هەر ئێوە لە شاخ نەبوون
17/08/2013, 12:00 (GMT+1)

ئێوەی سەرکردەی خۆ بەشەرعیزانی شۆڕشگێری دەسەڵاتدار کە باسی ڕەنجدەران و جوتیارانتان دەکرد تەنها کاتێک دەتان زانی ئەم بونەوەرانە هەن کە بە سوتفە بە گوندەکاندا تێپەڕدەبوون و گەدەی برسی خاڵیتان لە خۆراک ناچاری دەکردن لەوێدا بمێننەوە ، کەچی ئەمڕۆ خەڵکی گوندنشین وەک مۆرانەی یاخیبووی چڵکن و زیانبەخش سەیر دەکەن و گەر لەدەستیشتان بێت وەک سونە و کیسەڵە قەڵاچۆیان دەکەن.
ئێوەی بەناو سەرکردە مەقەڕەکانتان هێندە لە زستاندا گەرم و لە هاویندا فێنک بوو نەدەتان زانی تەور چیە تا داری زۆپای پێببڕنەوە، نەدەشتان زانی دروستکردنی کەپر چیە لە گەڵای داربەڕوو تا لە هاویندا لەژێریدا خۆتان فێنک بکەنەوە ئێوە تەنها بەوە فێربوون بە پێشمەرگە و خەڵکی گوندەکان بڵێن : لە زستاندا گەرممان بکەنەوە و لەهاوینیشدا فێنک.
- ئێوەی بەناو سەرکردە کە دەگەیشتینە بەردەم ڕەبایەکانی بەعس هەر هەمووتان تووشی سک چوون دەبوون و بە دوو پێشمەرگە دەمان بردنە خوارەوە .
- ئێوەی بەناو سەرکردە تا ئێستاش نازانن ڕەنگی پێستی ئەسپێ چیە؟ پێش خوێن مژین و پاش خوێن مژین.
- ئێوەی ساختەچی بەناو سەرکردە گەر فیشەکی ژێرسێ و بڕنەو قەناسەتان بۆ تێکەڵ بکەین نازانن لێکیان جیابکەنەوە
ئێوەی سەرکردەی (شۆڕش دز) هەرگیز وەک هزر وەک تێکۆشان لەشاخ نەبوون ، ئەوەی لەسەردەمی شاخدا نانی پێدان بەخەڵکی شار و گوندەوە هەر ئەوانیش دەتان خاتە ناو زبڵدانی مێژوەوە ، چاوەڕوان بن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





