گۆڕان لە بەردەم دەرفەتێکی مێژوییدا
25/09/2014, 12:00 (GMT+1)

بەڵگەکانی دیموکراتنەبونی یەکێتی زۆرن، بۆ نمونە لە کاتی دو ساڵ سەرۆک وەزیرییەکەی یەکێتی لە ژێر د. بەرهەم ساڵح ڕاپەڕینی ئاشتیخوازانەی ١٧ ی شوبات بە ئاگر و ئاسنی دەسگا ئەمنیەکانی یەکێتی کوژێنرایەوە کە لە ئەنجامیدا دەیان کەس شەهید و سەدانیش برینداربون، تازەترین بەڵگەش کۆسپ و تەگەرەیانە لە ڕێی هەڵبژاردنی (هەڤاڵ ئەبوبەکر) ی سەر بە گۆڕان بە پارێزگاری سلەیمانی کە زۆرترین دەنگی هێناوە و فراکسیۆنی گۆڕانیش بەهێزترین فراکسیۆنە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلەیمانی. دەستڕۆیشتوەکانی ناو یەکێتی لەو ٦ ساڵەی حوکمی پارتی و لەو ٢ ساڵەی حوکمی خۆیاندا زۆرتر مشوری پۆست و پلە و پارە یان خواردوە و کەمتر ویستویانە کێبەرکێیەکی دیموکراتیی شێلگیر بکەن لەسەر دەسەڵات لەگەڵ پارتی. جێگرەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران کە یەکێتی بون ، هەروەها لێپرسراوانی تری یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا تا ئێستا بونێکی پرۆتۆکۆلی و موچەیی و پارەییان هەبوە نەک ئەوەی لە بڕیاری سیاسی و ئابوریی گرنگدا دەورێکیان هەبوبێ، بۆ نمونە بینیمان چۆن (جەزا حەمە ساڵح) ی بریکاری وەزیری نەوت کە سەر بە یەکێتی بو دەستی لە کار کێشایەوە و وتی من (بریکار نەبوم بەڵکو بێکار بوم) یەعنی من هیچم بەدەست نەبو. هەمو هێزە چەکدارەکانی سەر بە یەکێتی نەیانتوانی جەلەولا لە دەست داعش ڕزگاربکەن، بە یارمەتیی هێزە میلیشیا شیعەکان و فڕۆکە جەنگیە عێراقیەکان و ئێران ، توانرا داعش لە سنوری توزخورماتو و لە جەلەولا بوەستێنرێ.
لەم ئێستا زۆر ئاڵۆزەدا کە پارتی و یەکێتی بە نەخۆشیی درێژخایەنی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن و شەکەت و ماندو بۆ کێشە زۆر و بنەڕەتیەکانی هەرێم پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتری درێژدەکەن ،گۆڕان دەتوانێ دەورێکی مێژویی مەزن ببینێ بە مەرجێ زۆر زۆر بە وریایی و حسابی وردەوە بچێتە ناو هاوپەیمانیەکان وناو مەیدانە گەرم و جۆراوجۆرەکانی حوکمڕانی لە هەولێر و لە بەغدا. هەمو پەلەکردن و خۆشبڕوایی و هەڵچونێک دەبێت ڕێ چۆڵبکەن بۆ پەروا و بڕێک گومانی پێوست لە لایەنی بەرامبەر و بیرکردنەوەی شیکاری و لۆجیکی ئارام. بڕیارە چارەنوسسازەکان دەبێت لە کۆتایی پرۆسەیەکی تێروتەسەلی وتووێژ و ڕاوێژ و ڕاوەرگرتن لە خەڵک و لە پسپۆڕی بوارە جۆراوجۆرەکان بێت، شانسی مێژویی گۆڕان ئا لەمەدایە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





