<

ئۆجەلان و هەڵدێر بەشی (١)

13/07/2025, 20:49 (GMT+1)

پێشەکی:

لە ٩/٧/٢٠٢٥دا عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی "پارتی کرێکارانی کوردستان"، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە لە میدیا ناوچەیەکان و دنیادا بە دەنگ و تێکست پەخەش کرا، لە یەکێک لە پەرەگرافەکاندا ئۆجەلان دەڵێت: 
 "پەکەکە ده‌ستبه‌رداری ئامانجی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌رداندا له‌و ئامانجه‌ بنچینه‌ییه‌ ده‌ستبه‌رداری ستراتیژییه‌تی بنچینه‌یی شه‌ڕیش بوو، بەم کارەی كۆتایی به‌هه‌بوونی خۆی هێناوه‌. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌م قۆناخه‌ مێژووییه‌ به‌ره‌و پێشتر ببردرێت".
لەم پەیامەدا ئۆجەلان جاری دا، کە هەموو شتێک کۆتایی پێ هاتووە، پەکەکە دەستبەرداری ئامانجی سەرەکیی واتە "دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بووە" و کۆتایی بە بوونی خۆی هێناوە، وازی لە شەڕی چەکداری هێناوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە کە قەندیل هەڵوێستێکی شەرمنانەی هەیە و نایەتە دەنگ و بڵێت، نەخێر ئێمە کۆتایمان بەبوونی خۆمان نەهێناوە، چەکمان دانەناوە، پابەند نابین بە وتار و بڕیاری سەرکردەیەک کە لەژێر ڕەحمەتی میتی تورکی دایە. قەندیل تەنیا خەڵک سەرقاڵی نمایشی چەک سوتاندن دەکەن لەسەر شانۆی شاری سلێمانی. هەنووکە میللەت چاوەڕێیە کە ڕوون بێت لای، کە ئایا ئەوەی ئۆجەلان دەڵێت ڕاستە، کە هەموو شتێک تەواو بووە و ئاشبەتاڵە، یان بێ دەنگی قەندیل و خۆغافل کردنیان وەڵامێکی دی بۆ میللەت تێددایە؟ 

نێوەڕۆک، 

لەخۆچەککردنی پەکەکە مەترسیدارتر، ئەوەیە کە وازهێنان و سازش کردنە لە ئایدۆلۆژیای "دەستبەردار بوون لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی و  نەتەوەیی کورد". ئۆجەلان لە وتارەکەیدا ددان بەوەدا دەنێت، کە پەکەکە سازشی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کردووە. ئەم سازش کردنە بۆ خۆی ڕووخانی قەڵای ئایدیۆلۆژی ئەو حزبەیە کە بانگەواز کردنی زۆر مەترسیدارترە لە خۆچەکردن و ئاشبەتاڵ، لەبەرئەوەی لەژێر ئەو دروشمەدا ئەوان توانیان پێگەی جەماوەریی بەهێز بکەن، ببن بەو پەکەکەی کە گەیشتۆتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ، لەژێر ئەو دروشمەدا بە هەزاران گەنجی دڵسۆزی میللەتی کورد، بە لەخۆبووردووی ڕوویان لە شاخەکانی کوردستان کرد، بەهەزاران هەزار کوڕی گەنجی نێو کۆمەڵگەی کورد، لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا ئالودەی ئەو ئایدۆلۆژیایە بوون، بۆیە ئامادە بوون خۆیان بکەن بە قوربانی. ئەمڕۆ بەبێ هیچ فشارێک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بەبێ هیچ بەڵێنێک لە ئەنقەرەوە، بەبێ هیچ مەرجێک کە دەزگەی فەرمیی نێودەوڵەتی شایەدحاڵی بێت، بەبێ هیچ کۆبونەوەیەک لە فەزایەکی متمانە پێکراودا و لە ئاستێکی بەرزدا، پەکەکە وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ئایدۆلۆژیایە دەبێت، لەسەر داوای سەڕۆکێکی زیندانی کراوی ژێر دەسەڵاتی میت!
 پەکەکە و ئەوانەی قەندیل پێیان خۆش بێت یان نا، ئەمە گەورەترین دەستکەوتە بۆ تورکیا و بەتایبەتی بۆ ئیدارەی ئەردوغان. لە سیاسەتدا پەرێز پاکی، نیەت سافی، هەڵفراندنی کۆتری ئاشتی لە پێگەیەکی لاوازەوە، تمەبور و ساز ژەنین، ڕۆیشتن لەسەر فەرشی سوور، وەرگرتنی مەدالیای ئاشتی نێودەوڵەتی لەلایەن هەر سەرۆکێکی کوردەوە، ئەمە لە فلیمێکی درامای دڵداری هیندی دەچێت و پولێکی سوتاوی بۆ پرسی کورد تیاددا نییە و نابێت.
 داڕمانی ئایدۆلۆژیای بیری قوڵی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەڵکردنی مەشخەڵی ئازادی، گاڵتە پێکردنە بە خەباتی چەکداری چل ساڵی لەژێر ئەو دروشمەدا، لە کاتێکدا ئەگەر هەموو دنیا گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، دۆخی میللەتی کورد گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، لە میللەتێکی ژێردەستەی خاک داگیرکراودا هیچ پێناسەیەکی دی هەڵناگرێت، واتە چل ساڵ لەمەوبەر بارودۆخی سیاسیی و سەربازیی میللەتی کورد هەر وەک ئەمڕۆ بوو، ئەوەی گۆڕاوە بیروبۆچوونی ڕووخاوی سەرانی میللەتی کوردە،  کە مێژوو پێمان دەڵێت، هەمیشە لە قۆناغێکی دیاری کراودا سەرانی ئەو میللەتە، شۆڕش و جوڵانەوە سیاسیەکانیان بەرەو هەڵدێر بردووە. 
تورکیا ئەوەندەی لە ئایدۆلۆژیای "بیری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی" مەترسی هەبوو، ئەوەندە لە چالاکیە چەکدارەکانی پەکەکە مەترسی نەبوو، چەند جەندرمەیەک لەم شاخ یان لەو شاخدا کەلەواش دەبوون، هەرگیز جێگە سەرنجی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە یەک لەدوای یەکدا هاتوونەتە حوکمڕانی لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا نەبوو، بەڵکو مەترسی مەزنی ئەوان لەوەدا بوو، کە قوتابخانەی "بیری دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد بوو" وەک دارشتنی ستراتیژیەکی نزیک و دوور بوو، کە بە هەزاران گەنجی ئەو میللەتە لەگەڵ کاتدا بکەونە ژێر هەژموونی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژدا هەڵگری ئەو جۆرە بیروباوەڕە لە پەڕەسەندن بێت، لە ئەنجامدا هەموو کونوکەلەبەرێکی نێو کۆمەڵگەی کوردیی داگیر بکات، ئەمە لوبی مەسەلەکەیە، خۆ گۆترە نییە هەر لەخۆڕایی و بە ئاسانی لە وتارێکی سەرکردەیەکی کورددا، کەی ویستی دەستبەرداری ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایە بێت، میللەت بەرەو هەڵدێری فیکری ببات، بەناوی سەقامگیر بوونی ئاشتی، لە وڵاتێکی وەک تورکیادا، کە خاوەن سوپایەکی زەبەلاحی تۆکمە کراو بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی و خاوەن گەورەترین بودجە لەنێو حکومەتی تورکیادا. 
بیری نیشتمانیی و نەتەوەیی میللەتێکی ٤٠میلیۆنی، گاڵتەی دەستی ئەو سەرکردە و ئەم سەرکردە نییە، ئەم جۆرە بیروباوەڕە سەرکردەیەک یان دووان خاوەنی نین، بەڵکو میللەتێک خاوەنی ئەو بڕیارەیە، هیج سەرکردەیەک نابێت لە سونگەی ڕووخانی مەعنەویاتی خۆی ئەو بڕیارە بدات، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە میللەتی کورد هۆشیار بێت و نەهێڵێت ئەو سەرکردە و ئەم سەرکردە بڕیاری چارەنووسی بەرەو هەڵدێر بردنی بدات. ئۆجەلان جوانیەکەی و زیندووی لەوەدایە، کە لە زیندانە و بەرگری لە مافی ڕەوای شوڕشی میللەتێکی ژێر دەست دەکات، بەڵام هاتنە دەرەوەی لە زیندان بەم جۆرە، ئەوا بەدڵنیاییەوە، بڕیاری مردنی خۆی دەدات بە زیندووی. 
 تورکیا جگە لەوەی کە دەیەوێت، لە چوارپارچەی کوردستاندا، لە پرسی ڕەوای میللەتی کورددا بدات، دە ئەوەندە گەرەکیەتی، کە لە شکۆمەندی، خۆڕاگری، ئازادیخوازی کەسایەتی ئۆجەلان بدات، لە مێژوودا ڕووی ڕەش و سووک بکات، دەرفەت نەدات ئۆجەلان وەک کەسێکی سەربەرز سەربنێتەوە، لەدوای خۆیدا مەزارەکەی ببێت بە شوێنێکی مێژووی، ئەوانەی عەشقی ئازادی و سەرفیرازین بیەکەن بە سەیرانگەی خۆیان و هێما و سومبلی ئازادی. تورکیا لە هەموو ڕوویەکەوە بەفێڵە، کار لەسەر ئەوە دەکات، کە ئۆجەلانێک لە زیندانە ئازاد بێت، کەسایەتیەکەی تیڕۆر کرابێت، شکۆمەندی شکابێت، بە زیندووی مردوو بێت و میللەتەکەی تفونەعلەتی بکەن. خەیاڵتان خاوە ئەگەر پێتان وابێت، تورکیا ئۆجەلانێک ئازاد دەکات، کە خاوەن پێگەی جەماوەری مابێت، یان وەک سەرکردەیەکی سەربەرزی میللەتێکی چل میلیۆنی هەڵسەنگێندرێت، تورکیا نەک تەنیا هەوڵدەدات بزوتنەوەی ڕزگاری میللەتی کورد بەرەو هەڵدێر ببات، بەڵکو دەیەوێت کەسایەتی ئۆجەلانیش بەرەو هەڵدێر ببات. 

ئەم بابەتە درێژەی دەبێت


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست