دەوڵەت بە ئێوە ڕاناگەیەنرێت .. دەوڵەتی بێ ئارد و شەکر و چامان ناوێت!
25/03/2012, 12:00 (GMT+1)

ساڵانی قات و قڕی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ مان لەیادە، دوانزەساڵی ڕەبەق، نەتانتوانی کیلۆیەک ڕۆن بۆ کوردی سێ جار ئابڵۆقەدراوی دەستی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێراقی سەدام و پارتی بارزانی دابین بکەن، ئێستاکە چ هیوایەکمان بە دەوڵەتەکەی تۆ هەبێت بێ لە بودجەی %١٧ ؟
نەگبەتی پارتی بە سەر بەختی کورددا هەر ئەوە نییە کە ناتوانێت بڕوای بە ئازادی بێت و لەگەڵ ڕاجیاوازەکاندا ئاشت بێت، لەیاری و پلانە سیاسیەکانیشدا دەستەکەیان کەشفە و ساویلکانە رەفتار دەکەن .. چۆن لای ئێمە ئاشکرایە نە دەوڵەت بە بارزانی ئیعلان دەکرێت، نە بە پارتیش ئیدارە ئەدرێت، لای بەغداش ئاشکرایە بێ لەو %١٧ یەی بودجەی ئێراق کوردستان بەرگەی مانگێک ناگرێت .. چونکە دەوڵەتەکەی بارزانی ساڵانە کیلۆیەک تەماتەی تیابەرهەم نایەت، جا نەخوازەڵا چۆن بەرگەی ئابلۆقەی تورک و فارس و عارەب ئەگرێت؟. هەر بۆیە کاتێک بارزانی باسی دەوڵەتی کوردی ئەکات لە بەغداوە لەسەدا %١٧ ی بیردەخەنەوە و ئەمیش خێرا لە قسەکەی پەشیمان ئەبێتەوە .. ئەو لە%١٧ یەی خۆتان و بەغدا نەبێت کەس نازانێت لەسەر چ بنەما و گرەنتیەک دەتانهێناوە !؟ . چەندەها سازشی نیشتمانی و نەتەوەیی بەسەرەوە کراوە .. ئەگەر بە ڕێژەی دانیشتوانی عێراقە، بۆ لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا چارەسەری گرفتەکانی سەرژمێری ناکەن تا حەق و ڕێژەی کوردیش لەو بودجە و لە یەکلاکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان و لە هاوبەشی دەستەڵاتی سیاسی عێراقدا ساخ بێتەوە؟ ئەو نەوتەی لەپاش ٢٠٠٣ ەوە لەهەرێمی کوردستان رۆژانە ١٧٥ هەزار بەرمیلی لێدەفرۆشن، بۆ پارەکەی ئەخەنەوە سەر داهاتی نەوتی ئێراق ؟! ئەگەر مساوەمەی بودجەی چەکدارە حیزبەکانی خۆتان لەسەرنەکردبێت و لەو دیوەوە خۆڵ ئەکەنە چاوی خەڵک و پێمان دەفرۆشنەوە کە بودجەی چەکدارەکانی حیزبەکانتان لەسەر بودجەی خەڵک نییە و لە ژێریشەوە بەو ١٧٥ هەزار بەرمیلە نەوتەی رۆژانە بۆ بەغدای دەفرۆشن، پارەی مەسرەفی ئەو چەکدارانەی لێ ئەدەن کە ژمارە و ئەرک و مەسرەفیان خۆتان نەبێت، وەزیری پێشمەرگەکەشتان نازانێت (وەک شێخ جافەر لە دیدارێکدا وتی) بەهۆی دوو هێزی چەکداری هەرێمی زەرد و سەوزەوە ئەو گەندەڵییە زەبەلاحەتان پەردەپۆش کردووە، کە قوت و سامانی ئێمەی دەکەن بە قوڕگیدا و لە خۆپیشاندانەکانیشدا بەر دەستڕێژی بی کەی سیمان ئەدەن !
شەڕی گەندەڵی و پارەبەشکردنی نێوان خۆتان و حکومەتەکەی مالیکی بە ئێمە مەفرۆشنەوە، ئەگەر ڕاست ئەکەن فەرموون کەس دەستی نەگرتوون خاڵە هوشیارت لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و هەموو وەزیر و گزیر و پارلەمانتارەکانت لە بەغداوە بانگ بکەرەوە بۆ هەولێر و ئەگەر ڕاست ئەکەیت چۆن حکومەتەکەی جەعفەریتان ڕەتکردەوە، ئەوە ئەرز و ئەوە گەز حکومەتەکەی مالیکی هەڵوەشێننەوە ..
ئێمە دەوڵەتی بێ ئارد و بێ ئازادیی و بێ مافی مەدەنی و هاوڵاتی بوونمان ناوێت.
ئەو دەوڵەتەش بە پێی ئەزموونی ئەم بیستویەک ساڵەی حوکمداریتان بە ئێوە ئیعلان ناکرێت .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





