مامە گیان زوو بمرە با قزمەکان لەوە بچوکتر نەبنەوە
26/12/2012, 12:00 (GMT+1)



ئەم پیرۆزکردنەی مستەفا بارزانی وەکو میراتیەك بۆ کوڕو نەوەکانیشی ماوەتەوە ئەوەتا دەبینین چۆن ئیدریس بارزانی بە هەمیشە زیند و ناودەهێنرێت و بە دڵنیاییەوە دەربڕینێکی ئاوا نەمریش بۆ مەسعود بارزانی دادەتاشرێت. ئەم پیرۆزکردنەی بارزانی باوك و کوڕانی لە بیر و کولتوری ئایینی و خێڵەکییدا شتێکی شاز نیە و چاوەڕوان لێکراوە. بەڵام پیرۆزکردنی تاڵەبانی و مامەڵە لەگەڵ نەخۆشیەکەی لە لایەن لایەنگران و ئەندامان و سەرانی یەکێتیەوە هۆکارەکانی و شێوازەکانی و ئەنجامەکانیشی جیاوازە ومەترسیدار ترە. دوبارە بونەوەی چمکێکی سیستەمە دیکتاتۆریەکانی فاشیزم و کۆمۆنیستیە لە ناوچووەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و تۆتالیتێری کۆمۆنیستی و فاشیزمە. پیرۆز کردن چەندین فۆرم و شێواز و ڕێگای هەمە چەشنەدا خۆی نمایش دەکات. پیرۆزکردنی جەلال تاڵەبانی بە کورتی لە وەدا خۆی پێشان دەدات کە وای تێدەڕوانرێت لە غیابی ئەودا هیچ کێشەیەکی سیاسی ئیتر چارەسەرناکرێت و بوونی ئەو وەکو تاك پێویستیەکی مێژووی و حەتمیە و تەنها شتێك کە پەنای بۆ ببرێت ئەوەیە کە دۆعاو نزا بکرێت بۆ گەڕانەوەی بۆ ساحەی سیاسی ئێراق و کوردستان.
پیرۆز کردننی تاکەکان بە گشتی و ئەم پیرۆزکردنەی جەلال تاڵەبانی دوو لایەنەیە و ئەم هیستێریای دۆعا و نزایەی نوسەران و بە ناو ئینتەلەکتوێل و کەسایەتیەکانی ناو یەکێتی و کادیران و لایەنگرانیان ئەنجامێکی چاوەڕوانکراوی سیاسەت و شێوازی کاری ڕێکخراوەیی ناو یەکێتی و سەرجەم پارتە کوردستانیەکانە بە ئۆپۆزسیۆنەوە.

دیاردەی کەسی یەکەمی بێ هاوتا جا لە هەر ناوەندێکدا بێت دەربڕینی کۆمەڵێك ڕاستیە و نیشاندەری سیفاتە ناوەکیەکانی ئەو ناوەندەیە، گرنگترینیان نەبونی دیموکراسیەت و هەڵبژاردنی دیموکراسیانەیە. سەرانی پارتی ویەکێتی و حیزبەکانی دەور و بەریان هەر لەو ڕۆژەوەی بونە کەسی یەکەمی ئەو لایەنە بە هەر ڕێگایەکی مەشروع و نامەشروع لە هەوڵی ئەوەدان ئەو پلەیە بەجێ نەهێڵن. دورخستنەوەیان دەبێتە کارێکی ئەستەم و تەنانەت باسکردنی تابووە.
کەسانی هەمیشە یەکەم کە لە ڕێگا و هەل و مەرجی نا دیموکراسی دا ممارەسەی دەسەڵاتەکانیان دەکەن لەسەرجەم ناوەندێکدا تەواوی ووزەی مادی و مەعنەوی ڕاستە و خۆ یان ناڕاستەوخۆ دەخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە، ئەمەش هێزێکی نامەشروعیان دەداتێ بۆ مانەوەی زیاتر و نفوزی زیاتر و پاڵپشتیان دەبێت بۆ ئەوەی کە تەواوی بڕیارە بنەڕەتی و ژیاریەکانی ئەو ناوەندە بگرنە دەست یان بەو ئاراستەیەیدا بەرن. و بە ئاراستەی وویست و تێڕوانینەکانیان ڕەفتار بکەن و و تەنانەت مەزاجی تاکە کەسیان هەمیشە لە پێش وویست و تێڕوانینی هاوکاران و کەسە نزیکەکان و کادیرەکانیاندا دەبێت. ئەوەش بە ئاستێکدا دەڕوات کە بنکە و تەنانەت مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیەکانیش تەنها ڕۆڵی پاڵپشتی کردن و تەرویج کردنی بڕیارەکانی کەسی یەکەم بینن .
ئەم هەل ومەرجە بە شێوەیەك ئاسایی دەبێتەوە لە ناو ئەو ناوەندانەدا کە ئیتر دەوروبەرانی کەسی یەکەم لە بەشدار لە بڕیاردانەوە سەرباری ناو و نازناوی پلە و پایەی فەرمیان بە کرداری بگۆڕێن بۆ دەستو پیوەند جا ئیتر لە هەر پلەیەکی فەرمیدا بێت.
لە دوا ئەنجام دا نزیکی و وابەستە بوون بە کەسی یەکەم و سەرنج و هەڵسەنگاندنی ئەو و ڕادەی دڵسۆزی بۆ ئەو گەرەنتی مانەوە و بەرەو پێشەوە چون یان کوشتنی سیاسی و پەڕاوێز کردنە و چارەنوسی لەسەر ئیشارەتێکی جدی کەسی یەکەم وەستێت.
ئەو کەسانە بە ڕادەیەك لاواز و وابەستە دەبن کە وەکو هەوا هەڵمژین بۆ ژیان پێویستیەکی مانەوەیانە کە لە هەر سەردەم و ماوەیەک دا گوێڕایەڵ و پاشکۆیی خۆیان نوێبکەنەوە (تجدید الولاو). هەندێك لەوانە بە ڕادەیەك کەسی یەکەمیان گەورە کردووە و خۆیان بچوککردۆتەوە یان بچوککراونەتەوە لە ترسی لەدەستدانی دەسکەوتە مادیەکان و پلەو پایە بۆشەکانیان دا پەنا دەبەنە بەر سەرجەم میتۆدێك ، لەم ڕۆژانەی نەخۆشیەکەی تاڵەبانیدا میدیاکان بە تایبەتی کوردستانی نوێ چەندین لاپەڕەکانی یەکەمی بۆ دۆعا و نزا تەرخان کردووە و گەلێك نمونەی ئەو قزمانەی باشتر پێناساندوین هەر لە بەرهەم ساڵح و سەعدی ئەحمەد پیرە و ئەرسەلان بایز و سۆزان شەهابەوە تاکو شێرکۆ بێکەس و عیزەدین مستەفا ڕەسول و مومتاز حەیدەری و حەمەی حاجی مەحمود و قادر عەزیز دەیان نمونەی تری ناسراو و نەناسراو. تەواوی ئەمانە کەم تا زۆر نەیانتوانیوە سەرنجی خوێنەران لە ڕێگای پێشنیاری ئەقڵانی و ڕایالیستانەی سیاسیەوە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بە سەرە قەڵەمێکیش لێکدانەوەیەك بۆ هاوکێشەکان و یەکێتی و هەرێم و ئێراقی دوای تاڵەبانی بکەن تەنها و تەنها پەنایان بردۆتە بەر دۆعا و نزا و مامەگیان جێمان مەهێڵە و گەڕاونەتەوە سەر بەیت و بالۆرەی باوك و برا و کەسمانی. لەوەش ناشرین تر دەربڕینەکانی بەعسیەکانیان بۆ سەدام حسێن زیند و کردۆتەوە وەك ئەوەی لە [سەمام ئەمانی]عێراق و سیاسەتی حەکیمانە دەدوێن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





