هەستدەربڕین چارەی برین!
23/11/2014, 12:00 (GMT+1)

کوڕێکی گەنجی ڕەبەن کە بە کرێکاری دەژیا بە هۆی خەمۆکیەکی قورسەوە دەیناڵاند، دوای پرسیارو وەڵام و وتووێژێکی درێژ کە بۆ ئەوە بو تێبگەم هۆی خەمۆکیەکەی چیە، گەیشتە تینی و بە بێزاری و نائومێدیەکی زۆرەوە مۆبایلەکەی فڕێدایە سەر مێزەکەم و وتی: دوکتۆر پێشتر پتر لە دوسەد گۆرانی هەڵبژاردەی تێدابوە، هەر کە دڵم تەنگ دەبو یا نیگەرانی و بیرکردنەوەی زۆر دەرونمی نائارام دەکرد گوێم لە چەند گۆرانیەک دەگرت و دەهاتمەوە سەرخۆم، بەڵام لە سەر ڕێنمایی و ئامۆژگاریە بەردەوامەکانی مامۆستای وتارخوێنی ئەو مزگەوتەی نوێژی هەینی لێدەکەم هەمو گۆرانیەکانم سڕیەوە بۆ ئەوەی توشی گوناه نەبم.
ئیمڕۆ هەمو قوتابخانەکانی دەرونناسیی لە سەر ئەوە هاوڕان کە یەکێ لە هۆ گرنگەکانی کێشە و نەخۆشیە دەرونیەکان کەڵەکەبون و پەنگخواردنەوە و دەرنەبڕینی گونجاوی هەست و سۆزەکانە بە هەمو جۆرەکانیەوە: خەم و دڵتەنگی، ترس و نیگەرانیە جۆراجۆرەکان، خۆشی و شادی، بێزاری و توڕەیی، هەستکردن بە ناحەقی و بێدادی و سوکایەتیپێکردن.....هتد. بێگومان هەستدەربڕینیش وەک هەر ڕەفتارێکی تری مرۆڤ لە دوا ئامنجدا نابێت زیان بە کەسەکە و دەوروبەر بگەیەنێت، وە دەبێت موراعاتی شوێن و کات بکات، وە نابێت کەسەکە جڵەوی خۆگری و بەسەرخۆدازاڵبون بەتەواوی لە دەستبدات. لە شیوەندا بۆ مردو بۆ نمونە قوڕپێوان و لەخۆدان باش نیە ، یا ئەوەی شیعەکان هەزارو چوار سەد ساڵە لە عاشورادا دەیکەن هیچ واتایەکی نیە و پەیوەندی بە دەربڕینی خەم و دڵتەنگیەوە نیە. بەڵام دەربڕینی خەم و خەفەتی کچە باوکمردوەکە بۆ چەند خولەکێک چی زیانێک بە مزگەوتەکە و خوای میهرەبان و خەڵک و ئیسلام دەگەیەنێ؟ یا دەربڕینی خۆشی بە گوێگرتنی کوڕەکە لە چەند گۆرانیەک زیان بە کێ دەگەیەنێ؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





