توركیاو كێشەی كورد لەباكوور
02/12/2009, 12:00 (GMT+1)

دەوڵەتی توركیا كە نایەوێت هەردوو پارتی (PKK)و (DTP) كە نوێنەری راستەقینەی گەلی كوردن لەباكووری كوردستان، وەكو لایەنی بەرانبەر قبوڵ بكاتو بەڵكو هەموو ئەو بانگەشانەی كە بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەیكەن تەنها بۆ لاوازكردنی ئەو پارتانەیەو ئێستا دەیانەوێت سیناریۆیەكی سیاسی رێكبخەنو هەندێك كوردی دەستەمۆكراو لەخۆیان كۆبكەنەوەو وەكو نوێنەری گەلی كورد بەدنیایان بناسێنن، چۆن؟
ماوەی چەند ساڵێكە دەوڵەتی توركیا لەهەوڵی ئەوەدایە كە كەمپی ئاوارەكانی مەخموور دابخەنو بەقسەی خۆشو هەندێكجاریش بەهەڕەشەو گوڕەشە بیانگێڕنەوە بۆ توركیا، بەڵام ئێستا بەتەواوەتی لەوە دڵنیابوون كە ئاوارەكانی مەخموور بەهیچ شێوەیەك نایەنەوێت هەروا سوكو ئاسان خۆیان بەدەستەوە بدەنو تەنها (PKK)و(DTP) دەتوانن قەناعەتیان پێبكەن بۆ گەڕانەوە. پێدەچێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەستی بەو پلانە كردبێت، بۆیە داوای كرد دوو گروپی ئاشتی بگەڕێنەوە بۆ توركیا، ئەو پێشوازییە گەورەیەی كە لەلایەن گەلی كوردەوە لێیانكرا، رێسەكەی دەوڵەتی توركیای كردەوە بەخوریو هاوكات دەنگدانەوەیەكی گەورەی جیهانیی لێكەوتەوەو كێشەی كورد، جارێكیتر بەنێونەتەوەیی كرایەوە، كەچی لێرەشدا خەڵكانێك لەسەركردایەتی باشووری كوردستان ئەو هەڵوێستەی كوردیان وەكو ئیستیفزازیەت لەقەڵەمدا، بەڵام ئەوە هەستی نەتەوەیی خەڵكێكە كە دەیان ساڵە رۆژانە تەرمی "براو خوشكەكانیان" بۆ دەهێنانەوە، خۆ ساڵانە دەیان فیستیڤاڵی وا دەكرێن لەباكوور، بۆ نموونە لەنەورۆزدا بەملیۆنان مرۆڤ هەمان ئاواز دەچڕن، بەڵام توركیاو هاوپەیمانەكانیان بۆیە ناڕەحەتن، چونكە گوێ بۆ بەیتو بالۆرەكانی ئەوان ناگرن. ساڵانە بەملیۆنان دۆلار لەو كوردە دەستەمۆكراوانەی باكووری كوردستاندا سەرف دەكرێت تا دژایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان بكەنو بەڵكو خوایە ببنە ئەڵتەرناتیڤ، بەڵام تا بێت تەریكتر دەبنەوە، مەگەر پارتی هەق پار، كە هەموو كەس دەزانێت كێ پشتیوانییان دەكات، ئەوە دە ساڵە نەیانتوانیوە شارەوانیی گوندێك نە لەتوركیاو نە لەباكوور ببەنەوە، بەڕاستی كورد وتەنی بەپارەی خەڵكی هەژارو ئەنفالكراوی كورد، گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەكەن. پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێن، لە مەودوا تا رەوشەكە نەگۆڕێت، هیچ گروپێكی ئاشتی نانێرنەوە بۆ توركیا، ئەمەش هەم دەوڵەتی توركیاو هەم ئەوانەشی دەیانویست نانو پیاز بەو دەنگۆیانەوە بخۆن، وا لێكردووە كە دەبێت بەدوای رێگایەكی دیكەدا بگەڕێن. بەگوێری هەندێك هەواڵ كە لێرەو لەوێ دزە دەكەنو هەوڵدانە ئاشكراكانی توركیا بۆ گەڕانەوەی هەندێك كەس بۆ باكووری كوردستان، كە هیچ ئیعتیبارێكیان نییە، دەیانەوێت وا لە خەڵك بگەیەنن كە لێشاوی بەرەو توركیا چوونەوە، بەردەوامە. پێدەچێت میتی توركی لەگەڵ هەندێك كەسی وەك عوسمان ئۆجەلانو چەند كەسێكی دیكە كە رەدوی كەوتنو ئێستا لە باشوور نیشتەجێنو هیچ دەورێكی سیاسیو سەربازییان نەماوە، هەروەها كەمال بورقایو چەند كەسێكی دیكە لە ئەوروپاوە بێنەوە توركیا. دەوڵەتی تورك دەیەوێت لەو رێگایەوە دەرگایەكی دیكە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بكاتەوەو هەروەها لەناوخۆی ئەو وڵاتەش رای گشتی تورك هێور بكاتەوەو بڵێ، ئەوەتا چەندین "سەركردە" بەپێی خۆیان تەسلیمی توركیا بوونەتەوە. توركیا پێشتریش كۆمەڵیك بەناو روناكبیری كوردی لەسویدو وڵاتانی دیكە بردۆتەوەو ئێستا موچەیەكی خەیاڵیی بۆ بڕیونەتەوەو لەتەرەتە شەش كار دەكەن. لەتەلەفزیۆنێك كە تەنانەت ناتوانن ناوی كوردستان بەرنو دوو چەپكە گوڵی كەسكو سوورو زەرد لەپەنای یەكتردا لەستۆدیۆكانیان دابنێن. بەڵی توركیا كوردی ئاوای دەوێت، چی لە ئەحمەد توركو لەیلا زاناو عوسمان بایدەمیر بكات كە سازش لەسەر كێشەی نەتەوەكەیان ناكەن! عێراقو ئێرانو سووریاش نكۆڵیی لەكوردی لەجۆری عوسمان ئۆجەلان ناكەن.
توركیا لەهەوڵی ئەوەدایە، شوان پەروەری گۆرانیبێژیش بخنە نێو ئەو كاروانەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەركەسێك بەبێ هەڵكردنی چرای سەوزی (PKK) و (DTP) بڕواتەوە، لە باكووری كوردستان پێشوازیی لێ ناكرێتو هیچ چارەسەرێكیش بەدوای خۆیاندا ناهێنن، بۆیە شیڤان پەروەر نایەوێت بكەوێتە گەمەیەكی واوە كە بڕشتیی سی ساڵ خەباتی دەخاتە ژێر پرسیارەوەو بەبا دەچێت. كاتێك عوسمان ئۆجەلانو ئەو چەند كەسەی لەگەڵیدا خۆیان تەسلیمی ئەمەریكاو پارتیو یەكێتی كرد وایان نیشاندا كە لەنزیكترین كاتدا، گەریلایەك لەقەندیلو باكووری كوردستان نامێنێتو شوێن هەوەسبازییو دیموكراتییەكەی ئەوان دەكەون، بەڵام زۆری پێنەچوو لەسەر ئەو بڕە پارەیەیی بۆیان بڕایەوە دەستیان نایە بیناقاقای یەكتریو پاشان جیابوونەوە، توركیا سوور دەزانێت كە ئەوانە هیچ كاریگەرییەكیان نییە لەسەر خەڵكی كورد، بەڵام ئەمڕۆ كە نایەنەوێت پرسی كورد وەكو كورد دەیەوێت، چارەسەر بكەن، بۆیە پەنا بۆ ئەو كەسانە دەبەن.
هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە چارەسەری كێشەی كورد بە چەك ناكرێتو لە دواجاردا هەر دەبێت پەنا بۆ ئاشتی بەرن، بەڵام ئاشتی لەگەڵ خاوەنی پرسەكەدا دەكرێت كە ئەمڕۆ، پارتی كرێكارانی كوردستانو پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتییە، هەموو هەوڵێكی دیكە كات كوشتنو خۆهەڵخەڵەتاندنە، توركیاو ئەردۆغان كاتێك نایانەوێت باسی گۆڕینی یاسای بنچینەیی ئەو وڵاتە بكەن، كە تێیدا كورد هیچ ستاتویەكی نییە جگە لە خزمەتكارێتیی، ئیتر چۆن كێشەی كورد چارەسەر دەكرێت. ئەمڕۆ یان سبەی هەر وەك چۆن توركیا جاران نكۆڵیی لە بوونی كورد دەكرد، بەڵام دوای سەرهەڵدانێكی سی ساڵیی چۆكیان داداو پەشیمان بوونەوە، بەدڵنیاییەوە رۆژێك دێت كە بەناچاریش بێت لەگەڵ نوێنەرانی راستەقینەی گەلی كورد بكەونە وتووێژەوە، كوردی باكوور ئێستا لە پراكتیكدا لەڕێگای شارەوانییەكانەوە خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەنو پرسیشیان بە توركیا نەكردووە تا لە ماڵەكانی خۆیان بەكوردیی قسە بكەن، نەك ئەوە لە پەرلەمانی توركیادا بەكوردی قسە دەكەنو بە دەیان تەلەفزیۆنی كوردیش هەن، كورتو كورمانجی ئەوەی ئاكەپە دەیەوێت بە كوردی بدات، چەند ساڵیكە كورد خۆی بەبێ گوێدانە رازیبوونی دەوڵەتی تورك، تاقیدەكەنەوە. شارەداری ئامەد، عوسمان بایدەمیر لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەشێك لە كوردانی دانیشتووی سوید بەئاشكرا وتی: ئێمە بەو تەشتە ئاوەی ئەردۆغان ناكەوینە مەلە، بابزانین چییان لە هەگبەدایە، ئەوكاتە ئێمەش بڕیاری كۆتایی خۆمان دەدەین
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





