ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان لە سەدەی نۆزدە- بیستی نەتەوە دەوڵەت و شارستانیەتدا تا بە ئەمڕۆ (بەشی سێیەم)
12/12/2014, 12:00 (GMT+1)

- مەبەستی من لێرە ئەوە نیە کە باسی هەموو خاڵە بە هێز و گرنگەکانی کۆی ئەو دەسکەوتە گرنگ و مێژوویانە بکەم کە لەو سەردەمەی حیزبی کۆمار و حکومەتەکەیدا وەدەست هاتن، و بوونە چاوگەی هێزی ڕۆشنگەری و خۆناسی لە ناو بزوتنەوەی نەتەوایەتی گشت بەشەکانی کوردستان، و مێژوویەکی گرنگی بۆ کورد و کوردستان تۆمار کرد؛ یاخۆ بمەوێ بە پێچەوانە، تانە و تەشەر لەو ڕەوت و جوڵانەوانە بدەم، یا خۆ؛ بە کەم نرخ و بێ بایەخ باسیان بکەم؛ نە؛!
- ئامانجی سەرەکی باسەکە لێرە شتێکیترە؛ ئەگەر لە فیلم و وێنەکانی ئەو کاتی جێژن و مەراسیمی کۆمار سەرنج بدەین بۆمان دەردەکەوێ کە ئۆنیفۆرم و جل و بەرگی سوپای سۆڤیەتی بە بەر و بەژنی بەشێک لە ئەندامانی ئەو حیزب و کۆمارە دەبینرێن؛ کە ڕێژەی مەشق و ڕاهێنانی لەشکری کوردستان و پێشمەرگەش لەو دیمەنانە بە دوور نەبوون!.
- سووپای سوور لە شەڕی جیهانی دووەمدا کە بەشێک لەو ناوچانەی کوردستانی داگیر کردبوو دەمێنێتەوە و دێتە ناو کایەکەوە. ئەوانیش بۆ باج و هاوکاری وەرگرتن ناچار دەبن یان ناچاریان دەکەن کە ئەو جۆرە مامەڵانە ئەنجام بدەن. بۆیە دواتریش دەوام ناهێنێ و بە زەرەریان دەشکێتەوە!، کە ئەوەش بە لای باوەڕی منەوە لاوازی و کەم دەسەڵاتی سیاسەت و لۆژیکی بووە لە ناچاری بەو ڕادە نزیک بوونەوەیە ڕوویانداوە!.
'' ڕووخانی کۆمار و هۆکارەکانی''
- پاش ماویەکی کورت بەرژەوەندییە باڵاکان و تیکە گەورەو چەورەکان و پلانە دزێو و کورد کوژەکان، دەخزێن و لە ژێر و سەر و خوار و ژۆری ناوچە بەرتەسکەکەی دەسەڵاتی کۆمارەوە لە نێوان حکومەتی تاران و مۆسکۆ ئاڵ و گۆڕ دەکرێن و کورد دەکەنە سات و سەودای بازرگانی و ئامانجەکانیان!!.
- لەشکری سوور لە لایەکەوە لە هەڕەشەی ئامریکا، و بریتانیا کە سێ بەشی خاکی ئێرانیان بە دەستەوە بوو، و لە لایەکیترەوە کە قەوڵی تیکەی چەور و لولەی نەوتی خۆڕایی لە لایەن ڕژیمی شاوە پێدرا بوو، دەس لە پشتیوانی و پشتگری کوردی بێ پەنا و کۆمارەکەی هەڵدەگرێ، و دەکشێتەوە بۆ ئەودیوی سنوورەکانی خۆی، و ئیتر دوای یازدە مانگ کۆمار و حکومەتەکەی لە لایەن هێرشی سوپای ئێرانەوە دەستی بەسەرا دەگیرێ، هەڵدەوەشێتەوە و دەڕووخێ!، سەرۆک کۆمار و چەندین وەزیر و کەسایەتی و فەرماندە دەگیرێن و دواتر لە سێدارە دەدرێن؛ بە سەدان ئەندام و پێشمەرگە لە شەڕو ڕاوەدونانیان دەبنە قوربانی و شەهید دەبن. کورد هیوا بڕاو ئەبێتەوە؛ بەشێکی زۆر لە سەران و ئەندامانی دیمۆکراتیش بە خۆیان و تەنانەت چەند کەسیش لە میوانەکانیان بە خۆیان و ئاواتەکانیانەوە دەس بە سەر دەکرێن، دەگیرێن و بۆ چەندین ساڵ دەخرێنە چاڵە ڕەشەکانی ڕژیمی پاشایەتیەوە. ئەوانەش کە دەرباز دەبن هەڵدێن و نیشتمانی خۆیان بۆ دەیانساڵ بەجێ دەهێڵن.! - شەپۆلی جم و جۆڵ و خۆ هەڵکێشان و دیار بوون لە ناو سەرانا لە کورد، ئاستەنگ دەبێ و بێدەنگ ئەکرێتەوە!، چالاکی و خەبات و تێکۆشانی کورد دیسان دەچێتەوە قاڵبی نهێنی و دەبێتەوە بە ڕێکخراوی شەونامەیی و کۆبوونەوە و کاری سیاسی دەچێتەوە ژێرخان و ناو ژوورە تاریک و نهێنیەکان، یا خۆ شاخ و دەر و دۆڵ، نامۆیی و دووری لە وڵات.!
- **با ئەوەشمان لە بیر نەچێت، کە ڕووخانی کۆمار تەنیا پێوەند نەبوو بە دەست لێبەردانی سووپای سوڤیەت؛ بەڵکوو بە بڕوای من چەند هۆکارێکی تۆخی ناوەکی کە ئەو کات بە ڕوونی بەرچاو بووە و پێشتر بە گشتی ئاماژەیەکم پێداون بریتی بوون لە: - یەکەم؛ وەپاشکەوتوویی فەرهەنگی، واتە؛ کەمبوونی خوێنەوار و کەسی ڕۆشنبیر لە ناو کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمە و دەتوانم بێژم زێتر لە ٩٠% دانیشتوانی کوردستان نەخوێنەوار بوون. - دووەم؛ دووبەرەکی و ناکۆکی نێوان سەرانی هۆز و تایفە و ئاغاکانی کوردستان و بە تایبەت هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار و نزیک لەو، لە لایەکەوە فەزایەکی نالەبار و ناسالمیان لە ناو خەلکدا خوڵقاندبوو، و هەرکام خۆی لەویتر بە گەورەتر ئەزانی، لە لایەکیتروە، کورتبیر و دوژمن بە کەم گرتن و خۆ بە زلزانی و پێشبڕکێی خانخانی و دەرەبەگایەتی و پاشەکشە لە هاوکاری و یارمەتی، بەشێکی گرنگی پاڵنانی ڕووخانی کۆمار بوون!!...
درێژەی هەیە...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





