ڕۆژنامە ڕووزەردەکەی گۆڵان
02/06/2010, 12:00 (GMT+1)

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی پارتی لەبەرامبەر گەیاندنی پەیام و خواستی حیزب بۆ نێو خەڵک ، نەبوونی کادری لێزان، قسەزان و بەتوانایە . بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە کۆمەڵێک کادری دەرباری کۆنی حیزبی شیوعی بە حوکمی پارە و پێدانی پلە و پایە وەک کەرەستەیەکی شتومەک بەشێوەی کڕین و پەلکێشکردنیان بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی هێناوه . ئەمانە ڕۆحیانەتی بەشی کوردستانی حیزبی شیوعی عێراقی بوون ، بەکڕینی ئەمانە حیزبی شیوعی وەک جەستەیەکی داڕزیویی نەجوڵاوی لێهات، لەجێگای خۆی وردە وردە بەرەو پوکانەوە چوو . کەواتە باوکە کوژی یەکەمی حیزبی شیوعی، خودی پارتییە نەک هیچ هێزێکی تر . ئەمانە تەنها فاکتەری پڕکردنەوەی بۆشایین، کرانە ئالەیەک بۆ گەمەسیاسییە ناوچەیی و جیهانی و ناوخۆییەکان. ئەم کۆمەڵە کڕدراوانەی نێو حیزبی شیوعی ، پارتی ژیرانە وەک وەڵامێک بۆ پرسیارەکان، بەکاریان دەهێنێت .
لە بۆنە جیهانییەکاندا ، لەنێو کۆڕ و کۆبوونەوە و گەشتیارە بیانییەکانی وڵاتانی سۆشیالیست و حیزبە چەپەکانی جیهان ئەمانە کەسانی ڕووبەڕوو قسەکەری فەرمی پارتین و ئاوێنەی داپۆشینی ناوهڕۆک ڕزیو و بۆگەنیوی پارتین . ئەمانە پلاتینی تروسکاییە سەروەختەکانی زەمەنی دانسقەی پارتین بۆ جەنگی ناوخۆ .
توانایی پاری لە دوو شت دایە:
یەکەم: کاریی موخابەراتی .
دووەم: کڕین و بەکارهێنانی مرۆڤە مرۆڤه ونبووهکان، که کهسایهتیی خۆیان، لهناو خوودی خۆیاندا نهدۆزیوهتهوه.

فوئاد سدیق یەکێکە لە کڕدراوەکان ، قوتابیی ژێر دهستی سهرۆ قادره، ڕەبۆتێکی چالاکە، توتیەکی دهسهڵاته، ئهگهر خۆشی بگرێتهوه، قسه بهخۆی دهڵێت ، ئالەیەکی جۆکەراوییە . کەسایەتییەکی خۆشەیە ، ئەم مرۆڤە بەچاو ، بەمێشک ، بە وردەکارییەکانی لە نووسینەکانیدا هەمیشە ڕەنگدانەوەی ڕێنوێنەر و پارێزەری چەمکی موخابەراتییە . هەمیشە وشەی ئەم مرۆڤە لە سەنگەری شەڕ و ململانییە خوێناوییەکانی ناوخۆدا تەپوتۆز دەکات ، لەکوێدا براکوژی بونی هەبێت خۆی و قەڵەمەکەی ئاگر خۆشکەری شەڕەکەیە ، لە کوێدا ناڕازیبوونی جەماوەر تەنگی بەپارتی هەڵچنی بێت ، ئهو لەوێدا شیوەن و باوکەڕۆی ئاسمان شەقاوی بۆ ڕابردوی حیزبی شیوعی و قڕناقا و پشتئاشان دەست پێدەکاتەوە و بەگەلەکەمانی دەفرۆشێتەوە ، لەکاتێکدا حیزبی شوعی بۆ هەڵدانەوەی سەرلەنوێی قڕناقا و پشتئاشان نەک پرسی پێ ناکرێت بەڵکو دڵگرانیشە پێی .
فوئاد سدیق کەسێکی کۆیلە و پارێزەری فیلەی خاوەنشکۆیە ، مرۆڤێکە تەنها دەنووسێت و بەرگری دەکات بەڵام هۆشیارنییە . هۆشیار نییە لە پێگەکەی . تێڕوانی نییە لەنێوان ناساندن و پیاهەڵداندا ، ئەو خۆی بە چەپ و دیموکرات و پێشکەوتوخواز دەزانێت ، لەهەمان کاتدا نەک ئێستا و داهاتوی، بەڵکو ڕابردووی دەکاتە سەنگەری پارێزەری بەرەی خێڵ .
پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەو واقعە لای نەداوە ، وەک بانگی موحەمەد بەئاشکرا دەڵێن هۆزی بەرزان ، لەم مینبەرەوە دەڵێن پارتی و بارزانی ، لە درێژکردنەوەی بیری بارزانییەوە دەڵێن (پێشڕەوی کورد پارتییە، سەرۆکمان بارزانییە) . ئەوان دەڵێن پێگەی بارزانی واتە پێگەی کورد . ئەم عەقڵهیهتە لەدوای ڕاپەڕینەوە بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە زاڵ بووە سەرکەوت بەسەر داڕماندا . یەکەم پاڵپشتیان هێزە ناوچەییەکانە . دووەمیان پێگەی بادینان و بەردەوامی بیری خێڵە . سێهەم هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیە . چوارەم ئەم کۆمەڵە کۆیلەبەکارهاتووەی کۆنی حیزبی شوعییە .
فوئاد سدیق وەک هەموو کادیرەکڕدراوەکانی حیزبی شیوعی، بەردەوامە لە شرۆڤەی بە پیرۆزکردنیی مهلایی و بەرزانیزم ، لەکاتێکدا کورد وەک گەلانی تر ڕووە جیهانێکی نوێ و مۆدرین هەنگاو دەنێت و بازدەدات بەسەر بیرۆکەی سەرکردەنیزمدا و لەفۆڕمە نوێیەکەدا کاری وا قبوڵ ناکات . پاشەکشێ لەفۆڕمی نوێی وەک سەدەی دابڕانی ئەوروپای شەرقی وایە لە جیهانی جوڵە، کهچی فوئاد سدیق لە نووسینێکدا بەناونیشانی (نەتەوەو سەرۆک و نازناو) شرۆڤە لەسەر کۆمەڵێک سەرکردەی بەناوبانگی جیهانی دەکات و دەستخۆشی لەگەلەکانیان دەکات کەڕێز لە سەرۆکەکانیان دەنێن . لەهەمان کاتدا خوازیارە گەلی کورد بەتای گەلانی جیهان ڕێز لە خوالێخۆش بو موستەفا بارزانی و کوڕەکەی مەسعود بارزانی بگرێ. لەو نووسینەدا بیردۆزانە ئاماژەی بە ناڕێکی و هاوسەنگی ئەنجام و بەدەستهێنانی دەستکەوت نەداوە . ئەو سەرۆکانەی ئەو ئاماژەی پێکردون لەوانە (نەهرۆ ، گاندی ، جۆرچ واشنتۆن . عومەر موختار ، چەرچل) مێژویەک لە سەروەری و سەرکەوتنیان بۆ گەلەکەیان تۆمار کردووە . دیارە فوئاد سدیق هەر ناوی ئەم سەرکردانەی بیستووە و مێژوی پڕ سەروەری ئەوانی نەخوێندۆتەوە . ئەوان وەک بارزانی چۆکییان دانەدا بۆ دوژمن و مەیدانەکەی چۆڵ نەکرد ، بۆ دەیان پیلان و ئیتفاقی هاوشێوەی جەزائیر گەلەکەیان جێنەهێشت و سەروەرانە تا مردن لەسەنگەری گەلەکەیاندا دوا تەمەنیان تێپەڕاند ، ئەوان هیچ کاتێک زاتیان نەدەکرد لەئاست گەلەکەیان سازش لەسەر هیچ بکەن و هیچ کاتێک پێش دوژمنانیان نەکەوتون بۆ سەرخاکی نیشتمانیان ، ئەوان نەئاشبەتاڵیان بەلەشکر و شۆڕشەکەیان کرد ، نە ٣١ ئابیان بنیاد نا ، نەخەڵکی شۆڕشگێری خۆیان تیرۆر کرد و نەتەسلیم بە دوژمنانیان کرد .
ئەوان سور بون لەسەر داخوازیی گەلەکەیان یان بەدەستیان هێنا یان جەستەیان لەسەر دانا ، بۆیە پیرۆزن .
http://www.gulan-media.com/articles.php?id=358&eid=1
کونجــرینی
١ / ٦ / ٢٠١٠
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





