<

سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە ئیسلامی کورد

08/05/2025, 0:14 (GMT+1)
هەر سێ ئاینە ئیبراهیمییەکان واتا: (جوو، مەسیحی و ئیسلام) بایەخیان بە سێ شوێنی گرنگی مرۆڤ داوە، بۆیە مێژووی ئەو سێ ئاینە، کە تا ئەمڕۆ پێیدا رۆیشتوون، ئەمەی خوارەوەمان بۆ دەسەلمێنێت: 
یەکەم: جووەکان، مێشکی مرۆڤیان هەڵبژاردووە، (بۆیە زانا و ئەکادیمی و فەیلەسوف و .... هتد. زۆربەیان بنچینەیان دەچێتەوە سەر جوو).
دووەم: مەسیحی، دڵی مرۆڤی ویستووە. (بۆیە پیاوە ئاینییەکانیان بەردەوام بانگەشەی ئاشتی و خۆشەویستیی دەکەن).
سێیەم: ئیسلام، خوار ناوک و ناوگەڵی مرۆڤی بەرکەوتووە. (بۆیە زۆربەی هەرە زۆری مەلا و پیاوە ئاینییەکانیان بەردەوام قسە لەسەر ژن و نیقاب و باڵاپۆشی و سنوردارکردنی ئازادیی و کۆیلەکردنی ژنان دەکەن، تام و چێژ لە لەشی ژن و کوڕ دەبینن، هەمیشە بۆ لەزەتی خۆیان باسی لێوەدەکەن، بەڵگەی زیندوشمان ئەفغانستانە).
تێبینی: ئەمەی کە دەیخوێنیتەوە، بەشێکی زۆر کەمی زنجیرە نووسینێکە، ئیستا سەرقاڵی نووسینەوەییم، ئەو شێوازە نووسینەم وەکو نیمچە تەنزێک رازاندۆتەوە ، راستیی و مەترسی سیاسەتی تەعریبکردنی کوردستانم لە لایەن مەلا خائینەکانی کوردستانەوە خستۆتە روو، کە چۆن بە ناوی ئیسلامەوە خەڵکی ساویلکەی کوردی پێ لە خشتە دەبەن و لە رێگای بانگەشەی ئاینی ئیسلامەوە ئاستی وشیاریی خەڵکیان هێناوەتە خوارێ.

خوا عەرەبە و ناوی (اللە)یە.

بە بەڵگەی ئەوەی قورعان بە زمانی عەرەبی بۆ پێغەمبەر هاتۆتە خوارێ، لەو دنیاش کە زیندوو دەبینەوە، دەبێت بە عەرەبی شایەتمان بهێنین و قسە بکەین.
لەو دنیا هیچ نەتەوەیەک بوونی نامێنێت، هەموو دەبێت بە عەرەبی قسە بکەین، موعجیزەکە لەوەشدایە خوا وا دەکات، هەموومان فێری عەرەبی ببین، هەر زمانێکی تر، کە زمانی دایکە لە بیرمان دەچێتەوە، یان رێگا نادرێت جگە لە عەرەبی قسە بکەین، واتە لەو دنیا هەموو مرۆڤەکان تەعریب دەکرێن.

دۆزەخ و بەهەشت

جگە لە موسوڵمان، زۆر کەس دەچنە دۆزەخەوە و دانیشتوانی دۆزەخیش بریتین لەوانەی کە شایەتمانیان نەهێناوە و نەبوونەتە ئیسلام، یان ئیسلام بوون و نوێژیان نەکردووە، هەروەها دۆزەخ بۆ ئەوانەشە، کە کارێکی خراپیان ئەنجامداوە و لە یاساکانی ئیسلام و قورعان لایان داوە، پەیڕەوی شەریعەتی ئیسلامیان نەکردووە. وەک دزیی و دووزمانی، داوێنپیسیی، خواردنەوەی مەشروبات و پیاوکوشتن، نوێژنەکردن ... هتد، خوا هەموو ئەوانە دەخاتە دۆزەخەوە، بەڵام هەر کەسێک ئەوانەشی کردبێت، تەنانەت کافر و مولحیدیش بێت، ئەگەر هاتوو شایەتمانی هێنا، ئەوا خوا لێی خۆش دەبێت و دەیخاتە بەهەشتەوە. (بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیی بە مەلایەکی کورد و سەلەفییەکەوە بکە، ئەوان زانیاری زیاتریان لەسەر میوانەکانی ناو دۆزەخ لەلایە.).
وەک لە لێدوان و قسەی مەلا و پیاوە ئاینییەکاندا هاتووە و بەردەوامیش قسەی لەسەر دەکەن، ژنانیش ئەگەر موسوڵمانیش بن چارەنووسیان  وەک کافر و مولحیدەکانە، بە گشتی لەلای پیاوە ئاینییەکان ژنان بۆ ئەو دنیا  مافیان نییە، ئەگەر هەشیان بێت مافەکانیان سنوردار  و زۆر کەمە، مەلا سەلەفییەکان و زۆربەی ئەوانی تر لەسەر ئەوە کۆکن، کە زۆربەی دانیشتوانی دۆزەخ بریتییە لە ژنان، گرنگ نییە ئەگەر موسوڵمانیش بن، نوێژیش بکەن و نیقابیان پۆشیبێت، هەموو یاسا و رێساکانی ئیسلامیان وەکو پیاو بەجێهێنابێت،  هەموو ئەوانە دادیان نادات و دەچنە دۆزەخەوە بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە فەرمانی مێردەکانیان بە دەست و بەزمان و بە ناوگەڵ بەجێ نەهێناوە، بۆیە خوا لێیان توڕەیە و دەیانخاتە دۆزەوە، هەرچەندە هۆکاری دیکەش زۆرن، کە بۆچی و لەبەر چی دۆزەخ پڕە لە ژن ؟ رەنگە لەبەر ئەوەش بێت، کە ژنان نەفرەتلێکراون، خەسڵەتی نیوە ئاژەڵیان هەیە، هاوشانی سەگن، لەو دنیا وەکو پیاو مافیان نابێت، خۆ ناکرێت هەر ژنێک وەکو پیاو (77 مەلائیکە)ی بدەنێ، تەنانەت خودا یەک مەلائیکەش بە شایستەیان نازانێت، تا هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەن.
موسوڵمانە بەهەشتییەکان لەو دنیاش ئیرەیی بە ژن دەبەن، نایانەوێت ژنێک شوو بە مەلائیکەتێک بکات، هەندێک لە زانا ئاینیی و مەلاکان رێگا چارەیان بۆ ئەمەش دۆزیوەتەوە، دەڵێن لەو دنیا ژنان دەتوانن بچنەوە لای مێردەکانی خۆیان، هەرچەندە ئەوەندەی من تێیگەیشتبم، هۆکاری دیکەش هەیە، کە بۆچی پیاو حەز دەکات ژن نەچێتە بەهەشت و بخرێنە دۆزەخەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی، کاتێک پیاوان لە خۆشیی و رابواردندان، سەرقاڵی فریشە و حۆرییەکانن، پەردەی پاکیزەییان ناهێڵن هەروەک (د. عەبدولواحید) دەفەرموێت: دوایی خوا پەردەی فریشتەکانیان بۆ دەدورێتەوە و جارێکی دیکە دەینێرێتەوە بۆ لایان. پیاوە بەهەشتییەکان پێیان خۆش نییە ژنان بێن و ئەو خۆشییەیان لێ تێک بدەن.
لەو دنیا زۆربەی ئاژەڵ بوونیان نابێت، ئەوەی هەشە هەمووی لە خزمەتی پیاوە موسوڵمانەکاندا دەبێت، ئاژەڵەکانی ئەو دنیا وەکو مرۆڤ تێدەگەن و قسە دەکەن، قسەکردنی ئاژەڵ و باڵندەکانیش هەڵبەت بە زمانی عەرەبی دەبێت.
هەرچەندە تا ئیستا نەمبیستووە و نەمخوێندۆتەوە، کە لەو دنیا موسوڵمانەکان چ جۆرە جلوبەرگێک لەبەر دەکەن، بەڵام گومانم نییە جلوبەرگیش هەر جلوبەرگی عەرەبی دەبێت، بۆیە لە ئیستاوە مەلا و پیاوەئاینییە کوردەکان ناڕاستەوخۆ هانی خەڵکی دەدەن، تا جلوبەرگی عەرەبی لەبەر بکەن، لە زۆر بۆنەدا خۆشیان دیشداشە و بەرگی عەرەبی دەپۆشن، بەتایبەتی سەلەفییەکان و ریکلام بۆ جلی عەرەبیش دەکەن، هانی خەڵکی دەدەن واز لە جلی کوردی بهێنن و ناوی عەرەبی لە مندالەکانیان بنێن، داوادەکەن خۆیان رابهێنن سڵاو و چاک و چۆنی و هەواڵپرسین بە زمانی عەرەبی بێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست