بەناز بە مەرگی خۆی ویستی ئەو بێدەنگییە بشڵەقێنێت
19/09/2011, 12:00 (GMT+1)

بەناز پەلەی کرد و لەوە زیاتر نەیتوانی لە دوبەیەکی پڕ نابەرابەریدا بێدەنگی هەڵبژێرێت و بەدوای جێگەیەکدا گەڕا، کە ژیان هەمیشە لاو بێت تێیدا، دەکرێ بەناز نەیویستبێ بکەوێتە ناو جەنگەڵی گوناهەکانەوە، ئاگربەردان لە جەستە ئاسان نییە، ئهوهی ئهم کاره دهکات ترسنۆک نییه، هەموومان ناتوانین ئەو کارە بکەین و زەناو هەرای هەستەکانی ناومان ئەو مۆسیقا نەرم و ناسکەی ناخمان دەخنکێنێ، ئێمە خۆمان بە قەدەر دەسپێرین و دەڵێین ئەم تاوان و ناهەقییەش کۆتایی دێت، بەڵام نازانین چۆن و ناشمانەوێت خاوەندارێتی لە بەنازەکان بکەین.
دەروازە تەنها دەسپێکێکە بۆ چوونە ناوەی کۆشکێک، یان بایهخدان به نرخ و پیرۆزیی هەژاریبوون. ئەوە مەسیح بوو، که وتی (ژیان پردێکە بەسەریدا تێپەڕە، بەس ماڵی لێدروست مەکە) بەناز لەسەر پردەکەوە تێپەڕێ بێ ئەوەی ماڵ دروست بکات بەڵام گۆمی بێدەنگیەکی لەسەر پردی ژیانی تاک بەتاکماندا دروست کرد، بەناز ئەو شتەی بەیان بۆمان کرد کە خۆی ئەزموونی کردبوو، کێ ناڵێ لە هەوڵەکانیا بۆ پەیدا کردنی کار و دامەزراندنیدا، نەیان ویستوە کەسایەتی و جەستەی ئەو خانمەش کۆنتڕۆڵ بکەن ؟ بەناز لەگەڵ گیان سپاردنیدا هەموو نهێنێکانی 22ساڵی لەگەڵ خۆیدا سوتاند، بریا بەر لە ئاگر بەردانی لەجەستەی ئەزموونی ئەو ساڵ و نیوەی بۆ دەنووسینەوە و بمان زانیایە چی وا لە گەنجێکی تەمەن 22ساڵه دەکات بۆ ژیانێکی سەربەرزانە ئاگر لەجەستەی خۆی بەردات؟
بەناز سەفەرێکی کرد، لەوسەفەرەدا ژیانی گۆڕێ، دەکرێ بەناز دەسپێکێک بێت بۆ گۆڕینی ژیانی هەموومان، ئێمە هەموومان لە سەفەر داین، کەچی وەک بەنازەکان ناتوانین ژیان لەئەزەلەوە بگۆڕین، تەنانەت بۆخۆشمان، وەک ئەوەی پێمان بڵێن بڕۆن باخی عەدەنی تەرک بکەن کە ئەوە محاڵە و تەرکی باخی عەدەن ڕزگار بوونمان نییە لە کۆیلەیەتی دەسەڵات و نەفس. بەوپەڕی خاکەڕایەوە دەڵێم بەدڵ ئیرەیی بەئازایەتی بەناز دهبهم، ئەو تەنها لەپێناوی هێشتنەوەی کەرامەتدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، کەچی نووسەرەکانی دەسەڵات ناتوانن باسی ئەو تراژیدیایە گەەورەیە بکەن، چ جای ئاگر بەردان لەخۆیان، ئەوە کامە بیرمەند بوو فەرمووی (ئەو کاتەی تۆ دەست لەهەرچی هەتە دەشۆی، بەڕاستی دەبیتە خاوەنی هەموو گەنجینەکانی دنیا) دوعا، بەناز، سەردەشت و سۆران و شەهیدەکانی 17ی شوبات و دوای ئەوانیش بەنموونە.
ئیتر هیچی تر نەماوە، لەدوای مەرگی بەنازەوە ئێمە تاقیکەینەوە، بەناز دەبێت ببێتە ئەو پردەی ئێمە بەرەو ژیانێکی شەرەف مەندانە بەرێت.
ژیانی شەرەف مەندانەش ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەیە، کە لە هەموو بەهایەکی موڕاڵی شۆراوەتەوە و بەناز لە مەرگی خۆیدا مانیفێستێکی بۆ بەیان کردووین و هەموومانی لە بەردەم پرسیارە گەورەکەی ویژدان و ئازایەتی یان ترسنۆکی و کۆیلایەتی ڕاگرتووە و پێمان دەڵێ: نەفرەت قبوڵ دەکەن یان ئازادیی و سەرفرازیی؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





