<

(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی پێنجەم)

06/07/2025, 16:22 (GMT+1)
ناتۆ لە ساڵی 1949 بەپێی پەیمانی واشنتۆن لە لایەن (12) وڵاتەوە دامەزرا، کە بریتیی بوو لە (ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەڕەنسا، بێلجیکا، ئێرلەندا، لوکسەمبورگ، نۆرویژ، دانمارک، ئیسلەندا، ئیتالیا، پۆرتوگال.) ساڵی 1952 تورکیا و یۆنانیش وەکو ئەندامی ئەو رێکخراوە تێیدا وەرگیران. تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیی بوو، کە چووە ناو ناتۆوە، هۆکارەکەش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕایەوە، یەکەمیان لە رووی ژیۆپۆلیتیک، واتە پێکهاتەی جیوگرافی تورکیا، کە بەشێکی کەوتۆتە ئەوروپا و ئەوی دیکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سێ لاشەوە دەریا و کەوتۆتە خوار روسیا (سۆڤیەتی پێشوو)، لەو سەردەمەدا بۆ ناتۆ کە بە سەردەمی جەنگی سارد ناسرابوو، سەرکەوتنێکی گەورە بوو، هۆکاری دیکەش زۆربوون، کە بۆ ئەم باسە پێویستمان پێی نییە،. بۆ تورکیاش زۆرتر گرنگ بوو، کە ببێتە ئەندامی ناتۆ، یەکێک لەو خاڵانە کێشەی کورد بوو، کە زیاتر دڵنیابوو ئەندامان و وڵاتانی ناتۆ هاریکاری دەبن بۆ سەرکووتکردنی هەر تەنگەشەیەکی سیاسیی و سەربازیی، کە لەلایەن کوردەوە بەرەو رووی تورکیا ببێتەوە، لە دوای ئەوەی تورکیا بووە ئەندامی ناتۆ، زیاتر دەستی کردەوە و کوردی ئەو بەشەی باکوری دەچەوساندەوە و ماڵی کاول دەکرد و دەیکوشتن ، چونکە بەپێی پرەنسیپ و خاڵبەندەکانی ناتۆ، تورکیا هەرچییەکی بەرامبەر بە کورد بکردایە، بەپێی ئەو ئەرکانەی کە کەتبووە سەر شانی ئەندامانی ناتۆ دەبێت یارمەتی یەکترییان بدایە، یان بێدەنگ بوونایە، وەک لەو خاڵانەی نێو رێکخراوی ناتۆ هاتبوو، لەوانە:
١- ئەرکە سەربازییەکان (ئاسایش و بەرگری): بە پێی مادەی (5) لە پەیمانی ناتۆ، هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر ئەندامێک وەک هێرشکردن وایە بۆ سەر هەموو ئەندامانی ناتۆ، پێویستە لە کاتی پێویستدا یارمەتی یەکتر بدەن. جگە لەوە هەموو ئەندامان ڕاهێنانی سوپایی پێکەوە ئەنجام بدەن و خۆیان بەهێز بکەن. پێکەوە پلان دابڕێژن و بەرگری لەیەکتر بکەن، لە رووی مەشقپێکردنی سەربازییشەوە، بەپێی پێوەرە هاوبەشەکان توانای بەرگری خۆیان نوێ بکەنەوە، ئەگەر پێویستی کرد، زۆر لەو چەکانە ئاڵوگۆڕبکەن و بەیەکتری بدەن... هتد، بەمەش هێزی سەربازی تورک زیاتر دژی کورد خۆی پتەو کرد.
٢- ئەرکە سیاسییەکان: بە پێی مادەی (4)، ئەندامانی ناتۆ بۆ هەر تەنگەشە و کێشەیەک کە بەرەو روویان دەبێتەوە، پێویست و ئەرکە لەسەریان پرس و راوێژ بەیەکتر بکەن، ئەگەر هەر یەکێکیان هەستی بە مەترسیی کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاسایشی سنور و خاکەکەی ئەوا دەبێت یارمەتی بدەن. جگە لەوە هەماهەنگی سیاسیی یەکتر بکەن، بەتایبەتی لە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکانیاندا. 
٣- بەهێزکردنی سەقامگیری ئابووری: لە ڕێگەی هاوکاری یەکتر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکانیان و بۆ گەشەسەندنی ئابووریی، و هاندانی چاکسازی هەوڵ بدەن یارمەتی یەکتر بدەن.
٤- لە رووی ڕاگەیاندن و کەلتوورییەوە، وەکو وشیاری و بەرگریکردن لە بەهاکانی هاوپەیمانی. دیموکراسی، فەرمانڕەوایی یاسا، و مافەکانی مرۆڤ، و شەڕکردن لە دژی پڕۆپاگەندەی دوژمنکارانە. هەروەها بەرنامەی ڕاگەیاندن و کەلتوری هاوبەش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوانیاندا، بەتایبەتی دروستکردنی پشتگیری ناوخۆیی بۆ سیاسەتەکانیان خۆیان یەک بخەن و هاریکاری یەکتر بکەن.
 ئەو خاڵانەی سەرەوە بەشێکە، لە ئەرکەکانی ئەندامانی ناتۆ، کە پێکڕا هەموو لەسەری رێککەوتبوون، لە ناوەرۆکدا تورکیا بۆ بەرژەوەندی خۆی و دژی خواستەکانی کورد ئەمەی بەکار دەهێنا و رەفتاری دەکرد، بۆیە لە دوای ساڵانی 1952 بەدواوە ئیتر تورکیا زیاتر لە جاران دەستکراوە بوو، کوردی دەچەوساندەوە و ژینۆسایدی دەکرد، بەبێ ئەوەی یەک دەوڵەتی ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپا دەنگیان لێوە بێت، تەنانەت لە راگەیاندنەکانیشەوە نەدەهێڵرا هیچ هەواڵێک لە سەر پێشێلکارییەکانی نامرۆڤانەی تورکیا دژی کورد بڵاوبکرێتەوە و باسی نەهامەتی کورد و بەرگریی بکرێت.
 لەو هەلومەرجە نالەبارەدا بوو، کە (پەکەکە) دروست بوو، هیچ پاڵپشت و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی، تەنانەت هیچ وڵاتێکی وەک ئیسلامی، عەرەبی، سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیی، پشتگیریان نەکرد. ئەوەی یارمەتیدەر بوو، تەنیا کوردەکە خۆی بوو، ئەویش ئازایەتیی و لێبوردەیی زۆری دەویست. بۆیە نابێت ئێمە ئەو مێژووە فەرامۆش بکەین، کە پەکەکەی تێدا دروست بوو، چەند هەڵەیەک، کە پەکەکە لەو کاتەدا کردی، ئەوەشیان بوو، ئۆجەلان چاوەڕوانی ئەوە بوو، وەک وڵاتانی ڤێتنام و کۆریای باکور و کوبا بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە دژی تورکیا دەست پێبکات و لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانی سۆڤیەت بەڵکو یارمەتی بدرێت، بۆیە ناوی پارتەکەی ناونا (پارتی کرێکارانی کوردستان)، دروشم و ئاڵا و سیمبوڵەکەشی وەکو رێکخراوێکی چەپی توندڕەوی (مارکسیستی/ لینینیستی) ناساند، ئەمەش بۆ وڵاتانی ئەندامانی ناتۆ بەس بوو، کە دژی بوەستنەوە، بەتایبەتی دژی داخوازییەکانی کوردی باکور، پاڵپشتی تورکیایان کرد و پشتیان کردە کورد. من زۆر جار ئەمەی خوارەوەم وەک نمونە بۆ دۆست و برادەرانی خۆم گێڕاوەتەوە، کە دەمگوت:
ئاڵا و دروشمەکانی پەکەکە وەکو ئەوە وایە، کە کەسێک بییەوێت گایەک بەلەسە و توڕە بکات، دەچێت پارچە پەڕۆیەکی سووری پیشان دەدات، تا بەدوایدا رابکات و پەلاماری بدات، ناتۆ و رۆژئاوا بە دروستبوونی پەکەکە وەکو رێکخراوێکی کرێکاریی و مارکسیی و لینینی، هەڵوەستەیان لە سەر لۆگۆ و ئاڵاکەشی وەرگرت، تەنیا چەند ئەندامێکی پارتە چەپەکان نەبێت، ئیدی کەس سۆزی بۆیان نەبوو، ئەوەبوو پاش ئەوەی راگەیاندنەکانی ئەو سەردەمە باسیان لەوە کرد، پەکەکە منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ دەفڕێنێت و بۆ کاری توندوتیژی پەروەردەیان دەکات، ئەمە وای کرد ئیتر تورکیا هەوڵ بدات (پەکەکە) بخاتە لیستی تیرۆریستانەوە، بەدوایدا لە ئەوروپا، پەکەکە چەند ئەندامێکی خۆیان لەبەر ئەوەی وازیان هێنابوو، بە بەر چاوی خەڵکەوە تیرۆر کرد، جگە لەمە ناتۆ و وڵاتە ئەوروپییەکان چاویان لەوە پۆشی، کە خودی تورکیا تاوانی گەورە بەرامبەر بە کورد و بە مرۆڤایەتی دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی تورکەکان خاوەنی دەوڵەت و دۆستی رۆژئاوا و ئەندامی ناتۆ بوو، بەپێی سیاسەتی ناتۆ چاوپۆشییان بەرامبەر بەو هەموو تاوانانەی تورک کرد. (پەکەکە)ش لەو سەردەمەدا پێی وابوو، کە ئەمە دەبێتە هاندەر و یەکێتی سۆڤیەت دەبێتە پاڵپشتی، وەکو کوریای باکور و ڤێتنام پشتیوانی دەکات، ئەمە لە کاتێکدا مێژوو شتێکی دیکەی بۆ دەگێڕاینەوە، کە ستالین، کاتی خۆی چ کارەساتێکی بەسەر کورددا هێنا، دەوڵەتی کوردستانی سور، کە ئیستا بە (ناگورنو قەرہ باغ) ناسراوە هەڵوەشاندەوە و هەرچی کوردی ئەو بەشە بوو، لە خاکی خۆی دەربەدەر و پەرتەوازەی کرد، هەروەها لە بیرمان نەچێت، کە چۆن رووسەکان دەستبەرداری کۆماری مەهاباد بوون چارەنووسی کوردی رۆژهەڵاتیان دایەوە دەست ئێران، کە تا ئەمڕۆ ئاسەوار و جێ پەنجەی خیانەتی رووسی بە رۆژهەڵاتەوە دیارە، کەچی کوردە مارکسیی و تودە و شیوعییەکانی کورد کاتێک ستالین لاربووەوە و کۆچی دوایی کرد، لە سلێمانی چەند شیوعییەک پرسەیان بۆ دانابوو.

ئۆجەلان و چوونی بۆ سوریا: 

کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هاوڕێکانی توانیان کۆمەڵێک چالاکی لە ناوچەکانی باکوری کوردستان ئەنجام بدەن، وەک نمونە هێرشیان کردە سەر دامودەزگاکانی تورک، هەروەها چەند خۆفرۆشێکی کوردیان کردە ئامانج، بەمەش سۆزی خەڵکی کوردستان و سەرنجی وڵاتانیان بۆ لای خۆیان راکێشا، لەو ماوە کورتەدا ناوبانگیان دەرکرد، کە ماوەی 80 ساڵ بوو تورک لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورددا دەدا، بەڵام بەو چالاکییانەی پەکەکە وەک بەرپەرچدانەوەی تورکیا، وەڵامدانەوەیەکیش بوو بۆ پرۆپاگەندەکانی تورک، ئەوەیان بە تورک وت، کە هیچ نەتەوەیەک ناتوانرێت بە یەکجاری بسڕێتەوە، هەڵبەت دروستبوونی پارتێکی کوردی لەو بەشەدا کە دروشمی مارکسیستی-لینینیستی هەڵگرتبوو، بە ناوەکەیدا گوایە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان و خەباتکردنە بۆ کرێکارانی کوردستان، ئەمە تا سەر نەبوو، چالاکییەکانیان لە تورکیا بەرتەسک دەبوویەوە، بە دوای ئەمەدا ئۆجەلان ناچاربوو تورکیا جێ بهێڵێت، ئەو ناکۆکییەی نێوان تورکیا و سوریای بە دەرفەت زانی، حافیز ئەسەدیش وەکو پەنابەرێکی سیاسیی گرتییە خۆی. 
لێرە بەدواوە باسی هەڵەی ستراتیژیی پەکەکە و ئۆجەلان لە سوریاوە کە دەستی پێکرد باس دەکەین، بە بەڵگەوە، دەیخەمە بەردەستتان چاوەڕوانی بەشەکانی دیکە بکەن
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست