ئۆجەلان و هەڵدێر بەشی (٢)
16/07/2025, 12:29 (GMT+1)

ڕێککەوتن لەسەر چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان بەبێ مەرج، لەلایەن پەکەکە و ئۆجەلان ناو نراوە پرۆسەی ئاشتی! بەڵام ئەردوغان هەمیشە دەڵێت بەرەو تورکیایەکی بێ تیڕۆر! ئەردوغان و گشت ئەوانەی لە تورکیادا لە سیاسەتدا کار دەکەن، یان ئەوانەی لە دەسەڵاتن بەتایبەتی هاکان فیدان بەرپرسی میت، تا ئێستا بە وشەیەکیش باسی ئەوە ناکەن، کە بەرامبەر ئەوەی ئۆجەلان بە پەکەکەی دەکات بۆ ئەوان، ئەوان بەرامبەر ئەوە دەیانەوێت چی بکەن بۆ کورد و ئۆجەلان! تا ئێستا نیەتی سافیی تورکیا لەو پرۆسەیەدا بە هێمایەکی بچووکیش دیار نییە، ئیتر ئەگەر ئەوە بەرەو هەڵدێر بردنی جوڵانەوەی کورد نەبێت، دەبێت چی کە بێت؟ بۆیە ئەم جۆرە پرسیارە ئەوەدەهێنێتەوە یاد، کە ئایا ئۆجەلان و قەندیل و ئەوانەی لە وێنەکەدا لە دەوروبەری ئۆجەلان بەخەندە لەسەر لێوان دەردەکەون، ئەو ڕاستییە نابینن، یان ئایا شتی کە هەیە و عەیان ناکرێت بۆ ڕای گشتی؟
تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا بنمێچی داواکاریەکانی زێتر دەکات و دەڵێت، دەبێت کورد لە ڕۆژئاوا واتە هەسەد و یەپەگە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتیش پژاک، خۆیان چەک بکەن، لە کاتێکدا تورکیا خۆی لەسەر ئاستی دنیادا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سوپایەکی زەبەلاحی چەکدار بە نوێترین چەک و تەقەمەنی و موشەکی دوورهاوێژ و هێزێکی بێشوماری سەربازی پیادە و هەزاران ئەفسەری پلە باڵا کە بەدەستی موساد و دەزگە هەواڵگریەکانی دی دنیادا مەشەق پێ کراون هەیە، بەڵام ئەو مافە بە ڕەوا نابینی بۆ میللەتێکی چل میلیۆنی و نایەوێت نەک چەکی سوک، بەڵکو بەرچیغێکیان لەدەست بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هەر کاتێک کە ویستی بەسوکوسانای بەرەوهڵەدێریان ببات، وەک پیشەی هەمیشەیی کۆمەڵکوژیان بکات. چەککردنی میللەتێک کە لە گەرمەی کۆڕی خەباتدایە، سارد کردنەوەی ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوەو بەردەوامیی نەدان بە خەباتی ڕەوای گەریلا، بە وتارێکی سەرکردەیەکی بەندکراودا، بەرەو هەڵدێر بردنی خەبات و خەونی ئازادی بوونی میللەتێکە، کە تورکیا و ئەردوغان بەخەونی شەویش چاوەڕێی ئەوە نەبوون.
بەگوێرەی خوێندنەوەی ڕووداوەکان بێت، هەروها هەواڵەکانی کە لە میدیا نێودەوڵەتیەکان و ئیقلیمیەکان بڵاو دەبێتەوە، ڕوونە و تێدەگەین کە بەشێوەیەکی گشتی، پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، گەلەکۆمەکی لەسەرە. ئەمریکا بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانی هەڵوێستەکانی گۆڕاوە، ئەوە لە میدیاکاندا بە ئاشکرا تێبینی دەکرێت. ئەمریکا لە میدیاکاندا بە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت، چارەسەری سەرەکیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی بۆ هێزی هەسەد، گەڕانەوەیە بۆ دیمەشق و توانەوەی هێزی هەسەدە لەنێو سوپای سووریادا و پاراستنی سنوور و یەکپارچەی ئەو وڵاتەیە، لەهەمان کاتدا ئەمریکا نایشارێتەوە، کە پشتیوانی لە شەرع دەکات و دەڵێت، ناهێڵین دەوڵەتێک لەنێو دەوڵەتێک دروست بێت. ئەم بۆچوونە دووسەرەیە و تەنیا مەبەستیان ڕۆژئاوای کوردستان نییە، ئەڵبەتە مەبەستیان باشووری کوردستانیشە، ئەوەی ناونراوە هەرێم، کە ئەوان پەشیمانی خۆیان نیشاندەدەن لە مەسەلەی دامەزراندنی حکومەتی فیدراڵی لە عیراقدا، پەیتا پەیتا زەمینە سازی دەکەن، نووسەرەکانیان وا ئاراستە دەکەن، کە لە نووسینەکانیاندا ئاماژە بەوە بدەن کە، ئەزموونی فیدراڵیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبووە، واتە لە عیراق.
دوای هەڵگرتنی سزایەکانی ئەمریکا لەسەر سوریا کە لە ساڵی ١٩٧٩وە کە بەسەر ئەو وڵاتەی سەپاند بوو، نوێنەری ئەمریکا و سەفیر لە تورکیا، تۆماس بارەک لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع دانیشت و پشتیوانی ئەمریکای بۆ دەربری. ئەوەی دەبێت بگوترێت، ئەمە یەکەم دانیشتنی شەرع نییە لەگەڵ تۆماس، ئەڵبەتە پێشوەخت چەند جارێکی دی، لەژێر باڵی تورکیادا ئەو دووانە لە ئەستەنبول بە دزی و بە ئاشکرا دانیشتون، ئەوەی لەسەری ڕێککەوتوون، تەنیا لەنێوان سوریا و ئەمریکا نییە، ئەڵبەتە لەنێوان سوریا و ئەمریکاو قبوڵ کردنی مەرجەکانی تورکیایە، واتە فشارەکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەسەر هێزە کوردیەکاندا هەیە بە ئۆجەلان و پەکەکەشەوە. هەڵوێستەکانی ئەمریکا و تورکیا لەم قۆناغەدا جووت بووە دژی هێزە کوردیەکان لە چوارپارچەی کوردستاندا.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگی دژ بە داعشدا لە سوریا و عیراقدا پێویستیان بە کورد هەبوو، ئەرزی کوردستانیان کرد بە گۆڕەپانی جەنگی داعش، ژن و منداڵی ئەو میللەتەیان کرد بە قەڵغان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، بۆیە ئەو کات گرنگیان پێ دا، بەڵام ئەمڕۆ هاوکێشە سیاسیەکە گۆڕاوە، ئەمریکا پشتیوانی لە هاتنە سەر دەسەڵاتی داعش لە دیمەشق دەکات، دەیەوێت وڵاتێکی سونە مەزهەب دژی وڵاتە شیعە مەزهەبەکان بۆ چەند دەیەیەک لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و بە یەکدیان بەکوشتن بدات. ڕێککەوتنی ژێربەژێری نێوان بەغداد و ئەنقەر و تاران و دیمەشق دژی پرسی کورد هەیە، لەلایەکی دی ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا و سوریا بۆ لێدانی جوڵانەوەی کورد لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان لە ئارادایە، دەبێت ئەوە نەبوێرین کە تەنیا دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و جوڵانەوەی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات لەژێر مەترسیدا نییە، ئەڵبەتە پەیکەری هەریمیش لەژێر هەڕەشەی ئەو ڕێککەوتنە دایە.
وێنەی نووسینەکە
تۆماس بارەک و ئەحمەد ئەلشەرع لە ئیستەنبول 24 / 5 / 2025
ئەو بابەتە درێژەی دەبێت
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان








