<

دەروونی خۆم بەو ئاسوودە دەکەم، كە هەرگیز پارتى نەبووم

19/10/2014, 12:00 (GMT+1)
لۆمەى كەس ناكەم و مەبەستیشم كەس نىیە، تەنها و تەنها هەرخۆم و هیچى دیكە، سەریشم سووڕ دەمێنێت، كەچۆن تاكو ئێستا لەكوردستان توانیومە بژیم، لەناو وڵاتێكدا كە سەدان خۆزگە بەجەنگەڵ و زیندان و سەرنوێلك، لە وڵاتێكدا كەتەژى لە قەشمەرى و مەخەسەرە، لەشوێن و ناوچەیەك كە ناوى كوردستانە، سەرۆكەكەى پیاوێكى قێزەون و نەفام و دواكەوتووە، هەرزەبیر و عەشایەرە، تا بینەقاقاى پڕە لە خیانەت، هەرگیز ماندوو نابێت لە درۆ و لە خیانەتکردن، هەرچى بۆنى مرۆڤایەتى و بەها و رەوشت و ئاكارى جوان هەیە لێى نایەت، جوداى خیانەت و ناپاكى و كلكە لەقێ بۆ دوژمنان هیچ بەرهەمێكى دیکەی نییە؟! بەدەر لەوەش سەرۆكى بەناو حكومەتەكەش، کە برازا و زاوای خۆشێتی هەر وەکو خۆی پەروەردەی کردووە و هاوتاى ئەوە لە هەموو شتێکدا و كەسێكى تا سەرئێسقان بودەڵە، نەخوێنەوار و لاخەبەر لەگشت پێشهات وگۆڕانكارى و پێشكەوتنەكان.
هەموو شەوێك بەئەندازەى هەموو كورد خەفەت دەخۆم، شەو تابەیان كینگڵ دەدەم، خەو لەچاوم دەتۆرێت، لەخۆم دەپرسم و دەڵێم : خودایە تا كەنگێ ئەوها بین؟ تا كەى لەئاست بێ شەرمى وكارە قێزەون و ناپاكى وبێ ئابڕوەكانى مەسعود و پارتەكەى قڕو قەپ بكەین؟ تاكەى كردەى ئێمە و بردەى ئەوان بێت؟ تاكەى هەر ئەوان كوێخا و دەمڕاست و گەورەى ئێمە بن؟ تاكەى بە بیستنى ناوى پارتى و مەسعود بنەماڵە خوێن لەجگەرم بچۆڕێت؟ تاكەى لەئاست ئەو سوكایەتى وبێرێزییەى بەخەڵك و بە میللەتى دەكەن بێدەنگ بین؟!
ئەوە شتێكى سروشتى و ئاكاری هەموو تاوانكار و خائین و دیكتاتۆرێكە، بە دوورى مەزانە سبەى رۆژ لەوە خراپترمان پێبكەن، وەك چۆن ئێستا دەستیان خستۆتە بینمان ، لە سادەترین پێداویستى ژیان مەحرومین، گیرفانمان خاڵی، سكمان بەتاڵ،ماڵمان سارد و سر،شەو تابەیانى بەترس و لەرزەو دەخەوین، ناوێرین لەسەر مافى خۆشمان دەنگ هەڵبێنین. ئەگەر ئیش وابڕوات و بێدەنگى و بێ هەڵوێستیمان بەو شێوەیە درێژە بكێشێت، ئەوا دڵنیام ئەو بنەماڵە خائینە، كە مەسعودى ناپاك سەرپەرشتى دەكات، بەچەشنى سەرۆكى كۆریاى باكورى لێبێت و، لەژێر ناوى دیموكراسى و ئەم شتە قۆڕانەدا، بۆهەتایە تەوقى دیلى بخەنە گەردنمان، تاكە یەك ماف چى یە پێمان رەوا نەبینن، وەهاى لێبكەن كوچەو كۆڵان و تەوالێت و گەرماویش بكەین بەوێنەى مەسعود و بنەماڵەكەى، بۆهەمیشەش لەرادیۆ وتیڤیەكانەوە بە سرود و گۆرانییە ناسازەكانى بەسەر شان وبالى پارتیا دەوترێت سەر و دڵمان بگرن، مانگانە و ساڵانەش وەك زیارەتى حەج و عومرە ناچارمان بكەن سەردانى قەبرەكەى باوكیان بكەین.جامانەى سوریش بكەنە نەریت بەزۆر لەمل و سەرمان بئاڵێنن.
ئەوەى كە دەیڵێم و هەست پێدەكەم، هیچ بەدوورى مەزانە، چونكە پارتى هەموو دەم لە هەنگاونان بەرەو دیكتاتۆرى و خۆسەپاندن درێغى نەكردوە، بۆ سەلامەتى پۆست وكورسى بنەماڵە هەموو كارێكى نا شەریفانەو ناپاكانەى بەچەشنى 31 ئاب و ئاشبەتاڵ دەكات. بەڵام ئەوەى كەلام قورس و گران وزەحمەتە، ئەوەیەكە بەشى زۆرى رۆشنبیران و نووسەران و دكتۆران و حاكم وپارێزەران و مامۆستایانى زانكۆ و، تەواوى چین وتوێژەكان هەست بەو مەترسییە دەكەن، باش دەزانن كە سبەى رۆژ پارتى و مەسعود دەبنە دیكتاتۆرێكى بێ ركابەر و،ئەوەى كە دوژمن و دیكتاتۆرەكانى پێشوو نەیانكردوە دەستیان تێنەچووە،ئەمان دەیكەن، بەراستى لاى من ئەوە شەرمەزارى و خەجاڵەتیەكى گەورەیە، لەم سەردەم رۆژگارەى كە دیكتاتۆرەكان وەك گەڵاى پایز هەڵدەوەرن، بیرى ئازادى و سەرفرازى و رزگارى رۆژ بەرۆژ دەبێتە میوانى گەلانى بن دەست، رۆشنبیران و خاوەن بڕوانامەو كەسانى ناودار دەبنە رێنوێن و نوێنەرو چاوساغ و رێبەرى خەڵك، بەرەو ئاسۆیەكى رووناك وپرشنگدار،كەچى لەلاى ئێمە پێچەوانە دەكەوێتەوە، ئەو كەسانە زیاتر وزۆرتر بوونەتە دەهۆڵ كوت و زوڕنا ژەنى پارتى و مەسعود، پاڵ پشت وپشتگیرى خیانەت و تاوانەكانیان دەكەن، كارە دزێو ناشیرینەكانیان بۆ پەردە پۆش دەكەن، خیانەت و كاسەلێسیان بە شۆڕشگێرى و هەڵوێستى مەردانە بۆ ئەژمار دەكەن.
خۆشى لەخۆمان كە مەهزەلە و گاڵتەجارى بیرى سەربەخۆى و دروستبونى كیانى كوردى بووبە بڵقى سەرئاو، دەسەڵات و پاوانخوازى مەسعود وپارتى سنوردار بوو، گەر خوا بەورۆژە نەكات پارتى بنەماڵە شتێكى وەها پێكبێنن، ئەوا ماناى وایە ئیدى حوكمدارى كوردستان و دەسەڵاتەكەى بەپێى یاسایەكى داڕێژراوى پەرلەمان كارتۆنیەكەى پارتى بۆهەتایە وەك میر و پادشا، ئەبنە گەورەى كوردستان. خوا بەرۆژە نەكات، گوێى شەیتان كەڕ بێت.من كوردستانم بەقەدەر رۆح ودڵ وگیانم خۆشدەوێت ، ئەوەى توانیومە بۆمكراوە لەخزمەتیدا درێغیم نەكردوە،نایشارمەوە بەحەقەت دەڵێم ئەوكاتە شادو ئاسودەو بەختەوەرم وخۆم بەمرۆڤ ئەزانم ،كەلەم خاك و وڵاتەدا ئەژیم،هەرگیزاو هەرگیزیش بۆ یەك جاریش بیرم لەوە نەكردۆتەوە، لەژێر هیچ ترس و گوشار و زوڵمێكدا وڵات بەجێبهێڵم، بەڵام گەر خوانەكا ئەو شتە بوو بەواقیع، ئەو هات و هاوارەى كەمال كەركوكى و فەرهاد پیرباڵ و مەشخەڵ كەوڵۆسى و كۆیلەكانى پارتى بۆ یەك سەعاتیش بوون بە ئەمرى واقیع، ئەوا من حاشا لە هەموو شت لەخاك و وڵات و زێدى باو باپیر و تەنانەت ژن و مناڵ و كەسو كاریشم دەكەم و، سەرى لووتى خۆم رەش دەكەم و، مۆزەمبیق یان كەمبۆدیا یان پاكستان یان جەنگەلەكانى ئەمازۆن بۆهەتایە دەكەمە شوێنى نیشتە جێبوونم.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست