تێکۆشان بۆ کێ و لە پێناوی چیدا؟
02/01/2015, 12:00 (GMT+1)

ڕووحیەتی تاکخوازیی خۆپەرستی دەگونجێت لە کۆمەڵگایەکی یەکگرتوودا بوونی هەبێت لە بەرامبەر کۆمەڵگایەکی بێگانەدا، ئەوەی ئەستەمە بۆ گەیشتن بە ئامانج، بوونی ئەو ڕووحیەتەیە لە ناو تاکەکانی هەمان کۆمەڵگا دژ بە یەکتری، زۆرجار بەرگوێمان کەوتووە فڵان نەتەوە خۆپەرستن، فیسارەکان شۆڤێنین، زۆر دەگمەنە بیبیستیت فڵانە نەتەوەی خۆپەرست لەناو خۆشیاندا لەگەڵ یەکتری بە هەمان شێوەن؛ لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوەی دەیبینیت پێچەوانەی ئەو شیکاریانەن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هەزاران ساڵەی نەتەوەکانی تردا بۆ ئێستا و داهاتوو بەدیهاتوون؛ ئەنجامەکان دەیسەلمێنن کۆمەڵگای کوردی لە پرەنسیپی بە میللەت بووندا نامۆیە، یاخود لەو ڕێڕەوە سەرەکیەی دەبێت تیایدا پاڵاوتە بکرێت تا دەگاتە قۆناغەکانی بەر لە میللەت بوون، لایداوە؛ هۆکاری لادانەکە رەنگە بە نەبوونی هەل پاساوبدرێت یاخود نەبوونی چانسی گەیشتن بە دوا قۆناخ، نەبوونی هەل یا هۆکاری لەدەستدانی چانس بە لایانی سۆزداری و هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە (ویژدان) لە نێو سنگی ڕۆڵەکانیدا بە بیانوو دەهێنرێتەوە.
ویژدان چ کات و لەگەڵ کێ؟ ئەمە گرنگترین خاڵە ئەوکاتەی مرۆڤ ویستی وەک پرسیار ڕووبەڕوی خۆی بکاتەوە تا پاشتر دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ وەڵامەکەیدا بکات، ڕوونکردنەوەی تەواوی مەبەستەکە ڕەنگە وا ئاسان لە نووسینی پەڕەیەکدا دەرنەخرێت، تەنها ویستم بپرسم تێکۆشان بۆ کێ ؟ ناپرسم بۆچی! دەپرسم لە پێناوی چی دا ؟ ناپرسم چۆن!،...
نەتەوەیەک هێشتا لە قۆناغی بە پیرۆز کردنی بتەکاندا پەنگی خواردبێتەوە، وا بزانێت تەنها بە لات و مەنات و عوزا دەوترا بت، وا بزانێت هیچ شتێک بێجگە لەو بتانە شایستەی سوژدە بۆ بردن نیە و ئەگەر ئەوان نەبن لە برسا دەمرن و گورگەکانی دەوروبەر دەیانخۆن، نەتەوەیەک هێندە خۆیان بەگێل و بێدەسەڵات بزانن و پێیان وابێت جێگرو بەدیلی باشتر لەو بتانە نیە کە خۆیان دروستیان کردوون، نەتەوەیەک ئەوەندە بڕوای بە چارەنووس و قەدەر هەبێت و لێی بترسێت، بتێکی بێدەسەڵات و لە بەرد درووستبوو بە سیاسەتمەدارو لە هەمانکاتتدا سەرلەشکری سەربازیش بزانێت، بتەکان لە ماڵەوە دابنیشن و مرۆڤەکان خۆیان لە بەرەکانی جەنگدا بە کوشت بدەن لە پێناوی ڕزگاری جەستەی بێ هەستی بت و خاک و نیشتیماندا، پاشتر کە گەڕانەوە سوژدە بۆ بتەکانیان ببەن و پێیان وابێت ئەوان پاراستونیانن، نەتەوەیەک هەموو سەروەری و دەستکەوتەکانی خۆی لە چاوی بتەکانی بناسێت، نەتەوەیەک ... هتد، ئەوا من پێتان دەڵێم ئەو دەسەڵاتە کوردیەتان پێشکەش بێت بۆ هەمیشەو هەرکاتێ تووشی ئازار و مەترسی بوون تەنها هانا بۆ ئەوان ببەن، بەڕاستی ئێوە میللەتێکن شایستەی ئەو بتانەن ئەوانیش بتی چاکن، هەتا لەسەر ئەو لۆژیکە وەستابن پێویستتان بە تێکۆشانی ئێمەو مانان نیە.
سامی جەلال
١/١/٢٠١٤
ئەڵمانیا
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





