مۆڕال لای باوکی شەهید سورکێو و سۆزانی خاڵە شەهاب
02/02/2013, 12:00 (GMT+1)


خاڵێکی گرنگی دیکه ئه‌وه‌یه، بەهۆی کارکردنم بۆ مەسەلەی جینۆساید، زۆر کەسم بینیوە کە بکوژی خۆشەویستیان لە ئەوروپا بووە ، داوامان لێ کردوون به‌وه‌ی هاریکاریشیان دەکەین، وتومانه وەرە لە دادگاکان شکایەت لە بکوژی بنەماڵەکەت دەکەین ، تۆش وه‌ک شایه‌تێک، یان پاڵپشتێک له‌گه‌ڵماندابه، ئه‌و که‌سانه خۆیان دزیوه‌ته‌وه و ئامادە نەبوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و ئازاییهتیییان تێدا نه‌بووه به دزیشه‌وه شایه‌تی بده‌ن، ئه‌مه لە کاتیکدا هەر ئەوانە لە قۆناخی شاخ و شۆرشدا ، بەرگەی هەموو ئازارەکانی بەعسیان بە بەرخودان دەکردەوە. هێنانی ئەو نمونەیەم، بۆ ئاستی کاریگەری ئەو دەسەلاتەیە ، کە تا چەند رەشبینی لەناو خەلکی ئەوروپاشدا دروست کردووه، دوای چەندین ساڵ و لە دووری هەزار کیلۆمەتری جێهێشتوە . هاوکات بۆ بەراودکردنیان بەبنەماڵەی قوربانیانی 17 شوبات بەگشتی و باوکی شەهید سورکێو بەتایبەتی کە ئەمرۆ پێچەوانەی ئەم خه‌ڵکه تێکشکاوه، کۆل نادات و بوونەتە سیمبولی بەرخودان لە مافەکانیان خۆش نابن، سەرباریی ئه‌وه‌ی پاره و خانوو و کۆمه‌ڵێک ئیمتیازاتیان پیده‌ده‌ن، لێ ئه‌و کۆڵ نادات و سه‌ریان بۆ شۆڕ ناکه‌ن و ناپاکی لەگەل خوین و پەیامی مناڵەکانیان ناکەن کە قوربانی رێگای ئازادین.
سۆزانی خاڵه شه‌هابیش، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که کچی خاڵه شه‌هابه، له هۆڵه‌نداوه هێنایانه‌وه، کردیانه ئه‌ندامێکی ناسراوی ناو یه‌کێتیی، خانوو و ماڵی باشیان پێی دا، کردیان به ئه‌ندام په‌رله‌مان، خانه‌نشینی و شه‌هیدانه و کۆمه‌ڵیک ئیمتیازی تریان پێیداوه، ئه‌م پێچه‌وانه‌ی باوکی سورکێو، ته‌له‌فون بۆ رزگار ساڵح ده‌کات و پێی ده‌ڵێت هێشتا من که‌مم وه‌رگرتووه و شایانی زیاتریشم!

ئەزمونی 22 سالەی دەسەلاتی یەکیتی و پارتی، لە مامەلەکردن لە نیوان ژیانی خۆیان و هەژاران، تایبەتی بنەمالەی قوربانیانی ئەنفال جیاوازییه‌کی زۆری هه‌یه، ئاشکرابونی ئیستای بودجەی دزراوی خەلک بەناوی وەهمی، یان لاوەکی لەبڕی پێداویستیەکانی خه‌ڵکی پێ دابین بکه‌ن، وەک تەندروستی، خوێندن کە دوو کەرتی گرنگی پێشکەوتن و خزمەتگوزاری ولاتە، که‌چی ئه‌و پاره و بودجه‌یه بۆ دوو بنەماڵە ده‌چێت، ئه‌میش له رێگای که‌سانی وه‌کو سۆزانی خاڵه شه‌هاب که ده‌ست بۆ تێپه‌ڕینی بودجه بەرز دەکەنەوە و ئه‌و دزینه حه‌ڵاڵ ده‌که‌ن.

تاعونی سیاسی ناپاکی لەگەل بیروباوەردا، ئەمرۆ بۆته بەشیک لە هه‌ڵسوکه‌وت و دیارده‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر له بنەماڵەی شەهیدان، ته‌نانه‌ت ئەوا چەندین ساڵە ئەو دوو پارتە لەناو کۆمەلگا ڕۆژانە ئه‌م ده‌رد و به‌ڵایه دەچێنن و که‌سایه‌تییه‌کان ناشرینتر ده‌که‌ن، وایان کردووه ناپاکیی و خیانه‌ت و دزیی به‌لایانه‌وه شه‌رم نه‌بێت و ده‌نگیان زوڵاڵ بکه‌ن له ئاستیی که‌سه جوان و پاکه‌کاندا و خۆیان به خاوه‌ن هه‌ق و ئه‌وانی تر به ناهه‌ق دابنێن، سۆزانی خاڵه شه‌هاب به نمونه.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکه‌وه هه‌ردووکیان سەرکەوتنی گەورەیان لەناو کادیر و ئەندامەکانیان بەدەست هێناوە، بەرپرسەکانیان هەرچی بکەن و کردویانە، ئەوان بێدەنگ ده‌بن. تەنیا بەرژەوەندییە ئیداری و سیاسیەکانیان بپاریزرێت. ئەگەر کەسانێکیشیان ""بەکوڕی باش"" ناسراون، ئه‌وانه‌ن کە هیچ ناکه‌ن، ته‌نها رەخنە و سەرنج و بٶلە بۆل ده‌کەن، هەرگیز نایانگهیاندۆته ئاستی هەڵوێست و قوربانیدان، یان ئەو سنورەی ڕووبەرووی مٶڕەی حیزبەکەی بێتەوە کە پلە و موچەکەی ببڕدڕێ؟ راستی ئەمەش ئەم دوو حیزبە چی نه‌ما بەرامبەر به میللەت نەیکەن، چەند کادیری بەرز دەستیان کێشایەوە، ئاخر 22 سالە بەبەلگەوە تالانی و ناپاکی نەتەوەیی و پێشیلی مافی مرۆڤ بە بەرچاویان دەکرێ، تا ئیستا نه‌ماندی یه‌کێک له‌و به‌رپرسانه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ست له کار بکێشێته‌وه!؟
لێرەدا من پێموایە، په‌رله‌مه‌نتاره‌کان رۆلێکی مەترسیدار لە تێپەراندنی تاوانەکان ده‌بینن، ئه‌ویش لە بەیاساکردن دزین و تاوان. بەڵێ بە بەرچاویانەوە بودجەی ئەم ولاتە چەندین ملیار دۆلاری ئەم خەلکە هەژارە، بەرٶژی روناک بەشیوەی یاسایی، دەدزن، بەناوی وەهمی وەک گەلابە دروست دەکرێ، یارمەتی بۆ کوردە ئاوارەکان دەخورێ، سەدان پڕۆژە بۆ وەرگرتنی پارە بەناوی وەهمی دروست دەکرێ و پارەی خەیالی میللەت بۆ جۆتێ بنەماڵە و حزب ڕیکخراوە رووزەردەکانیان حەپەلۆش دەکرێ، ئەگەر ئێمه بەس سەیری ئەو هاوکێشەیە بکەین، بودجەی وەزارەتی ناوخۆ (دەزگا ئەمنیەکان) سێ بەقەد (بەشی تەندروستی و خوێندنە) کە دوو بەشی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کۆمەلگایە ماهیەتی ئەو دەوڵەتە پۆلیسیەی (جێ پێقایمکردنی دەسەلاتی دوو بنەماڵهیه) له‌مه‌دا دەردەکەوێ ئەمانە لەسەر ژیانی دۆزەخانەی چەندین توێژی بەرفراوانی خەڵکی پێداویستی وەک (پیر و پەککەوتە، خەلکی بێکار، خاوەن پیداویستیە تایبەتیەکان، بنەمالەی قوربانیانی (ئەنفال و هەلەبجە و بارزان و تەعریب).
هاوکات تێپەرینی دەیان یاسای دژ بەخەڵکی کوردستان وەک خۆپیشاندان، دەستور...... و دەنگدانیان بە دەنگی زۆرینە بۆ گەورە تاوانبارانی وەک (شیخ جەعفەر، بەرهەم سالح و کەریم سنجاری) کە ئەمانە لە گەرمەی رووداوەکانی 17 شوبات بەدواوە بەهۆلی پلە ئیداریەکانیان شایستەی نەوەک دەست کێشانەوە، بەڵکو سزادان بوون. کەچی بە بەرچاوی هەمومانەوە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارەکانی دەسەلات و پارتە کارتۆنیەکانیان دەنگیان پیدرانەوە، تا تاوانەکانیان بەردەوام پێبده‌ن، ئەمانە ئەگەر پیناسەبوونی (مەجلیس تەشریعی و تەنفیزیان) نەبێ چیترە؟ ئەمانە ئەگەر ناپاکی نەتەوە یی و خۆهەراج کردن بۆ موجەی 8 ملیۆنی، خانوی ئیتالی ، ئۆتۆمۆبیلی پلەیەک و پاسەوانی بن دیوار... نەبێ چیترە؟
ئەم ژیانە بەهەشت ئاسایەی بەناوی پەرلەمانی و وەزیری بۆخۆیان دابینیان کردوە دەنگ بۆ دزینی داهاتی ولات دەدەن، دەبێ تێبگەن! لەسەر حسابی بریندارانی هەلەبجە و قوربانیانی ئەنفال و قوتی هەژاران و پیروپەککەوتەو پێشکەوتنی ولات و تەندروستیە. بۆیە هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی، لە ژیانێکی خۆش گوزەران دەژین بە پەرلەمانتارانی ئۆپزسیۆنیشه‌وه، زوو یان درەنگ بە پەرلەمانی تالانکەر و ناپاک لەو سویندەی خواردیان دەناسرێن، چونکە ژیان هەر ئەو کەش و هەوا سیاسیەی ئەمرۆ نییە سبەی مێژوش هەیە، باشیش ئەزانم ئەم بابەته، لەم کەش و هەوا سیاسیەی ئەمرۆی کوردستان بە (توندرەوی و ناواقعی و جوێن) دەناسرێ، بەلام سبەی ئەمانە دەبنە پاکی و هەلوێست.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





