<

(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی هەشتەم)

30/08/2025, 11:47 (GMT+1)
پێش ئەوەی بچینە سەر باسەکەمان دەربارەی ئۆجەلان، کە تا ئیستا لە ئێمیراڵی زیاتر لە 26 ساڵە زیندانیی کراوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات، بەباشم زانی سەرەتا لەسەر مێژووی دروستبوونی زیندان قسە بکەین، لەوێوە بگەڕێینەوە بۆ زیندانەکانی تورکیا، کە چۆن سیستەمی دیکتاتۆریی و رەگەزپەرستی ئەو وڵاتە رەفتار لەگەڵ زیندانییەکانیاندا دەکات، بەتایبەتی کورد.

کەی زیندان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دروست بوو؟

• لە سەردەمی میزۆپۆتامیا، میسر و یۆنانییەکاندا، بەم تێگەیشتنەی ئەمڕۆ زیندانیی بوونی نەبوو، بەڵکو کاتێک تاوانبارەکان سزا دەدران، تا جێبەجێکردنی سزاکانیان، بە شێوەیەکی کاتیی لە شوێنێکدا دادەنران، سزاکانیش بریتیی بوون لە (کوشتن و سێدارەدان، دەرکردن یان سزای جەستەیی)، زیندانێک کە کەسێک لەسەر تاوانەکانی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بوونی نەبوو، تا زیندانەکان تێیدا زیندانی بکرێن، و بۆ ماوەیەکی زۆر بهێڵرێنەوە.
• دوای ئەمە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما، شوێنی تایبەت بۆ تاوانبارەکان دانرا. وەکو مێژوو دەگێڕێتەوە، لە ڕۆما ناوی (تۆلیانۆم) بوو، ئەمیش بۆ گرتنی ئەو دیلانە دانرا، کە بۆ ماوەیەک پێش ئەوەی سزای کوشتنیان بەسەردا بدرێت، یان وەکو کۆیلە بفرۆشرێن.
• لە سەردەمی ناوەڕاستدا قەڵا و بورجەکان وەکو زیندان بەکار دەهێنران، ئەویش بۆ گرتنی کەسانی سیاسیی، یان دژی ئاین، هەروەها ئەو کەسانەی، کە وەک بارمتە دەیانهێشتنەوە.
• لەسەدەی 16-17 لە ئینگلتەرا و هۆڵەندا کەمێک گۆڕانکاری رووی دا بە شێوەی ئەم زیندانەی ئەمڕۆ، زیندانیان دروست کرد، سیستەمی سزادانی تاوانباران دامەزرا، کە بۆ ماوەیەکی زۆرتر دەهێڵرانەوە.
• لەهەمانکاتدا دیاردەیەکی دیکە دروست بوو، ئەویش کردنەوەی ماڵی کار بوو، بۆ کەسانی هەژار و تاوانبارەکان، کە لە پاڵ سزادانەکانیاندا ناچار دەکران کار بۆ فەرمانبەران و کەسانی دەستڕۆیشتووی کەنیسەکان بکەن.
• لەسەدەی 19 بەولاوە بیرۆکەی زیندانی سەردەمیانە دەرکەوت، ئەویش بۆ چاکسازیی و تەمبێکردنی تاوانباران، تا تاوانباران لە خراپەکاریی دووربخەنەوە. ئیتر لەوێوە بیرۆکەی زیندانی سەردەمیانە لە هەموو وڵاتاندا کرایەوە، بۆیە دوای ئەم هەموو گۆڕانکاریانە، ئەو پرسیارە هاتە کایەوە، کە بوونی زیندان واتای چیی دەگەیەنێت؟ وەڵامەکەش بە کورتیی ئەمەیە، کە زیندان دامەزراوەیەکە دەوڵەت بەکاری دەهێنێت بۆ دوورخستنەوەی تاونباران لە کۆمەڵگا و ئەو ئازادییەی هەیانە لێیان دەسەندرێتەوە..

لە زینداندا چی تێدا دەگوزەرێت؟

1. بۆ ئەوەی تاوانکارێک تەمبێ بکرێت، دەبێت سزای خۆی وەربگرێت و پیشانی دەدەن کە هەموو کارێکی (ناڕەوا) و (نامرۆڤانە) و (نایاساییانە)، کاردانەوە و ئەنجامی خراپی بۆ تاوانبارەکەش هەیە.
2. ڕێگرتن لە کاری تاوانکاریی، کە ئەو کەسە تاواناکەی دووبارەی نەکاتەوە، خەڵکی دیکەش وانەی لێوەربگرن و بەلای کاری خراپدا نەچن. 
3. گەڕاندنەوە و پەشیمانی: لە زینداندا ئەو تاونبارانە تەمبێ دەکرێن و ئازادییان لێدەسەندرێتەوە، پەروەردەش دەکرێن، تا جارێکی دیکە وەکو کەسانی ئاسایی تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببنەوە.
4. پاراستن: جیاکردنەوەی کەسە مەترسیدارەکان لە کۆمەڵگا.
جیاوازیی و تایبەتمەندی (زیندان) لە نێوان وڵاتێکی دیموکراسی و وڵاتێکی دیکتاتۆریدا: 

1- لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا:

ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ: (وەک: سوید، نۆڕوێژ، هۆڵەندا، کەنەدا) بەتایبەتی لە نۆڕوێژ کە بەناوبانگە لە مامەڵەکردنی زیندانییەکان بە شێوەیەکی مرۆڤانە و یارمەتی زیندانییەکان دەدرێن و پەروەردەیان دەکەن بۆ ئەوەی وەک ئەندامێکی کارا دوای تەواوبوونی زیندانییەکەی بگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگا. بە گشتی کوێ زیندانییەکان وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت؟ هەروەها لە کاتی دادگاییکردندا دەتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەرگریی لە خۆیان بکەن، ئەویش بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
• دادگایی دادپەروەرانە لە رێگای (پارێزەر، دادوەری سەربەخۆ).
• زیندانییەکان ئەم مافانەیان هەیە، وەک (چاودێری تەندروستی، پەیوەندی لەگەڵ خێزانی خۆیاندا، هەروەها خوێندن و فێربوون).
• زیندان بۆ ئەوانەیە، کە تاوانێک ئەنجام دەدەن، نەک بۆ کەسانێک، کە بۆچوونی سیاسیی جیاوازیان هەیە. واتا کەسانی سیاسیی زیندانی ناکرێن.

2- زیندانی وڵاتە دیکتاتۆرییەکان: 

• لە وڵاتانی سیستەمی خۆسەپێنەر: (وەک: هەرێمی کوردستان، کۆریای باکوور، سوریا، ئێران، چین، ڕووسیا، تورکیا) لە نموونەی زیندانەکان: زیندانی ئێڤین لە ئێران، زیندانی دیاربەکر لە تورکیا، هەموو زیندانەکانی باشووری کوردستان و عێراقیش.... هتد.
• زیندان ئامرازێکە بۆ سڕکردنی هەڵویست و بۆچوونی سیاسی جیاواز.
• زۆربەی کاتەکان، کەسەکان بە بێ دادگایی دەگیرێن.
• زیندانییەکان ئەشکەنجە دەدرێن و بە بارودۆخێکی ناسروشتیدا ژیان لە زینداندا بەسەر دەبەن.
• زیندانیی سیاسی و جۆری دیکەی تاوانبارەکان و کەیسی تاوانییەکان تێکەڵ دەکرێن.
لێرەوە بە گشتی دەتوانین بە ئاسانی پێناسەی (زیندان)ی وڵاتێکی دیموکراسی و وڵاتێکی دیکتاتۆری بەم شێوەیەی خوارەوە بکەین:
- بۆ ناسین و پێناسەکردنی دەستور و سیستەمی وڵاتێک، پێویست ناکات لە سیستەمی پەرلەمان یان لە زمانی جوانکاری گوفتارێکی فەرمیدا ئەو وڵاتە بناسین، بەڵکو بە تەنیا بە تەماشاکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی زیندانەکان دەتوانین وەڵامێکی دروست وەربگرینەوە، کە ئایا ئەو وڵاتە دیکتاتۆرییە، یان وڵاتێکی دیموکراتیی!؟ وەکو (میشێل فوکۆ) ئاماژەی پێددەدات و دەڵێت: لە ئەمڕۆدا هیچ زیندانێک دامەزراوەیەکی بێلایەن نییە، بەڵکو وێنەیەکی چڕکراوەیە لە لۆژیکی تەمبێکاری هاوڵاتیان، کە ئەو دەسەڵاتە، لە ناو زیندانەکانییدا ڕووبەڕووی هاوڵاتیان دەبێتەوە، بەتایبەتی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان، ئەمەش لە شێوەی ڕووماڵەکردنی ئازاردانی جەستەی مرۆڤەکان بەرامبەر ئەوانەی کە توانای بەرگرییکردنیان نییە،  خۆیان نمایش دەکەن، ئەوانەی دەکەونە بەردەستی دڕندانەکانی دەسەڵات، بە شێوەیەکی دڕندانە دەستدرێژیان دەکەنە سەر، ئامانجی دەسەڵاتیش لەم کارەدا بۆ ئەوەیە تا ئایدۆلۆژیای خۆیان بەسەر ئەو زیندانیانەدا پراکتیزە بکەن.
مامەڵەکردنی دەسەڵاتێک لەگەڵ هاوڵاتییە بەندکراوەکانی خۆیدا، رووماڵەکردنی ئەخلاقی سیاسیی ئەو دەسەڵاتە پیشان دەدات، تاقیکردنەوەیەکە بۆ پێناسەکردنی راستەقینەی ئەو دەسەڵات و سیستەمە، کە وڵات و کۆمەڵگا بەڕیوەدەبات، ئەویش لە رێگای زیندانەکانەوە، کە دروستیان کردووە، خۆیان دەناسێنن و بەشێوەی سووکایەتیکردن بە هاوڵاتیان رەفتار دەکەن، سوکایەتییەک، کە هیچ مرۆڤێک شایستەی ئەوە نییە ئاوای لەگەڵدا بکرێت. لەوێدا نەک تەنیا مافی رادەربڕین بوونی نامێنێت، بەڵکو مافی مرۆڤبوونیشیان لێدەسەندرێتەوە، وەک دڕندەیەک پیاوەکانی دەسەڵات بە ئازاردانی جەستەی زیندانییەکان تام و چێژ وەردەگرن، ئەم شێوازە مامەڵەکردنە دەبێتە پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵات.
ئێمە لێرەدا پێش ئەوەی بچینە سەر زیندانەکانی تورکیا، تەماشایەکی زیندانەکانی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم دەکەین، بە کورتی ئاماژە بە پێناسەی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی دەدەین، بەتایبەتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی، کە ئەمانیش رێک کۆپی دوژمنانی کوردن، بەوەی کاتێک زیندانییەکی کورد، دەکەوێتە دەستیان بە نامرۆڤانەترین شێوە سزای دەرونی و بەدەنی دەدەن، ئەمانە تەنیا رەفتاری نەشیاو بەرامبەر بەو کەسانە دەکەن، کە کوردن و دوژمنی بنەماڵەکەیانن. بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، سەرنجتان بۆ کتێبی (ئازادبوون لە دەریا و نقومبون لە زیندان) بخوێنەرەوە، کە بە دوور و درێژی باس لە زیندانییەکانی ئاکرێ دەکات. کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
کاتێک ڕوو لە تورکیاش دەکەین، زیاتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. کە زیندانەکانی تورکیا تەنها لە شێوەی چوارچێوەی باڵەخانە و خانوویەکدا نیین، کە تەنیا لێی نووسراوبێت (بەندیخانە)، بەڵکو زیندانەکانی تورکیا هێمایەکە بۆ کولتوورێکی سیاسەتی تورک و ئەو مێژووە خوێناوییەی کە تورکەکان دەوڵەتیان تێدا دروست کردووە، بەتایبەتی بەرامبەر بەو نەتەوانەی لە ناوچەکە لەگەڵیدا دەژین، بۆیە دەتوانین لەوەش بگەین، کە لە رێگای زیندانەکانیانەوە باشتر تورک دەناسرێت، کە نەتەوەیەکی چەند دڕندە و نامرۆڤە، چۆن نکۆڵی لە تەواوی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی دەکات، کۆنترۆڵی بێسنووری داناوە بۆ بەڕیوەبردنی سیتەمە سیاسییەکەی خۆی. لێرەدا بە پێی پێناسەکەی (میشێل فوکۆ)زیندانەکان بوونەتە دامەزراوەیەک بۆ پێناسەی نادادپەروەریانەی ئەو وڵاتە.
بۆ زیاتر تێگەیشتن لە سروشتی دڕندانەی تورک، دەتوانن بە عەرەبی کتێبی: (ترکیا الامة الغاضبة) بخوێنیتەوە، تا باشتر سیستەمی تورکی بناسێت،  
کلیکی ئەو لینکەی خوارەوەش بکە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە:
هەروەها زیندانەکانی تورکیا خوێندنەوەی گیانی سیاسی وڵاتەکەیە: سیستەمی راسیستی تورکییە، کە بیروڕای لەسەر دژایەتی کەمینەکان و پەیوەندیی لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکان و شێوازی تەماشاکردنی جەستەی مرۆڤە – وەک ئامرازێک سەیریان دەکات، زیندانییەکان هیچ مافێکیان نییە، ئەوەی سیستەمی تورکی تێی دەڕوانێت ئەوەیە، کە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بۆ ترساندنی هاوڵاتیان و ئەوانەی لە دەرەوەی زینداندانن، جەستەی مرۆڤ بەکار دەهێنێت، بەتایبەتی کاتێک کوردێک وەک تیرۆریست دەگرن سەری لێدەکەنەوە لەناو کارتۆنێکدا بە پۆستدا بۆ کەسوکاری دەنێرنەوە، یان وەکو باڵندە و ئاژەڵ دەیانخەنە نێو قەفەسی ئاسنینەوە، بەردەوام ئازاری جەستەیی و دەروونییکان دەدەن، هەر کچ و ئافرەتێک دەگیرێت پێش دادگاییکردن، دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ پێناسەی سیستەمی ئەو وڵاتە، کە بەو شێوەیە مامەڵەی زیندانییە ژنەکان و نەیارانی خۆی دەکات، بەتایبەتی کورد .
• گەنجێکی ئەمەریکی بەناوی بیلی هەیز (Billy Hayes)، لە ساڵی 1970لە ئیستەنبووڵ مادەی هۆشبەری پێ دەگیرێت، لەسەر ئەمە زیندانی دەکرێت، دوای ئەوە سزایەکی توند دەدرێت، ئەو ماوەیەی لە زینداندا دەبێت زۆر بە ناخۆشیی ژیان دەباتە سەر و بەڕێوەبەری زیندانەکە هەوڵ دەدات دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری، پاش ماوەیەک فرسەت دەهێنێت و لە زیندان هەڵدێت. ئەم رووداوە لە ساڵی 11978 بە ناوی "Midnight Express" دەکرێتە فلیمێکی دراما و چەندین خەڵاتی ئۆسکاری بۆ بەرهەمهێنانی باشترین فیلم و موزیک بەدەستهێنا، هەروەها فیلمەکە وای کرد، کە وێنای راستەقینەی سیستەمی نەرێنی تورکیا و دادوەری ئەو وڵاتە پیشان بدات. بۆ بینینی فلیمەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
بۆ کۆتایی ئەم بەشە و درێژەدان بە باسەکەمان لەسەر زیندانەکانی تورکیا، بە وتەیەکی نازم حیکمەت کۆتایی دەهنین.
کاتێک بە نازام حیکمەت رادەگەیەنن کەوا رەوانەی زیندانی دیاربەکر دەکرێت، بە هەواڵەکە ئەژنۆی دەشکێت، دەڵێت: مانای وایە ئیتر هەرگیز من ناگەڕێمەوە بۆ ناو ژیان.
بەشی داهاتوومان باس لە جۆر و پلەکانی زیندانییکردن لە تورکیا و هەروەها باسی زیندانی دیاربەکر دەکەین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست