<

ماكيافيلي لە دونیای ئەمڕۆ و دوێنێدا (بەشی سێەم)

19/05/2025, 19:18 (GMT+1)
میکاڤیلی پێ وایە، کە  ژیان بەوشێوە ئاسان نییە ئەوەی بیری لێدەکەیتەوە، بۆیە بیرۆکەی ئەوەی کە خێر سەرکەوتوو دەبێت، تەنیا لە فلیم و خەیاڵدا هەیە و لە ژیانی واقیعدا نییە، کە ئەمە مرۆڤ تووشی بێ هیوا بوون دەکات. ئێمە لەگەڵ ئەوەدا گەورە دەبین، کە ئەوەی چاکە بکات، چاکە و باشی دێتە ڕێگە و ئەوانەی خراپن هەر خراپەیان بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەکەی ڕاستە، بۆیە دەڵێت، وا پێ دەچێت کە یاسایەکی شاراوە هەبێت، کە ئەوانەی بەدڕەوشتن ئەوان سەرکەوتوو دەبن و دەگەنە دەسەڵات. 
میکاڤیلی بەدڕەوشت،  شەرانگیز و خراپەکار نەبووە، بەڵام واقیعێکی دیاریکراوی لێکداوەتەوە، کە پەنجە درێژ کردن بۆی، مایەی خۆشحاڵی کۆمەڵگە و دەسەڵاتداران و دارودەستەیان نەبووە.  ئەو پێ وایە کە ئەو کەسانەی کە پابەند بوونیان  بە ڕەوشت لا گرنگ نەبووە، توانیویانە بە پەلە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن و بڕیار بدەن، بەڵام ئەوانەی پابەندن بە ڕەوشت و بەها بەرزەکان، تووشی کێشە دەبەن لەگەل بیرکردنەوە و ویژدان و خوڕەوشتیان، بۆیە ناتوانن سنووری ڕەوشت ببەزێنن، هەست بە نارەحەتی ویژدان دەکەن و ناتوانن خەڵک ئازار بدەن، لەو مەنتقەوە ناتوانن بە پەلە مامەڵە و هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ کارەکان و قۆزتنەوەی هەلەکان،  بۆیە ئەوانی دی بەبێ ترس و سڵمێنەوە لە ئازاری ویژدان، هەنگاوەکان بە پەلە دەهاوێژن. بۆ ئەو جۆرە کەسانە دنیا وەک یاری شترەنج وایە، هەموو جوڵانەوەیەک هەلێکە بۆ چوونە پێشەوە. ئەو جۆرە تێڕوانینە لە ڕووداوەکان، ئەوە تەفسیر دەکات، کە ئەوەی لە داینامیکی ئادەمیزاد و سیاسەتی هێزدا هەیە، پێمان خۆش بێت یان نا، ئەوەیە کە هەیە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوە دەبێت، کە  ئایا ئەو باجەی دەیدەی بۆ ئەو مەبەستە، ئەوە دەهێنێت کە ئەوەی بۆ بکەیت؟ ئەلغایە تببرر ئەلوەسیلە، واتە سەرکەوتن بەدەست هێنان، ئەمە بەستنەوەی دوو ئامرازە بەیەکدی کە ئەویش هێز و هەلە. 
میکاڤێل پێ وایە، کە گەورەی ئەمیر لەوەدایە کە بەوە بناسرێت کە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدا و کەسایەتی خۆی دەپارێزێت، ناترسێت لە بڕیاردان لە هێرشی سەربازی، بیری داهاتوو دەکات، لە هەڕەشەکان ناترسێت بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت دەسەڵاتی لە وڵاتەکەدا بپارێزێت، بۆیە مەرج نییە لەنێو کۆمەڵگەدا بە کابرایەکی ڕەوشتبەرز بناسرێت، بەڵکو دەبێت بەوە بناسرێت کە سەرکەوتوو دەبێت و کەس دەرەقەتی نایەت، ئەم جۆرە لێکدانەوەیە بۆ ڕێبەری کۆمەڵگەی سەدەی پازدە بووە، بەڵام لە دنیای ئەمڕۆشدا ئەو جۆرە تێڕوانینە لەلایەن گەلێک لە سەڕۆکەکانی دنیادا پەیڕەو دەکرێت.    
میکاڤێل پێ وایە، کە ئەو مرۆڤەی سۆز لای بەهێزە، بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدات، بەڵام ئەوانەی کە سۆز بەسەریاندا زاڵ نییە، بە مێشکێکی ساردتر و دەقیقتر  مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکەن. ئەو ئامرازانەی بەکاری دەهێنن، مەرج نییە بۆ ڕزگار کردنی گیانی خەڵک بێت، بەڵکو بەکارهێنانیانە بۆ گەیشتن بە بەرژوەندییە تایبەتیەکان. ئەو جۆرە کەسانە بەبێ ترس لە ئازاری ویژدان، توانای ئەوەیان هەیە، کە کۆنتڕۆڵی سۆز و عاتیفەی خۆیان بکەن بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی دیاری کراو و هەموو بەدڕەوشتێک بکەن بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا. ئەم جۆرە لێکدانەوەیەی میکاڤێل بۆ حاکمان و دەسەڵاتدارانی دەورانی خۆی بووە، واتە باسەکە هەڵقوڵاوی جۆری بەڕیوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی بووە نەک باسی چیرۆکێکی خەیاڵی. 
مێژوو و ئەزموونی ژیانی مرۆڤایەتی پێمان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی بۆ پاراستنی دەسەڵات دەبێت هەموو شتێک بکەیت، بەڵام دەبێت ئەوە تێبگەیت کە لە ئەنجامدا و لەهەمان کاتداڕقوکین لەنێو میللەتاندا گەیشتۆتە لووتکە و بەهێزترین دەسەڵاتی دڕماندووە و کۆتایی هەموویان نەمان بووە، بەڵام ئەوانەی دوای ئەوانیش لە کورسی دەسەڵات دانیشتوون، هەمان مامەڵەیان لەگەڵ خەڵک و ڕووداوەکان کردووە، بۆیە هەموویان هەمان چارەنووسی دەسەڵاتدارانی پێش خۆیان هەبووە، کەواتە دەردەکەوێت کە، مرۆڤ لە دژایەتی یەکدی کردندا هەمیشە لە بازنەیەکی داخراودا خولابێتەوە.  لە کۆتاییدا  جگە لە هەر فشارێکی مرۆڤ بۆ سەر مرۆڤ بۆ داماڵینی دەسەڵاتی یەکدی، هەڕەشەیەکی دی هەیە کە هیچ هێزێک دەرەقەتی نایەت، ئەویش یاسای سروشتە، واتە دنیا هەتا هەتایی بۆ کەس نامێنێت، بەهێزترین دەسەڵاتدار لەنێو جێگەی خۆیدا دەورەدراو بە پاساوانێکی زۆر و تەقەمەنی ئەوجا لە شرینی خەودا، هەڵناسێتەوە و دەمرێت.  
ژیانی بەبێ سۆز، تەنیا تەرکیز دەکاتە سەر دەسەڵات و هێز، کە بێ گومان باجەکەی مەزنە وەک نەبوونی پەیوەندیی ڕاستگۆیانە، ئاشتی ناوەخۆی دەروون، هەست کردن بە بوونی هیوا لە ژیاندا. هەر سەرکەوتنێک لەسەر بیناغەی درۆ و هەڵخەڵەتاندندا بەدەست هاتبێت، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت بەردەوام بووە و دەبێت، لە کۆتایدا کەسەکە لە بۆشایی بەجێدەهێڵێت، کە توانای پڕکردنەوەی نابێت، ئەو سەرکەوتنانەی کە پڕ بایەخ بوون و بە چەپڵەڕێزانە پێشوازی لێ دەکران، دەبن بە بارێکی گران لەسەر شانی کەسەکە. ژیان تەنیا دەبێت بە هەوڵدان بۆ پارێزگاری کردن لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ کردن، دیار نییە کە تاکەی ئەو کەسانە دەتوانن، ئەو ئەرکە هەڵگرن، لە کۆسپ و تەگەرەی دی لە ژیاندا خۆیان دەرباز بکەن.  هەر هێزێک کە لەسەر بنەمای ترس، تۆقاندن هەڵخەڵەتاندن بێت، تەنیا تەڵەیەکی هەڕەشەیە، ئەو سەرکەوتنەی بەم شێوەیە دێتە کایەوە ڕووخانی مسۆگەرە. گرنگە ڕاگرتنی سەنگی هاوکێشە لەبەستنی پەیوەندیەک، کە لەسەر بیناغەی متمانە بوون، هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنێک، کە مسۆگەری ئاشتی ناوەخۆ لەبری فەوزا لە دەرووندا فەراهەم دەکات. 
ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا تەنیا یاری بەکەسانی دی دەکەن، بەدڵنیاییەوە دەرک بەوە دەکەن، لە بیناغەی یاریەکە تێدەگەن، چونکە خۆیان دایانهێناوە و دەزانن کە لەناخ و دەروونی کەسانی دیکە چی دەگوزەرێت، بۆیە مەعلانن کە چۆن بە هەستەکانیان یاری بکەن، بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانیان، بەڵام لەگەڵ کاتدا، ئەو جۆرە بەهرەیە تێیانددا دوژمنێکی ئێجگار زۆریان بۆ دروست دەکات، کە لە کۆتایدا تووشی ناتەبایی دەروونی دەبن بێگومان ترس، گومان، هەست کردن بە بۆشایی لە ژیاندا دەبێتە هاوڕێی بەردەوامیان. 
میکاڤیلی کابرایەکی شەڕانگیز نەبووە، بەڵکو لێکدانەوەی بۆ واقیعی دنیای سیاسەت و غریزەکانی تاک بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی کردووە، باسی سەردەمێک دەکات، کە ئیتالیا وەک ئەمڕۆ یەکگرتوو نەبوو، فلۆرەنسا، نابۆلی، میلانۆ هەرێمی بابۆلیە و بوندقیە، ناکۆکی لەنێوان هەرێم و شارەکاندا هەبوو. ململانێ، دووبەرەکی و ملشکاندنی یەکدی لەنێو دەستڕۆیشتوو، سیاسیەکان و دەوڵەمندەکانی شارەکاندا هەبوو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی شار و هەرێمەکان. بەهۆی هەژاری و نەداری زۆرینەی سادەی ئەو سەردەمە، دەوڵەمەندەکان هەوڵیاندەدا بە پارە دارودەستەیەک لە خۆفڕۆش و جاش پێکبهێنن، بیانکەن بە قەڵغان بۆ پاراستنی ژیان و کورسی خۆیان.  واتە ئەو لە تەمەنی ٢٠ساڵیەوە شایەد حاڵی واقیعێکی لەو جۆرە بوو، ئەو ناکۆکی و دووبەرەکیی و ملشکاندنی یەکدیە و ئەو واقیعەی کردۆتە قوتابخانەیەک بۆ شێکردنەوەی نەفسی تاک و دەسەڵاتدار. 
لە سەدەی پانزەدا میکاڤیلی باسی، زمانی جەستەی کردووە، پێ وابووە کە لە ڕێگەی وشەوە ناتوانیت لە تاک بگەیت، لەبەرئەوەی هەمیشە تاک ڕاستیەکان ناڵێت، بۆیە زۆر بە وردی باسی زمانی جەستە دەکات، کە هەر جوڵانەوەیەک دربڕینە بۆ شتێک کە تاک نایەوێت بیدرکێنێت واتە ئەمڕۆ ئاسا دڕۆ کردن باو بووە. ئەو پێ وابووە تێگەیشتن لە تاک، کارئاسانی دەکات بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی، تاک لە کۆمەڵگەدا بە مەنتقی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان، پێویستیەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان و سەڕۆکەکانیان دەکەن، نەک لە مەنتقی بەرژەوەندیی گشتی، ئەم واقیعە ئەوەمان دەهێنێتە یاد، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ٣٥٠هەزار جاش لە باشووری کوردستان هەبوو، جگە لە هەزاران کەس لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ کە بۆ دەزگەی هەواڵگری بەعس کاریان دەکرد. 
گۆڕەپانی ژیان گۆڕەپانی پەپولەکان نییە، ئەوەندەی گۆڕەپانی ئاژەڵە دڕندەکانە، لەبەرئەوەی لەو گۆڕەپانەدا دڵ پاکی ڕۆحی لەخۆبوردووی،  یارمەتی لەلایەن کەسە باشەکانەوە، لەژێر حوکم و دەسەڵاتی ئاژەڵە درندەکان دەبێت، کە لە یاریەکەدا تێیددا هەمیشە ئەوان دۆڕاو دەبن و دڕندەکان بەرهەمی ماندوو بووونیان دەخۆن.  لە ژیاندا هەمیشە دەبێت شمشێرێکت بەدەستەوە بێت، بەڕاست و چەپدا بیهاوژیت بۆ ئەوەی خۆت و بڕوا و بۆچوونەکانتی پێ بپارێزیت، واتە دەبێت لە جەنگێکی بەردەوامدا بیت، کە بێ گومان، ئەوەش بێ هودە ماندووت دەکات.
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت، کە سروشتی تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارانی ئەو سەدەیەش، هێندە جیاوازیان نەبێت لەگەڵ سەدەی پانزەدا، کە میکاڤیلی کردویەتی بە کێڵگەی چاندنی بیروبۆچوون و دوورینەوەی خەرمانەی فەلسەفەکەی.  لەو سەدەیە و  لە دنیای ئێمەدا، ئاسمان و زەویی و ئوقیانووسەکان، تەنیون بەهێزی سەربازیی و بۆمبی بەکۆمەڵکوژ، واتە جەنگی ئەتۆمی هەمیشە هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤایەتییدا دەکات، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە لە هاوکێشەی هێزدا براوەن، ببن بە ڕێبەری مرۆڤی سەرگۆی زەوی، بە هەرچی بیروباوەڕێک کە خۆیان پێیان خۆشە بیسەپێنن، کۆمەڵگەی پێ پیادە بکەن، واتە هێزی چەکداری و سوپای زەبەلاح مەرجەکانی سەر مێزی گفتوگۆ بەدەست دەهێنێت و براوە دەبێت. 

کۆتایی

سەرچاوەکان:

The Prince, Niccolo Machiavelli
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست