تەڵەی حیزبەکان
26/11/2011, 12:00 (GMT+1)

سافکردنی سەرای ئازادیی وەک ڕووبەری جوگرافیایەکی مێژینەی ناڕەزایەتی شاری سلێمانی بەزەبری چەک و نوێکردنەوەی پرۆسەی ئەنفالکردنی خوێندکارانی زانکۆ لەسەردەستی چەکدارەکانی ئاسایشی حیزبەکەی تاڵەبانی بەناو سۆسیال دیمۆکرات، ڕەنگدانەوەی ڕەفتاری ستەمکاری هەردوو حیزبە هاوپەیمانەکە بوون و لە بەندەکانی ڕێکەوتنە بەناو ستراتیژیەکە لەسەری کۆک بوون ، بەو مانایەی گەر پارتی لە سلێمانی لێی قەوما یەکێتی ببێتە فریادڕەسی، گەر یەکێتیش لە هەولێر هەڵپروزکا پارتی بە مەرحەمەتی خۆی جامێک ئاوی فێنک کەرەوەی بەسەریدا بکات.
ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە 17 شوباتدا دژ بە سیستەمی ستەمکاری بوو ، ئەو سیستەمە ستەمکارەی لەژێر سێبەری (خەباتی شاخ ، شەرعیەتی شۆڕشگێڕی ، سەرکردەی ڕۆحی ، سەرکردەی نموونەیی سۆسیال ئەنتەرناسیۆنال) خۆیان وەک فریادرەس ناساندبوو ، کەچی لە بەرامبەر بەرزکردکردنەوەی سادەترین داواکاری و داخوازی خەڵکدا لەبەعسیەکان بەدەستوبەردتر شەقامەکانی سلێمانیان بەخوێن سورباران کرد.
هەردوو حیزب بۆ خەپاندنی خەڵک پەیتا پەیتا بڕیاری چاکسازی دەردەکەن ، لەم نێوەندەشدا گۆڕینەوەی بەرهەم ساڵح بە نێچیر بارزانی هەوڵێکی ساختەکارانەی دوو سەرکردە بەرەبابەکەی پارتی ویەکێتیە بۆ خپکردنی دەنگی ناڕازی خەڵک لەلایەک و قڵشاندن و دروستکردنی کەلێنە لە نێوان خەڵک و ئۆپزسیۆندا ، خۆ ئەگەر بزاڤە نوێخوازەکان لە نموونەی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەمبەر ئەم بالۆرانەی دەسەڵات نەجەنگن ئەوا لاقیان دەبێت بە تەڵەی دەسەڵاتەوە.
ڕزگار ساڵح
ئەنیشخەدە هۆڵەند
٢٦ _ ١١ - ٢٠١١
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





