تڕامپ یانیش جۆ باێدن!
28/09/2020, 9:37 (GMT+1)

لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوو دەستێوەردانی ئەمریکا لە سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتانی جیهاندا بەئاشکرا دەبینرێت و کەس ناتووانی نکۆڵی لەوە بکات،ئەمریکا بەردەوام بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەرێت و هەتا ئەو شوێنەی پێویست بکات،هاوکاری و هاوپەیمانی لەتەک وڵاتانی تری جیهاندا پەرەپێدەدات،بەڵام لەو شوێنەی کە گەیشتە ویستگەی کۆتایی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی،ئەوە دەبێتە نەیار و دوژمنی سەرەکی ئەو وڵاتانەی کە هەتا دۆێنی هاوپەیمان و دۆستی بوون،بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە لە دوو فاکتەری سەرەکی دۆلار و چەک کەڵک وەردەگرێت بۆ لەناوبردنی دۆست و دوژمنانی خۆی.چوون بەگووتەی خۆیان هەر دۆلارێکی ئەمریکایی ڕوڵی سەربازێکی ئەمریکایی دەگێرێت و دەکرێت لە شوێنێکدا کە هیچ سەربازێکی ئەمریکاییش بوونی نەبێت،بەڵام دۆلاری ئەمریکا شەڕی خۆی بکات و ئابووری دوژمنەکانی تووشی داتەپین بکات.هەتا ئێرە ئەو ستراتیژییە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەڵامدەرەوە بووە.
دوو مانگی تر ھەڵبژاردنی خولی نوێ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڕێوەدەچێت،سەرەڕای ئەویکە ڕاپرسیەکانی ڕێکخراوەکانی جیھانی و ناوخۆیی ئەمریکا شانسی سەرکەوتنی(جۆ باێدن) بەربژێری پارتی دیمۆکراتەکان بۆ سەرکەوتن لەو خولەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری ئەمریکا،لە ھەمبەر(دۆناڵد تڕامپ) بەربژێری پارتی کۆمارییەکان زیاتر دەبینن،بەڵام ھەندێک لە ڕاپرسیەکانیش باس لە شانسی سەرکەوتنی دوبارە ھەڵبژاردنەوەی (دۆناڵد تڕامپ) دەکەن،لەو خولەی ھەڵبژاردنەکاندا.
گرنگی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری لە ئەمریکا کاردانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی قووڵی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و ستراتیژی و ژئۆپۆڵتیکی و ئابووری جیھانی و ناوچەکە بەگشتی ھەیە و ھەموومان باش لەوە تێدەگەین،کە پرۆسەی ململانێ نێوان کۆماریخۆاز و دیمۆکراتخۆازەکانی ئەمریکا مێژووییەکی دوور و درێژی ھەیە،وەکوو شەڕی ھیمای (فیل) و (کەر).ھەم لەڕووی ناوخۆیی بۆ گەلی ئەمریکا،ھەمیش بۆ تەواوی ھاوپەیمان و نەیارانی سیاسەتی پاوانخۆازی و ھەژموونیخۆازی پان ئەمریکاییزم لە سیستەمی نوێ جیھانیدا.بەڵام بەگشتی ئەوی لێرەدا بۆ ئێمەی کورد و گەڵانی تری ناوچەکە جێگای تێڕامان و لێقووڵبوونەوەیە،چۆن لەلایەک ئەمریکا لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ھەم وەک ھاوپەیمان و فەریادڕەسی گەلی کورد لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی پێشانداوە و ھەمیش لە ھەندێک قۆناغی مێژوویی چاڕەنووسسازدا پشتی تێکردون و دەکرێت لێرەدا بە خیانەتیش پێناسەی بکەین.گەر خەیاڵدانی مێژووییمان تووشی نەخۆشی ئەلەزایمێر نەبووبی،ئەوە دەبێ کارەساتی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و ھەروەھا ھێرش و پەڵاماری سەربازی سوپای داگیرکەری تورکیەش بۆ سەر حکوومەتی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستان و ئاوارەکردنی ھەزاران ماڵباتی کورد لەسەر ماڵ و حاڵ و ژیاری خۆیان،بەھۆی بێدەنگیکردن یانیش ھاوڕایی کردنی ئیدارەی سیاسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی(دۆناڵد تڕامپ)بوو،کە بۆ ھۆی ماڵوێرانی و کۆچبەری بەناچاری خەڵکی مەدەنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی نێوان سنووری تورکیە و رۆژئاڤای کوردستان،بەتایبەتی لە شارەکانی وەک عەفرین و سەریکانێ و گردێ سپی.بۆیە دڵخۆش کردن بەسیاسەتی (دۆناڵد تڕامپ) ھەتا ئەو ساتە وەختەش بۆ ئێمەی کورد جگە لە بێھیوایی و داماوی شتێکی تری لە سەوز نەبووە و ئەگەریش دوبارە شانسی ئەوەی ھەبێت،بێتەوە بەسەرۆککۆماری ئەمریکا ئەوە دەکرێت،ھەمان سینارێوی چوار ساڵی ڕابردوو دوبارە بێتەوە و گەلی کورد و ھێزە سیاسیەکانی تووشی ھەمان کارەساتی ڕابردوو ببنەوە،بەھۆی سیاسەتی (دۆناڵد تڕامپ)لە ئاراستەی پرسی کورد لە ئاستی دەوڵەتانی ناوچەیی و ھەرێمایەتی و جیھانیدا.کەواتە پێویست خۆمان لەو مۆتەکەیە ڕزگار بکەین،کە بوونی ئەمریکا دەتووانی پشتیووانی و بەھێزی بێ،بۆ ئێمەی کورد لە ناوچەکدا بەگشتی.چۆن لە ڕوانگەی (دۆناڵد تڕامپ) کورد ھەر چەکڤانە بوێرەکانی چیاکانن و ئێمەش ھەروەک ڕابردوو چەک و چۆڵیان بۆ دابین دەکەین و ئەوانیش شەڕی خۆیان بکەن.لێکدانەوەیەک کە بۆتە تراژێدیا لەسەر چاڕەنووسی گەلی کورد و لایەنە سیاسیەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسەتی کوردی بەگشتی.
ئەمریکا و پرسی کورد؛
تەنیا ھێشتنەوەی کورد لە مێژووی سیاسی خەباتی ڕزگاریخۆازی کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستاندا شتێک نییە،حاشای لێبکرێت وھەموومان دەزانین بەھۆی خیانەتەکانی ئەمریکا کورد تووشی چە کارەساتی گەورە ودڵتەزێن بۆتەوە،ھەر لە پەیماننامەی لۆزانەوە بگرە،ھەتا دەگاتە کۆماری کوردستان و ڕێککەوتنامەی ئاشبەتاڵی((١٩٧٥ی،بارزانی و چەندین ویستگەی تری خەباتی ئازادیخۆازی کوردی کە لایەن ئەمریکا و ڕووسیەوە بۆ ھۆی دواکەوتنی کوردەکان بەگشتی لە گەیشتن بەئامانجە بەرزەکانی نەتەوەیی.
ئەمریکا لەناو گەرمەی ھەڕەشە و ھێرشەکانی سوپای ئەردۆغاندا خیانەتی لە ھێزەکانی ھەسەدە و پەیەدە کرد و حکوومەتی خۆسەری رۆژئاڤای کوردستانی بەتەنیا جێھێشت،بێ ئەوەی حیساب بۆ ستراتیژی و پرۆژەکانی پێشووتری خۆی بکات.لەبەرابەر بەڵێن و پەیمانامەکانی لەگەڵ ھێزە کوردییەکان واژۆی کردبوو،لەسەر پاراستن وبەرگڕیکردن و پڕچەککردنیان و پشتیووانی بێ چەند و چۆنیان،ھەموو ئەو گۆڕانکارییانە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا ڕوویدا و دوبارە بۆ گەلی کورد دیرۆک وەک خۆی دووبارە بۆوە و خیانەتێکی تری ئەمریکا لەسەر دەستی ئیدارەی (دۆناڵد تڕامپ) تۆمار کرا.لە کۆتاییدا چەند سێناتۆری دیمۆکراتخۆازی دژبەری حیزبەکەی دۆناڵد تڕامپ کۆمەڵێک سۆز و ھەستی تێمساحاوییان دەربڕی بۆ پشتیووانیکردن لە ھەسەدە و ھێزی شەڕڤانان لەو قۆناغەی کە تورکیە دەستی بەڵەشکەر کەشی و تۆپبارانکردنی گوند و ماڵ و حاڵی کوردەکان کرد لەسەر سنووری رۆژئاڤای کوردستاندا.
لەدوای شەڕی ناوخۆیی سووریە و قەیرانی خوێناوی ئەو وڵاتە و بەشداری وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمریکا لەو شەڕەدا کێشەکانی دەوڵەتی سووریە قووڵتر بوونەوە و سووریە بوو بە ناوەندی کۆبوونەوەی گرووپە تەکفیریە ـ جیھادییەکان لە ناوچەکدا و بەھۆیەوە نیوەی زیاتری خاکی سووریە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی سەر بەدەوڵەتی تورکیە،ئەوەش ئاراستەی چاڕەسەری قەیران و شەڕەکانی بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەشکرد،بەرەیەک ڕووسیە و ئێران و چین و تورکیە سەرۆکایەتی دەکەن و بەرەیەکی تریش ئەمریکا و کوردەکانی رۆژئاڤا و وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمریکا لەجەنگی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرێوەی دەبن.،ھەر دوو بەرە بۆ ماوەی ھەشت ساڵ لە شەڕێکی مەیدانی وێرانکەر دابوونە و بەو ھۆیەشەوە وڵاتی سووریە تووشی داڕمانی یەکجارەکی ژێرخانی ئابووری و یاسایی بووە،بەڵام سەرەڕای ھەموو ئەوانەش ڕووسیە وەک بەھێزترین جەمسەری دژبەرایەتی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا تووانیوێتی سووریەی بەشار ئەسەد بەزیندوویی بێلێتەوە و لەسەرە مەرگ رزگاری بکات.
ئەمریکا و پرسی ئێران:
ھەر بۆیەش کۆشکی سپی و ئیدارەی (دۆناڵد تڕامپ) دەخۆازن لە ڕێگای ئەوپەری گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەستێنی دانووستان خۆشبکەن و ڕێگای گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی ئاشتیانە بکەنە مەداڵیای ئاڵتوونی پرۆپاگەندەکانی ئەو خولەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری ئەمریکا.تڕامپ و کابینەی یارمەتیدەری تووشی ھێستریای گفتوگۆکردن بوونە لەگەڵ ئێران و خەیاڵ دەکەن بە گوشاری زیاتر ئێران ناچار دەکەن بێتە سەر میزی دانووستان لەگەڵ ئەمریکا و بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ بەپێی گووتەی خۆیان بەھێزتر لە ڕێککەوتنامەی مێژوویی ناسراو بە بەرجام،بۆ ئەوەی ھەم ئابووری ئێران بەھێز بکەن و ھەمیش ئاسایشی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گەرەنتی بکەن.دژایەتی یەکێتی ئەوروپاـش،لەگەڵ ئەو داخۆازیەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئەوروپا و ئەمریکا ھاوکاری و پێوەندی بەھێزیان لە ھەموو بوارەکانی وەک سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری،سەربازی ھەیە.بەڵام وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەیەی چوار ساڵ سەرۆککۆماری دۆناڵد تڕامپ ـدا،بەتووندی گورزی بەرکەوتوە و بۆتە ھۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەوروپاش بەتووندی لەدژی بڕیار و سیاسەتەکانی ئەمریکای سەردەمی تڕامپ بوەستنەوە و بیر لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و وڵاتی خۆیان بکەنەوە،لە دەرەوی ھەژموونی و پاوانخۆازی تەک جەمسەرەی ئەمریکا.ھەرچەند ئەوروپاییەکانیش لە زۆر پرسی سەرەکی وەک مەسەڵەی ناوچەیی و پرۆژەی مووشەکی ئێران لەگەڵ ئەمریکا ھاودەنگن،بەڵام بەڵگە و پاساوی ئەمریکاییەکان کە بۆ ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی مێژوویی ئەتۆمیی ناسراو بەبەرجام،بەھەنگاوێکی ناعەقڵانی و تەک لایەنەی ئەمریکا چاو لێدەکەن و ناخۆازن بچنە ژێر باری سەپاندنی ڕوانگەی زاڵی ئەمریکا سەبارەت بە ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی نێوان وڵاتانی گروپی پێنج کۆ یەک،ھەر بۆیەش ھەتا ئەو ساتە وەختە ڕێککەوتنامەی بەرجام ئێستا کارایی خۆی ھەیە و ھەوڵی تووندڕەوەکانی ھەر دوو لایەن بۆ وێرانکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیە نەگەیشتۆتە ئامانج.ئێستا ڕادیکاڵەکانی ناو سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیان بەرز کردۆتەوە و ھەوڵەکانیان بەشێوەیەکە کە ئیدارەی نوێ ئەمریکا لە دوای کۆتایی ھاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕامپ لە پۆستی سەرۆککۆماریدا،نەتووانن بەھیچ شێوەیەک بگەڕێنەوە سەر میزی دانووستان لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی بەرجامی ڕابردوودا و ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن،چوونکە ئەوانە ترسی ئەوەیان ھەیە،لەدوای سەرکەوتنی جۆ باێدن لە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا کە دوو مانگی تر بەڕەێوەدەچێت،پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی مێژوویی بەرجامی ڕابردوودا ئاسایی بێتەوە و گەمارۆکانی سەر ئێران ھەڵبگیرێن و قۆناغێکی نوێ لە پێوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا دەست پێبکات،وەک سەردەمی باراک ئۆباما و ئاوەش بۆتە جێگەی نیگەڕانی ئیدارەی تڕامپ و حیزبەکەی.لە ھەمانکاتدا دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین،کە بە ئەگەری زۆر ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی باراک ئۆباما لە سیاسەت و ستراتیژی تایبەت بە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست،جۆ باێدن لەسەر ھەمان سیاسەت و پیڵانەکانی ڕابردووی ئۆباما دەخۆازی پێوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمان و نەیاری ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا درێژە پێبدات،ھەڵبەتە بەھەندێک گۆڕانکاری نوێ،بەو مانایەی کە کۆپیکراوی سیاسەتەکانی ئۆباما نەبێت و نە کۆپیکراوی سیاسەتی دۆناڵد تڕامپ بێت.لەنێوان ئەو دووانەدا بیر لە شێوازێکی نوێ دەکاتەوە بۆ بەھێزکردن و بوژانەوەی زیاتری ھەژموونی ئەمریکا لە جیھانی سێھەمدا.ھەر بۆیەش لەو چوارچێوەیەدا دەخۆازی سەرنج و بۆچوونی ئەرێنی کۆماریخۆازەکان و ھاوپەیمانانی ناوچەیی ئەمریکا لە ھەندێک بابەتدا بۆ نموونە بەھێز کردن و زیندو کردنەوەی ناوەڕۆکی خاڵی ڕێککەوتنامەی مێژوویی لەگەڵ ئێران ناسراو بەبەرجام ڕابکێشی.بەڵام لەو بارودۆخەی ئێستادا زۆر بەدووری دەزانم پێداگری تەک لایەنانەی ئەمریکا وەڵامدەرەوە بێ،ھەتا دوای ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری ئەمریکا و ئاشکرا بوونی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان،بۆیە لە ئێستادا دۆخی پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ھەر وەک خۆی بەو شێوەیەی بەناڕونی دەمێنیتەوە و ئەوروپاییەکانیش باش دەزانن ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی مێژوویی ناسراو بە بەرجام دەتووانی ببێتە ھۆی ناسەقامگیری زیاتری ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ھەڵگیرسانەوەی شەڕی تیرۆر و ھەڕەشەی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لەناوچەکەدا و ئەو بابەتەش لە دۆخێکدا کە بوونی ئەمریکا کاڵتر دەبێتەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدەستپێکردنی بڕیاری کشاندنەوەی ھێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و سووریە،دەتووانی ئاسۆی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئەوروپایی خۆپارێز بخاتە مەترسییەوە.
ئەمریکا ئەو بابەتەی لە کاتێکدا خستۆتە رۆژەڤەوە کە لەگەڵ ڤیتۆ و دژایەتی ڕووسیە و چین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڕووبەروو بۆتەوە؛ھەرچەندە ڕووسیە و چین وەک دوو وڵاتی سەرەکی فرۆشیاری چەک و کەرەستەی سەربازین بەئێران،ھەر ئەوەش بۆتە ھۆی ترس و نیگەڕانی وڵاتانی ئەوروپا کە دەخۆازن بەشێوەیەک پشتیووانی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بکەن لە مەسەڵەی بەرنامەی ناوەکی ئێران و پەرەپێدانی پرۆژەی مووشەکی باڵستی و مووشەکی دوور ھاوێژەکان.بۆیە پرسی پێوەندی دیپلۆماسی ئێران لەگەڵ ئەمریکا تەنیا گرێدراو نییە،بەو بابەتانەوە و کۆمەڵێک ئاستەنگی و بەربەستیش بوونی ھەیە،لە پێوەندی ئێران لەتەک وڵاتانی ئەوروپادا،ئەوەش یەکێتی ئەوروپای ناچار کردوە ھەم ھەوڵی ئاشتی و سەقامگیری نێوان ئەمریکا و ئێران بدەن و ھەمیش خۆیان لە ئاست ھەڕەشە و ترسی گەمارۆی ئەمریکا بپارێزن.بۆیە ئێرانیش چاوەڕوانی زیاتری ھەیە،لە وڵاتانی ئەوروپا ھەتا بتووانن ھەڵوێست و دژکردەوە نیشانبدەن لەدژی گەمارۆکان و چاڵاکردنی میکانیزمی پەلەپیتکە،کە لە ئێستادا بۆتە بابەتی سەرەکی و لەو رۆژانەدا دەبێ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری خۆی لەسەر بدات،بەدەنگی ھەموو وڵاتانی بەشداربوو لەو ئەنجوومەنەدا.لە ڕاستیدا چاوەڕوانییەکانی ئێران لە وڵاتانی بەناو دۆست،چاوەڕوانییەکی لە ڕادەبەدەر بوو و زۆر جێگەی قەبووڵی وڵاتانی ئەوروپاش نەبوو.چوونکە ئەمریکا لە سەروی مەسەڵەی ئابووری،مەسەڵەی پرۆژەی پەڕەپێدانی ئۆرانیوومی پتنێندراو و کۆی چەکی قەدەغەکراو دەگرێتەوە و ھەر بۆ ئەو مەبەستەش پیڵانی گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران جێبەجێکردوە.ھەتا سەرەڕای گوشارە ھەمە لایەنەکانی لەسەر کەرتی ئابووری ئێران،لە ڕووی کەرتی سەربازی و پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای چەکی پێشکەوتووش گەمارۆ بخاتە سەر ئێران.ئەوەشمان لەبیر بێت،کە چین و ڕووسیە ھەرکات پرۆژەیەک لەدژی سنوردارکردنی تەکنۆڵۆژیای چەکی پێشکەوتوو بکەوێتە رۆژەڤەوە،ھیچ ھەڵوێست و دژکردەوەیەکیان نەبووە،بەڵام لەبارەی گەمارۆکانی چەک سووک دژایەتی خۆیان نیشانداوە،چۆن ئەو دوو وڵاتە فرۆشیاری سیستەمی چەکی سووکن بەئێران و ساڵانە کۆمەڵێک گرێبەستی گەورە لەو بوارەدا لەگەڵ ئێران واژۆ دەکەن.بۆیە وڵاتانی ئەوروپاش خۆیان خۆازیاری بەدەستەوە گرتنی بازاڕی فرۆشی چەکی بەرھەمھاتووی خۆیان بە ئێران و وڵاتانی جیھانی سێھەم بەگشتی.کەواتە ئەوانیش ھەتا ڕادەیەک بەدوای ساغ کردنەوەی بازاڕی فرۆشی کەل وپەلی سەربازی خۆیاندا دەگەڕێن.بەڵام ئێران دەبێ ھەوڵبدات پێوەندی باشی لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکدا ھەبێت؛ھەرچەند وڵاتانی وەک تورکیە وپاکستان بەڕواڵەت گەفی (لاف) دۆستایەتی و ھاوپەیمانی لەگەڵ ئێران لێدەدەن،بەڵام لەوێکە ئێران ببێتە،زلھێزی ناوچەکە ترس و دڵڕاوکێ زۆریان ھەیە.ئەوی کە عەقڵانیەتی سیاسەتی دەرەوی وڵاتان لەسەر بنەمای پێوەندی باشی دۆستانە لەگەڵ ھەموو وڵاتان بەشتێکی ئەرێنی و پێویست دەزانێ،بەڵام دەبێ ھێڵێکی ستراتیژی دیاریکراویش بوونی ھەبێت،بۆ پاراستنی بەرژەوەندی وسەروەری یاسایی و مەشرووعییەت پێدان بەو پێوەندییانە.گەمارۆکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی تەک لایەنانە زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەڕانی خەڵکی ئێران دروست کردوە.ئەگەر ئەو پرسە چاڕەسەر نەبێ،ناتووانین چاوەڕوانی پێوەندی ئابووری بەھێز لەگەڵ ھەموو وڵاتانی ناوچە و جیھاندا بکەین.چوونکە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ بەشێوەیەکی چاڵاکتر و خێراتر ھەنگاو ھەڵبگرن بۆ دەربازبوون لە خۆ گۆشەگیر کردن تەنیا لە چوارچێوەیەی جۆگرافیای ئێراندا ودەبێ سەر لەنوێ بەخۆداچوونەوە بکەن،لە سیاسەت و پێوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی جیھاندا و خوێندنەوەیەکی نوێ و سەردەمیانەی ھەبێ بۆ چوونە ناو سیستەمی نوێ جیھانیەوە.دەڵێن لە سیاسەتدا ھیچ شتێکی نەکراو بوونی نییە؛یانی ئەگەر سەردەمانێک وڵاتێک وەک دوژمنی سەرەکی پێناسە کراوە،ئەمرۆ بەھۆی ھەڵومەرجی نوێ جیھان و دۆخی گۆڕانکارییەکان دەکرێت،لەبەر ڕوناکی ئەو پێشھاتە نوێیانەدا بگۆڕدرێت بە وڵاتێکی ھاوپەیمان،لەسەر ئەو بنەمایەش کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ ھەموو ھەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لە پەراوێز و گۆشەگیری سیاسی و ئابووری ئەمرۆیی ڕزگاری بێت.لە ھەمانکاتدا بۆ دۆخی گریمانەکراوی سەرکەوتنی جۆ باێدن یانیش مانەوەی دۆناڵد تڕامپ،دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین و بزانین ڕێککەوتنامەی مێژوویی ناسراو بەبەرجام دەتووانی دەستخۆشی گۆڕانکاری بێت،ئەگەر فەزای ھەڵبژاردنەکان دوو مانگی داھاتووی ئەمریکا بەقازانجی جۆ باێدن بشکێتەوە و دوبارە دیمۆکراتەکان بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات،ھەتا ئەو شوێنەی کە ئەو ڕێککەوتنامەیەش ھەر لەسەردەمی دەسەڵاتی دیمۆکراتەکاندا واژۆی لەسەر کراوە و بەرپرسیاری سەرەکی لەو ڕێککەوتنەدا ھەر خۆیان بوونە،لەگەڵ گەڕانەوەی دوبارەی دیمۆکراتەکان بۆ سەر کورسی دەسەڵات ئەو ڕێککەوتنامەیەش دەتووانی فۆرم و ناوەڕۆکی نوێ وەربگرێت و دوبارە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ھەر دوو وڵات و پاراستنی خاڵی ناو ڕێککەوتنامەکە مسۆگەر بکەن و بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.ھەر بۆیەش ئەگەر دیمۆکراتەکان لەو ھەڵبژاردنەدا سەربکەون،ھەوڵدەدەن پێداچوونەوە بکەن،لەسەر ڕوانگە و بیروبۆچوونەکانی سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد تڕامپ و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەتووانی لەو دەرفەتە نوێیە کەڵک وەربگرێت و پێشوازی لە ھەنگاوەکانی ئیدارەی نوێ ئەمریکا بکات.بەو مەرجەی ھەر دوو وڵات بگەنە ئاسۆیەکی ھاوبەشی پاراستنی بەرژەوەندی و پارێزگاری لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەش بەگشتی.چۆن ستراتیژی دژە ئەمریکایی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن وڵاتانی داکۆکیکاری پرسی فەڵەستین و کۆمکاری عەرەبیش بەگشتی،ھێدی ھێدی شوێنی خۆی دەگۆڕێت بۆ سەر لەنوێ خوێندنەوە و نووسینەوەی مێژووییەکی نوێ لە پێوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازی و کولتووری لەگەڵ دوژمنە دێرینەکەیان ئەمریکا و ئیسرائیل.بۆیە درێژەپێدانی ستراتیژی چڵ و یەک ساڵ پێش ئێستا جگە لە خەسارێکی گەورە و قەرەبوو نەکراوە،لەو قۆناغەدا ناتووانی ھیچ دەستکەوتێکی تری لێ سەوز بێت،بۆ گەڵانی ئێران و دەسەڵاتی سیاسی.چوونکە بەشێوەێەکی ڕاستەقینە دەتووانین بڵێن لە ئێستادا "شەیتان گەورە"ڕۆڵی سەرەکی لە ژیانی سیاسی و ئابووری گەڵانی ئێراندا دەگێرێت.لەناوخۆی ئێران بەدرێژایی مێژوو داھاتووی پێوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بەبەردەوامی بۆتە یارییەکی سیاسی لەنێوان باڵی ڕێفۆرمخۆاز و بناژۆخۆاز دا،خولیای دژە ئەمریکایی بوون،بەھەر دوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنەوە بۆتە ڕێگر لەوی کە بەرپرسانی باڵای ئێستای ئێران بتووانن کۆتایی بەو یارییە بێنن،یانیش بەلانیکەم بەشێوەیەکی بەدوور لە حەماسەت و کەف و کۆڵی شۆڕش کۆتایی پێبێنن و ھەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە بۆ خزمەت و پێشکەوتن و بوژاندنەوەی زیاتری ئابووری وڵات و ژیان و داھاتووی خەڵکی ئێران لە درێژخایەندا.تڕامپ یانیش باێدن کامەیان دەتووانی خەونی داھاتووی تاکی ئێرانی بگۆڕێت،ئەوەش شتێک نییە وەک ھونەری موعجیزە چاوی لێبکەین،چۆن دواجار ھەموو ڕێگاکان دەگەڕێنەوە بۆ خاڵی دەستپێک،یانی خۆراگری و خۆ وێرانکردن بەناوی سەربەخۆ بوون شتێک نییە،مرۆڤ بتووانی بەشێوەیەکی ئەقڵانی سەیری بکات،چوونکە دروستکردنی پێوەندییەکی بەھێز لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری یاسایی و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی مافی ھەموو حکوومەتەکانە و پێموانییە دروستکردنی پێوەندی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی لەو چوارچێوەیەدا شتێکی قەدەغەکراو بێت،چۆن ھەموو وڵاتانی جیھان ئەمرۆ خەریکە لە دەرەوی سنوورەکانی خۆیاندا شەڕی بەرژەوەندی و بەدەستھێنانی قازانج دەکەن بۆ پەڕەپێدان و بەھێزتر کردنی کەرتی ئابووری و باشترکردنی داھاتی ئابووری خەڵکی خۆیان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان







