<

ماكيافيلي لە دونیای ئەمڕۆ و دوێنێدا (بەشی یەکەم)

22/04/2025, 15:17 (GMT+1)
لە ملاملانێی گۆڕپانی ژیاندا، کە تێیدا ڕەوشتی بەرز لەنێو زەلکاوێکی بۆگەنیودا نقوم بووە، بە ئاسانی نادۆزرێتەوە، ئێمە لە سەردەمێکدا گوزەر دەکەین، کە تێیدا ویژدان و بڕوا بوون بەبەها بەرزەکان لەسەر ئاستی تاک و دەسەڵاتدا لەنێو کۆمەڵگەکانی جیهاندا بووە بە کەسایەتیەکی نامۆ. ئەزموونی ژیان پێمان دەڵێت، کە لەسەر هەردوو ئاستدا، یاسای عەدالەت نییە، ئەوەندەی یاسای بەرژەوەندیی و هێزی دەسەڵات، هێزی ئابووریی و ئیستیغلال کردنی یەکدی لەنێو کۆمەڵگەدا لەلایەن دەسەڵاتداران و تاکەکاندا پیادە دەکرێت.  واتە کێشە تەنیا لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدا نییە، ئەڵبەتە کێشەی مەزن لەجۆری بیرکردنەوەی تاکە، لە هەوڵەکانیدا بۆ بەکارهێنانی هەموو پەیوەندیە مرۆیەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی، هەڵخەڵەتاندن، ملشکاندن، بێ وەفایی و درۆ، بوون بە کوێلەی ماددە و پارە و خۆدەرخسستن، کە لە ئەنجامدا مرۆڤ بۆ یەکدی دەبن بە مایەی ئازارێکی مەزن لەنێو دەروون و ناخی ڕۆحی یەکدیدا لەبڕی گوڵ ڕواندن، دڕک دەڕوێنن. ئێمە لە زەمەنێکدا گوزەر دەکەین، کە مرۆڤ گورگە لە پێستی مرۆڤدا، دەبێت ددان بەوەدا بنرێت کە ئەم جۆرە تێڕوانینە، ئەنجامی بێ هیوا بوون  یان عەبەسیەت نییە، ئەوەندەی ئەنجامی خوێندنەوەی ڕاستە بۆ واقیعێکی تاڵ، بە پشتبەستن بە ڕووداوە سیاسیی و سەربازیەکان، لێکۆڵێنەوە  و کۆکردنەوەی ئەزموونی ژیانی تایبەتی لە خەرمانەی گشت بوارەکانی ژیاندا. 
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە نەوەکانی پێش ئێمە هەمان ئازاریان هەبووە بەدەست هەڵسوکەوتی مرۆڤ بەرامبەر بە یەکدی، میکاڤیل کە زێتر لە ٥٠٠ ساڵە لە پەڕتووکەکانیدا خوێندنەوەی بۆ واقیعی ژیانی سیاسیی کۆمەڵایەتی و غەریزەکانی مرۆڤ کردووە، تێیدا پەنجەی بۆ هەمان ئازاری مرۆڤ بەدەستی مرۆڤەوە درێژ کردووە لەهەردوو ئاستی ژیانی تایبەتی تاک و دەسەڵاتداران. 
میکاڤێلی لەنێوان ساڵانی (١٤٦٩-١٥٢٧)ز ژیاوە. کابرایەکی سیاسی، نووسەر، فەیلەسوف و مێژوونووس ئیتالی بووە. بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیری پەیوەندیی نزیک بووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆی، کە ئەمە کاردانەوەی هەبووە لە بینینی واقیعی جۆری بەڕیوەبردنی دەسەڵات لەو سەردەمەدا.  پەرتوکی (ئەلئەمیر) بەناوبانگترینە لە کتێبەکانی میکاڤێلی، کە لە بەشی فەلسەفەی کلاسیکی سیاسیدا  هەژمار دەکرێت، لە ساڵی ١٥٣٢ز دا چاپ کراوە. لەو کتێبەدا نووسەر بیرۆکەی خۆی دەربارەی ئامرازەکان بۆ  گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، دامەزراندنی دەوڵەت، پارێزگاری لێ کردنی دژی نەیەرەکانی  دادەڕێژێت، بە پشتبەستن بە مێژووی دەسەڵاتداران و زۆردارەکانی دنیا و خوێندنەوەی قوڵ بۆ تێگەیشتن لە ناخی تاک، ئەوجا ئەزموونی ژیانی سیاسیی تایبەتی خۆی، لە تێگەیشتن لە واقیعی کۆمەڵگەی ئەو کاتە و سەڕۆک و ڕێبەرە سیاسیەکان، ئەنجامی ڕووداوەکان شێ دەکاتەوە، دەگاتە ئەو بڕوایەی کە دەسەڵاتداران و حاکمەکان بۆ بەردەوام بوونیان و تا بتوانن لەنێو سیاسەتدا بژین، دەبێت بڕیارەکانیان، بەدەربێت لە ڕەوشت و بەها بەرزەکان، بەناوبانگترین لە گوتەکانی ئەو نووسەرە (الغایە تبرر الوسیلە)یە.
 میکاڤێل پێ وایە کە، گەورەترین کۆسپی بەردەمی سیاسەت بە پراکتیزکردنی ڕەوشتە، لە گۆڕەپانی کارکردندا سەرکەوتن تەنیا ئەو کاتە بەدەستنایەت کە هەر باش بیت و خاوەن ڕەوشتی بەرز بیت، تا بگەی بەدەسەڵات و پارێزگاری لێ بکەیت.  سەرکەوتن لە بەرەکانی شەڕدا، یان هەڵکوتانە سەر وڵاتان یان گەیشتن بە پۆستێکی دیاری کراودا، مەرج نییە تەنیا ئەو ئامرازانەی بۆ بەکاربهێنرێت کە لەگەڵ ڕەوشتدا جووت بێت.  ئەم شێکردنەوەیی ئەو فەیلەسوفە، لە ئەنجامی تێگەیشتن، خوێندنەوەی مێژووی سیاسەت، لێکۆڵینەوە لە غەریزەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەدا و ئەزموونی تایبەتی ژیانیدا هاتۆتە کایەوە، واتە ناڵێت دەبێت وا بکەیت، بەڵکو لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی واقیعی ئەو کاتە بووە. بێ گومان ڕووداوە مێژوویەکان ئەو ڕاستیانە دەسەلمێنن، ئەم بۆچوونە کە زێتر لە ٥٠٠ ساڵی بەسەردا ڕەت بووە،  مێژووی حوکمڕانی و سیاسەت تا دەگات بە کارکردنی تاک لە پەیڕەو نەکردنی ڕەوشتدا تا ئەمرۆ، هەمان واقیعی ئەو کاتەن، بۆیە زۆرن ئەوانەی، کە پێیان وایە، میکاڤیلی هەقیقەت و جەوهەری کار کردنی لە سیاسەتدا شێ کردۆتەوە، بەتایبەتی لە کتێبی (ئەلئەمیر)دا،  کە بە شێوەیەکی واقیعانە، پەنجەی بۆ سەرکەوتنی هەندێک کەسی بەدڕەوشت، بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، سەرنەکەوتنی هەندێکی دی کە خاوەن ڕەوشتن لە گەیشتن بەو دەسەڵاتە درێژ کردووە. واقیعەکەی بە شێوەیەک وەسف کردوە کە سەرکەوتنی دەسەڵاتداران مەرج نییە بە پراکتیزەکردنی ڕەوشتدا بووبێت، بەڵکو لە زۆربەی کاتەکاندا پێوست بووە بڕیاری توند و قورس بدرێت، کە بەدەر بووە لە ڕەوشت و عەدالەت بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی ڕەها. ئەم ڕاستیە، لە ئەزموونی هەموو دەسەڵاتداران، زۆردارانی ئیمپراتۆریەتەکانی کە حوکمڕانیان کردووە چی بە بڕوا بوون بە عیلمانیەت و مەزهەبی و ئاینیەکان کە هاتونەتە دەسەڵات دەردەکەوێت، بۆیە پەنجە درێژ کردن بۆ واقیعی لەو جۆرەدا، بێ گومان بوێری دەوێت، هەمیشە مایەی خۆشحاڵی نابێت لەنێو کۆمەڵگەدا، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بانگەشەی میسالیەت دەکەن.  
میکاڤیلی پێ وایە لە سیاسەت و حکومڕانیدا هێز تەنیا تێگەیشتن نییە لە ڕەوشت، بەڵکو تێکەڵیەکە لە بەهرە، زیرەکی، ئازایەتی و خۆگونجادن، ئەوانە ئامرازن کە دەسەڵاتداران بتوانن، لە بەرژەوەندیی خۆیان هەموویان بەکاربهێنن. ئەوەی ئەو ئامرازانەی لەدەست بێت، واقیعەکە بە ڕوونی دەبینێت، دوور لە خەیاڵ و پاڵپشتی لە لایەنێکی دیاری کراو، ئەوجا ئەو بەجۆرێک هەڵسوکەوت دەکات، بە پراگماتیک و هێوری هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی یان ئەنجامە سەرکەوتوەکانی، بۆیە ڕێبەری سەرکەوتوو بە شێر و ڕێوی وێنە دەکات، شێر وەک هێمای کاریزما و هێز و پارێزگاری کردن دەبینێت،  ڕێوی بە سومبلی فێلوفەرەج و خۆ لادان لە تەڵەکان بەرجەستە دەکات، ئەم شێکردنەوەیە لە واقیعی دنیای ئەوڕۆدا بەدی دەکرێت، بۆ نمونە هینری کیسنجر بە ڕێوی فێڵباز لە سیاسەتدا وەسف دەکرا. 
هەل و بەختیاوەر بوون واتە ژیانی سیاسەت و تاک پڕە لە بەرزی و نزمی و کۆسپ و نسکۆ، بەبێ ئەوەی لێیان وریا بیت دێنە ڕێگەت، بۆیە خۆگونجادن لەگەڵ هەموو ئەو دۆخە چاوەڕوان نەکراوانەدا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی دەسەڵات.  مرۆڤی وریا چاوەڕێی بەخت ناکەن لە دەرگایان بدات، بەڵکو خۆئامادە دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. کۆسپوتەگەرەکان دەگۆڕن بە هەل و هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێن، ڕێگەیەک دەگرنەبەر کە ئەو تەگەرانە نەتوانن هەموو شتێک بڕووخێنن، میکاڤێل ئەمە شێوە دەکات، بە ڕووبارێک کە هەموو کاتێک چاوەڕێ ئەوەی لێ دەکرێت لافاو بیگرێتەوە، هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ببات، بەڵام مرۆڤی زیرەک بیر لەوە دەکاتەوە کە ئاوەڕۆی ئاوەکە بگۆڕێت، بەو ئاقارەیدا ببات کە پێویستە و باشە، لەبری ئەوەی لافاوەکە ببێت بە سەرچاوەیەکی وێرانکەر، ببێت بە سەرچاوەیەکی سوودبەخش.  ئەم جۆرە بۆچوونە لە دنیای ئەمڕۆدا پێ دەگوترێت هەلە مێژوویەکان، یان نسکۆ، کە مێژووی گەلان پێش و دوای نووسینی ئەو پەڕتوکە پێدا ڕەت بوون، واتە بمانەوێت یان نا، واقیعی دنیای سیاسەت و دەسەڵات لەگۆڕەپانی جەنگی دەسەڵاتدا هەر وەک جارانە. 

ئەم باسە درێژەی دەبێت

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست