(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی 11)
11/11/2025, 0:47 (GMT+1)

ئەم پرسیارە لە کاتێکدا دەکرێت، کە (پەکەکە) بە رووکەش بانگەشەی ئازادی کورد و رزگاریی کوردستانی دەکرد، بەڵام لە ناوەوە ناونیشانێکی جیاوازی هەڵبژارد، کە مانای ئیدیۆلۆژیا و سیاسەتێکی شاراوەی ئەو پارتەی پیشان دەدا! بۆیە زۆربەی ئەوانەی دەچوونە ناو ریزەکانی ئەو پارتەوە وەکو گەریلاش چەکیان بۆ هەڵدەگرت، وایان تێگەیاندبوون، کە ئەو پارتە خەبات بۆ رزگاری تەواویی کوردستان دەکات.
لە ڕووی زانستیی و سیاسییەوە، جیاوازیی (رێبەری گەلان) و (رێبەری نەتەوەیی) تەنیا وشەیەکی سادە نییە، بەڵکو نیشانەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە ئامانج و ستراتیژی ئەم پارتە، چونکە ئێمە دەزانین، کە هەڵبژاردەی پێناسەی ئەو ناوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تیورییەکەی مۆری بوکچین، فەیلەسوفی ئەنارکیستی ئەمریکیشەوە هەیە، بەڵام ئەوەی، کەمتر باسی لێوە دەکرێت ئەوەشیانە، کە بۆ کەسێکی زیندانی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر، ئەم ناوە زیاتر پەیوەندیی بە خواست و ئەجندای تورکیشەوە هەیە.
مانای سیاسیی (رێبەری گەلان ):
ناونیشانی (رێبەری گەلان) بۆ سەرکردەی پارتێکی کوردیی، ئەو کاریگەرییەی هەیە، کە کورد لە داخوازییە نەتەوەییەکانی وازی هێناوە و لە کوردبوون و هەستی نەتەوەیی خۆی دوورکەوتۆتەوە. ئەو هەڵبژاردەیە وەکو (رێبەری گەلان)، نەک (رێبەری نەتەوەیی)، دوورکەوتنەوەیە لە مافە نەتەوەییەکانی کورد، کە بە پێی تیورییەکانی بوکچین، ئۆجەلان لە هەموو نووسین و قسەکانیدا جەختی لەسەر دەکردەوە، تەنیا بۆ ئەو مەبەستە بوو، تورکی پێ رازی بکات، کورد سەرقاڵی کۆمەڵێک بیرۆکەی تیۆریی وەک کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک، ئێکۆلۆجیی کۆمەڵایەتیی، و خۆبەڕێوەبەردنی ناوچەیی بکات، لە بنەڕەتدا ئەم بیرۆکەیە بۆ کۆمەڵگایەکی جیاواز دروستکرابوو، نەک بۆ کۆمەڵگای نەتەوەیەکی بندەست و نیشتیمان داگیرکراو.
بیرۆکەکەی مورای بوکچین: لە ئەمریکاوە بۆ کوردستان
بوکچین کێیە و تیورییەکەی چییە؟
مورای بوکچین (1921-2006) بیرمەندێکی ئەنارکیستی ئەمریکی بوو، کە تیورییەکەی لەسەر بنەمای ئێکۆلۆجیی کۆمەڵایەتیی و کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک دامەزراند. لە بنەڕەتدا، بوکچین دژی دەوڵەتی سەنتراڵیزەکراو بوو، باوەڕی بە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگا بوو لە ڕێگای ئەنجوومەنە ناوچەییەکانەوە.
تیورییەکەی بوکچین بۆ کۆمەڵگایەکی وەک ئەمریکا دروستکرابوو، کە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و دامەزراوە دیموکراتییەکانی بەهێزن، کێشەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی تێدا نییە. بەڵام کاتێک ئەم تیورییە دەگوازرێتەوە بۆ نەتەوەیەکی ژێردەست و نیشتیمان دابەشکراوی وەک کورد، واتاکەی بە تەواوی دەگۆڕێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ لادان و فەرامۆشکردنی داخوازییە نەتەوەییەکان.
بۆچی بیرۆکەی بوکچین بۆ کورد ناگونجێت؟
لە چەند ڕووەوە بیرۆکەکەی بوکچین بۆ خواستی نەتەوەیەکی ژێردەستەی نیشتیمان دابەشکراو ناگونجێت ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم: ئەم تیورییە پێش ئەوە ی بخرێتە کاراوە، پێویستە ئەو نەتەوەیە، دەسەڵاتێکی سیاسیی خۆی هەبێت، واتە دەوڵەت یان خاکێکی دیاریکراوی سەربەخۆ. کورد هێشتا لەو قۆناغەدا نییە، بۆیە جێبەجێکردنی ئەم تیورییە وەک ئەوە وایە، باز بەسەر دوو قۆناغی جیاوازدا بدەیت، بتەوێت بگەیتە ئامانجێک، لە رووی لۆژیکەوە ئەستەمە بۆ نەتەوەیەکی بندەست ئەنجامێکی هەبێت، تەنیا تواندنەوەی خۆی دەبێت، ئەمەش ئامانجی دەوڵەتی تورکە، کە لە رێگای ئۆجەلانەوە کاری لەسەر دەکات.
دووەم: کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک لە بنەڕەتدا واز هێنانە لە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. بۆ نەتەوەیەک کە هێشتا دەوڵەتی نییە و خاکەکەی داگیرکراوە، ئەمە ئەو واتایە دەگەنێت، کە کورد، واز لە خەونی سەربەخۆیی نەتەوەیی خۆی دەهێنێت، لە کاتێکدا سەربەخۆیی یەکێکە لە بنەما سروشتییەکانی مافی هەموو نەتەوەیەک.
سێیەم: ئەم بیرۆکەیە داواکارییە نەتەوەییەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی جیاواز دەبات، لە جیاتی خەباتی رزگاریخوازانە بۆ سەربەخۆیی، کورد لە ناو سنوورە داگیرکراوەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا دەهێڵێتەوە و سەرقاڵی خەیاڵپڵاوی تیۆرییەکانی خۆبەڕێوەبەری ناوچەیی دەکات.
چوارەم: ئەم تیورییە هەنگاوێکی مەترسیدارە تا کورد واز لە نیشتیمانە داگیرکراوەکەی بهێنێت و نیشتیمانەکەی بە خاکی دوژمنەکەی بزانێت. لە رێگای کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک و ئێکۆلۆجی کۆمەڵایەتیی، کورد سەرگەرمی بیرۆکەیەکی خەیاڵپڵاوی دەکەن، کە دوورە لە خەباتی ڕاستەقینە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی نیشتیمان.
پێنجەم: ئەنجامی کۆتایی ئەم ڕێگەیە بەوە دەشکێتەوە، کە سەرەنجام کورد رازی دەبێت بە تواندنەوەی خۆی، واتە (ئەسیمیلە)کردنی خۆی لە ناو کۆمەڵگای تورک، فارس، عەرەب و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی دەسڕێتەوە.
بیرۆکەی بوکچین لە هیچ شوێنێکدا جێبەجێ نەکراوە
تا ئەمڕۆش، بیرۆکەکانی بوکچین لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا نەک هەر جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو تەنانەت بایەخیشی پێ نەدراوە. هۆکارەکەی ئاشکرایە، کە هیچ وڵاتێک ئامادە نییە کار لەسەر پوچەڵکردنەوەی دەسەڵات بکات و واز لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بهێنێت.
بۆ نموونە:
• وڵاتانی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان وەک چین، ڤێتنام، کۆریای باکور، هەروەها روسیا، کە لە ڕووی تیۆرییەوە نزیکترین وڵاتن بە ئایدیای چەپگەراییانە، هەرگیز ئامادە نیین، لەسەر ئەم تیورییە کار بکەن و جێبەجێێ بکەن..
• ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، کە بوکچین خۆی هاوڵاتییەکی ئەمریکی بوو، تیورییەکەی بۆ کۆمەڵگای رۆژئاوایی نووسی بوو، هیچ کام لەو وڵاتانە ئەم سیستەمەیان جێبەجێ نەکرد.
• وڵاتانی ئەمریکای لاتین، کە مێژوویەکی دوور و درێژیان لە خەباتی چەپگەراییانە هەیە، ئەوانیش نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی بوکچینەوە.
بەڵام تورکیا لە رێگای ئۆجەلانەوە، لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو کارەدایە، کە هەموو کورد بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بەرێت. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە، کە ئەم تیورییە بۆ کورد پڕۆژەیەکی سیاسییە، نەک رێگەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی.
ئۆجەلانی زیندانیکراو: 26 ساڵ لە خزمەتی ئەجندای تورک
چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئۆجەلان
لە ماوەی 26 ساڵی زینداندا، تورکیا توانی ئۆجەلان بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی خزمەت بە ئەجندای خۆی بکات. ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی زانستیی و ڕێکوپێک کاری لەسەر کراوە:
یەکەم: شۆرینەوەی مێشکی ئۆجەلان، کە هەرچی کتێبێک پێویست بووبێت بۆیان ئامادە دەکرد. بە تایبەتی کتێبەکانی مورای بوکچین و نووسینەکانی دەربارەی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک. ئۆجەلان لە زینداندا دەرفەتی خوێندنەوەی ئەم کتێبانەی پێدرا، لە کاتێکدا زۆربەی زیندانییە سیاسییەکانی تر تەنانەت مافی خوێندنەوەی ڕۆژنامەشیان نەبوو.
دووەم: گۆڕینی بیروباوەڕی پارتەکەی، کە بەپێی بیرۆکەکەی بوکچین، (پەکەکە) ناچار کرا رێڕەوی فیکری و سیاسیی خۆی بگۆڕێت. لە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستانەوە بۆ سەرقاڵبوون بۆ کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک لە ناو سنوورەکانی تورکیا.
سێیەم: واز هێنان لە داخوازییە نەتەوەییەکان، تورکیا توانی لە رێگای ئۆجەلانەوە کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک و ئێکۆلۆجی کۆمەڵایەتیی فڕێ بداتە ناو ماڵی کوردەوە. ئەمەش چاکترین چەک بوو بۆ ئەوەی کورد لەناو تورکیا بە تەواویی بتوێنێتەوە (ئەسیمیلە بکرێت).
چوارەم: ئەوەی ئۆجەلان لە رێگای بیرۆکەکانی بوکچینەوە بۆ تورکی دەکات، هیچ دەستکەوتێکی ڕاستەقینەی بۆ کورد تێدا نییە. بەڵگەش ئەو هەموو پەیام و راسپاردە و نامانەی ئۆجەلان، کە لەم دواییەدا بڵاوبوونەتەوە، پەردەیان لەسەر هەموو نهێنییەکان داماڵیوە.
جیاوازیی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە زیندانەکانی لە ریزبەندی هەرە پێشەوەی زیندانە خراپەکانی جیهاندا ناسراوە. ڕاپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە بەردەوامی سەلماندوویانە، کە تورکیا بە شێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ زیندانیەکاندا دەکات، بەتایبەتی لەگەڵ زیندانییە کوردەکاندا. (وەک لە بەشی نۆیەمدا بە درێژی باسم لێوە کردووە).
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، کە بۆچی تورکیا بە شێوەیەکی جیاواز رەفتاری لەگەڵ ئۆجەلاندا دەکرد؟ ئەگەر مەبەستێکی تایبەت بۆ مانەوە و بەکارهێنانی نەبێت، چ پێویست بوو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؟
بەراوردکردن لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان
لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەکاندا، زۆربەی سەرکردەکانی جیهان مێژووی تاڵیان لەناو زیندانەکاندا هەیە و ژیانێکی زۆر ناخۆشیان بەسەر بردووە. هیچیان وەک ئۆجەلان بە ناز و نیعمەت ژیانی زیندانییان تێنەپەڕاندووە. بۆ نموونە:
1. نێلسۆن ماندێلا (باشووری ئەفریقا):
• 27 ساڵ لە زیندانێکی دورگەی دەریای ڕۆبن ئایلەند بەسەر برد.
• لە ژووری تاریکی کەمتر لە دوو مەتری چوارگۆشەدا گیرا بوو.
• بە زۆرەملێ ناچار دەکرا لە کانزاری بەردەکان کار بکات.
• مافی سەردانی خێزانەکەی تەنیا ساڵی جارێک بوو.
2. پاتریس لومومبا (کۆنگۆ):
• لە زینداندا بە توندی لێیان دەدا و ئەشکەنجە دەدرا.
• دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا.
• تەرمەکەی لە ناو تێزابدا تواندیانەوە.
3. ئەنتۆنیۆ گرامشی (ئیتاڵیا):
• 11 ساڵ ژیانی لە زینداندا بەسەر برد.
• تەندروستی بە تەواوی تێکچوو.
• نەیانهێشت کەس سەردانی بکات یان کتێبێکی پێ بگات.
• لە تەمەنی 46 ساڵیدا و لە ئەنجامی نەخۆشیی سەخت لە زینداندا گیانی لەدەست دا.
4. جەواهیر لال نەهرۆ (هیندستان):
• نۆ جار گیرا و کۆی زیندانیبوونەکانی نزیکەی 9 ساڵ بوو.
• بە خراپترین شیوە ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدرا .
5. ئەنوەر سادات (میسر):
• چەندین ساڵی لە زینداندا بوو.
• شەکەنجە دەدرا و لە بارێکی دەروونی ناخۆشدا ژیانی بەسەر دەبرد.
6. لە بەرامبەردا، ئۆجەلان:
• کتێبیان بۆ دەبردە ناو زیندانەوە، بەتایبەتی کتێبەکانی بوکچین.
• بە بەردەوامی ئاگایان لە تەندروستیی دەبوو.
• بۆ چارەسەری ددان و چاوی دەیانبردە لای دکتۆر.
• خواردنی تایبەت و خۆشیان پێدەدا.
• وێنەکانی ئەم دواییە شایەتحاڵی ئەوەن، کە تەندروستیی ئۆجەلان لە کەسێکی زیندانکراوی 26 ساڵە ناچێت.
بۆیە ئەم جیاوازییە نابێت تەنیا بە مامەڵەی مرۆڤانە لەلایەن تورکەوە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، بەڵکو پلانێکی ڕێکوپێکی تێدا بووە بۆ بەکارهێنانی ئۆجەلان وەک ئامرازێک و بۆ گۆڕینی ئامانج و خەباتی کورد.
پێناسە و جیاوازییەکانی سێ چەمکی بنەڕەتی:
بۆ تێگەیشتنی تەواو لە مەبەستی تورکیا و هۆکاری بەکارهێنانی نازناوی (رێبەری گەلان) لە لایەن هەوادارەکانی لە جیاتی (رێبەری نەتەوەیی)، پێویستە ئێمە لە رووی زانستیی و فەلسەفییەوە پێناسەی سێ چەمکی (گەل)، (نەتەوە) و (کۆمەڵگا) بکەین. ئەم سێ چەمکە لە زانستی کۆمەڵناسی و سیاسەتدا جیاوازیی بنەڕەتیی زۆریان هەیە، بۆیە تێگەیشتنی ئەم سێ چەمکە دەرگایەکمان بۆ دەکاتەوە، تا لە نهێنییە شاراوەکان بگەین:
چەمکی یەکەم: گەل (People)
(گەل): پێناسەیەکی کۆمەڵایەتی- کولتوورییە بۆ کۆمەڵێک (مرۆڤ، گروپ، یان خێڵ)، کە پێکەوە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە ڕووی:
• زمان: وەک زمانی دایک یان زمانی هاوبەش.
• نەژاد: پێکهاتەی ئەتنیکی یەکگرتوو.
• شوێنی نیشتەجێبوون: دەشێت لە یەک ناوچە، یان لە چەند ناوچەیەکدا بن.
• ئاین و باوەڕ: لەوانە ئاینی هاوبەشیان هەبێت
• مێژووی هاوبەش: ڕووداوە مێژووییەکان کۆی کردبێتنەوە
تایبەتمەندییەکانی گەل:
• گەل زیاتر چەمکێکی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە.
• هەرچەندە هەموویان لەسەر یەک خاک و لە ناو یەک نیشتیماندا دەژین، بەڵام مەرج نییە هەستی نیشتمانییان بۆ یەکگرتوویی بەهێز بێت.
• دەشێت لە چەند وڵاتێکی جیاوازیشدا بڵاوببنەوە، بەبێ ئەوەی هەستی یەکێتیی سیاسیان هەبێت
• ناسنامەی گەل کەلتوورییە، نەک سیاسی.
نموونە:
• لە پێش سەدەی بیستەمدا دەتوانرا پێناسەی (گەل) بۆ کورد بەکاربێت، چونکە : زمان، نەژاد، مێژووی هاوبەشی هەبوو، بەڵام هەستی نیشتمانی و پڕۆژەی سیاسیی یەکگرتووی نەبوو.
چەمکی دووەم: نەتەوە (Nation)
(نەتەوە) بریتییە لە کۆمەڵێک پێکهاتەی (گەل)، کە هەستی هاوبەشیی نیشتمانی کۆی کردوونەتەوە و ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە:
• ژیانی سیاسیی سەربەخۆ و خواستیان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی خۆیان هەیە.
• ئامانج و هەستێکی هاوبەشیان بۆ نیشتیمانێکی یەکگرتوو هەیە.
• پڕۆژەی سیاسیی ڕوونیان بۆ داهاتوو هەیە.
تایبەتمەندییەکانی نەتەوە:
• نەتەوە چەمکێکی سیاسی - کۆمەڵایەتییە.
• نەتەوە هەستی نیشتمانییان بۆ خاک و سنوور بەهێزە.
• ئامانجیان دروستکردنی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسییە.
• خواستی نیشتیمانێکی سەربەخۆیان هەیە.
پێناسەی وردتر:
دەکرێت نەتەوە بەو گەلە بوترێت، کە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدات. ئەگەر هەوڵی بۆ نەدات، هێشتا لە قۆناغی خێڵ و گروپدا دەمێنێتەوە. بۆیە بوونیان وەک نەتەوە لە مەترسیدایە و بەرەو نەمان و سڕینەوە، دەچێت، بەمەش پێناسەی تەواوی نەتەوەبوون لەدەست دەدات.
دەکرێت نەتەوە بەو گەلە بوترێت، کە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدات. ئەگەر هەوڵی بۆ نەدات، هێشتا لە قۆناغی خێڵ و گروپدا دەمێنێتەوە. بۆیە بوونیان وەک نەتەوە لە مەترسیدایە و بەرەو نەمان و سڕینەوە، دەچێت، بەمەش پێناسەی تەواوی نەتەوەبوون لەدەست دەدات.
چەمکی سێیەم: کۆمەڵگا (Society)
• (کۆمەڵگا) واتە کۆمەڵێک مرۆڤ، کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی پێکهاتەیی و ڕێکخراوەییدا دەژین، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییان لە نێواندا هەیە. کۆمەڵگا چەمکێکی فراوانترە، کە نەتەوە و گەل و هەموو کەسەکان دەگرێتەوە، بەڵام لە ژێر یاسا و سیستەمی وڵاتێکدا بەڕێوە دەچێت، دەتوانرێت بگوترێت، کە کۆمەڵگا بەپێی یاسا و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە.
تێبینی:
هێشتا وەڵامی تەواوی پرسیارەکانمان نەداوەتەوە، چاوەڕێی بەشی داهاتوو بن، کە زیاتر تیشک دەخەینە سەر جیاوازیی نێوان (رێبەری گەلان) و (رێبەری نەتەوەیی).
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





