بەقاڵی سەربەرزو بەرپرسە گەندەڵەکە
07/07/2013, 12:00 (GMT+1)

هەتا ئێستاش بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە بۆ خەپاندنی ئەندامانیان لەبەرواری ٣-٧-٢٠١٣ بڵاویان کردوە هاڵاوی لێ هەڵدەستێت ، لەبڕگەی هەڤاڵ ودۆستاندا وایان نوسیەوە و من قسە لەسەر ئەم سێ بڕگەیە دەکەم:
لینکی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرکرادیەتی یەکێتی نیشتمانی:
یەکەم: دڵنیابن گیانی پاکی شەهیدان ئاوێتەی هەڵوێستی خەباتی دیموکراسی و خزمەتی خەڵکتانە.
- گیانی پاکی شەهیدانی چی و چۆن دڵنیابێت؟ کە زۆرینەی شەهیدان کوڕی بەقاڵ ، کوڕی حەماڵ ، کوڕی کرێکار ، کوڕی جووتیار بووە کەچی مەحمود سەنگاوی سوکایەتی بە باوکیان دەکات ، کامە خزمەتی خەڵک هەتا ئێستاش خەڵک بۆ پەیداکردنی قووتی ژیانی خۆی لەبەرگەرمای پێست برژێنی هاوین و سەرمای زستانی پێست ووشکەرەوەدا بە هەزار حاڵ دەرەقەتی دابین کردنی ژەمێکی خێزانەکەی دێت و خێزانی شەهید هەیە تا ئێستاش سواڵ لە دراوسێکانی دەکات.
دووەهەم: دڵنیابن پێشمەرگەو کەمئەندامانی سەنگەر، چاوەڕێی درێژەپێدانی خەباتتانە.
- درێژەپێدانی خەباتی چی و داوای کامە خەبات لە خەڵک دەکەن، لەو خەڵکانەی لە ١٧ی شوباتدا جگەر گۆشە تەمەن بەهاریەکانتان شەهیدکرد، کامە پێشمەرگەو کەم ئەندامی سەنگەر کە زۆرینەیان کوڕی بەقاڵ ، کوڕی حەماڵ ، کوڕی کرێکار ، کوڕی جوتیار بوون ، دەبێت هەر هەموویان بێنە خزمەت مەحمود سەنگاوی تا ئەویش بە ڕەحمەتی خۆی بڕە پارەیەکیان بۆ سەرف بکات تا بتوانن کەرەستەی خوێندن و جلوبەرگی شایستە بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن ، پێشمەرگەی کەم ئەندامی سەنگەر هەیە لە هۆڵەندا دەزگای خزمەتگوزاری پیرو پەککەوتەکان وەک گوڵ بەخێویان دەکەن نەک قارەمانەکەی گەرمیان مەحمود سەنگاوی.
سێهەم: دڵنباین ڕەنجدەرانی بیرو بازو، بەشی زۆریان چارەنوسیان لە ڕێبازی یەکێتیدا دەبیننەوە.
- ڕەنجدەرانی بیروبازووی چی؟ مەحمود سەنگاوی سوکایەتی بە بەقاڵ دەکات ، بەقاڵ لای مەحمود سەنگاوی ئەو کەسە بێنرخەیە لە کۆمەڵگادا و وەک نموونەی چینێکی خاوەن بازوو ی ئاست نزم نموونەی لەسەر دێنێتەوە لە لێدوانەکەیدا.
من بەدەیان هاوڕێی شەهیدو زیندووی سەردەمی شاخم هەیە کە باوکیان بە پیشەی بەقاڵی ژیانی خێزانی و کوڕە پێشمەرگەکەشی لەسەردەمی بەعسدا دابین دەکرد ، من دایکی پێشمەرگەیەک دەناسم بە قازانجی سەبەتەیەک کەوەرو کەرەوەز لەبەر بەلەدیەکەی شاری سلێمانی جلی کەتافی و پێڵاوی ئەدیداسی بۆ کوڕەکەی دەنارد.
پێڵاوی بەقاڵێک کە بەڕەنجی شانی خۆی ژیانی دابین دەکات زۆر بەرنرخترە لەباڵای مەسئولێکی دز کە لە ژێر شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا سەروەت و سامانی خەڵک دەدزێت ، ئەم جۆرە خۆ بە شۆڕشگێڕ زانانە وەک جرجی تۆقیو وان غیرەتیان نییە وەک هەر تاکێکی سادەی کۆمەڵگا بە تەنها و بێ پاسەوان لە شەقامێکدا پیاسەیەک بکەن، زات ناکەن بە کامی دڵی خۆیان بە تەنها لای بەقاڵێک دوو کیلۆ خەیارو تەماتە بکڕن ، جەسارەتی ئەوەیان نیە بەتەنها بڕۆنە لای دەلاکێک و سەر وسمێلیان وەک قەترانی ڕەش بۆیاخ بکەنەوە.
ڕزگار ساڵح
٧-٧-٢٠١٣
هۆڵەندا ئەنیشخەدە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





