چاو بنووقێنە
13/06/2014, 12:00 (GMT+1)

خوێنەری بەڕێز،پێش ئەوەی پرسیار بکەین لەسەر ئەم باروو دۆخەی ئێستای عێراق و هاتنی داعش و هۆکاری بەهێزبوونی، ئەوا پێوستە بەراووردیك بکەین لەنێوان داعشی عەرەبی و داعشی کوردی باشوور. داعشی عەرەبی دوو شاری بەدەستەوەیە، هەردوو داعشەکەی لای خۆشمان هەریەکەو دوو شاری بەدەستەوەیە.
داعشی عەرەبی کاری تووندڕەویی و تیرۆریستی بەئەنجام ئەگەیەنن و هەزارانیان هەیە ئامادەیە خۆی بتەقێنێتەوە. داعشی پارتی بەهەمان شێوە تیرۆری قەڵەمە ئازادەکان ئەکەن و هەزارەها فیداییان هەیە(لەسەر زاری فازیل میرانی)، هەروەها داعشی یەکێتی نیشتمانیش بەهەمان شێوە تیرۆری قەڵەمەکان ئەکەن و خەڵکی ناڕەزا گوللە باران ئەکەن.
داعشی عەرەبی هێزێکی میلیشیایی خاوەن ئەجندای تووندڕەیی لەژێر سایەی ئیسلامدا کارەکانی خۆیان بەجێدێنن و هەرچی داعشەکانی لای خۆشمان لەژێر سایەی پارەی دزراوی نەوتەوە میلەت و دەنگە ئازادەکان ئەکوژن.
جا کەواتە ئەوەی ئەگوزەرێ نەشەڕی کورد و عەرەبە ، وە نەشەڕی ئیسلام و مەزهەبە. ئەم شەڕەی هاتۆتە ئاراوە تەنها شەڕی مان و نەمانی سوونەکانە دژ بەو گەندەڵ و دزانەی عێراقیان دۆشیوە. هەریەڵ لە (مالکی) و (تاڵەبانی و بارزانی) لەماوەی ٢٠٠٣ بەدواوە جۆرێك لە گەندەڵیان دروست کردوە کەتەنها گەراو ڤایرۆسی وەك داعش و جۆرەکانی تر تیایدا گەورە ئەبێ. ئەوە تەنها گەندەڵ-یە وای لە هێزێکی میلیشیایی وەك داعش-کردوە کە ئاوا بەو جۆرە وەك قارچك سەر هەڵبدا.
بۆیە پێوستە لەسەر میلەتانی عێراق هیچ کات خۆیان نەدەن بەکوشت و شەڕی داعش نەکەن. کورد پێوستە شەڕی داعشەکانی ناو خۆی خۆی بکات و سزای دزەکانی پارتی و یەکێتی بدا. کورد پێوست ناکا سەنگەر لەداعش بگرێ، ئەوەی ئەوان پارێزگاری لێ ئەکەن و پاسەوانی ئەکەن زۆر لە داعشەکەی عەرەبەکان خراپترە. ئەوە لەبیریان چوو کەهەر ٤٥ ڕۆژ جارێ مووچەیەك وەرئەگرن. ئەوە بیریان چوو ئەلقەی هاوسەرگیریان فرۆشت لەبەر نەبوونی. ئەوە لەیادیان چوو لەبەر نەبوونی کرێ کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا. ئەوە بیریان چوو لەبەر بێ پارەیی لووشکە لووشکی گریانیان لەبەردەم کامیراکان هەڵئەڕشت. جا بۆیە پێوستە وەك سوپای عێراق ووشیار بن و شەڕ بۆ شێخ جەعفەرەکان و مەسروورەکان و جەنەڕاڵە فەلەکان نەکەن. ئەوەی تیا چوو تەنها لەخۆی و خێزانەکەی ئەچێ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





