چوار کاف مانیفێستی خودناسییە
07/08/2020, 5:23 (GMT+1)

کتێبی "چوار کاف، ڕێگایەک بۆ مرۆڤبوون"ی نوسەر کاک ناسر حەفید وێڕای دەستخۆشیەکی هێجگار زۆر بۆ نوسەر، پێم خۆش بوو ڕایەکی بچوکی خۆشم بڵێم لەسەر کتێبەکە. پێویستە ئەوەش بڵێم کە بەندە تەنها وەک خوێنەرێک ئەم چەن دێڕە ئەنوسم، من لە بواری ڕەخنەسازیی و هەڵسەنگاندنی تێکست و بواری ئەدەبیدا هیچ شارەزاییەکم نییە و ئەم نوسینەی بەندە تەنها تێگەشتن و خۆێندنەوەی خۆمە وەکو خوێنەرێک.
من ئەو کتێبانەی کە هەر لە سەرەتاوەو لە یەکەم دێڕیەوە سەرنج و هزری خوێنەر ڕابکێشێت، بە دڵینایەوە کتێبی چوار کاف (٤ک) یەکێکە لەو کتێبە کەمانەی کە خوێنەر لەگەڵ خۆێدا ئەخاتە گفتوگۆیەکی بێدەنگەوە. قەبارە مامناوەند وەلێ گەورە لە ناوەڕۆکدا، زمانێکی سادە بەڵام هێجگار قووڵ و پڕ مانا لە دەربڕین وهەڵبژاردنی وشەگەلێک ئاسان بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە، ڕاگوزەرێکی خێرا بە سەر ڕوداو ومێژووی کوردو ناوچەکەدا بەڵام دروستکەری دەیان پرسیاری گرنگ و کاریگەر لە هزری خوێنەردا. ڕاستگۆ لە گێڕانەوەی ڕوداوەکان، دوور لە لایەنگریی و شکانەوە بە لای لایەکدا یا کەسێک یا کەسانێکدا. من خۆم زۆر چێژ لە نوسینێک ئەبینم کە پرسیار دروست بکات نەک وەڵام پێشکەش بکات، نوسەر زۆر کارامە و سەرکەوتووانە ئەو کارەی کردووە، دیسان دەستخۆشی لێ ئەکەم. تێکستی چوار کاف ئەکرێت خوێندنەوەیەکی فەلسەفیی، کۆمەڵناسیی، سیاسیی و هەروەها ئیداریشیی بۆ بکرێت. چوار کاف خوێنەر ئەخاتە بەر ئاوێنەیەک و ناچاری ئەکات بە چاوێکی تیژی ڕەخنەئامێز بە کردەوەکانی ڕابوردویدا بچێتەوە و ڕاستگۆیانە لە ئێستای من، خۆم، بڕوانێت کە چی، چۆن، کێی دروست کردووە؟ لە هەمان کاتددا پەنجە ئەخاتە سەرشوێنی ئازارەکان و لێی ئەگەڕێت بە دوای چارەسەردا بگەڕێیت. ئێمە هیچ کاتێک و لە هیچ سەردەمێکدا کێشەی کەمی ڕەخنەگر و دەنگی ناڕازییمان نەبووە، وەلێ هەمیشە کێشەی خستنە ڕووی چارەسەرو کاراکردنی هزری هاووڵاتیمان هەبوو و هەیە، لەمەشدا چوار کاف ڕاستەوخۆ تاک ئەدوێنێ تا ببێتە کاراکتەری سەرەکیی لە کۆمەڵدا تا بتوانن پێکەوه گۆڕانکاریی لە سیستم و نەزمی وڵاتدا بکەن، چوار کاف تاکی کردۆتە کلیلی چارەسەر لە هەموو بوارو سێکتەرە جیاوازەکاندا، بە کوردیی و بەکورتیی تاک گرنگترین پاڵەوان و کاراکتەری چوار کافە. ئەتوانم بڵێم چوار کاف مانیفێستی خودناسییە، خوێنەر ناچار ئەکات ئەو گەشتە هەرە گرنگەی ژیان ئەنجام بدات کە گەشتکردنە بە ناخی خود خۆیدا. هەر بژیت و خەرمان بەرەکەت و خامەت ڕەنگین.
تێبینیی:
ناونیشانی ناوەند: گەڕەکی عەقاری، بازاڕی زارا، سلێمانی.
https://www.facebook.com/Andeshalib/
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان







