لیژنەی لێکۆڵینەوەی حزبی و کەسانی سەر بە حزب تاوانێکی دیکەیە دەرهەق بە کاوەی گیانگەش دەکرێت
10/12/2013, 12:00 (GMT+1)

ئەو کارە خۆی لەخۆیدا تاوانێکی دیکەیە دەرهەق بە کاوە گەرمیانی دەکرێت. چۆن دەکرێ لێکۆڵینەوە لەلایەن کەسێک و لایەنێکەوە بکرێت کە وەکو تاوانبار سەیر دەکرێن؟ چۆن دەکرێت حیزب و کەسانی سەر بە حیزب لێکۆڵینەوە لە تاوان بکەن؟ ئەدی دەزگا دادوەریەکان؟ ئەدی پۆلیسی کەتن؟
هەموو جیهان داوای لێكۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە دەسەڵاتداران دەکەن، ئەوەش کاردانەوەی دەسەڵاتی یەکێتییە! وادیارە یەکێتی بەهەموو تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆی ئەو لیژنەیە بەبێلایەن تێ دەگات! لە راستیدا یەکێتی و بەرپرسانی یەکێتی هەر نابێ لە دوور و نزیکەوە توخنی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەون. یەکەم ئەوە کاری حیزب نییە، دووەم ئەوان لایەنن لە تاوانەکە هەروەکو راستەوخۆ تۆمەتی تاوانیان ئاراستە دەکرێت.
پێویستە لێرەدا ئەوە بگوترێت کە پارتی و یەکێتی لە هەموو ئەو لێکۆڵینەوە نەزۆک و حیزبیانەی کە لە مێژوویاندا لەگەڵ کەسانی نەیاریان یا لەسەر تاوانکاری کردوویانە و بڕیاریان لەو رێگەیەوە داوە، تاوانبارن و بەرپرسن لە ئەنجامی ساختە یا بڕیاری حزبیانەی تاوانکارانەدا. لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش و زانیاری و پاراستن دەچنە خانەی لێكۆڵینەوە حزبیەکان چونکە ئەو دەزگایانە حزبین و بۆ پارتی دەسەڵاتدار کار دەکەن. هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێم کە هەردوو باڵەکەی زانیاری و پارستن لە دەڤەری سەوز و زەرد دەگرێتەخۆی، دەزگایەکی حزبییە و لاینەگیرە، هیچ گۆرانێک لە باری لایەنگیریی و حزبیبوونی دوو دەزگا سیخوریەکەی زانیاری و پاراستن ڕووینەداوە، ئەوە نەبێت بەشێوەیەکی سیمبۆلی کراونەتە یەک. هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوانەی کە لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە دروستکراون و ناوی نیشتیمانیان پێوەندراوە، هەموویان حزبین و لەبەرژەوەندی پارت و سەرۆکی دەسەڵاتداردا کار دەکەن، بۆیە جێگەی باوەر و متمانەی خەڵک نین.
پارت ئەگەر بڕوای بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان هەبێت و لە دەسەڵاتی دیموکراسی گەیشتبێت، رێگە بەخۆی نادات تێکەڵی لێکٶلینەوە لە تاوان بێت یا دەستکاری ئەو جۆرە کارانە بکات، چونکە ئەوە کاری دادگا و دەزگا پەیوەستدارەکانی بواری تاوانکارییە. ئەو دەزگایانەش نابێ لەژێر کاریگەری سەرۆک و حیزبدا بن، ئەگەرنا لێکٶلێنەوە ناتوانێ ئەنجامی بێلایەن بداتە دەست.
لیژنەی لێکۆڵینەوە کە بەرپرسانی یەکێتی و ئاسایشی یەکێتی سەرپەرشتی دەکەن، لێکۆڵینەوەیەکی حزبی و لایەنگیر ئەنجام دەدات، هەروەکو بەرژەوەندیەکانی پارت و بەرپرسانی پارت لەبەرچاو دەگرێت. بەمجۆرە ئەگەری بەلاڕێدابردنی رەوشی لێکۆلێنەوەکە و ئەنجامەکەی زۆرە. هەروەکو لە دۆسیەی سەردەشت عوسماندا بینیمان کە چۆن پارتی سینارۆیەکی بۆ سەردەشت هەلبەست و وەکو هەواداری تیرۆریستان ناساندیان. دیارە ئێستاشی لەگەڵدابێت کەس باوەری بە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی ئاسایش و پاراستنی پارتی نەکرد و لای خەڵک دۆسیەی سەردەشت بەکراوەیی ماوەتەوە.
دیارە ئێمە ئەوە دەزانین کە زۆر سەختە لە کوردستانی ئەمرۆدا لیژنەی سەربەخۆ پێکبهێندرێت و بتوانێت سەربەخۆ و ئازادنە لە تاوانەکە بکۆڵێتەوە، چونکە کۆمەلگە گەندەڵکراوە و بەحزبیکراوە، و بەرپرسەکانی پارت و مافیاکان بڕیاربەدەستن. لە کوردستاندا ئەو هەلومەرجانە نین کە بۆ لیژنە و لێکۆڵینەوەی بێلایەن پێویستن. بۆیە دەبێ بڵێین بەداخەوە گومانی زۆر لەوەدایە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بتوانێ وەڵامی گونجاو بە پرسیارەکان بداتەوە و هەموو تاوانباران و راستیەکانی پشتی تیرۆکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی ئاشکرا بکرێن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





