لەبری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم، ئەنجومەنی هەوالگری هەرێم دروست دەكرێت
24/01/2011, 12:00 (GMT+1)

تەسلیم بوونی یەكێتیە بە پارتی
ئەوەی ئێستە روو ئەدات بریتیە لە سەرۆكی یەكێتی حیزبەكەی سیستێماتیك تەسلیم بە پارتی دەكات، دیارە لەپێناوی بەرژەوەندی شەخسی و بنەمالە. ئەگەر سەردانی ئەنجومەنی وەزیران بكەیت لەهەولێر سەرجەم وێنەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشووی كابینەی پێنج لەسەر دیوارو مێزەكانی كارمەندانی ژورەكاندا بێدەستكاریكردن وەك خۆی ماوەتەوە ئەمە بێهەبوونی وێنەی سەرۆكی كابینەی شەش لەم ئەنجومەنی وەزیرانەدا، كەچی سەرۆكی كابینەی شەشی حكومەت و حیزبەكەی و سەرۆكی حیزبەكەی ئەم سوكایەتی ودیاردە كەسایەتی شكێنەیان قبولە. "سەرۆكی پاراستن پلەی وەزیری هەیەو شەرعیەتی پەرلەمان بەدەزگاكەی دراوە"
لەكاتی شەری نێوخۆدا "پەرلەمانی هەرێم" یەك لایەنە پەرلەمانی پارتی بوو، بەهۆی جەنگ ونەبوونی بەشداری یەكێتی تێیدا شەرعیەتی نەمابوو. ئەم پەرلەمانە ناشەرعیە ئەو كاتە شەرعیەتی یاسایی داوە بە دەزگای پاراستن و پلەی وەزیریشی دابوو بەسەرۆكی دەزگاكە. ئەگەر سەرۆكی پاراستن پلەی وەزیری هەبێت، دەبوایە لەكۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا بەشداربوایە كە نەیكردوە، یان دەبوایە لەلایەن حكومەتەوە روبەروی لێپرسینەوە بكرایە بۆ هەر لادانێك كە ئەمیشیان نەكراوە. ئایا ئەمە چۆن حكومەتێكە؟ یان پەرلەمان دەبوایە ئەم سەرۆكی دەزگا هەوالگریەی كە پلەی وەزیری دراوەتێ بانگهێشت بكردایە بۆ پرسیارو وەلام، یان پێداچونەوە بەدەستورەكەدا، كەهیچ لەمانە نەكراوە، ئایا ئەمیش چۆن پەرلەمانێكە؟ ئەمانە هەمووی خیانەتن لەو جەماوەرەش كە دەنگی بە پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم داوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەكانی ئەم بپارێزن نەك گەل لە خزمەتی سەرۆك و حیزب وحكومەتدا بێت. پێشتر نەتەوە دواتر حیزب. بالێرەدا رێگا بدەم وێنەكان خۆیان بۆ خۆیان بدوێن. ئایا بەم میتۆدەی ئێستە ئامانجی شەرعیەتدان وكاركردن بۆ بەیاسا كردنی دەزگا هەوالگریەكان بەوەی دەزگای زانیاری پێشمەرگەشەوە چیە كە دەخرێتە ژێر كۆنترۆلی سەرۆكی پارتیەوە لەژێر ناوی سەرۆكی هەرێم. ئایا كامیان ئەولەویەتی هەیە، ئاسایشی نەتەوە، یان ئاسایشی حیزب و خاوەنەكانی؟ یان كار بۆ بەنێودەولەتی كردنی جینۆساید بكرێ كە لەدەستوری عێراقدا وشەیەك نیە بەم ناوەوە كە وەك چەكێكی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەكار بهێنرێت كە دەسەلات هەتا ئێستە ئەنجامی نەداوە، یان كاركردن بۆ دروستكردنی دەزگاو كۆمەلگایەكی موخابەراتی و بەئەفسانە كردنی سەرۆك؟ ئەی ئایا ئەمیشیان چۆن سیستەمێكی سیاسیە لەم ولاتی گەلە بەد بەختەدا؟ كە دەسەلاتدارەكانی سیاسەتی سیستەمی مەركەزی پیادە دەكەن و لەبەغداش داوای لامەركەزی دەكەن. بەلی دەزگاكانی هەوالگری و ئاسایش لەهەموو ولاتانێكدا هەن ودەبێت هەبێت بەلام ئەوەی دەسەلات لە هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی نیەتی باشی نەتەوەیی لەپشتەوە نیە. ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت بریتی بێت لەچی؟
ئاسایشی نەتەوەیی لە بواری ئاسایشی جەنگ و تیرۆرەوە ئەمرۆكە بوارەكانی ئاسایشی ئابوری و ژینگەو كشتوكال و لایەنەكانی كۆمەلایەتیشی گرتۆتەوە. هەروەها ئاسایشی ئازادی سیاسی و ئابوری، مافی مرۆڤ (مافی تاك و كۆمەل)، تەساموحی ئاینی بەلام سنوردانان بۆ فەناتیزمی ئاینی و بەرەنگاربونەوەی فكری تۆتالیتاریزم. وەزارەتی ناوخۆ بەشی گرنگی خۆی بەردەكەوێت. هەموو ئەمانەش ڕێگان بۆ راگرتنی ئاسایش وسەقامگیری نێوخۆ. ئاسایشی نەتەوەیی بەواتا ئاسایشی تاكەكانی كۆمەلیش دەگرێتەوە. لێرەدا كیشەكانی ئاسایشی نەتەوەیی لەلێكۆلینەوەی ناوەرۆكەكەیەوە دەست پێدەكات. ئاسایش دەبێت فاكتەری نەهێشتنی ترس بێت، ترس بە واتا گشتیەكەی لە بوارەكانی ئابوری و سیاسی وكۆمەلایەتی، ئیتر بۆ سەر ئاستی ناوخۆ بێت یان دەرەكی. نەتەوەیەك ئاسایشی هەیە ئەگەر بەرژەوەندیە شەرعیەكانی خۆی نەكاتە قوربانی. توانای نەتەوەیەك كەبەها ناوخۆیەكانی خۆی لەبەردەم هەرەشەی دەرەكیدا بپارێزێت. بۆ پاراستنی ئازادیە سەرەكیەكان ومافەكانی گەل پێویستە رەچاوی زەمانكردنی پێكەوە ژیانێكی ئاسایشانەو ئاشتیانەی هەموو مرۆڤەكان بكرێت. نەتەوەو گەلان وكۆمەلانی ولاتێك پێویستی بە ئارامی و ئاسایش هەیە لەسەر گشت ئەو ئاستانەی ئاماژەم پێدان. ئەمانە هەمووی لە باشوری كوردستانیشدا.هەرەشەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی لەهەرێمی كوردستان
زۆر شت هەن كە لەهەرێمی كوردستاندا هەرەشە لە ئاسایشی ولات ومرۆڤەكانی دەكەن، لەوانە: *ئاسایشی ژینگە. بەواتا (رێگاگرتن لە هەوای پیس، دابین كردنی ئاو، زەوی بەپیت بۆ كشتوكال و بەدارستان كردنی ولات..).*ئاسایشی خۆراك (رێگاگرتن لە خۆراكی بەسەرچوو لەدەرەوەی ولات لەلایەن سەرمایەدارە دەسترۆیشتوەكانەوە، بەرهەمهێنانی خۆراكی محەلی بەرێگای ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانەوە..). *ئاسایشی ئابوری- كۆمەلایەتی (رێگاگرتن لە برسیەتی و هەژاری و لەو نەخۆشیانەی كە بەهۆی سوئی تەغزیە دروست دەبن، بێكاری، زەمانی كۆمەلایەتی، رێگاگرتن لەشتە مەترسیدارەكان بۆ سەر ژیان وەك نەخۆشی و زامن كردنی تەئمینی تەندروستی. *ئاسایشی سیاسی (ئازادی سیاسی، زۆرانبازی سیاسی وفكری لەبری تەسككردنەوەی ئازادیەكان تەنانەت لەگەل لایەنە توندرەوەكاندا باشترە جێگای بەكارهێنانی سیاسەتی زەبروزەنگ وتوندوتیژی بگرێتەوە. بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم وپەروەردەی ئاشتی كۆمەل). *ئاسایشی بواری ئابوری: دروستكردنی ژێرخانی ئابوری (ئینفراسترەكچەر)، وەك تۆری كارەبا وئاو، خەستەخانە وجادەوبان وبواری تەكنەلۆژیاو دروست كردنی كۆمەلگایەكی ئەلیكترۆنی وبایەخدان بە پیشەسازی محەلی لەهەرێم كە بەر وێران كەوتن بووە، نەك لەوەی كەهەرێمی كوردستان كراوەتە بازارێكی بەرفراوانی ساغكردنەوەی خراپترین شمەكەكانی توركیاو ئێران. كارەبا گرنگترین سەرچاوەی وزەیە بۆ پێشخستنی پیشەسازی. لەكوردستاندا بەنەبوونی ئەم سەرچاوەیە بەملیۆن كاتژمێر وزە وون دەبێت، بەواتا بەملیۆن كاتژمێر لە بەرهەمی ولات وون دەبێت كە گرنگیەكی ژیانیی هەیە بۆ ژێرخانی ئابوری، ئەمە جگە لەئەنجامە گشتیەكانی تری. كەواتە دوبارە ئاماژەی پێئەدەم كە ئاسایش سەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی و پەروەردەو سایكۆلۆژی و ژینگەی ولات دەگریتەوە، ئەمانەو دیاردەكانی گەندەلیی كە سەرجەم بوارەكانی ژیانی كۆمەلگای كوردیشی گرتۆتەوە و بۆتە مەترسیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی كۆمەل. ئەمانەن بەشێكی گرنگی ئەو بوارانەی كە دەبوایە دەسەلات لەهەرێم خەمی هەلبگرتایە بەر لەخەمی ئاسایشی دەسەلاتی تاك وبنەمالەو پارەو سەروەت و سامانەكانی، ئەوانەی كە مولكی گەلە. لەبەر ئەوەی ئاسایشی هەرێم لەلایەن دەسەلاتی ناوەندەوە (الاتحاد) نەتوانراوە بپارێزرێت هەربۆیە كاركردن بۆ پێكهێنانی ستراتیژیەتی ئەنجومەنێكی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی لەهەرێمی كوردستان كە ببێتە وێنایەكی باش بۆ بەغداش پێویستیەكی ژیانیە. بۆ ئەم مەبەستە پشت بەكەسە پسپۆرو ئەكادیمیستەكان ودلسۆزەكانی ولات ببەسترێت، بەلام ئایا دەسەلات تەكنۆكراتانە بیردەكاتەوە؟
د. سالار باسیره
پسپۆڕ له زانسته سیاسییهکاندا
* بەم ئیمەیل ئەدرێسە دەكرێ پرۆژەكەی نوسەر داوابكرێت:
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





