(پەکەکە) لە دروستبوونیەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی سێیەم)
22/06/2025, 14:18 (GMT+1)

دامەزراندنی رێکخراوەیەکی سیاسی، هەڵبژاردەیەک نییە، کە هەر دەستە و تاقمێک لە خۆیەوە بێت فووی پێدا بکات و رێکخراوێک بۆ خۆی رابگەیەنێت، وەکو ئەوەی، کە لە باشووردا ئیستا بۆتە دیاردە و ساڵانە بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا چەندین پارت و رێکخراو دروست دەبن، دوای ماوەیەکیش لار دەبنەوە و نامێنن. دامەزراندنی رێکخراوەیەکی سیاسی وەڵامدانەوەیەکی سروشتییە کە لە قۆناغەکانی تێپەڕبوونی کۆمەڵگادا و لە سەرەنجامی گۆڕانکاری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی.
بە کورتی ئەمە پێناسەی دروستبوونی رێکخراو و پارتی سیاسییە، کە لە سەروو هەموویانە بۆ ئێمەی کوردی ژێردەستە ئەو ئەرکە گرنگە قورسەش دەبێت بگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەویش داخوازیی و خواستی نەتەوەیە لە رزگاریی و ئازادیی، کە نیشانەی دەربڕینی هۆشیاری نەتەوەییە. ئەوانەی کە هەوڵ دەدەن پڕۆژەیەکی جیاواز بۆ واقعی پێویست پێشکەش بکەن و ببنە نوێنەری چینە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکان و بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن، کە سیستەمی ئەو وڵاتە لێی زەوت کردوون، دەبێت بۆ ئێمە کورد لە هەمانکاتدا جگە لەوە بەرگریکردنیش بێت لە خاک و ناسنامەی نەتەوە .
لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ باکور، باس لەو سەردەمە دەکەین، کە پارتی کرێکارانی کوردستانی تێیدا دروست بوو، باس لە نەتەوەیەک دەکەین کە دەسەڵاتی داگیرکەری تورک بەسەر کوردی باکوریدا سەپاندوویەتی و لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورددایە، پێویستی بە رێکخراوێکی سیاسییە، بە ئاڕاستەی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی تورک بێت، کە دەیەوێت نەتەوەیەک لە خاک و لەسەر نەخشە بسڕێتەوە.
لەبەر ئەوەی باسەکەمان پەیوەستە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لێرەوە دەبێت بیر لەناوێکی گونجاو بکرایەتەوە، پڕاوپڕ هەڵبژاردەی ئەو واقعە بوایە، کە کۆمەڵگای کوردی لە باکور پێویستی پێی بوو، نەک تەنها بۆ ئەوەی نیشانە و درۆشمێک بێت و لە خۆیدا واتایەک هەڵبگرێت کە لەگەڵ شوێن و پرسە نەتەوەییەکاندا نەگونجێت. ناونانی پارتێکی کورد لە نیشتیمانێکی داگیرکراو و رژێمێکی راسیستی وەکو تورک، هەرگیز ناوی (پارتی کرێکارانی کوردستان)، ڕەنگدانەوەی واقعی نەتەوەیی و سیاسی و ئابووری کوردستان و ئەو بەشە داگیرکراوە نابێت، بەڵکو لە هەموو قۆناغەکاندا، دوور بووە لە دەربڕینی ناسنامەی کورد، هەرچەندە ئەوانەی شوێن ئەو پارتە کەوتن، یان چەکیان بۆ هەڵگرت و لە ژێر ئاڵاکەیدا خەباتیان دەکرد، جیاوازیان زۆر بووە لە عەقڵی ئەوانەی کە رابەرایەتییان دەکرد، بەرنامەی سەرکردەکانیان دوور بوو لە عەقڵی گەریلایەک، کە ئەمان خۆیان بە کوشت دەدا، رابەرەکانیش لە لێدوان و قسەکانیاندا پێچەوانەکەیان پیادە دەکرد، دەیانخواست، پارتەکەیان لە داخوازییەکی بچوکدا بمێنێتەوە و لەوە گەورەتر داوا نەکات کە شایستەیەتی، ئەویش کێشەی ناسنامەی کوردبوونە لە تورکیا، نەک بچیتە ناو گیرفانی بەتاڵی کرێکارێک و پارتێکی بۆ دروست بکەیت، کە لە راستییدا کێشەی کورد تەنیا کێشەی کرێکارەکانی نییە، بەڵکو کێشەی نەتەوەیەکی ژێردەستەیە، پێویستی بە پارتێکی سیاسیییە، نەک بە پارتێک بۆ چینێکی تایبەت بە کۆمەڵگا. کورد لە باکور و لەو سەردەمەدا پێویستی بە پارتێک بوو، کە بە راستی خەباتی بۆ ئامانجی باڵای نەتەوەیی بکردایە، نەک هەر رۆژەی لێدوان و قسە و پەیامێک بدات، تەنانەت پێچەوانەی بەرنامە و پرۆگرامی پارتەکەی خۆشیان بێت. دەبوو بەردەوام پێداگرییان لە سەر داخوازی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت بکردایە، ئەویش وەک بەرپەرچدانەوە و کاردانەوەیەک بۆ دەوڵەتی رەگەزپەرستی تورک، کە تا ئەمڕۆش کورد وەکو نەتەوە، وەک مرۆڤ ناناسێت. دامەزراندنی پارتێکی کوردی کارا لە ناو تورکیادا دەبوو هەنگاوێک بێت بۆ پڕۆژەیەکی گەورەتر، پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ! ئەمە جگە لەوەی ئەرکێکی مێژووییە، لە هەمانکاتدا ئەرکێکی ئەخلاقیشە، کە ئەوانەی دەستیان دایە ئەو کارە و بڕیاری خەباتی سیاسییان دا، دەبوو خاوەنی ئەخلاقێکی سیاسیی بەرز بن، نەک لەگەڵ سەردەمدا هەڵویست و ئایدۆلۆژیای خۆیان بگۆڕن و لەگەڵ خواستی داگیرکەری تورکدا ژیان و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بپارێزن و بیگونجێنن.
گرنگی رێکخراوی سیاسیی تەنها بە ژمارەی ئەندامەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای خوێندنەوەی واقع و شیکردنەوەی جیاوازییەکان و خاوەنداریی بینینێکی ستراتیژی تەواو ، کە بە کردار هەوڵی پراکتیزەکردنی بەرنامەی کارەکانی بدات.
کورد لەو بەشەی تورکیا، لە سەرو چل ملیۆن مەزندە دەکرێت، بەبێ ئەوەی دەوڵەتی تورک بە فەرمی بوونیان وەک نەتەوەیەکی جیاواز پێناسە بکات، کورد خاوەنی زمان، کەلتوور و مێژووی تایبەت بە خۆیەتی. ئەم نکۆڵییەی تورک تەنها لە گفتووگۆی سیاسیدا نەوەستاوە، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ کرداری نامرۆڤانە، کە ئامانجیان تواندنەوەی ناسنامەی کوردییە لە ناو قاڵب و سیاسەتی رەگەزپەرستانەی ئاسمیلەکردندا، کە لەسەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئەمڕۆ پیادەدەکرێت. لە تورکیا تاک بە تاکی تورک بە جۆرێک پەروەردە کراون بەدەگمەن تورکێک دەبینیت، وەکو مرۆڤ سەیری کورد بکات، پەیام و راسپاردە و نامەکانی ئۆجەلان بە پێچەوانەی خواستی سروشتی کوردەوەیە، دەیەوێت کورد لەگەڵ تورکدا وەک برا خۆی بگونجێنێت، بە بیانوی نەمانی (دەوڵەت نەتەوە)، واتا کورد لە ناو دەوڵەتی تورکدا خۆی بکاتە تورک و پارێزگاری لەو دیموکراتیی و سەربەخۆییەی دەوڵەتی تورکان بکات، خۆی لەناو گۆمەڵگای راسیست و رەگەزپەرستی تورکیدا بگونجێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە، کە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تورکیادا ڕێگا بە کورد نادات ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات. بە پراکتیک ئۆجەلان داوا دەکات کورد واز لە ناسنامەی کوردبوونی خۆی بهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە، کە هیچ حزبێکی کوردی لە تورکیا ئەگەر رێگای پێ بدرێت، ناتوانێت گۆڕان لە ناو تورکیادا بکات، گۆڕانکاریی بەیوەستە بە چوارچێوەی سیاسی و دەستووری دەوڵەتی تورکەوە، کە - تا ئێستا - نە کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز، نە زمانەکەی وەک زمانێکی فەرمی ددانی پێدانەنراوە، هەروەها لە هەوڵی سڕینەوەی مێژووەکەیدایە، بەتەواویی کورد وەکو مرۆڤ و وەکو نەتەوە فەرامۆش کراوە، تورک نایەوێت کورد وەکو نەتەوەی رەسەنی ناوچەکە بناسرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، سیستمی سیاسی تورکم کە سیستەمی لادانە لەو هەموو راستییە مێژووییانە. لای ئەوان تەنیا تورک بوونی هەیە، نەک کورد و هیچ نەتەوەیەکی دیکە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





