کۆبانێ مەدرەسەیە
09/10/2014, 12:00 (GMT+1)

بەڵێ لێرە تەنانەت خزمەتکارانی بێگانە هەن و ئاواتەخوازن کۆبانێ بکەوێت، بۆیە ڕوو دەدات هەر ئەوان هەندێک جار لە میدیاکانیانەوە هەواڵی درۆ بۆ ڕوخاندنی ورەی خەڵک هەڵدەبەستن و دەبێژن: "کۆبانێ خەریکە دەگیرێت!". بەڵام لەم پەیوەندییەدا بەرخۆدان ئەوەیە کە سەرباری بیستنی هەواڵەکە بگۆترێت: "کۆبانێ ناگیرێت". ئەمە کەللەڕەقی نییە، بەڵکو نیشانەی بێداریی هۆشە. ئاخر مرۆ دەتوانێت لە خۆڕاگری و ورەبەرزیی کۆبانییەکان بڕوانێت، دەتوانێت زەینی سەلیمی بەکاربهێنێت نەک لە قاڵبوونی ڕۆژانەیدا بمێنێتەوە و هەواڵێکی کوردیانەی دوژمنی کورد ورەی پێ بەربدات. بەرخۆدانی کەسیی لەسەر جادە و نێو پۆلدا، لە قاوەخانە و نێو کۆڕی دۆستاندا و هتد جەخت دەکاتەوە کە کۆبانێ ناکەوێت، چونکە کۆبانییەکان و هاوخەباتانی دیکەی کوردیان بە ئەوپەڕی ورەوە لە شەڕدان، ئەوان تەنانەت ئامادەن سەربڵندانە لەنێو شاری کۆبانێدا بەرەنگاری چەتە ئیسلامییەکان ببنەوە. بەڵێ لێرە بەرخۆدانی کەسی هەڵوێستە، قێزهاتنەوەیە لە ژەهری میدیایی "بێ"کەرامەتان، بێدارهێشتنەوەی ئاگاییە بۆ ڕووداوەکانی خۆرئاوای کوردستان و لێرەشەوە ئامادەیی بۆ هەر چالاکییەکی پشتیوانی. لێرە بەرخۆدان بایکۆتکردنی شمەکی تورکییە، بەڵێ تەنانەت سووتاندنێتی بە بەرچاوی میدیاکانەوە.
کوردانی خۆرئاوا بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردەکاندا نیشتمانیان بۆ کوردان بنیات نا، واتا پەیوەندی نێومرۆڤی بە یەکتری و یاسا و سیاسەت و خاکەوە. ئەوان ئیدیۆلۆژییەکیان هەیە کە ئوێجئالانیزمە و گەرچی گەرەکە وەک هەر ئیدیۆلۆژییەکی دی ڕەخنەبکرێت، سەرەڕای ئەوە ئەمڕۆ بە نموونەی کوردستانی خۆرئاوا بەڕوونی دەرکەوتووە کە چە توانستێکی بیناکردنی هەیە، جگە لەوە هەر بە نموونەی خۆرئاوا دەرکەوتووە کە ئیدیۆلۆژییەکی تۆتالیتێر نییە، چونکە دێمۆکراتی لەنێو خەڵک و ناوچەی جیاوازەوە سەرباری جیاوازیی ئێتنیکی پیادەدەکات. بەرخۆدانی خۆرئاوا لە کەسی تاکەوە و وەک ئەندامی گرووپ بەردەخرێت، لەوێ تاک، تاکی نێر و مێ، وەک یەک لە ترادیسیۆن دەرکێشراون و کراون بە کەسانی هەڵوێستمەند و گەلخواز و نیشتمانپەروەر، ئەمەش بەسە بۆ ئەوە کە مرۆ لە هەرێمی رۆحکوژ و وزەخنکێنەوە ببینێت کوردستانەکانی دی تاکە نێوەندی هیوان کە دەشێت لێیان مرۆڤ پێبگات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





