خوێندنەوەیەكی تازە بۆ جوگرافیاو سیستمە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
03/03/2011, 12:00 (GMT+1)

هەرچەندە دەبووا وڵاتـأنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەلأ رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات برووخابان، بەڵام ئەوەی لەقۆناغەدا بەدیدەكرێ، ئەوەیە كە سیستمە تۆتالیتارو دیكتاتۆرەكان بە توندی رووبەرووی ئەو قۆناغە بوونەوەو هەرچی بۆیان كرا، لەدژایەتی كردنی ئەو تێزانە درێغیان نەكرد، بەپێچەوانەی سیستمەكان، خەڵكو گەلانی ناوچەكە بەتوندی داكۆكیان لەو تێزانە كرد، چونكە دەیانزانی ئەو گۆڕانە سەرئەنجام دیموكراسیەت بەدوای خۆی دەهێنێو رژێمە پشتاوپشتیو شمولیەكان ناچار دەكات واز لەدەسەڵات بهێنێ. چەند ساڵێكە ئەو تێزانە هاتوونەتە ناو كایە سیاسیەكانی دنیا، واشچاوەڕان دەكرا رژێمەكان دەرك بە گۆڕانانە بكەنو لەگەلأ رەوتی رووداواكان بڕۆنو پیادەی دیموكراسی بكەنو گوێیان بۆ دەنگی خەڵك شلكەن، كەچی ئەوە رووی نەدا، بەواتایەكی دیكە ئەوەی لە ئەوروپای رۆژهەڵات روویدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووینەدا، واتە سیستمەكان زۆربەیان نەك نەگۆڕان بەڵكو خراپتر بوون، بەشێوەیەك لە جیاتی چاكسازی لە سیستمی حوكمڕانی هاتن ئەوكرانەوەی بازاڕو تەكنەلۆژیان بۆ قۆرغكردنی زیاتری دەسەڵاتو ئابووری وڵاتەكەیان بەكارهێنا.
دواین تێزیش تێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بوو، كەلەلایەن چەند ناوەندێكی ئەمریكاوە وەك چارەسەرو دیموكراسیزەكردنی ئەو ناوچەیە هاتەئاراوە، هەرزوو سیستمەكانی ناوچەكە بەناوی پرۆژەی سەهیۆنیزمو خاچپەرستی، لەدژی ئەو تێزە وەستانەوە، هەرچەندە ئەو تێزە لەسەر چەند كۆڵەكەیەك بنیاتنرابوو، ئەوانیش دیموكراسیەت، ئازادی تاكو كۆمەلأ، پیرۆزنەبوونی سنوور، گرنگیدان بە پێكهاتەكانی كۆمەڵگای مەدەنیو دەستاودەستپێكردنی دەسەڵات، بوون. بەڵام دیارە ئەو چەمكانە بەمانای گەڕانەوەیە بۆ دەنگو رەنگی خەڵكو نەهێشتنی پاوانی سیاسیو حوكمڕانی دێت، كە ئەوە بە هیچ شێوەیەك لەگەلأ عەقلی حوكمڕانانی ناوچەكە نەدەهاتەوە، لەوەش بترازێ ئەو بێسنووریەی كە دنیای تەنكەلۆژیا هێنایە گۆڕێ، هیچ سنورێكی نەهێشتەوە، هەرچی شتێك پێی دەگوترا نهێنی ئاشكرا كرا، وەك ئەوەی لەم ماوەی دوای سایتی ویكیلێكس كردی هەموو دنیای هێنایە جوولە، كەواتە ئەو قۆناغە ململانێی دەرەكی كردە ململانێی خەڵكو دەسەڵات.
ئەوەی لەمانگی رابڕدوو لە وڵاتی تونسو میسر رووویانداو سیستمی سیاسی دوو وڵات كە لەچاو وڵاتەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموكراسیتر بوون بەتەواوی گۆڕاو دەركەوت كە چ لەو وڵاتانە گوزەراوە، ئێستاش وڵاتانی (لیبیا، یەمەن، جەزائیر، بەحرەین، تارادەیەك سعودیاو سوریاو ئێران) بەهەمان قۆناغی شەڕی نێوان خەڵكو دەسەڵات تێدەپەڕن، دوای ئەو هەموو گۆڕانەش ئەوەی لە لیبیاو یەمەن روودەدات، تەواو دووبارەكردنەوەیەكی گاڵتەجاڕی مێژووە، خۆش یان ناخۆش هەر دەبێ ملكەچی ئەو ئیرادەیە بن. ئەوەی سەرنجی هەموو لایەكیشی راكێشاوە چەند خەسلەتێكە لەهەموو ئەو سیستمانە وەك یەكن، ئەوانیش گەندەڵی، ناعەدالەتی، حوكمی خانەوادە، بەرجەستەبوونی هەموو وڵات لەیەك كەسدا، چەوساندنەوەی نەتەوەییو مەزهەبی، پێشێلكردنی ئازادی تاكو كۆمەلأ، زۆربوونی هەژاریو قووڵبوونەوەی جیاوازی چینایەتی، سەوەر نەبوونی یاسو هتد)، ئەو گرفتانە ئەوندە لەیەكەدەچن ناتوانی كاتێك باسی موبارەك یان بن عەلی یان قەزافی دەكەیت، ئەگەر ناوەكان هەڵگریت هەموویان وەك یەك بەجیاوازی پاشخانی رۆشنبیریو سەربازییو كەلتووریان، دینە بەرچاو.
ئەو كێشانەی لەسەرهوە ئاماژەم پێدا بەشێكی بەر عیراقو كوردستانیش دەكەوێ، بەتایبەتیش لەمەسەلەی گەندەڵیو ناعەدالەتی سەروەر نەبوونی یاساو بەرجەستەبوونی حزب لەناو دەسەڵاتو مانەوەی دەسەڵات لەدەست حزبێك یان دوو حزب. لێردا ئەو راستیە بە روونی بەدیاردەكەوێ كە هەر كاتێ خەڵك بجووڵێ سیستم هەرچەندی بەهێزو پڕچەكیش بێت ناتوانێ بەرگە بگرێت، باشترین رێگای چارەی ئەو ڤایرۆسەش كەپێی دەگوترێت تووڕەیی خەڵك گوێ گرتنو گەڕانەوەیە بۆ ئەو قسە گەورەیەی كە دەڵی(جەماور سەرچاوەی هەموو هێزەكانە).
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





