شەهیدبوون لەپێناو پارتى دا نەفامییە
05/08/2014, 12:00 (GMT+1)

ئێوە بڕوانن وەزارەتێكى گەورە و گرانمان هەیە بەناوى وەزارەتى پێشمەرگە و وەزیرەكەى سەربەگۆڕانە، بەڵام هیچ سەنگ و قورسایى و، وجودێكى نابینین، لەو ئاڵوزى وبارگرژیەدا بێدەنگ و ونە، نەدیارە نەقسە دەكات، كەچى لەولاشەوە كەسانى حزبى و لاخەبەر لەشەڕو تاكتیكى سەربازى، لەخۆیانەوە لێدوان دەدەن و، قسەىزل وباقو بیریق دەكەن.. خاڵە شێخ جەعفەریش بەخێرێ ئەویش ئێستا بۆتە راوێژكارى مەسعود بارزانى،گوایە جەنابى شێخ لە شەڕ و خیتەى سەربازى و پلان و هجوم و بەرگریدا كارامەو لێهاتوە،كەچى ئەویش ئەوەندەى دیكە لەئاست مەسعود وپارتیدا بچوك بۆتەوە ،ناوێرێت نقە بكات. ئەوەتا هەموو دەبینین كە گەریلاكانى یەپەكە زۆرجوامێرانە هاتونەت پێشەوە و، شەڕى دەستە و یەخە لەگەڵ داعش و دوژمنان دەكەن، قوربانى دەدەن،كەچى پارتى و دەهۆڵ كوتەكانى بۆ ئەوەى لەوەزیاتر روو زەرد نەبن، شەرمەندە و خەجاڵەتى میللەت نەبن،حاشا لەو راستیە دەكەن و ،چاویان بە گیانبازى و قارەمانى گەریلاكانى یەپەكە هەڵنایەت. حزبەكەى شێخ جەعفەر ئەو هەواڵە پشت راست دەكاتەوە،كەچى شێخ موستەشار و مستەفاى گۆڕان ناوێرن هیچ بڵێن!!
ئەرى بەراِست گەر بیرتان بێت ماوەى پێشوو ،مەسعود و پارتەكەى لەسەر خواست و رێنمایى توركیا هەستان بەدروستكردنى خەندەق و،بەهۆیەوە باشوور و رۆژئاوایان لێك دابڕى، بەمەش گەورەترین گوزریان لەشۆڕشى رۆژئاوا دا ، مەسعود بەم كارەى بەئاشكرا وبێ پەردە دژایەتى خۆى بۆ ئەو بەشە دوپاتكردەوە، ئەوەى سەلماندەوە كە دڵسۆز و كرێگرتەیەكى بێ وێنەى توركیایەو، هەرگیز رێگە نادات كوردستانێكى گەورە بێتە دى و سنوردەستكردەكان نەمێنن.،بۆیە لەلاى خۆیەوە لەناوچەى ژێردەسەڵاتى خۆى سنورى خۆى جودا كردەوە ، بە خەندەق و زێرەڤانى و چەتەكانى ئەو سنورەى تەنى و رێگەى نەدا یەك كوردى ئاوارە،یەك مناڵ و دەردەدار و ژن و پیر و پەككەوتەبێن بەم دیودا،تەنانەت خۆراك و داو دەرمانیش بگاتە دەست كوردانى ئەو پارچەیە، بۆ ئەوەش پاساویان دەهێنایەوە،گوایە بۆ سەلامەتى و پاراستنى باشوورە، هەر كەشەڕى داعش دەستیپێكرد،كۆمەڵێك ماستاو چى و مەسینە بەدەستى بنەماڵە كەوتنە هات وهاوار و جنێو قسەى ناراست بەئێمەو مانان، كە بەخراپە تەفسیرمان بۆ ئەو خەندەقە كردبوو،كە گوایە ئەوە حیكمەتى ئەو خەندەقە و بلیمەتى و زانایى سەرۆك دەركەوت ، كە رێگرە لەهاتنە ناوەوەى داعش وتیرۆر. بۆیە ئەبێت هەموومان فیداى عەقلى سەرۆك بین، بەڵام عانێك داعش دەربازى سنور بوو، شەنگال و چەندین ناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتى داگیر كرد، پارتى راونا، خەندەق وبلیمەتى یەكەى سەرۆك بوون بە بڵقى سەرئاو، دەرد و شكستى تیمار نەكردن، بگرە بۆ خۆ دەربازكردن و قوتاربون لەچەندین شوێنەوە بەپەلە كەوتنە پڕكردنەوەى ئەو خەندەقە.. هەقە مەمنونى داعش بن كە تاقەتى نەبوو،ئەگینا بەس بەهات و هاوار و هات هات، زۆر بەسانایى و بێ ئەوەى بەربەست بێتە رێگاى دهۆك و زاخۆ و مەخموریشى ئەگرت.
پێم خۆش نى یە بەوە تاوانبارم بكەن كە حەزبە سەركەوتنى داعش و نوشستى كورد دەكەم،نەخێر لاى من كوردستان پیرۆزترین خاكە، دڵۆپێك فرمێسكى مناڵیك نادەم بە گەورەترین گەوهەرى دونیا، ئاهو ناڵەى دایكێكى جگەر سووتاو، لاى من لە هەموو سەروەت و سامان و داهاتى سروشتى ئەم خاكە بەقیمەترە. چ پارتى و چ یەكێتى چ حزبەكانى دیكە، ئەوەندەى توانیویانە بۆیان كراوە زوڵمیان كردوە،خەڵكیان چەوساندۆتەوە،ناعەدالەتى و گەندەڵى وبێناموسیان كردوە،كارێكى وەهایان كردەوە كە ئێمەو مانان هیچ خۆشەویستى و سۆزو عەتف و وەفایەكمان بۆ خاك ونیشتیمان نەبێت،لەهەمبەر دوژمن و هێرشەكانیدا خەمسارد و دەستەوستان بین،ئاخر ئەوە چ رەواى حەقە پێشمەرگەیەك بە لاتى و برسێتى سنگ بنێت بەگوللەوە، لەپێناوى وڵاتدا خۆى بەخت كات، رەوەیەك مناڵ و ژنێك سیا چارە بكات، لەولاشەوە كوڕانى بەرپرس بەجلى ئاڵاو واڵاو تەشتێك نەجمەو پلەى سەربازیەوە ،بچنە بەرەكانى دواى دواوەى شەڕو كەش و فش و لاف وگەزاف لێبدەن،گوایە ئەوان سەرپەرشتیار و پلان دارێژەرى ئەوشەرانەنو ، سەركەوتنەكان موڵكى ئەوانە. لەپاداشتدا بەئەندازەى باڵاو كێشى خۆیان پارەو زێر و ئوتومبێل یان بۆ بكرێتە خەڵات و،ژن و مناڵى پێشمەرگەى شەهیدیش كە بەخوێنى ئەوان سەركەوتنەكان نەخشاوە ، بكەونە سواڵ ،یان پەنابردن بۆ كارى نارەوا. بۆیە ناهەقم مەگرن كە بڵێم شەهید بوون لەپێناو وڵاتێكدا كە ئەمانە رابەر و سەركردەى بن، ئەوپەڕى ئەوپەڕى ریسوایى یە. تەمەنا دەكەم كە چیدى پێشمەرگە نەبێتە سوتەمەنى ئەو شەڕە،چونكە ئەوەشەڕێكى ناعادیلانەیە و،شەڕێكە بۆ پاراستنى پلەو كورسى مەسعود و قوباد و دارو دەستەكەیەتى،هەركاتێك كوڕانى ئەوان هاتنە ناوشەڕەكەوە و بونە قوربانى،كە ئەبێت ئەوان دەستپێشخەر بن،چونكە بۆ ئێمەى هاوڵاتى سادە و گیرفان بەتاڵ ، هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت، بەعس بێت و داعش بێت و كورد بێت،هەر مەزڵومین و خاوەنى هیچ نین ،ولاتیش بسوتێت و خاپوور بێت شتێكى وەها لەدەست نادەین، بەڵام بۆئەوان بەجۆرێكى ترە. جا بۆیەهەركاتێك نەك كوڕو برازاو كەسى نزیكى خۆیان، بگرە پورزا زاى شوفێر و باخەوانەكەشیان ناردە بەرەى جەنگ شەرتبێت منیش دوەم كەس بم بچم بەرگرى لە نیشتیمان بكەم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





