مەسعود بارزانیش كوڕى مەلا مستەفایە
07/06/2011, 12:00 (GMT+1)

با بگەڕێینەوە سەر لێدوانەكەى مەسعود بارزانى، دەكرێت كردەوەكانى دەزگا بەدناوەكەى پاراستن و هێزە ئەمنیەكانت لە ناو شارى هەولێر وەڵامێكى راستەوخۆى ئەو لێدوانەت بێت، كە دەستدرێژیان كردە سەر چەندان كەسى ئازادی خواز و رێگریتان كرد لە دروست نەبوونى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى! داخستنى كۆلێژەكانى شارى هەولێر و بڵاوە پێكردنى هەزاران كەسى سەر بە دەزگاى پاراستن لە ناو شارى هەولێر، بڵاو كردنەوەى ترس و تۆقاندن و دەسگیركردنى چەندان كەس و بانگكردنیان بۆ دەزگا ئەمنیەكانتان، هەموو وەڵامى ئەو دێڕەتن كە دەتەوێت كێشەى گەلى كورد بە ئاقارێكى ناڕاست ببەێت، یان لە چوارچێوەیەكى تەسكدا كۆی بكەیتەوە!
باشە دەپرسین ئەگەر كێشەكە تەنها لە جیابوونەوەى (نەوشیروان مستەفا) لە یەكێتیە، هەروەها لەو سنوورەیە، ئەى سەركوتكردنى هاووڵاتیانى شارى هەولێر و رفاندن و لێدانى دەیان كەس لە میانەى خۆپیشاندانەكانى شارى سلێمانى بۆ؟! دابەشكردنى دەمانچە بەسەر كەسانى دەزگا نهینیەكانتان بۆ؟! مەگەر ئێوە ناڵێن كێشەكە سلێمانیە! كە وابوو ئەو ترسەتان لە پاى چى؟! كە هێندە دڵنیان، یا چواردەورەكەتان وەك هەمیشە بە لارێتاندا دەبەن و كێشە گەورەكەى كۆمەڵگاى كوردى لە نیتاقێكى تەسكى شارێك، یاخود كێشەى دوو لایەن بچوك دەكەنەوە؟! كێشەكان زۆر لەوە گەورەترن كە ئێوە پێتان وابێت بتوانن حەجمى لە قاڵب بدەن و، وەك عەقڵە كۆیلەكەى شوینكەوتوەكانتان بچوكیان بكەنەوە!
لێرەدا دەكرێت پرسیارێ لەم سەرۆكە بكەین، كە ماوەیەكە خۆى بە حاكم و عاقڵى رەهاى ئەم گەلە دەزانێت، ئەى پێم ناڵێیت سەرەتاى ساڵى 2002 خەڵكى دەڤەر زخۆى دەلال بۆ دەربڕینى ناڕەزایەتى لە ئەداى دەسەڵاتەكەت دایان بەسەر گومرگى (ئیبراهیم خەلیل)دا، خێر بوو زیاتر لە 300 كەستان دەسگیر كرد! ئێستاش هاووڵاتى هەیە لەو كاتەدا دەسگیرتان كردووە و بێ سەر و شوێنە! ئەى ئەمەیان لە جیابوونەوەى كام (گۆڕان و نەوشیروان مستەفا) بوو؟! یاخود ئێوەش نەوەى مەلا مستەفان و وتەكانتان هەر ئەوەندە مەعریفە هەڵدەگرێت!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





