نووسرێ
ئه‌م میلله‌ته‌ی كورد، رزگاری نابێ
یێ شك ئه‌م ئیشه ئه‌بێ هه‌ر وابێ.
ئه‌و شیوه‌نه‌ی پیره‌مێرد بۆ شه‌هیدانی نه‌مری باكوور ده‌یكا گه‌ردوونییه. هه‌روا له رۆژنامه‌ی ژیان له 1926 دا ئه‌م هۆنراوه‌یه بڵاوده‌كاته‌وه (ئه‌مه چه‌ند دیڕێكن):
ئه‌ستێره به‌رزه‌كان ئه‌دره‌وشێنه‌وه به شه‌و
وه‌ك من به داخهوهن نه سره‌وتیان هه‌یه نه خه‌و
دوێ شه‌و به‌ری به‌یان بوو، ده‌گریان به سه‌ر منا
منیان كه‌ساس ئه‌بینی، له ناو دۆست و دوژمنا
(با) م راسپارد؛ بڵێ كه خه‌فه‌ت بۆچ ئه‌خۆن ئه‌وان
وه‌ك ئێمه نین، نزیكتری لای باره‌گای خودان
راسپێرییان نووسیبوو، به شه‌ونم ، له سه‌ر گیا
تا ئاسمان، پڕیشكی به‌دی ئه‌وان هه‌ڵپژا
هاواری كورده‌كانی سه‌روو گه‌ییه ئاسمان
به‌و دووكه‌ڵی هه‌ناسه‌یه، ئاو دێ له چاومان.
به‌ڵام به‌هێزترینی شیعری پیره‌مێرد بۆ شه‌هیدانی باكوور هۆنراوه به‌رزه‌كه‌یه‌تی به ناوی شیوه‌نی شه‌هیدانی سه‌روو، به راستی له‌و هۆنراوه‌دا یه‌كه‌م تاوانی گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی بیست به‌رانبه‌ر به كورد به پشكۆی ئاگری دڵ تۆمار ده‌كات و داوا له كورد ده‌كات رۆژی 24 ئه‌یاری هه‌موو ساڵێك بكاته رۆژی شه‌هیدان:
له‌م عه‌سری بیستهمهی مه‌ده‌نییه‌ت، له ئاخرا
هه‌ر لایێكی قه‌ناره بوو، بۆ كورد هه‌ڵخرا
ئێسته‌ش له كه‌ل.له، قول.له ده‌كه‌ن دوژمنانمان
زكیان دڕا به سوننیه‌وه، تیفلی بێ زمان
هه‌رچی ره‌ئیسی كورد بوو، به سێداره داكرا
باقی به ماڵی خواشهوه، سووتان له ئاگرا!
كێ دی به غه‌یری میلله‌ته‌كه‌م له‌م قه‌باره‌دا
ئینشادی شیعری میللی، له پایه‌ی قه‌ناره‌دا
كیم در بزی من‌ع حیله‌یه جه‌ك باغی جناندن
میراتی پدر در گیرهرس خانه پزم در
شادین و فه‌خری پێوه ده‌كه‌ین به‌م حه‌مییه‌ته
مردن، كه بۆ ژیانی وه‌ته‌ن بی مهزییهته
سه‌رده‌فته‌ری شه‌هیدی وه‌ته‌ن ناوی (خالید)ه
وه‌ك ناوی خالیده، ئه‌به‌دی خۆیشی خالیده
(شێخ قادره) ره‌ئیسی هه‌موو خانه‌دانی كورد
میراتی جه‌ددی (كوڕ بوو به‌ڵابوو) به ئیرسی برد
دایكی زه‌مانه جارێكی دی نایهێنێته دی
له‌م كورده‌دا غه‌زه‌نفه‌ری وه‌ك (سه‌ید محه‌ممه‌دی)
خۆ (شێخ سه‌عیدی) گه‌وره، كه ماددی و مه‌عنه‌وی
نه‌بووه به عه‌زم و ره‌زمه‌وه، پیرێكی وا قه‌وی
(یوسف چیا) چیایه بوو، ئاه زوو كوژایه‌وه
گه‌وره‌ی كه‌مالی رێ‌و بوو ئه‌و به‌لایه‌وه
(دكتۆر فوئاد)، كه رۆژی ئه‌زه‌ل، عه‌شقی كوردی بوو
تا مرد، له حه‌سره‌تی وه‌ته‌ن، ئاهی سه‌ردی بوو
دوو عاشقن، (كه‌مال) و (فوئاد) هه‌ردوو بێ میسال
ئه‌و عه‌شقه‌یان گه‌یاندبووه مه‌رته‌به‌ی كه‌مال
(قۆچ زاده)، وا بووه قوربانی میلله‌تی
سه‌د ئافه‌رین، له عه‌زم و سه‌بات و مه‌تانه‌تی
زاته‌ن شه‌هید، (شه‌ریف)ی شه‌ریف یش شه‌هید كرا
رۆژی قڕان بوو، قڕ له وه‌زیع و شه‌ریف خرا
له‌م قافڵه‌ی موباره‌كه‌دا شاعیریش هه‌بوو
بۆ وه‌زنی شیعریان بوو، ئه‌گینا خه‌تای نه‌بوو
ناوی ئه‌مانه، لازمه، بیكه‌ینه به‌ر، هه‌موو
تههییجی حسسی میللییه، بۆ ئینتیقامی زوو
ئه‌و خوێنی كورده، هه‌ر وه‌كو خوێنی سیاوه‌شه
هه‌قی نهسێنرێ، هه‌ڵده‌قوڵێ، دائیمه‌ن گه‌شه
بۆ ئێمه لازمه هه‌موو ساتێك هه‌تا ده‌ژین
ئه‌م رۆژی 24 ی ئایاره، بكه‌ین به شین
رۆژێكه رۆژی مردن و ژینه براده‌ران
فه‌رزه غه‌زا، مه‌قلوبه نه‌قدی دڵ و زوبان
ئه‌گه‌ر ئێستا 24 ئایار رۆژی شه‌هید نییه‌و پرۆژه‌که‌ی پیره‌میرد بێکه‌س و نامۆیه‌و، هه‌موو کوردێک ناوی ئه‌و شه‌هیدانه‌و چیرۆکه‌کانیان نازانێ، نیشانه‌ی ئه‌و دابرانه رۆشنبیرییه‌و ئه‌و ئایدیۆلۆجییه ساختانهو ئه‌و پرۆسه‌ی عێراقچێتی و ناوچه‌یی بوون و چوارچێوهبوونهیه که به سه‌ر مێژوو-و که‌لتووری نه‌ته‌وه‌ییمان دا سه‌پێندراو ئه‌م جۆره سه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆی بۆ دروست کردین. 20 سالی ده‌سه‌لاتی کوردی دهشیاو ده‌بووایه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌راوه‌ژوو بکاته‌وه، به‌لام به پێچه‌وانه‌وه به به‌عسیکردنی سیاسه‌تی حیزبی و به به‌حیزبکردنی کۆمه‌ڵگای کوردیی و نه‌هێشتنی ژیانی لادێ وه‌ک دڵ و رۆحی کورده‌واری ده‌سه‌لاتی حیزبی شاخیی دابراو له میژوو-و که‌لتوورو بیر‌و سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، بۆشاییه رۆشنبیرییهکهو دۆڕانه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی خه‌ستترو قووڵتر کردۆته‌وه.
[له‌م دوو ژماره‌ی دوایی هاوڵاتی دا بلاو کراوه‌ته‌وه).
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





