<

سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە ئیسلامی کورد (پاشکۆی 1)

11/05/2025, 19:29 (GMT+1)
لەسەر ئەو نووسینەی خوارەوە کۆمەڵێک سەرنج و پرسیارم بۆ هاتووە، بەپێی توانا ئەوەی پێویست بووبێت وەڵامم داونەتەوە، لە ناو ئەوانەشدا دوو رەخنە و سەررنجی دوو کەس، پێموابێت کەسانی ئاینداری سەلەفی بن یەکێکیان سەبارەت بە گیان (رۆح) رەخنەی گرتووە، ئەوی تریان دەڵێت: (نە مەسیحی و نە ئیسلام ئاینی ئیبراهیمی نین چونکە لەهیچ کام لەو سێ شەریعەتەدا شتێک نیە بەناوی ئیبراهیمی، هەموی قسەی پوچ و بێ مانایە کەواتە بابەتەکەت هەر لەسەرەتاوە بێ زانست و بەتاڵە). لە خوارەوە منیش وەڵامی کورتی ئەو دوو بەڕێزەم داوەتەوە،
----------------------------

وەڵامی یەکەم- سەبارەت بە گیان (رۆح) کە بۆ وەڵامی ئەو بەڕێزە بگونجێت ئەمەی خوارەوەم نووسیوە: 

هەموو ئاینەکان باس لە رۆح دەکەن، ئەگەر رۆحیش وەکو هەموو تەن و شتەکانی دیکە بە بینین، دەستلێدان، یان بۆن و تامکردن مرۆڤ دەرکی پێ بکردایە، ئەوا ئاین دروست نەدەبوو. چونکە بەمانە وەڵامەکەت وەردەگرتەوە. تا ئیستا زانستیش وەلامێکی تەواوی بۆ بوونی رۆح پێ نییە، کە هەموو مرۆڤەکان بگەنە ئەو بڕوایەی 100% چی بەسەر رۆحماندا دێت. هەڵبەت لەو بارەیەوە هەر کەسێک بە لێکدانەوە و بڕوای خۆی قسەی لەسەر دەکات، بۆیە را و بۆچوونەکان جیاوازن، ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی وشیاریی و زیرەکیی، هەروەها زۆریی و کەمی زانیاریمان، ئەمەش وای کردووە، ئایندارەکان ئەو هەلە بقۆزنەوە و ئاینیان لێ دروست کردوە و وەڵامی هەموو نهێنییەکانی ژیان و گەردوونیان پێداوەتەوە، مرۆڤی وشیار و تێگەیشتووش بەردەوام دەخوێنێتەوە و بیردەکاتەوە، بۆ گەیشتن بە راستیی بوونی خۆی و رۆح، تەنیا قورعان و تەورات و ئینجیل ناکاتە سەرچاوە، ئەوانەی وا ناکەن، وەک ئەو کەسە وان، کە لە ناو تاریکی خۆیاندا رۆچووبنە خوارێ و لە ناو قوڵاییدا باسی رووناکییمان بۆ بکەن، کە تروسکاییەک لە سەرو خۆیانەوە نابینن..

وەڵامی دووەم- ئایا ئاینی جوو، مەسیحی و ئیسلام ئاینی ئیبراهیمین؟

ئایینی جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام وەک "ئایینی ئیبراهیمی" ناوی هێنراوە ئەمەش لە چوارچێوەی زانستی و ئایینیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان قبوڵکراوە. ئەم پۆلێنکردنە لەسەر بنەمای بەڵگەی مێژوویی و تیۆلۆژی و کتێبی پیرۆز دامەزراوە نیشانی دەدات،کە هەر سێ ئاینەکە ڕەچەڵەکی ڕۆحی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ ئیبراهیمی باوک.
بەڵگە و سەرچاوەی پشتگیری لەم بابەتە:
1. ڕەچەڵەکی کتێبی پیرۆز سەبارەت بە ئیبراهیم

ئایینی جولەکە:

ئینجیلی عیبری تەناخ (Tanakh) ئیبراهیم وەک باوکی دامەزرێنەر پێمان دەناسێنێت (Genesis 12–25). دەڵێت: خودا پەیمانێک لەگەڵ ئیبراهیمدا دەبەستێت، بەڵێنی پێدەدات، کەوا نەوەکانی ئیبراهیم بکاتە نەتەوەیەکی گەورە (Genesis 1).
ئیبراهیم بە یەکەم جولەکە و یەکەم کەسایەتیی ناو دەبرێت، ئەمیش وەکو پێناسەی جولەکە و باسکردن لە خوداوەند، واتا بە ئیلاهیاتی جوو دادەنرێت.

ئایینی مەسیحی:

لە پەیمانی نوێدا (New Testament) گرنگی بوونی ئیبراهیم باس دەکات، پۆڵس ئاماژە بە ئیبراهیم دەدات، کە وەک "باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە" دەبێت دابنرێت (Romans 4:11).
ئینجیلی مەتا بە رەچەڵەکی عیسا دەست پێدەکات کە ڕەچەڵەکی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ئیبراهیم (Matthew 1:1–17).

ئیسلام:

لە قورئاندا زیاتر لە 60 جار باسی ئیبراهیم کراوە، ناوی وەک پێغەمبەر و خودای تاقانەپەرستێک ناوی دەهێنرێت، ئیبراهیم ملکەچی خودا بووە (بۆ نموونە، سورەتی البقرة 2:124–141، سورەتی ابراهیم 14:35–41).
هەروەها ئیبراهیم بە "حەنیف" (یەکتاپەرستی پاک) و باپیرەیەکی ڕۆحی موسڵمانان ناوی هاتووە (قورئان 3:67).
2. تەوەری ئیلاهیاتی هاوبەش
یەکتاپەرستی: هەر سێ ئایینەکە جەخت لەسەر باوەڕبوون بە یەک خودا دەکەنەوە و ئیبراهیم وەک مۆدێلی ئیمان دەناسێنن.
لە Testamentدا نووسراوە کە بیرۆکەی پەیمانی نێوان خودا و ئیبراهیم لە هەر سێ ئاینەکەدا وەک یەکن. ئەویش بنەما ئەخلاقییەکانی ئاینە: زۆرێک لە فێرکارە ئەخلاقییەکانی ناو ئاین، لەسەر ئەو نەریتانە دامەزراون کە پەیوەندییان بە ئیبراهیمەوە هەیە.
3. بەکارهێنانی مێژوویی زاراوەی "ئیبراهیمی".
زانایانی ئاینی لە سەردەمی نوێدا بەردەوام جەخت لەسەر ئەمە دەکەنەوە و ئاماژەیان بەوە داوە، کە ئەم سێ ئاینە وەکو ئاینی "ئیبراهیمی"بەیەکترەوە بەستراونەتەوە.
لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی و گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و توێژینەوە ئاینییەکاندا هەر سێ ئاینە ئیبراهیمییەکە بەکاردێت. بۆ نموونە:
لە کتێبی منداڵانی ئیبراهیم کە لە ساڵی (1982)دا ، بڵاوکراوەتەوە، ئەو زانا ئاینییە بەناوبانگەی ڤاتیکان بە ناوی F.E. Peters لە ڕەگ و ڕیشەی هاوبەشی نێوان ئەم سێ باوەڕە کۆڵیوەتەوە.
بەڵگەنامەی دووەمی ئەنجومەنی ڤاتیکان (1965) ددان بەو بەشە ڕۆحانییەی نێوان ئەو سێ ئاینەدا دەنێت، کە چۆن هەموویان هابەشن لەمەشدا بە ڕوونی ئاماژەی بە ئیبراهیم داوە.
4. نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ئاینیەکان لەگەڵ زۆرێک لە رابەرە ئاینییەکان دەستەواژەی "ئایینەکانی ئیبراهیمی" بەکاردەهێنن، ئەویش بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ و بنیاتنانی ئاشتی نێوان جوەکان و مەسیحیی و موسڵمانەکان.

بە کورتی:

ناولێنانی "ئایینەکانی ئیبراهیمی" لەسەر بنەمای کتێبی پیرۆز و ئیلاهیات، هەروەها سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە، لە هەردوو دەقی ئایینی و زانستی مۆدێرنیشدا ددانی پێدانراوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست