شەڕی کولتوورییەکەی ئەردۆغان
03/11/2020, 17:58 (GMT+1)

-----------------------------
«سەرۆک: بە توندی پەلاماری ئەوروپا و ئەڵمانیا دەدات بە شێوەیەکی وا توند کە پێشتر شتی وا نەبووە بەم ورووژاندنە چ مەبەستێکی ھەیە و دەیەوێ تورکیا بەرەو کوێ ببات»....
ئەوەی ڕاستی بێت، بەھۆی پەتای کرۆناوە خۆپیشاندان لە تورکیا ڕێگەپێنەدراوە. بەڵام ئەگەر بێت و بۆ بەرژەوەندی ڕژێم و ئەردۆغان بێت، ئەوە مەسەلەکە شتێکی ترە. ئەوە دەبینین لە ئەستەمبوڵ و گەلێ شوێنی دیکە، دەستە و تاقم لە پەنابەری سووری کۆبوونەتەوە و خۆپیشاندان دژی فەرەنسا ئەنجام دەدەن... پێشتر ئەردۆغان ھێرشێکی توندی کردە سەر ئەوروپا، بەتایبەت پاریس و بە دوژمن و ھێرشکاری گەورەی دژی ئیسلام باس کرد. ئەوروپای بە نازی ناو ھێنا و بانگەوازی بایکۆتکردنی شمەک و کەرەسەی فەرەنسی کرد. بەم سیاسەتە ئەردۆغان دەیەوێ سەرنج لەسەر باروودۆخی داتەپیو و خراپی ناوخۆ دوور بخاتەوە و ھێزێکی دەرەکی بکاتە بەرپرسی ئەو دۆخە نالەبار و وێرانەی ناوەوەی تورکیا.چ ڕەخنەیەکی لە ئەوروپا ھەیە؟
ئەردۆغان ماکرۆن بە ئەقڵ نەخۆش دادەنێ و ھەروەھاش جنێو بە ئەڵمانیا دەدات و بە راسیست و دژە ئیسلام تاوانباری دامودەزگاکانی دەکات.لەسەر ئەوەی پۆلیس ھەفتەی پێشوو لە بەرلین ،ویستوویەتی مزگەوتێک بپشکنێ.
بۆ سەرۆکی تورکیا وا بەتوندی ھێرش دەکات؟..
لەگەشتێکیدا ئەردۆغان بۆ ناوچەیەک ڕووبەڕووی کەسێک دەبێتەوە پێی دەڵێ: توانای کڕینی نان و ئاوم نییە بۆ ماڵەوە. ئەردۆغان بەلایەوە سەیر دەبێت و دەڵێ: ئەمە زیادڕەوی دەکات.
بەم شێوەیە درێژە بەشەڕی دژی ئەوروپا دەدات. ئەردۆغان وا دەکات بەھەموو شێوەیەک دۆخەکە لەبیر خەڵک بباتەوە بۆئەوەی بەرنامە و سیاسەتی خۆی درێژە پێ بدات. ھیچ ترسی لە ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک نییە؟ چونکە دادگا و نیوەی میدیای داگیرکردووە و بەدەست خۆیەوەیەتی...
ئەردۆغان تورکیا بەرەو کوێ دەبات؟.
ئەوەی سەیرە ئەردۆغان وەک یەک و بەیەک پێوەر بەو شێوەیە پەلاماری ئەوروپا دەدات ، پەلاماری ئەوانی دیکە نادات.. بۆ نموونە دژی ھێرشی ئاسمانی رووسیا بۆ سەر ئیدلیب لە سووریا و کوشتنی زیاتر لە80 کەس لەدەستەو تاقمی لایەنگرانی چەکداری سەر بەئەنقەرە. ھەروەھا دەربارەی ھەلسوکەوتی خراپی چین لەگەڵ ئویگورەکان ھیچ فزەیەک ناکات.
ئەردۆغانی 66 ساڵە پێی وایە مۆسکۆ و پەکین وەک ئەوروپا نین، ناتوانن قبوڵی ڕەخنە بکەن، بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.
حکومەتەکەی ئەردۆغان ئەوروپا بە« پڵنگێکی کارتۆنی» دادەنێ وەک Marc Pierini باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپای پێشوو لە ئەنقەرە دەڵێت.
دەیەوێ چ بەدەست بھێنێ؟..
لە میانەی پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپادا سەرەتای ساڵ پەنابەرانی وەک کارتی سیاسی بەکارھێنا و ھەڕەشەی پێوە دەکرد.. کاتێ ویستی سنووری بە ڕووی یۆناندا بکاتەوە..ئێستا دەیەوێ کۆچبەر و کۆمەڵگەی /کۆمێنێتی تورکی لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ مەرامەکانی بەکار بھێنێ.ئەگەر ئەمەی بۆ مەیسەر بێت، ئەوا ھەڵبژاردنەکانی ساڵی داھاتوو 2021 بۆ سیاسییەکانی ئەڵمانیا و ماکرۆن ناخۆش دەبێت. ئاخر ئەردۆغان خۆی وەک سەرۆکی 6 ملیۆن تورکی موسڵمان لە ئەوروپا نیشان دەدات و ھۆشداری دەدات بە سیاسییەکان ، وانەک ئەمانە بکەنە دوژمنی خۆیان. لە مەودایەکی درێژخایەنیشدا ئەردۆغان مەبەستێتی وڵاتەکەی لەژێر سێبەری ئەتاتورکی دامەزرێنەردا بھێنێتە دەرەوە. ئەردۆغان دەیەوێ لەمەودوا بۆ تورکەکان چیرۆکێکی تر بنووسێتەوە و بگێڕێتەوە. ئەمەش کۆمێنتێکی Mehmet Tezkanی ڕۆژنامەنووسە. ڤێرژنی ئەردۆغان تورکیایەکی نوێ، دەوڵەتێکی ئیسلامی، کۆنپارێز/کۆنزەڤاتیڤ، بەھێزی سەربازی ھەرێمی یەکگرتووی کۆماری سەرۆکایەتی تەواو جیاواز لەوەی ئەتاتورک، کە بەرەوە ڕۆژئاوا ڕۆیشتن سیاسەتی فەرمی دەوڵەت بوو، لەزۆر ڕووەوە پاشەکشەی کردوە لەبواری سیاسەتی دەرەکییەوە.
بۆچی ئەڵمانیا وا زۆر بێدەنگ ماوەتەوە؟.
ھەڕەشە و گوڕەشەکان و ھەراسانکردنی یۆنان لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و جنێودان بە ماکرۆن ، ئەڵمانیای خستۆتە دۆخێکی نەخوازراوی دژوارەوە. ھەتا 10.12.2020 دەبێت حکومەتی ئەڵمانیا بیر لە شتێکی نوێ بکاتەوە.لەو ڕۆژەدا کۆبوونەی باڵای یەکێتی ئەوروپا EU دەکرێ بۆ بڕیاردان لەسەر سزادانی تورکیا.
ئەو تورکانەی دژە ئەردۆغانن و لەدەرەوە دەژین، ڕەخنەی توند لەسیاسەتی نەرمی ئەڵمانیا بەرامبەر ئەردۆغان دەگرن، کە لەگەڵ بارودۆخی واقعی رژێم لە ئەنقەرە نایەتەوە.
جەنگیز ئەکتاری کە ئێستا ھەڵاتووە و لەتاراوگە دەژی دەڵێ: ئەردۆغان بە شەڕ و ھەرا دەژی. ئەمیش و کەسانی تریش پێیان وایە سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان کە پڕە لەکێشە و ھەرا و سەرکێشی، ھەر بۆ ئەوەیە دەسەڵاتی خۆی لەناوە زیاتر بچەسپێنێ. ھەڵمەتی دژایەتی ئەوروپا نابێت دوا سیناریۆ بێت لە ئەنقەرەوە ئامادە کرابێت.
کاریگەرێتی ئەردۆغان لەسەر ئەڵمانیا چەند بەھێزە و سیاسەتەکەی دەبێتە ھۆکاری ئەوەی، موسڵمانەکان خۆیان پەڕگیر/ ڕادیکالیزە بکەن؟..
لە مانگی 7.2020 لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە Köln-Bonn دوو لوبنانی بەجانتایەک تەقەمەنییەوە ھەوڵی سازدانی کارەساتێکیان دا. بەڵام بەھۆی ھەڵەیەکی تەکنیکییەوە جانتا نەتەقییەوە. ھۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کاریکاتۆرەکانی محەمەد لە چاپەمەنی ئەڵمانیدا بڵاوکرایەوە.. بەم جۆرە ئەردۆغان دەتوانێ کار لەم جۆرە خەڵکە سەختگیرانە/ فەناتیکانە بکات ، واتە ئەردۆغان بە ئاگرەوە بەناو بەنزیخانەدا گوزەر دەکات.
کاتێک ئەردۆغان خۆشەویست و گوێلێگیراو بێت لای زۆری ئەو خەڵکانەی بە ڕەگەز تورکن بەتایبەت لاوان، دەزگاکانی ئاسایش مەترسییەکان بە بایەخ و جددیەوە وەردەگرن. ئەردۆغان خۆی بەھێز نیشان دەدات و موسڵمانانی تری ئەڵمانیا بەلاواز دادەنێ.
دەستی درێژی ئەردۆغان دەگاتە ھەر شوێنێکی کۆمەڵگەی تورکی. لەوەڵامێکدا بۆ سیاسەتوان و پەرلەمنتاری چەپ Sevim Dagdelen ، حکومەتی ئەڵمانی دەڵێ: دەوڵەتی تورکیا بەردەوام ھەوڵ دەدات کاریگەرێتی ھەبێ لەسەر کۆمەڵگەی تورکی لە ئەڵمانیا ، بەتایبەت کاریگەرێتی لەسەر پرۆسەی سازدانی ئیرادە و بڕیار دروستکردن.
ئەمەشی بۆ دێتە دی بەھۆی «پەیمانگای یەکێتی تورک- ئیسلامی بۆ ئۆل/ ئاین ». Türlisch-Islamische Union der Anstalt für Religion ناسراو بە «Ditib»، کە لەسەرتاسەری ئەڵمانیادا گەورەترین ڕێکخراوی ئیسلامییە.
لەڕاستیدا Ditib لق و دەزگایەکی تورکییە بۆ کاروباری ئاین، مەلا و گوتاربێژەکانی لەلایەن ئەنقەرەوە دەنێردرێن و دادەمەزرێن و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.
ئەم ڕێکخراوە نزیکەی 900 لە تێکڕای 2800 مزگەوتی لە ئەڵمانیادا ھەن، لەژێر چەتری خۆیدا کۆکردۆتەوە و بەڕێوە دەبات.
لەوەتەی ھەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016دراوە، ئەردۆغان دیتیب وەک زوڕنای سیاسەتەکانی خۆی بەکاردێنێ. ساڵی 2017 ئاشکرا بوو مەلاکانی Ditib سیخوڕیان لەسەر لایەنگرانی فەتحوڵا گویلەن کردووە زانیارییەکانیان بۆ ئەنقەرە ڕەوانە کردووە.
----------------------
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی دێر تاگە شپیگل رۆژی 28.10.2020
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان







