(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی چوارەم)
01/07/2025, 14:54 (GMT+1)

کێشەی کورد تەنیا کێشەی چینایەتی نییە
پارتێک بە ناوی (پارتی کرێکاران)ــەوە، بەتایبەتی، کە دروست دەبێت، کۆمەڵێک بیرکردنەوە و سەرنجمان لا دروست دەکات، کە بەپێی تێگەیشتنی کلاسیکیی کارل مارکس، ئەو پارتە کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا دەکات ئەویش چینی کرێکارە.
زۆر جار لە ناو وڵاتە دیموکراتیی و سەرمایەدارەکانیشدا (پارتی کرێکاران) بەو مەبەستە دروست دەبن، کە لەگەڵ سروشتی کاری سیاسیی خۆیاندا وەک سەندیکایەک ئەرکی خۆیان دەبینن. پارتی کرێکاران ئاسانکاری دەکات بۆ داموودەزگانی سیستەمی بەڕێوەبردن، هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ باشکردنی ئاستی ژیانی کرێکاران و کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانییان دەکەن ، وەک کەمکردنەوەی کاتی کارکردن و زیادکردنی موچە و خانەنشینی، لە نمونەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، پارتی کرێکارانی نەرویج ، پارتی کرێکارانی بەرازیل، پارتی کرێکارانی ئوسترالیا ، ...هتد.
بەپێی فەلسفە و تێگەیشتنی کارل مارکس، گەورەترین دوژمنی (پارتی کرێکاران) ئەو دەسەڵاتە حکومییەیە، کە پشتگیری لە سەرمایەداران دەکات، بەتایبەتی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم بیرکردنەوەیە لە ناو رەهەندی مارکس و ئەنجلزدا هاتووە، کە هێڵێکی ئاشکرای لە نێوان هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگادا کێشاوە و کرێکاری لە هەموو چینەکانی دیکە جیاکردۆتەوە، ئەم چینەش بە (چینی پڕۆلیتاری) ناوی هێناوە.
کاتێک باسی کرێکاریش دەکرێت، مەبەست لە بوونی کرێکارە، لەو ناوچانەی، کە کارگە و جموجۆڵ و چالاکی بەرهەمهێنانی تێدایە، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار کاری تێدا دەکەن. ئەو کارگانە لەلایەن کۆمەڵێک پارەدار و دەوڵەمەندەوە خاوەنداری دەکرێن، کە بە (سەرمایەداران) ناسراون، ئەم سەرمایەدارانە، دەیانەوێت بە پارەیەکی کەم و کاتێکی زۆر کرێکارەکان ئیشیان بۆ بکەن و بەرهەمێکی زۆر بەدەستبهێنن، تا قازانجی زیاتر بکەن.
پارتێکی کرێکاری بەو ئامانجە دروست دەبێت. کە کاتێک دەبینێت سەرمایەداران دەسەڵاتی رەهایان هەیە و کرێکاران دەچەوسێننەوە، بە پێی تیورییەکەی مارکس و ئینگلز ئەگەر خاوەن کارگەکان نەچنە ژێر بار و ژیانی کرێکاران خۆش و ئاسان نەکەن، سیستەمی ئەو وڵاتەش بەرگری لە مافی کرێکاران نەکات و پشتی سەرمایەداران بگرێت، ئەوا کودەتا و شۆڕش دەبێتە ئەرک، ئامانج و خەباتی ئەو پارتە بۆ روخاندن و گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە دەبێت، لە نمونەی سوڤیەت و زۆر وڵاتی دیکە. هەروەها مێژووی ئەو سەد ساڵەی رابردوو، ئەوەشی سەلماندووە، کە لە هەندێک وڵاتدا جگە لەوەی بۆ بەرژەوەندی چینی کرێکاران دروست بوون، وەکو چین، کۆریای باکور، ڤیتنام، کوبا ... هتد، بەڵام سەرەتا ئەرکی دیکەیان لە پێشتر بووە، ئەویش رزگاری و سەربەخۆیی نیشتیمانەکەیان، بۆیە سەرەتا هەوڵیان بۆ رزگاری نیشتیمانەکەیان داوە، ئەوسا کاریان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کرێکاران کردووە.
لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ باسەکەی خۆمان، بەراوردکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکەین، کە پارتیی کرێکارانی تێدایە و دەمانەوێت باسی پارتی کرێکارانی کوردستانێکی چوارپارچە و ژێردەستەی تورک و عەرەب و فارس بکەین، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند هاوشیوەی پارتێکی کرێکارانی وڵاتانی دیکە سەرکەوتوو بووە. لێکچوون و جیاوازییەکانیان لەگەڵ کورددا چیین؟ ئەمە لە کاتێکدا تورک و عەرەب و فارس (تا رادەیەک جگە لە عێراق) نەیانهێشتووە کارگەیەک لە کوردستاندا دابنرێت و جموجۆڵییەکی بازرگانیی و بەرهەمهێنان بوونی هەبێت، سیاسەتەکەیان ئەوە بووە، کورد ناچار بکەن واز لە ماڵ و خاک و زیدی خۆی بهێنێت روو لە پایتەخت و شارە گەورەکانی داگیرکەران بکات، کارێک بدۆزێتەوە و ببێتە دانیشتووی ئەو شارە، بەمەش ئەو کرێکارە واز لە ناسنامە، زمان و کەلتور و هەموو شتێکی دیکەی خۆی بهێنێت.
کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هاوڕێکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان دروست کرد، ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان بووە جێگای دڵخۆشی، زیاتر ناوی کوردستانەکەی بوو، بەمە ئەو پارتە سەلماندی، کە لە بەشێکی نیشتیمانی کورددا، پارتێک بە ناسنامەی کوردستانییەوە دروست بووە، دەبێت پاڵپشتی بکرێت، بەلایانەوە گرنگ نەبوو، ئەو پارتە کوردییە هەر ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی راست یان چەپی هەڵگرتبێت، گرنگ بوونی ئەو پارتە کوردییە بووە، کە دژی دەوڵەتی تورک، بەرگری لە ناسنامەی کوردبوونمان دەکات، بۆیە تا ئەمڕۆش نابێت ئێمە هێڵێکی راست و چەپ بەسەر هەموو مێژووەکەیدا بهێنین هەرچەندە ئۆجەلان و هاوڕێکانی ئەگەر ئامانج و مەبەستێکی دیکەشیان هەبووبێت، چاوپۆشی لە کەموکوری و لە هەموو شتێک کراوە، گرنگ دروستبوونی پارتێکی کوردیی بووە، کە ناوی کوردستانی هەڵگرتووە، ئەمە تا ئەمڕۆ نەک تەنیا رێز ی لێگیراوە، بەڵکو پشتگیریشی لێکراوە، بەڵام لەو رۆژەوەی ئۆجەلان پەیامی ئەوەی بە گوێماندا دا و دوژمنەکەی کردە برای کورد، داوای کرد کورد دەبێت تورکی لە خۆی خۆشتر بوێت، دیسان داوای کرد، گەریلاکانی قەندیل چەک دابنێن و پارتەکەیان هەڵبوەشێننەوە، ئیدی لێرەوە لاپەرەیەکی نوێ لەسەر مێژوویەکی چاوەڕوان نەکراو دەنووسرێتەوە، هەموو تێیدا تاوانبار دەبین، ئەگەر دەنگ نەکەین، یان پشیگیری بکەین. من زووتر و لە زۆر بۆنەدا یەکێک بووم لەوانەی خۆم لە هەموو رەخنەیەک لە پەکەکە بەدوور گرتووە، تا ئیستاش بڕوام وابووە، هەر رەخنەیەک ئەگەر لەوان بگیرێت دەچیتە سەنگەری دوژمنانی کوردەوە، پەکەکە و رێبەرەکەی هەڵەی زۆریان هەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نابێت ئێمە هەرچی مێژووەکەیەتی لە جوانییەکان بسڕینەوە، بەتایبەتی رۆڵی ژن و خەباتی ئەو چکدارانەی، کە گیانی خۆیان بە قوربانی خاک و نیشتیمانی کورد کردووە. هەر وەکو چۆن لەسەر پارتەکانی باشووریش بڕوام وابووە، کە پێویستە ئێمە پێشمەرگە و شەهید و قوربانییەکانی دەستی ئەو پارتانە لە بنەماڵە خائینەکانی کورد و بەرپرسەکان جیابکەینەوە، بۆ پەکەکەش هەمان بڕوام هەیە، کاتێک رەخنە لە ئایدۆلۆژیا و هەڵەی ئۆجەلان و سەرکردایەتییەکەی دەگیرێت، دەبێت گەریلا و شەڕڤانان بخرێنە دەرەوەی ئەو رەخنانە، هەرچیی رەخنەیەک بۆ لەمەودواش دەگیرێت، بۆ خۆشم هەر وشە و دێڕ و رستەیەک لە رەخنەکانم دەخەمە خوار ئاستی رۆژێک لە ژیان و خەباتی شەڕەڤان و گەریلا و ئەو ژنە چەکدارانەی کورد، بۆیە دەمی رەخنەم رووی لەوان نییە، هەر ئەمەشە وای کردووە، کە زۆر دەستم دانەگرم، ئەوان بە هەموو مانایەک! جوانیی باڵایان لە باڵای هەموو سەرکردەکانی کورد بەرزترە، بەتایبەتی لەوانەی کە خیانەتیان لە گەل و لە نیشتمان کردووە. (لە نمونەی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و هەموو سەرکردە و بەرپرسە خۆفرۆشەکانی کورد.)..
کەسایەتی کاریزما:
کاتێک ئاوڕ لە مێژووی پەکەکە دەدەینەوە، مێژووەکەی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە بە داخەوە کوێرانە و بێ لێکدانەوە، رێبەرەکەیان هەرچییەکی وتبێت، قسەکانی زۆر بە پیرۆز هەڵسەنگێنراوە و بەبێ بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە خستوویانەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاریان لەسەر کردووە. هەر وەکو هەڤاڵ جومعە لە کتێبی (مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان)دا بە دوور و درێژی بەشێکیمان بۆ دەگێڕێتەوە.
ئۆجەلان زیاتر لە کەسایەتیی کاریزمایی (ناز)ی پێدراوە، گەیەندراوەتە ئاستی سەرو لە پێغەمبەر بوون. وەک بت دەپەرسترێت.
کەسایەتی کاریزمایی دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی زۆر ئاڵۆزە، لە مێژووی مرۆڤایەتییدا بۆتە بەشێک لە کەلتور و دووبارە و دەبارە بۆتەوە. کەسایەتی کاریزمایی دیاردەیەک نییە، کە تەنیا تایبەت بێت بە کورد. کاتێک سەرۆک و سەرکردە هەڵەش دەکەن، خەڵکەکە هێندە بڕوایان پێیانە، هەڵەکانیشیان بە راستیی و بە دروستیی وەردەگرن، بەو رێگایەدا دەڕۆن کە ئەو بۆیان دیاریی کردوون، ئەگەر بشزانن دەکەون و ملیشیان دەشکێت، هەر دەیکەن، چونکە ئەوانە بڕیاریان داوە، تێنەگەن، کاریشیان بە تێگەیشتنەوە نییە، جگە لە قسەی سەرکردە نایانەوێت قسەی پێچەوانە ببیستن. هەڵەی سەرکردەکان بە راست دەزانن، دەڵێن ناواخنی وشەکان کۆدی نهێنی تێدایە، جارێ کەس لێی تێناگات. کەسایەتیی کاریزما بۆ ئەمانە هیمایەکە بۆ هیوا و بۆ رزگاریی، ئەو هیمایە بۆ بەرجەستەکردنی بەها و ئاواتەکانی خۆیان تێی دەڕوانن، کەسایەتی کاریزما وەک ئاوێنەیەک دێتە بەرچاویان، خۆیانی بە گەورەیی تێدا دەبینن، کاتێک تۆ رەخنەیەک لە کەسایەتییە کاریزماکانی ئەوان دەگریت، ئەوان وا تێدەگەن، تۆ سوکایەتی بە خۆشیان دەکەیت، ئاواتەخوازن سەرت لێبکەنەوە، چونکە رەخنەگرتن لە سەرکردە، وەک رەخنەگرتن وایە لە خوودی خۆیان، کاتێک ئۆجەلان داوا دەکات، پێیان دەڵێت: چەکەکانتان دابنێن!!! ئیتر ئەمە بەسە بۆ ئەوان. مێشک و عەقڵیان جام ببێت، بیرکردنەوە و بڕیاری خۆیان لەدەست دەدەن، وای بۆ دەچن، کە قسەی سەرکردەکەیان زۆر بەرزترە لە ئاستی عەقڵ و تێگەیشتنی خۆیان، یەکسەر جێبەجێی دەکەن، ئەگەر دوای ماوەیەکی کورت هەر هەمان سەرکردە پێچەوانەکەی داوا بکات، کە بیکەن، دیسان ئەمانە بە قسەی دەکەنەوە. ئەم جۆرە کەسایەتییانە: مەڕئاسا تەنیا ئەوەیان لەسەرە گوێبگرن و فەرمانەکان جێبەجێ بکەن، خۆیان پێویستیان بە بیرکردنەوە نییە، چونکە سەرکردەی کاریزما پێشتر بیری بۆ کردوونەتەوە. ئەو کۆمەڵگایەی بە بێ مەرج کەسایەتیی کاریزما دروست دەکات و بڕوایان بە خۆیان و بیرکردنەوە و عەقڵی خۆیان نییە، هەمیشە سەری خۆیان بۆ هەموو فەرمانێک دانەواندووە، چاوەڕێی ئەوەن کەسێکی گەورەتر لە خۆیان بیریان بۆ بکاتەوە، گوێبیست و چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکن، تا ئەو رادەیەی بە خێرایی ملی خۆیانی تێدا بشکێنن، کاتێکیش بێدەنگییەک باڵ بەسەریاندا دەکێشێت و سەریان بەرزدەکەنەوە، دەببینن ئەو سەرکردەیە دیار نییە، بە دوایدا دەگەڕێن، تا ئاوی چاویان دێتەوە، چاوەڕێی دەکەن، هەرگیز لە چاوەڕوانیدا ماندوو نابن، بەردەوام بە دوایدا وێڵن، خەوی پێوە دەبینن، هەموو شتێک دەکەنە قوربانی.
ئەو کۆمەڵگایەی لەم جۆرە کەسە لاوازانە دروست دەکات، کۆمەڵگایەکی ناوشیارە، ئەگەر لەو گۆشەنیگایەوە رەخنەیان لێ بگریت، وەڵامت دەدەنەوە، گوایە تۆ دوژمنی ئەوانیت، دەڵێن: تۆ لەگەڵمان نییت، کەواتە تۆ دژی ئێمەیت..
تێبینی: قسەکردن لەسەر کەسایەتی کاریزما، بابەتێکی دوور و درێژە، جیا لەم نووسینە، لە دەرفەتێکدا ئەم باسەش دەکەینە نووسینێک.
هەندێک لەو سەرچاوانەی کەڵکم بۆ ئەم نووسینە وەرگرتووە:
1- تقدیس القائد فی الحرکة السیاسییة الکردیة
2- الاسرار الجدیدة (الکاریزما) کیف تکتشف قواک الخفیة و تطلق لها العنان.
3 مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان (هەڤاڵ جومعة)
چاوەڕوانی بەشەکانی دیکە بکە...
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





