خۆرئاوای كوردستان و شكستی خەیاڵەكانی پارتی
02/01/2013, 12:00 (GMT+1)

ئایا چۆن پێگەیەك لەناو ئەجیندای خۆرئاوا بۆ كوردستان دیار كراو كامە "جۆری كوردبوون" لەلایەن زلهێزەكانەوە پەسندكراو كامە جۆری رەد كرایەوە.؟
بەدڵنیایەوە یەكەمین بەرپرسی "جێگیركردنی داگیركاری لە كوردستان" خۆرئاوایەو لە هەمان كاتیشدا بەرپرسی ئەنفال و كیمیابارانی كوردستان و قڕكردنی كلتوری كوردستانن.بۆیەكەم جار كوردستان لەلایەن ئەوانەوە(بریتانیاو فەرەنساو روسیا)وە دابەشكرا و سەرجەم ناسنامەی ئینسانی و نەتەوەیی و سیاسیان رەدكرایەوە.بەڵام ئەم جارە بێ ئەوەی ناسنامەی كورد قەبووڵبكەن داگیركردنی خۆرهەڵاتی ناوەراست مومكین نەدەبوو،چون كورد هەمان كوردی سەدی (19و20)نەبوون لەڕویی سیاسەتی خۆشیانەوە ئەمە پێچەوانەی دروشمی ئازادی و دیموكراتیەت بوو، بۆیە دەبوا كوردیان قەبوڵ كردبایا بەڵام كام جۆری كورد.؟ هەروەك ناسنامەیەكی تازەیان بۆ ئیسلام بنیادنا بۆ دیاردەی كوردیش پێناسێكی نوێیان ئافراندو بەو پێیەش دەستیان كرد بە مەدح كردنی ئەولایەنەی كە پەیرەوی سیاسەتی ئەوانن و لە كۆشكی سپی ئەمریكا و وڵاتە ئەوروپیكاندا پێشوازیان لێكردن، ئەمە رێزێك نەبوو لە ناسنامەی ڕاستەقینەی نەتەوەی كورد،بەڵكو رێزێك بوو لە ئەو حزب و كەس و بنەماڵانەی كە هاوپەیمانیان بوون لە جێبەجێكردنی "پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەراستی گەورە"دا.
لەبواری سیاسی و ئایدۆلۆژیك یشدا هەروەك حزبێكی (بەقسە ئیسلامی) ئەردۆگان كە نوێنەری بەرژەوەندیەكانی خۆرئاوابوولە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا، پارتی دیموكراتی كوردستانیش كرایە "نوێنەری كورد لە سەرجەم كوردستان"دا، ئەمە سیاسەتێك نەبوو كە بە ئیرادەی خودی ئەو حزبە دیاریكرابێت و پلانی بۆ دارێژرابێت،ئەمە ئەمرێكی واقیع بوو ومەرجی هەرە گرنگی كرانەوەی درگا و پەنجەرەكانی " كۆشكی سپی" بوو بۆ ئەو حزبە.تەنانەت ئەگەر هێز و توانایشی نەبێت دەبێ لەهەرچوار بەشی كوردستاندا خۆی بە سەر گەل دا بسەپێنێت و گۆرەپانی سیاسەت پڕبكاتەوە. سەرچاوەی قەیرانی پارتی نەك تەنها لەباشووری كوردستاندا بەڵكو لە هەرچوار بەشی كوردستاندا ئەوەیە كە بێ ئەوەی خاوەن هێز بێت خۆی وەكو هێز پیشان دەدات. لێرەدا مەبەستم لە هێز،هێزی سەربازی و ئابووری نییە، بەڵكو هێزی بەرێوەبردنی كۆمەڵگاو تایبەت مەندیە دیموكراتیەكانە، چون پێكهاتەی ئایدۆلۆژیكی و سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵگری ئەو بارە نییە كە لەلایەن زلهێزەكانەوەو بۆی دەستنیشان كراوە. ئەگەر هێزی پارە كێشەكانی خەڵكی چارە بكردبایات ئەوا ئەوروپاو ئەمریكا پێش هەموو كەس خۆیان سوودیان لێ وەردەگرت،بۆیە پارتی توشی قەیرانێكی ئیستراتیژیكیە. لەلاێكەوە هاواری هاوڵاتیانی كورد لەبەر نادادپەروەری نەبوونی دیموكراتیەت،لەلاێكی ترەوە گوشاری ئەمریكا و توركیاو ناتۆ ئاڵۆزیەكی جدی لەسیاسەتی ئەم حزبەدا سازكردووە.
ئەگەر لەم ڕوانگەوە چاو لە پێشهاتەكان و ڕوداوەكانی خۆرئاوای كوردستان بكرێت ئەوا باشتر مایەی تێگەیشتن دەبێت.بۆیە خۆسەپاندنی پارتی لە خۆرئاوای كوردستان چەندە ویستێكی ئیرادی وسیاسەتی ناوخۆی بێت سەد ئەوەندە سەپاندنێكی دەرەكی ئەمریكاو ئیسرایل و توركیایە. بەتایبەتیش ئەم دوایانە كێشەی داخستنی دەروازەكانی باشوور بەسەر گەلەكەمان لە خۆرئاواو تەقەكردنی پێشمەرگەكانی پارتی لە خەڵك و برینداركردنی گەنجێك و رەدكردنەوەی لەلایەن سەروكایەتی حكومەتی هەرێم زۆر راستی بۆ رای گشتی گەلەكەمان روونكردەوە. لەهەمان كاتدا بە شێوەیەك لە شێوەكان پارتی پەیامێكی سیاسی ئەداتە خەڵكی خۆرئاوا كە "ئەگەر ئێوە پارتی یەكێتی دیموكراتی پەسند كەن و سوژدە بۆ من نەبەن ئەوا منیش دەروازەكانی باشوور بەسەرتاندا دادەخەم. بێگومان بۆ هیچ كوردێك ئەمە قەبووڵ ناكرێت كە خۆت بە دەستی خۆت ستەمكاری لە خۆت بكەیت. چون بۆ بێواتا كردنی سنوورەكان دوو سەدەیە كورد تێكۆشان ئەكات و قوربانی ئەدات،ئایا ئەمە كامەعەقل و ئەخلاق و ویژدانی سیاسیە كە ئەمە رەوا ببینێت.؟
ئەمە لەكاتێك دایە كە رەوشی هەژاری گەلی كورد لەخۆرئاوای كوردستان ویژدانی مرۆڤایەتی هێناوەتە لەرزە و لە ئەو بەشەكانی تری كوردستانەوە خەڵك هاوكاریان بۆ دەنێرن.مادام تۆ ناتەوێت هاوكاری بكەی ئەی بۆچی رێگری ئەكەی.؟ خۆ كوردستان موڵكی تۆ نییەو جوگرافیای ئەم وڵاتە لە ئەساسدا عایدی خەڵكە.؟ئایا بۆچی...؟؟؟
ئەم بابەتە بۆ ئەجێندای ئەمریكاو توركیا چەندە گرنگ بێت بۆ پارتیش ئەوەندە گرنگە،چون لەئەگەری شكستی لە خۆرئاوای كوردستاندا ئەوا " پارتی بە هەولێر و دهۆكەوە" سنووردار دەبێت و خەیاڵی رێبەرایەتی كوردستانی گەورەش پێش لەدایك بوونی دەمرێت
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





