پەلاماردانی عەلی باپیر لەلایەن پارتی و بێدەنگی كۆمەڵ؟
25/02/2009, 12:00 (GMT+1)

بەهەر هاڵ ئێستا نێوانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی ئاڵۆزی تێكەوتووەو هەر پاش رووداوەكە چەندین بەرپرسی پایەبەرزی پارتی وەكو وەزیری ناوخۆو پارێزگاو بەرپرسی لق هاتوونەتە ماڵی مامۆستا عەلی باپیر تاوەكو میانجیگەریەك بكەن و پەیامی لێبوردن بگەیەنن بە مامۆستا كە لەلایەن چەكداری پارتیەوە ئەو هێرشە ئەنجامداراوەو بەڵام بێ مەبەست بووەو هەوڵێكی سیستماتیزەكراوی تیرۆركاری نەبووە، بەڵام ئەوەی كە مایەی لەسەر وەستانە ئەوەیە كە خێرا مەكتەبی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەواڵەكەیان بە ئاراستەیەكی دیكەدا بردوو گوایە هیچ تەقەیەك نەكراوەو بە رووداوێكی ئاسایی وەسفیانكرد، لەكاتێكدا ئاسایی نیەو گرنگە كۆمەڵ نەترسانە داوای لێپێچینەوە لە بكەرانی رووداوەكەو ئەوانەی لە پشت كارەكەوە بوون بكات،
عەلی باپیر وەك كەسایەتیەكی ئیسلامی سەرسەخت و رادیكاڵ، ساڵانی نەوەدەكان تا سەروەختی دەركردنیان لە خورماڵ و لێدان لە بارەگاكانیان لە ئەحمەدئاوا لەلایەن ئەمریكیەكانەوەو پاشتر دەستگیركردنی لەلایەن هێزێكی ئەمریكاوە، باوەری بە دیالۆگی ئیسلامی و عەلمانی نەبوو، بەڵام پاشتر هەڵوێستیان پێ گۆری و بەشدارییان كرد لە پەرلەمان و حكومەت و ووردە ووردە نزیك بووەوە لە پارتی و وازی لە هەندێ هەرەشەی سەر میمبەر هێنا، بەڵام ئەبێت كۆمەڵ ئەوە بزانێت ئەم پەلاماردانە هەروا ئاسان نییەو مەسجێكی مەترسیدارە بۆ جەستەی سیاسی ئیسلامیەكان و چەندین كاری دیكەشیان بەدەستەوەیەو نەدەبوو كۆمەڵ ئەوەندە توك نەرمانەو بەترسەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە سامناكەدا بكات، چونكە ئەمە پێش هەر شت پێشێلكردنی یاساو سەروەریی خەڵك و ئارامی هەولێرە، ئەمە بەشێكی بچوكە لەو پرۆسە درێژەی كە پارتی وەك بەرنامە كاری بۆ ئەكات دژی هەر حەرەكەیەكی ئیسلامی و پێشتر یەكگرتووی ئیسلامیان داخكرد بۆ سوتاندنی مەڵبەندی بادینان و ناوەناوە چەندین كادریان لێدەگرن و مزگەوت دادەخەن و جەنگی دەروونیان لەگەڵ ئەكەن، ئەمەش بەدڵنیاییەوە دوا كردەی تیرۆر نابێت لەلایەن پارتیەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





